ئێوە قەرزاری ئێمەن !

لەلایەن ستاندار Posted on 321 جار بینراوە

دلاوەر شێخ محمد هرکی

وەکو هاوڵاتییەک داوایەکمان لە ئێوەی دەسەڵاتدارە ، کە قەرزاری ئێمەن و ئێمەش ئەوە چەند ساڵێک دەبێ لە کۆتایی هەموو مانگێک ، کە مووچە دوا دەکەوێ دەست پان دەکەینەوە و قەرز لە ئەم و ئەو وەردەگرین ، بۆیە ئەم داوایەمان لێتان هەیە و هەرچەندە دەشزانین ئێوە نە لە گەرما گەرماتان دەبێ و نە لەسەرما سەرماتان دەبێ ! نە لە قەیران برسیتان دەبێ و نە لە تۆفان و لافاو ئاو دێ بەناو کۆڵان و گەڕەکەکانتان و نە کە مووچە دواکە دەکەوێ قەرز وەردەگرن و وەکو ئێمە ئەوە چەند ساڵێکە کۆتایی هەموو مانگێک دەبێ دەست پان بکەینەوە و لە ئەم و ئەو قەرز وەربگرین !
کاکە هەر ئەوێ ڕۆژێ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک مامۆستایەکی ئایینی و پارێزەرێکی ڕاوێژکاری خێرخواز ، باسی کرد ؛ کە چووینە ماڵێک نانی ئێوارە نەبووە بیخۆن و چووینە ماڵێکی تریش کرێی سێ مانگی خانوویان لەسەر بووە و بڕیار وابووە خاوەن خانوو دەریان بکات ، بەڵام ئەم خێرخوازانە فریایان کەوتوون و توانیویانە بە پێی توانا یارمەتییان داوە !
ئەو نموونە و چەندان نموونەی تر لێرە و لەم وڵاتە پڕ سەروەت و سامانەدا بوونیان هەیە ، باشە پابەندی ڕێنمایین و بەسەر چاومان و لە پێناو بەرژەوەندی خۆمان و هەموو لایەکمان ، بەڵام بێننە پێش چاوی خۆتان دەبێ لەو شارە چەند کرێکار مانگانە بە ئارەقی نێوچاوانیان سەری مانگ کرێی خانووی پێبدەن ، بژێوی ژیان و ڕۆژانەیان لەسەر ئەو ڕۆژانەیە بووبێ ، کە لە بەیانی تاکو ئێوارە کاریان کردووە و ئێستا لە ماڵەوە کەرەنتینە و بێ کارن!
ئیتر لەو کرێکارەوە بگرە تاکو ئەو مامۆستا و فەرمانبەر و پێشمەرگەیەی لە سایەی حوکمڕانیتان ئەوە چەند ساڵە کۆتایی حەفتەی سەری مانگ مووچە دوا دەکەوێ و گیرفانیشی بەتاڵ دەبێ و بە ناچاری دەبێ بچێتە لای کەسێک پارەی لێ وەربگرێ و دەستی زەلیلی خۆی پان بکاتەوە قەرز بکات ، خۆ ئەگەر ئەو کەسە نزیک ترین کەسیشی بێ ، کە باوکە یاخود برا و تا هاوڕێ و دراوسێشی ، هەر ناخۆش و شەرمەزارییە ، نەبووە مانگێک ! نەبووە ساڵێک ! نەبووە قەیرانێک دوو قەیران …هتد
ئەی هاوار و سەد هاوار ئەوە چ بوو لە هەموو هەورێک بۆ ئێوە باران دەبارێ و هەر جارە و بە بەهانەی قەیرانێک ئێمە دەچەوسێننەوە!
ئاخر مرۆڤ بوون لێرە خەجاڵەتییە و سواڵکەرییە ، سەرشۆڕی و چەرمەسەری و بەدبەختییە !
ئاخر ئەوە کەی ویژدانی مرۆڤایەتییە ؟ کەی وڵات بەڕێوەبردنە ؟ کەی و لە چ سەردەم و زەمانێک و کام دەسەڵات ئاوا حوکمڕانی کردووە ؟
مرۆڤ واتە ؛ ویژدان و هەست کردن بە ئێش و ئازاری کەسانی دەورووبەری ، نەخاسمە دەسەڵاتدار و میللەت ، کە ئێوە بە دەنگ و بە بوونی ئێمەوە هەن و ئێمە و ئێوە لە یەک کەشتی داین ، بەڵام ئەم کەشتییە دوو قاتە ئێمە وا لە قاتی یەکەمین و خەریکە دەخنکێین و ئێوەش لە قاتی دووەمن لای ئێوە نە “با” ی دێ نە “باران” !
داوای من وەکو هاوڵاتییەک ئەوەیە ؛ هیممەتێک بکەن وەکو هەر وڵات و شوێنێک میکانزم و سیستەمێک بۆ بارودۆخی ژیانی ئەم میللەتە خێر لە خۆ نەدیوە دابنێن و بەلایەنی کەمەوە وەکو “ئاژەڵ” با خواردن و نانمان هەبێ و بەس .
ئێمە باسی ئازادی ڕادەربڕینمان نەکردووە ، ئێمە باسی بە هەدەردانی سامانی وڵاتمان نەکردووە ، ئێمە باسی هەموو ئەو داهاتەمان نەکردووە ، کە مانگانە وڵاتەکەمان لێی دەدۆشرێ و خێر و بێری بۆ ئێمە نییە ، ئێمە باسی گەندەڵیمان نەکردووە ، ئێمە باسی خراپی ڕێگەوبانمان نەکردووە ، ئێمە باسی نەبوونی هەلی کارمان نەکردووە ، کە دروشمی هەندێکتان بوو ، ئێمە باسی نەبوونی سندوقی داهاتمان نەکردووە ، ئێمە باسی دامەزراندنمان نەکردووە ، ئێمە … ئێمە ، نەخێر ئێمە تەنیا داوای کەمترین مافی هاوڵاتی بوونمان کردووە ، کە بریتییە لە ؛ مووچە و بژێوی ڕۆژانە و ژیانێکی ئاسایی و سادە !

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.