کۆرۆناو کەرکوک

لەلایەن ستاندار Posted on 291 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

وەک ئاشکرایە خەڵکی خۆڕاگری کەرکوک لەهەموو شۆڕش و ڕاپەڕین و بەرپەرچدانەوەکانی داگیرکەران هەمیشە لەسەنگەری پێشەوەی خەبات و قوربانیداندا بووەو لەو پێناوەشدا دەریایەک خوێنی لاوەکانی پێشکەش بە خاکی پیرۆزی کوردستان کردووە.
دوای پرۆسەی ئازادی و دوای ئەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەسەڵاتی زۆربەی جومگەکانی ئیدارەی کەرکوکیان گرتە دەست ، بەجۆرێک ئیدارەی ئەم شارەیاندا کەهەرچی دام و دەزگاکانی ئەو شارە هەیە لەنێوان خۆیاندا برا بەشکرد و جگە لەوە کەلتورێکی حزبایەتی نامەدەنی و کێبڕکێیەکی ناشارستانیان کە پێشتر لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان پیادەیان کردبوو هێنایانە ئەم شارە ئەویش بەحزبی کردنی تەواوی کۆمەڵگای کوردی بوو لەو شارە بەجۆرێک دەستی حزب ڕۆچوبووە ناو تاک و خێزانی کوردی کە هیچ نەفەسێکی جیاواز لەو شارەدا بوونی نەمابوو، هەروەها لەبری کرانەوەو گیانی پێکەوە ژیان و دیالۆک لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا سیاسەتی ( ئاپارتایت ) ڕەگەزپەرستی و ( ئانارشیست) ئاژاوەچێتێتیان لەناو پێکاهاتەکانی کەرکوک و نێوخۆی خودی نەتەوەی کوردیشیان چاند.
هەر بۆیە ئەو باکگراوندە خراپە لەعەقڵیەت و سیاسیەتکردنی حزبەکوردیەکان کاریگەری نەرێنی هەبووە لەسەر بەشێک لەبیرکردنەوەی خەڵکی کەرکوک کە تاکو ئێستاکە بەردەوامی هەیەو شوێنەواری خراپی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە .
لێرەوە دێمە سەر کاریگەری ئەو جۆرە سیاسەتکردنەو دەرەنجامە خراپەکانی لەبواری پێکەوە ژیان و هەستکردن بە مەسئولیەتی باڵای نەتەوەو گوێنەدان بە شتە لاوەکیەکان و پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکان کە لەئێستادا زۆر بەزەقی سەریهەڵداوە، ئەوەی گرنگە لام و ئەمەوێ هەڵوێستەی لەسەر بکەم بەراوردێکە لەنێوان هەڵوێستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی هەندێک لە خەڵک و کادری حزبی ، کەلەم ڕۆژانەدا دەستیان پێکردووە، ئەویش ئەو هەڵمەتە ناڕەوایەیە کە دژی ئەو ڕێوشوێنەنانەی کە بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان گیراوەتەبەر لەلایەن دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان کە خاڵێکی تایبەت بوو بە خۆپاراستن لە هاتوچۆکردنی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ شاری کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی عێڕاق کە چەند حاڵەتێکی هەڵگرانی ئەو ڤایرۆسەیان تێدا تۆمار کرابوو، ئەوەبوو لەلایەن هەندێ کادری حزبی و هەندێکیش لەدڵسۆزیەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەو هەڵمەتەوە کە لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە فرمێسکی تیمساحاویان بۆ کەرکوک ئەڕشت و وایان پیشان ئەدا کە ئەوە سوکایەتییە بەخەڵکی کەرکوک و هەوڵی نانەوەی شەڕو دوبەرەکیان ئەدا لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان ، بەجۆرێک هەندی کەسی وا هەبوو هەڕەشەی لە هاتنی هاووڵاتیانی شارەکانی هەولێرو سلێمانی ئەدا بۆ ناو شاری کەرکوک، بەڵێ ڕەنگە لەشێوازی دەربڕینی ڕێنمایەکاندا لەلایەن لیژنەی بەگژداچونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەندێ موراعاتی شاری کەرکوکیان نەکردبێ ، بەڵام مانای ئەوە نییە بەم شێوازە و بەم جۆرە وەڵام بدرێتەوە ، چونکە لەکۆی ڕێنمایەکانی هەرێم مەبەست لێی پاراستنی خەڵکی کوردستانە لەو ڤایرۆسە کوشندەیە.
هەر بۆیە پێم خۆشە چەند پرسیارێک لەو بەڕێزانە بکەم ؟ ئەرێ کاتێک سامان و داهاتی ئەم شارە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە تاڵان و حەپەلۆش کرا؟ کاتێک هەندێک لەبەرپرسە کوردەکان بەڕۆژی روناک تەعدایان لەخەڵکی ئەم شارە ئەکردو خاوەیان لە خەڵکی دەوڵەمەند وەرئەگرت؟ کاتێک لەشەڕی دژی داعش هەندێ بەرپرس بازرگانیان لەگەڵ ئەو داعشانەدا دەکرد کە بەدەیان پێشمەرگەیان سەرئەبڕی و گەورەترین تاوانیان دژی خەڵکی ئەم شارە ئەنجام ئەدا؟ کاتێک حزبەکان دەستیان بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکوکدا گرت و داهاتەکەیان بەتاڵان ئەبردو خەڵکی ئەم شارەیان لێ بێبەش ئەکرد؟کاتێک بەناوی ڕیفڕاندۆمەوە و لە 16 ئۆکتۆبەر شاری کەرکوک و زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستانیان لەدەستداو خەڵکەکەیان ڕادەستی چارەنوسێکی نادیارکرد؟ ئەمانەو چەندین کارەساتی تر کە مەگەر هەر خەڵکی ئەم شارە بتوانێت بە هەناسەیەکی ساردەوە پێناسەی بکات، هەموو ئەمانەتان لەبیرکردو تەنها قسەیەکتانیش لەسەری نەکرد ، نەک هەر بێدەنگیتان هەڵبژارد بەڵکو لە هەڵبژاردنەکاندا شەڕی براکانی خۆتانیش ئەکردو ماڵ بەماڵ سواڵی دەنگتان بۆیان دەکرد!!.
کەچی ئێستا هاتوون وەک بڵێی هەنگتان لەکونە دار دۆزیبێتەوە ئەتانەوێ گیانی شارچێتی و ڕق و کینە لەنێوان کەرکوک و شارەکانی دیکەی هەرێمدا بچێنن، لەکاتێکدا ئەوەی لەهەرێم کراوە جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان هیچ مانایەکی تر هەڵناگرێ،ئاخر ئەوەی تۆزێ رۆشنبیری تەندروستی هەبێت باش ئەزانێ لەکاتی بڵاوبوونەوەی هەر پەتایەکی کوشندە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە ئەگەر بەهەر نرخێک بێت، چونکە گیانی مرۆڤەکان لەهەموو شتێک بەنرخترە، وەک ئەبینین لەڕۆژی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لەزۆربەی ووڵاتان ڕێوشوێنەکان ئەوەندە توندن تەنانەت لەووڵاتی چین ئەو ناوچانەی کە ئەو پەتایەی تێدا بڵاو بۆتەوە بەتەواوی داخراوە لەگەڵ ناوەچەکانی دیکەی ئەو ووڵاتە، هەروەها حکومەتی سعودیە ڕێگری کرد لە موسڵمانانی ئەو دەوڵەتانەی کە توشی ئەم ڤایرۆسە هاتوون بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و عەمرە لەکاتێکدا ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەگانی عیبادەت لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا.
بۆیە ناکرێ ئەم ڕێوشوێنانە بکرێتە مادەیەک بۆ هەڵمەتێکی حزبی بەمەبەستی شکاندنی حزبی بەرامبەر لەسەر حسابی پێکەوە ژیان و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردیدا، من دڵنیام خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک زۆر لەو کەسانە وریاترن کە ژمارەیان لەخوار یەک لەسەدایە بیانەوێ لەم قۆناغە هەستیارەدا کەرکوکیەکان بکەن بەگژ هاووڵاتیانی شارەکانی دیکەی کوردستان ، بە مەبەستی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و دوور لە ئاکاری بەرزی مرۆڤایەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.