هیوا سەید سەلیم
لە دیداری ٥ی ئاداری نێوان (پوتین – ئەردۆغان)، کە دوای قەیرانی ئیدلب هات، کە ژمارەیەک سەربازی تورکیا لە لایەن هێزەکانی سوریا بە پشتیوانی روسیا کوژران، شێوازی پێشوازی کردن لە ئەردۆغان و شاندە زۆرەکەی کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی میت و سەربازی پێکهاتبوو، هەروەها ڕاگرتنی شاندەکە لەسەرپێیان و لەژێر پەیکەری کاترینای مەزن، ئەوەمان پێدەڵێت کە روسیا و سەرۆکەکەی ئەم هەڵسوکەوتەی بە بەرنامە بۆ بێڕیزی کردن لەگەڵ شاندی میوان ئەنجام داوە.
دەوترێت تورکەکان یادگاری ناخۆشیان لەگەڵ پەیکەری کاترینای مەزن هەیە، ئەو لەو ماوەی کە ٣٤ ساڵی دەسەڵاتی خۆی وەک قەیسەری روسیا لە (١٧٦٢-١٧٩٦)، چەندین جار پیلانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ داگیرکردنی روسیا تێکشکاندووە.
بۆیە پوتین ویستی بە دانانی پەیکەری کاترینا، پەیامێک بداتە سوڵتانە تازەکەی تورکیا، هەر چەند رۆژێک دوای دیداری (پوتین – ئەردۆغان) لە هەمان هۆڵ پوتین، پێشوازی لە شاندێک دەکات ئەو پەیکەرەی لێ نەماوە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە پەیکەری کاترینای مەزن تایبەت بۆ ئەوان داندرابێت تا وەک سەرباز لە ژێری بووەستن، هەرواشیان لێکردن.
پێش دیدارەکە بە چەند رۆژێک، لەلایەن ئاژانسی هەواڵی سەربازی روسی، دزە بە راپۆرتێک کرا، لەو راپۆرتەدا، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خستنەخوارەوەی فرۆکە روسیەکە لە لایەن هێزەکانی تورکیا، شێوازی مامەڵەی پوتن لەگەڵ ئەردۆغان خراوەتەڕوو.
بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە، هەر پەیامێک بوو بۆ ئەردۆغان، تا پوتین بەبیری بێنێتەوە کە ئەوساش چەندە سازشی پیکردووە.
لەو راپۆرتە دەردەکەوێت تا ئەردۆگان بە نووسراو داوای لێبوردنی لە روسیا نەکرد، پوتین ئامادەنەبوو لە مۆسکۆ پێشوازی لێبکات.
مەرجێکی دیکەی پ پوتین بۆ ئەردۆغان ئەوەبوو، کە دەبێت دووەمیان داوای لێبووردنەکە لە راگەیاندنە تورکیەکان بڵاوبکاتەوە، وە روسیاش لە راگەیاندنە جیهانیەکان بڵاوی دەکاتەوە، سەرنجام ئەردۆغان بە هەموو ئەو مەرجانەی پوتین رازی دەبێت، تەنیا بۆ ئەوەی پوتین رازی بێت پێشوازی لێبکات.
چەند رۆژێک بەسەر دوا دیداری (پوتین – ئەردۆغان) تێدەپەڕێت، ئەو جارەشیان کەناڵە روسیەکان دزە بە ڤیدیۆیەک دەکەن کە تیایدا شیوازی پێشوازی ئەردۆغان لە کۆشکی کرملین نیشاندەدات.
لەو ڤیدیۆیەدا دەبینرێت هیچ کەس لە پێشوازی شاندەکەی تورکیا نیە، تەنانەت دەرگای هۆڵی پێشوازیش داخراوە.
ئەردۆغان دەموچاوی نیگەرانی زۆری پێوە دیارە و هیچ یەک لە شاندی یاوەریشی جورئەت ناکەن قسەی لەگەڵ بکەن، بگرە هەریەکە و بە شتێک خۆی خەریک دەکات، ئەردۆغان خەریک دەبێت لە پشتی دەرگای پوتین دابنیشێت، دووەمیان بەخێری خۆی دەرگای لێدەکاتەوە.
هەموو ئەوانەی شارەزایان لە عورف و ئادابی دبلۆماسی هەیە، کاتێک لەو ڤیدیۆیە دەڕوانن، ئەو تێدەگەن ئەوەی پوتین لەو دیدارە بە ئەردۆغانی کردووە، نەک هەر بریتی نیە لە دیداری دۆستانە، بگرە سووکایەتیە ، لە زمانی جەستەی هەردوولاش ئەمە بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت.
لێرەدا دەپرسین ئایا ئەردۆغان چەندین جارە بۆچی ئەو سوکایەتیەی رووسەکان قەبوول دەکات؟ خۆ بریار بوو ئەو نەچێت بۆ روسیا، بگرە لەبەرامبەردا بانگهێشتی پوتینی کرد کە لە ئەنقەڕە میوانداری بکات.
لە لەیەکی دیکە مەبەستی بوو کۆبوونەوەی لوتکەی چوار قۆڵێ (پۆتن – مێرکل – ماکرۆن – ئەردۆغان) ئەنجام بدرێت.
کە ئەمانە بۆ ئەردۆغان نەچووە سەر، هەروەها ئەمەریکا و ناتۆ لە کێشەی ئیدلب پشتیوانیان لێ نەکرد، وە ماددەی ٥ی پەیمانامەی ناتۆیان پێ رەوا نەبینی، کە باس لە ئاسایشی بە کۆمەڵی ئەندامانی ناتۆ دەکات.
ئەردۆغان ناچاربوو جارێک دیکە روو لە کۆشکی کریملن بکات، هەموو ئەو سوکایەتیەش قەبوول بکاتەوە، کە دەمێکە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی هاواردەکەن ئەردۆغان هیچ بەهایەکی بۆ دبلۆماسیەت و سیاستی دەرەوەی تورکیا نەهێشتۆتەوە.