عەدنان ئەحمەد
کۆریای باشور لەو دە وڵاتەی جیھانە، زۆرترین رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایە، بەڵام کەمیی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە، ھەموو جیھانی تووشی سەرسامیی کردووە.
تەنانەت رۆژ بە رۆژ ئاستی تووشبوون بە ڤایرۆسەکەش کەمدەبێتەوە، لە کاتێکدا لە زۆربەی ھەرەزۆری وڵاتان رێژەی تووشبوون بە شێوەیەکی ترسناک، روو لە ھەڵکشانە.
کۆریا شانازی بە دەستنیشانکردنی زۆرترین تووشبووەوە دەکات، چونکە تۆمارکردنی زۆرترین حاڵەت، واتە تۆمارکردن و ناسینی زۆرترین ژمارەی ھەڵگر، کە ئەمەش یەکەم و گرنگترین قۆناغی کۆنترۆڵکردن و چارەسەرە.
تۆمارکردنی کەمترین حاڵەت لە وڵاتێکدا (بۆ نموونە ھەرێم), کاتێک دڵخۆشکەرە کە زۆرترین پشکنین ئەنجامدرابێت. کەمیی پشکنین لە ھەرێم، وا دەکات تۆمارکردنی حاڵەتی کەم دڵخۆشمان نەکات، چونکە کەمیی حاڵەتی تۆمارکراو، مانای کەمیی ژمارەی ھەڵگر و تووشبووان نییە.
مۆدێلی کۆریای باشور
ئێستا قسە لەوە دەکرێت کۆریای باشور ببێت بە مۆدێلێک بۆ ھەموو جیھان. ھەفتەی رابردوو، رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە وڵاتانی دونیای وت؛ (پشکنین پشکنین پشکنین). ئەگەر زۆرە رێکخراوەکە، ئەم رێنماییەی لەسەر بنەمای مۆدێلی کۆریا وەرگرتبێت، چونکە (پشکنین پشکنین پشکنین)، دروشم و چەکی کۆرییەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
کۆریا چی کرد؟
کۆریای باشور بەبێ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، بەبێ کەرەنتینکردنی شارەکان و بەبێ راگەیاندنی باری نائاسایی، توانی کۆنترۆڵی ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات و رێژەی مردووانیش دابەزێنێت.
لە ھەشت ھەزار و ٦٥٢ تووشبوو، تەنھا ٩٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥٤٠ کەس چاکبوونەتەوە.
لە ئەمریکا لە ١٦ ھەزار و ٦٣٨ تووشبوو، زیاتر لە ٢١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢١ کەس چاکبوونەتەوە.
لە ئەڵمانیا ١٩ ھەزار و ٧١١ کەس تووشبوون، تەنھا ٥٣ کەس مردوون و ١٨٠ کەسیش چاکبوونەتەوە.
لە ئیتاڵیا لە ٤٧ ھەزار و ٢١ تووشبوو، ٤ ھەزار و ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و تەنھا ٤ ھەزار و ٤٤٠ تووشبوو چاکبوونەتەوە.
لە فەڕەنسا لە ١٠ ھەزار و ٨٩١ تووشبوو، ٣٧١ کەس گیانیان لەدەستداوە و تەنھا ١٢ کەس چاکبوونەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان لە ٤٧ تووشبوو، یەک کەس گیانی لەدەستداوە و ١٣ کەسیش چاکبوونەتەوە.
تێبینی؛ ئەم ئامارنە ھی (WHO)ن، بێگومان جیاوازن لە ئاماری خودی وڵاتان زۆر جار، ئەوەی لێرە گرنگە، زۆرتر تەرکیزخستنە سەر مۆدێلی کۆریایە، نەک ژمارەکان.
یەکەم میکانیزمی پەیڕەوکراو لە کۆریا، ئەنجامدانی پشکنینە بۆ زۆرترین ژمارەی گومانلێکراوان و ھەرکەسێک کەمترین گومانی لێبکرێت.
دوای ئەوەی حاڵەتێک لە ناوەندێکی ئاینیی (کڵێسا)یەکەوە سەریھەڵدا، تەواوی ئەو کەسانەی لە کڵێساکەدا بوون، خرانە کەرەنتینە و پشکنینیان بۆ ئەنجامدرا.
لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ رۆژێک ٩٠٩ حاڵەت ھەبووە، بەڵام لە ١٧ی ئازاردا رێژەی تووشبووانی رۆژانە بۆ ٧٤ کەس ھێنرایە خوارەوە. ھۆکاری سەرەکی ئەم کەمبوونەوەیەش، زۆریی ژمارەی پشکنین بوو لە وڵاتدا.
تاکو ئێستا ٢٧٠ ھەزار ھاوڵاتی کۆری، پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ ئەنجامدراوە. لە ھەر ملیۆن کەسێک، پێنج ھەزار و ٢٠٠ کەس پشکنینیان بۆ کراوە.
لە ئێستادا رۆژانە ١٥ ھەزار کەس پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە ٤٣ ناوەنددا، پشکنین بۆ ھاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت.
لە کاتێکدا، بەپێی ناوەندی رێگریی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە ئەمریکا لە ھەر ملیۆن کەسێک، تەنھا ٧٤ کەس پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە.
وانەیەک لە (MERS)ەوە
دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٥ کەسێک لە کۆریا، دەبێت بە ھەڵگری ئەم ڤایرۆسە، بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت، سێ وڵات دەگەڕێت. لە کاتی گەڕانەوەیدا پشکنینی بۆ دەکرێت و دەردەکەوێت ھەڵگری ڤایرۆسەکەیە. دەخرێتە کەرەنتینەوە. بەھۆی ئەم کەسەوە ١٨٦ کەس تووشبوون و لەو رێژەیەش ٣٦ کەسیان گیانیان لەدەستدا. کەسەکە لە سێ ناوەندی چارەسەر، چارەسەری بۆ ئەنجامدرا.
کۆریا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم ڤایرۆسە نامۆیە، لە ماوەی دوو مانگدا ١٧ ھەزار کەسی خستە کەرەنتینەوە. وڵات کەوتە باری نائاسایی و زیانێکی گەورەش بەر ئابوری وڵاتەکە کەوت.
(Kim Woo-Joo) کە پسپۆرێکی نەخۆشییە درمییەکانە دەڵێت، (MERS) فێری کردین، دانانی تاقیگەیەکی پشکنین و پشکنینی تاقیگە، مەرجی سەرکەوتنە بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکدا.
یەکەم ھەنگاوی کۆریای باشور بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا
دوای ئەوەی کۆڤید-١٩ لە چین سەریھەڵدا، حکومەتی کۆریا بەبێ وەستان و چاوەڕوانی، لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکاندا بۆ گەشەپێدان و ئامادەکردنی (کیتی) نوێ کۆبووەوە.
کاتێک لە ٧ی شوباتدا، چەند حاڵەتێکی کەم لە کۆریا ھەبوو، کیتەکان ئامادەکران و بۆ ناوەندەکانی پشکنین نێردران. بەھۆی ئەم کیتانەوە، توانرا تەنھا لە ماوەی ١٢ رۆژدا، ٢٩٠٠ حاڵەتی کۆرۆنا دەستنیشان بکرێت و بخرێنە ژێر چاودێرییەوە.
ناوەندی رێگریی و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی کۆریا، تەنھا لە ٢٩ی شوباتدا، توانی ٩٠٠ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا دەستنیشان بکات.
حکومەتی کۆریا، چەند پرۆگرامێکی سازکرد و بۆ خەڵکی بڵاوکردەوە، بۆ نموونە (لە رێگەی تەلەفۆنەکانیانەوە)، تاکو ھەر گومنێکیان لە تەندروستییان ھەبێت، بە زوترین کات، پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت.
وەزیری ناوخۆی کۆریای باشور دەڵێت؛ پڕۆگرامێکمان بۆ موبایل داناوە، کە تێیدا ھەموو زانیارییەک ھەیە، دەربارەی ئەو کەسانەی نیشانەکانیان تێدایە یان لە کەرەنتین دانراون. بەم جۆرەش ھەموو کەس دەزانێت ئەو کەسانە کێن نیشانەیان ھەیە و دەتوانن ئاستی بەرکەوتنیان کەمبکەنەوە.
کەرەنتین لە کۆریا
(Kim Woo-Joo) دەڵێت؛ “ئێمە وڵاتێکی دیموکراسین، کەرەنتینەکردنی شارەکان لەم دۆخەدا، کارێکی لۆجیکیی و عەقڵیی نییە.
(Chun Byung-Chul) پسپۆڕی نەخۆشییە درمەکان لە زانکۆی کۆریا دەڵێت؛ ئەو کەسانەی مەترسیی لەسەر ژیانیانە، دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە و گرنگیی یەکەمینیان پێدەدرێت. ئەو کەسانەشی نیشانەی سوکیان تێدا دەرکەوتووە، رێگەیان پێنادرێت بچنە شوێنە گشتییەکان و بۆ کاری پێویست ئاڕاستەی ناوەندە تایبەتمەندە تەندروستییەکان دەکرێن.
ئەوکەسانەشی نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوتووە، بەڵام گومانیان لێدەکرێت، داوایان لێدەکرێت دوو ھەفتە خۆیان کەنارگیر بکەن و بەردەوام و بە شێوەیەکی رێکخراو، پشکنینی پلەی گەرمیی ئەنجامبدەن.
ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت، لەلایەن تیمە دروستکراوەکانەوە لە گەڕەکەکاندا، رۆژانە دوو جار پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەھێڵدرێنەوە.
لە ئێستادا، ٢٥٠٠ دۆلار سزای ھەر کەسێک دەدرێت، یاساکانی کەرەنتین بشکێنێت.
حکومەتی کۆریا لە ئێستادا، سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە، بۆ شێوازی رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان، بەپێی پڕۆژە یاساکە، ھەرکەسێک پابەندی یاساکانی کەرەنتین و رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییە درمییەکان نەبێت، سزای ماددی تاکو ٧ ھەزار و ٥٠٠ دۆلار دەچێت و سزای بەندکردنیشی لەگەڵدا دەبێت.
ئەوەی روونە؛
کۆریای باشور، ھەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە تاکو ئێستا، بە ئەنجامدانی پشکنین بۆ ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیان، توانیویەتی تا ئاستێکی باش کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکە بکات. ھەموو ھاوڵاتییەکی کۆریی، لە کاتی بوونی گوماندا، دەتوانێت بە ئاسانی بگاتە نزێکترین نەخۆشخانە و پشکنینی بۆ ئەنجامبدرێت، ئەنجانی پشکنینەکانیش لە خێراترین ماوەدا دەردەچن.
ھەرێمی کوردستان نابێت شانازی بە کەمیی حاڵەتی تۆمارکراو بکات، دەبێت ھەوڵ بدات زۆرترین پشکنین بکات، دوای پشکنین ئەگەر حاڵەت کەمبوو ئینجا کاتی شانازییە.
ھەر رۆژێک حاڵەت تۆمار نەکرا، سەرکەوتن نییە، سەرکەوتن تۆمارنەکردنی حاڵەتە لە کاتی بوونی ژمارەیەکی زۆر پشکنیندا.
ئەوەی بەڕێز دکتۆر سەباح ھەورامی ھەموو جارێک دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر تووشبوو ھەیە و تۆمارنەکراون، دانپێدانێکی باشە، لەوە باشتر، ئەنجامدانی زۆرترین پشکنینە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە.
بەراوردکردنی کۆریا بە ھەرێم نازانستییە، بەڵام بەپێی توانا دەکرێت سود لە ئەزموونی کۆریا وەربگیردرێت، بڕێکی زۆری پارەی تەرخانکراو بۆ پشکنین تەرخان بکرێت.
ئەو بەڕێزانەی ئاگاداری دۆخی ئەڵمانیان، گرنگە ئەو ئەزموونە شیبکنەوە، چونکە رێژەی مردن بەراورد بە تووشبوون زۆر زۆر باشە تاکو ئێستا.
وەک رێکخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێت؛
پشکنین پشکنین پشکنین