كارزان گلی
ئەگەر سەیری ئیتاڵیا بكەیت كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی كۆڕۆناوە چی لێ بەسەر هاتووە، تۆی كورد هەرگیز لە ماڵەوە نایەیتە دەرەوە. تراژیدیاكانی ئیتاڵیا لەزاری خۆیانەوە بزانە، ئەوكات بۆت دەردەكەوێت كەترسی ئەو ڤایرۆسە چەندە.
ناتانترسێنم و هەمیشە گووتومە، بەرپرسیارییەتەكە گەورەیە، بەڵام خۆپارێزی ئاسانە، خۆ ئەگەر خۆمان نەپارێزین، دوور نییە كارەسات روو بدات. شارەزایەكی سیاسەتی ئیتاڵیا كە توركە و ماوەی ٤٠ ساڵ دەبێت لەوێیە و تا پلەی دكتۆرا چووە، باس لە واقیعی ئێستای ئیتاڵیا بۆ رۆژنامەی (سۆزجو) دەكات.
ئەو لێیان دەپارێتەوە كە ماڵەكانیاندا بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە، چونكە ئیتاڵیا بە چوونە دەرەوەیان و گوێ نەدان بەو قایرۆسە ئێستا باجەكەی دەدەن و تراژیدیا لە وڵاتەكەدا سەری هەڵداوە.
شتەكان لەسەر زاری ئەوەوە دەگێڕمەوە:
نەخۆشخانەكان پڕن لە هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، بەڵام بە هۆی ئەوەی جیهازی هەناسەدان كەمە، بۆیە پزیشكەكان ناچارن لە نێوان هەڵگراندا هەڵبژاردە بكەن. بە هۆی كەمی جیهازی هەناسەدان، ئەوانەی بە تەمەنن لە ئیتاڵیا بەرەو مەرگ دەڕۆن و گەنجەكانیش دەخەنە ژێر چاودێرییەوە، واتە بەتەمەنەكان بە ناچاری لەبەردەم نەخۆشخانەكاندا گیان لە دەست دەدەن.
ئیتاڵیا گۆڕستانێكی تایبەتی بۆ ئەو كەسانە ئامادە كردووە، كە بە كۆڕۆنا گیان لە دەست دەدەن، كاتێكیش تەرمەكانیان دەبەن، هیچ كەسوكارێكی ئەو مردووە بۆی نییە ئامادە بێت و بە نهێنی لە گۆڕستانەكە دەینێژن، بەبێ ئەوەی بیخەنە ناو تابووتەوە.
گیان لە دەستدان ئەوەندە زۆرە، حكوومەت رێگەی داوە، كە ئەوانەی بەتەمەنن و نەخۆشخانە ناتوانێت بیانخاتە ژێر چاودێری پزیشكەوە، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە كەسوكاریان دەكەن و ماڵئاواییان لێ دەكەن و دەڵێن ئێمە ئەمڕۆ یان بەیانی دەمرین و بە كوردییەكەی گەردن ئازایی لە یەكتری دەكەن.
ئیتاڵیا داوای لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ناتۆ كرد، كە جیهازی هەناسەدانیان پێ بدات، بەڵام هیچ وڵاتێك گوێی پێ نەدا و هەموو گوتوویانە بەشی خۆمان ناكات.
٢ رۆژ بەر لە ئێستا فڕۆكەیەكی بارهەڵگری چینی، سەدان جیهازی هەناسەدان و ماسكی بۆ ئیتاڵییەكان هێنا، بۆیە ئێستا چینییەكان خۆشەویستترین نەتەوەن لای ئیتاڵییەكان، چونكە لە رۆژە رەشەكاندا هاوكارییان كردوون.
ئیتاڵیا چۆن گەیشتە ئەو حاڵەی ئێستای
لە ئیتاڵیا ٢٠ هەزار چینی وەكو كرێكار كار دەكەن، ئەوان لە سەری ساڵی تازەدا گەڕانەوە چین و لەگەڵ كەسوكاری خۆیان سەری ساڵیان كرد لە شاری وۆهان، بۆیە كاتێك گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا، ڤایرۆسەكەیان بڵلوكردەوە، ئەمە راستی بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنایە لە ئیتاڵیا.
هەر ئەمڕۆ چەند نووسەرێكی توركیا مەترسی كارەساتێكی گەورەیان لە توركیا بڵاوكردووەتەوە، بەوەی ٢٠ هەزار كرێكاری چینی لە توركیا بوونیان هەیە و، ئەو كرێكارانە لە سەری ساڵدا چوونەتەوە بۆ چین و هاتوونەتەوە توركیا بەشێكیشیان لە شاری وۆهان بوونە.
ترس هەیە ئەو كرێكارانە ڤایرۆسەكەیان لە توركیا بڵاوكردبێتەوە و سیناریۆی ئیتاڵیا لە توركیا دووبارە ببێتەوە.
خوا نەخواستە ئەگەر توركیا سیناریۆی ئیتاڵیای لێ دووبارە ببێتەوە كارەساتەكە گەورەترە، چونكە سیستەمی تەندروستی توركیا لاوازە و، جیهازی هەناسەدانیان زۆر كەمە و لە نەخۆشخانەكانیش وەكو پێویست كارمەند و دەوا بوونی نییە.
بۆیە گرنگە ئێمە كورد پابەند بین بە رێنماییە تەندروستییەكان، با بابەتەكە بە جیدی وەربگرین و بە جیدی خۆمان بپارێزین، ئیتاڵیایەك كە ئەندامی G8 وڵاتێكی زلهێزە لەڕووی ئابووری و تەندروستییەوە، كەچی وا هاواری لێ هەستاوە و ناتوانێت كۆڕۆنا كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە ئێمە تەنیا بە خۆپارێزی و دەرنەچوون لە ماڵەوە، دەتوانین كۆڕۆنا لە خۆمان دوور خەینەوە.