ستاندەر
بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی لە چەند هەفتەی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتیە ناسراوەكانی چین كە بریتین لە (weibo) و (zhihu) پرسیارێك لە بەكارهێنەران كراوە كە یەكەم كار دوای هەڵگرتنی كەرەنتین و قەدەغەی هاتوو چۆ چی دەبێ بیكەی؟، رێژەیەكی زۆری بەشداران نوسیویانە راستەوخۆ لە هاوسەرەكانیان جیادەبنەوە، ئەگەرچی بەشێك ئەو وەڵامانە وا دادەنێن كە وەك نوكتە و گاڵتە نوسراون، بەڵام لەگەل ئەوەشدا وەك هۆشداریەك دەبینرێت.
نوسینگەی هاوسەرگیری لە پارێزگای سیچوان رایگەیاندووە لە دوای 25ی شوباتەوە كە نوسینگەكەیان كردۆتەوە هەست بە بەرزبونەوەی رێژەكانی داواكاری جیابونەوە دەكەن بەخێرایی، رایگەیاندووە تا كۆتایی مانگی ئازار هەموو كاتەكان گیراون بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن هاوسەرانەوە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری جیابونەوە، هەمان بابەت لە پارێزگای شیان لە زۆربونی جیابونەوە تۆماركراوە، بەشێوەیەك هاشتاگی ( تەقینەوەی لە مەوعیدەكانی جیابونەوە لە شین) 32 میلۆن خوێنەری هەبووە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئاژانسی (RADII) لە زۆربەی پارێزگاكانی چین مەوعیدەكانی جیابونەوە لە زۆربەی پارێزگاكانی ئەو وڵاتە تا كۆتایی مانگی 4 گیراون.
ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر دەسەڵاتدارانی چین وا گومانیان دەبرد مانەوەی دوو مانگی خێزانەكان لەماڵ رێژەی لە دایكبونی منداڵ زیاتر دەبێت، كە چەند ساڵێكە زۆر كەمبۆتەوە و كۆمەڵگەی چینی بەرەو پیری بردووە، سەرەرای هەڵگرتنی سیاسەتی یەك مندال لە 2017 بەڵام كاریگەریەكی ئەوتۆ بۆ هێنانەدنیای منداڵی دووەم نەبوە.
هۆكاری زۆربونی رێژەكانی جیابونەوە وەك بەشێك لە هاوسەرەكان ئاماژەیان پێكردووە ئەوەیە كە مانەوەی دوو مانگ لە ماڵەوە وای كردووە دیوی راستەقینەی هاوسەرەكەیان بۆ روون ببێتەوە، هەروەها بەشێكیش بە زانینی پەیوەندی خیانەتی هاوسەرگیری دەیگێرنەوە، ژنێكیش رایگەیاندووە بە هۆی نابەرامبەری لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریتی ماڵ لەكاتی قەیران بریاری داوە لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوە، بەو پێیەی ئەو پیشەی پەرستار بوە بەو هۆیەوە كاتێكی زۆر پێویست بوە لە نەخۆشخانە بێت بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆس، بوە هۆی تێكچونی پەیوەندی لەگەل هاوسەرەكەی.
چاودێران پێیان وایە دۆخی دوای كۆرؤنا ڤایرۆس بۆ پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و هاوسەرەكان جیاواز دەبێت لە پێش ڤایرۆسەكە، ئەویش بەهۆی ئەو ماوە زۆرەی كە بەیەكەوە بوونە لە ماڵەوە.