کۆڤید ١٩ لە فەتوا تێناگات

لەلایەن ستاندار Posted on 241 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

مرۆڤ تاکە هەڵسوڕێنەور و بەکاربەری گەردوونە تاکو ئێستا کە زانست و گەردووناسەکان هیچی شتێکیان نەدۆزیوەتەوە هاوشێوەی مرۆڤ تەنانەت هیچ چۆرە بوونەوەرێکیش، هەر بۆیە مرۆڤ گرنگترین بوونەوەری هەسارەی زەوی و گەردوونیشە، بەبێ مرۆڤ گەردوون بەرهەمێکی بێ بەکاربەر ئەمێنێتەوە، کەواتە پارێزگاری کردن لە مرۆڤ و ژیانی و تەندروستی گرنگترین پێویستیەکانی ژیانە.
بەهەر هۆکارێکبێ ئێستا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دوژمنێکی کوشندەو نەناسراو ئەبێتەوە، دوژمنێک نەبەچاو ئەبینرێ و بە بۆن و هەستیشی پێئەکرێ. کۆرۆنا یان کۆڤید ١٩ کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٥٠٠ کەسی بەبێ دەنگی کوشتووە نابێ بەکەم تەماشاکرێ هەروەک چۆن ناشبێ لە خۆی زیاتر گەورەکرێ و خەڵکی پێ بترسێنرێ.
ئەم پەتایە پەتایەکی وەرزی نیە تا شارەزای و لەبارەیەوە هەبێ بەڵکو هێندە نامۆیە تا ئێستا چارەسەرێک یان دژە کوتانێکیش بوونی نیە بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی، بەهەرحاڵ ئەمەیان بابەتی ئێمە نیە بەڵکو ئەوەی جێگەی تێڕامانە تیشکی ئەخەینە سەر.
حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە چەند ڕێگایەکی گرۆتەبەر کە هەندێکیان زۆر باش گرنگن، وە هەندێکیشیان زیادەڕۆی تیا کراوە، وە هەندێک ڕێگای تریش هەن کە نەگیراوەتەبەر کە لەوانەیە ئەمەیان بەهۆی ناناسینی ڤایرۆسەکەوەبێ و وە لە کۆی دنیاشا جارێ هەروایە، بەڵام بەکۆی گشتی ئەوەی ئەبینرێ حکومەت لە هەوڵایە بۆ سنوردار کردنی ئەم پەتایە و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری.
یاسا لە هەر وڵاتێک بۆ هەر کەسێک و بۆ هەر ئاینێک و هەر گروپێک جیاوازی ناکا و ئەبێ بەسەر هەموو لایەکا جێبەجێ بکرێ، بۆیە کاتێ حکومەت بڕیارێک دەرەکا گرنگە هەموو لایەک وەک خۆی جێبەجێبکات ئەگەرچێب تێبینیش لەسەری هەبێت بەڵام بۆ یاسا ئەوترێ (نفذ ثم ناقش) واتە جێبەجێکە پاشان گفتوگۆیبکە.
نەئەبوو هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە حکومەت کەمتەرخەمی بکات و ڕێگەبات کە هیچ لایەنێک جگە لە بڵاوکراوە ڕێنماییەکانی حکومەت هیچ بۆچوونێک و ڕێنماییەکی جیاواز بڵاوکاتەوە، تا نەبێتە هۆکاری دوو دڵی و دڵەڕاوکێی خەڵکی لەکاتێکا متمانە بوون بە دەسەڵات لای خەڵکی تا ئاستێکی باش لاوازە.
ئەوەی جێگای سەرنج و هەڵوێستەیە ئەو فتوایە بوو کە “لیژنەی فەتوایی هەرێم” بڵاویکردەوە کە تەواو پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆی دنیا بوون لە ناویشیانا ئەزهەر و دەسەتەی باڵای گەورە باڵایانی زانایانی سعودیە و دەسەڵاتدارانی ئێران کە تەمسیلی مەزهەبی شیعەی دنیا ئەکەن وە عەلی سستانی کە بەگەورە مەرجەعی شیعە دائەنرێ.
تا ئێستا نەبینراوە هیچ کڵێسەیەک پێچەوانەی پاپا و فاتیکان ڕێنماییەک دەربکەن کە ببێتە هۆکاری دوو دڵی باوەڕداران.
کۆی جیهان بە تەواوی ڕێکخراو حکومەت و دەزگا و ئاین و ئاینزا و دەزگا تەندروستییەکانەوە لەسەر ئەوە ئەوە کۆکن کە کۆڕ و کۆبوونەوە نەکرێ و دوورکروتنەوە لە هەموو ئەو شوێنانەی ئەبێتە جێگایەک بۆ کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لە ناویشیانا داخستنی کەعبە و ڕێگرتن لە چوون بۆ مزگەوتی پێغەمبەر (مسجد النبوي) کە بە یەکێک لە بەهەشتەکانی بەهەشت ناویهێنراوە، لەوەش گرنگتر ڕاگرتنی عەمرە کە ئەمەیان نەک درێژکراویەکی ئاینی هەیە بەڵکو ئەبێتە هۆکاری زەرەرێکی زۆر لە ئابوری سعودیەش، کەچی لیژنەی فەتوای هەرێم زۆر نابەرپرسانە داوا لە خەڵکی ئەکا بەردەوامبن لە چوون بۆ مزگەوت ولەناویشیانا نوێژی هەینی لە ئەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کە دووریان لەیەک لە چەند سانتیمەرێک تێناپەڕێ، بە هۆکاری ئەوەی ناکرێ نوێژ و نزا و خوداپەرستی لەناو مزگەوتەکانا نەکرێ وەک ئەوەی خواوەند تەنها لەمزگەتا هەبێ! کە ئەکرێ ئەم فەتوا نابەرپرسانەیە ببێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو خەڵکیا تا ئاستێک لە کۆنترۆڵ دەربچێ.
“ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحيما”، “ولا تلقوا بایدیکم الی تهلکة”، ئەمە دوو نمونە کە داوا لە مرۆڤەکان ئەکرێ خۆیان بپارێزن و خۆشیان نەخەتە هەڵدێر و ماندووبوونەوە، کە ئەمەش سەرچاویەکە بۆ شەریعە کە هەر خودی شەریعە بۆ خۆپارێزی هاتووە واتە خۆپاراستن لەهەر هۆکارێک مرۆڤ ڕووبەڕووی مەرگ و ئازار بکاتەوە، ئیتر کە ئەمە شەریعەو دەقە ئاسمانیەکانبێ چۆن ئەکرێ لیژنەی فەتوا هانی خەڵکی بات بەوەی کە ئەگەر بەو ڤایرۆسە بمرن “شەهیدن”!
(يا أيها الذين آمنوا أطيعوا الله وأطيعوا الرسول وأولي الأمر منكم) خۆ ئەگەر ئەوانە ئیماندرابن بەڕاستی ئەوا هەر بەپێی دەقە ئاسمانییەکان ئەبوو گوێڕایەڵی ڕێنمانییەکانی حکومەت بوونایە و چونکە گویڕایەڵی ئەوان بۆ فەرمانڕەوا بابەتێکی جیاوازترە و فەرمانیان پێکراوە کە ملکەچ و گوێڕایەڵبن.
هەڵبەتە تا ئاستێک ناهەقی لیژنەی فەتوا ناگیرێ چونکە دیندارەکان وە بەتایبەتی موسوڵمانان زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە لێکدانەوە بۆ دەقە ئاسمانییەکان ئەکەن هەر کەسەو بەکەیفی خۆی بەبەری خۆیدا ئەیدورێ و لەوەش سەیرتر چەندین ئایەت بە چەندین لێکدانەوەی جیاوازەوە ئەدەن بەگوێی باوەڕدارانا.
هەرچۆنێکبێت گرنگە حکومەت لێرەوە ڕژدتربێت لەسەر ئەوەی کە ڕێگە بە هیچ کەسێک نەدا دەست بخاتە کارەکانیەوە بە تایبەت لە بابەتێکی ئاوا هەستیارا کە گیانی هەزاران هاوڵاتی ئەخاتە مەترسییەوە، ئاخر ئەگەر هەر لە سەرەتایی دروست بوونیەوە دەستی حیزب و مەکتەب سیاسیەکان و خەڵکانی باڵا دەستی لە حکومەت دوورخستایەتەوە ئەوا ئێستا لیژنەی فەتواش ڕێگەی بەخۆی نەئەیا کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی حکومەت شتێکیتری هەبێ بۆ ووتن.
ئەوەی جێگای نیگەرانیە بە پلەی دووەم مێدیایە کە سەرەتا زۆر نا بەرپرسانە مامەڵەیان لەگەڵ ئەم پرسەیا ئەکرد بە خەڵک ترساندن، بەڵام هەرچەندە ئێستا تا ئاستێک بەرپرسانەتر مامەڵە ئەکەن بەڵام بەهەر هۆکارێکبێ هەندێ لەو مێدیایانە بەردەوامن لە هەندێ جۆری بڵاوکردنوەو ڕووماڵ کردن کە نابێ ڕێگەی پێبدرێ، جا لە ڕێگەی دەزگاکانی حکومەتەوەبێت یان لەڕێی ویژدان و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ئەو دەزگا مێدیایانەوەبێ، خۆ ئەگەر لە دووەمیانەوەبێ زۆر باشترە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.