شەرعیەتی ماڵەوەو پرسی ئازادی

لەلایەن ستاندار Posted on 479 جار بینراوە

پەیكا عوسمان

ئازادی ڕەهایی نیە، ئازادیش هەر پابەندییە، بەڵام بە عەقڵ و ئەخلاق و چاکەوە. تۆش کە لە ماڵەوەیت و نایەیتە دەرەوە، ئەمە دیلێتی نیەو خودی ئازادییە، چونکە پابەندبوونە بە عەقڵ و ئەخلاق و چاکەوە!

مرۆڤی ئازاد تەسلیمی عەقڵ ئەبێ بۆئەوەی تەسلیمی هێز نەبێت. ملدانت بۆ عەقڵ، هۆشیارییە. بەڵام ملپێدانت بۆ عەقڵ، یەعنی تۆ هێشتا دیلی جەهلیت!
ملدانت بۆ ئەخلاق، ئەخلاقییبوونە. بەڵام ملپێدانت بۆ ئەخلاق، ناکاتە ئەخلاقیبوون، چونکە ئەخلاقیبوون ئازادانەیە!
ملدانت بۆ چاکە، یەعنی کەوتنە ناو “چاکبوون”. بەڵام ملپێدانت بۆ چاکە، یەعنی تۆ هێشتا لەناو فەساددایت!

“چاکبوون” بڕیاری تۆیە. ئەوەیە کە لەناو خۆتداو لەڕێگەی عەقڵ و ویژدان و هۆشیارییەوە پێ ی ئەگەیت. بەڵام “ناچارکردنت بە چاکبوون” بڕیاری ئەوانیترەو سنوردانانە بۆ خراپبوونت! ئەمە تەنیا لە خراپبوون ئەتوەستێنێ، نەکئەوەی بتخاتە ناو چاکبوونەوە، چونکە تۆ لەناو خۆتەوە ئەتوانی بکەویتە ناو چاکبوونەوە، نەك لەهێزو پاڵنەری دەرەکییەوە.

لەڕاستیدا یاساو دین و کۆمەڵگاو فشارە دەرەکیەکان، هیچیان تۆ ناکەن بە ئینسان. ئەوانە تەنیا بەربەستن لەبەردەمتا، بۆئەوەی نەبی بە وەحش! ئەوەی کە ئەتکا بە ئینسان، تەنیا بوونی ناوەکیی خۆتە.

ئەگەر دزیکردن بەنمونە وەرگرین. لێرەدا پێش ئەوەی لە دەرەوەی تۆوە، یاسا بڵێ تاوانەو دین بڵێ حەرامەو کۆمەڵگا بڵێ عەیبە.. شتێك لەناوەوەی خۆتەوە، پێتئەڵێ دزی خراپە. ئیتر تۆ دزی نایکەیت بۆئەوەی نەکەویتە ناو خراپبوونەوە. بۆئەوەی ویژدانی خۆت ئازارنەدەیت و دەروونی خۆت خراپ نەکەیت. هەر لەبەر ئەمە نەك لەبەر هیچ ئیعتبارێکی تر!

ئەو دەنگە ناوەکییەش، خۆتیت و کە بەگوێت کرد، ئیتر تۆ چاکیت لەخۆتدا، نەك لە شتی ترو لەژێر فشاردا.
ئاخر چاکی ژێرفشار، چاك نیەو تەنیا خراپێکی وەستاوە لە چاوەڕوانی دەرفەتدا! یەعنی مەنهۆڵێکە سەری نراوەتەوە. بەڵام چاکی ناوەکیی خۆی ئاوێکی سازگارە.

لێرەدا پەروەردە ڕۆڵێکی گرنگ ئەگێڕێ و ئەو پەروەردەیەی کە پێتئەڵێ، یاسا وا ئەڵێ و دەوڵەت وا ئەڵێ و شەرع وا ئەڵێ و شۆڕش وا ئەڵێ و کۆمەڵگا وا ئەڵێ.. ئینسانێکت ئەداتێ کە ئیتر ئەو خۆی هیچ ناڵێ!
پەروەردەی دروست ئەوەیە کە قسەی ئەخیر بداتەوە بە ئینسان و وابکات کە ئەو شتێك بڵێ، نەکئەوەی بە وتنە دەرەکییەکان توانای وتنە ناوەکییەکەی بکوژێت.

دینیش لەوێدا ڕاستەقینەیەو گرنگە، کە بیری ئەو ناوەکییەی خۆمانمان بخاتەوە، نەکئەوەی ببێتە پۆلیسێكی دەرەکیی بەسەرمانەوە!
تەقواش ئامادەبوونی ئەو ناوەکییەی تۆیە، نەك کوشتنی ئەوێ ی خۆت، بە عیبادەتی شکڵیی و بەشتانێکی دەرەکیی!
ئەوێ گوڵەکەیەو عیبادەتی ڕاستەقینە، بۆ ئاودان و زیندوڕاگرتنی ئەوێیە، نەكئەوەی عیبادەت خۆی ئەوێ بێت!
بەهەمان شێوە، خوێندنەوەو کتێبیش، هەر بۆ ئەوە باشن کە بیرکردنەوەمان چالاك بکەن، نەكئەوەی ببنە بەدیلی بیرکردنەوەو کۆڵەوارترمان بکەن!

هۆشیاری و چاکبوون، پاکێجێکەو ڕەبتی بە ئازادییەوە هەیە. ئازادیش ئیختیارەو تۆ بە ویستی خۆت و لەناو خۆتەوە عەقڵ و ئەخلاق و چاکە هەڵئەبژێریت.
جەهالەت و فەسادیش پاکێجێکەو ڕەبتی بە دیلێتییەوە هەیە. ئەوەیە کە تۆ لە ناوەوەی خۆتەوەو ئازادانە، مل بۆ چاکە نادەیت و ئەبێ بە هێزێکی دەرەکی ملکەچ و ناچار بکرێ ی.

جا لای خۆمان و لە هەموو دنیاش، دواجار سەرپێچیکاران بە حوکمی هێز هەر ئەکرێنە ژوورەوە. بەڵام مرۆڤی ئازاد تەسلیمی عەقڵ ئەبێت، بۆئەوەی شەرعیەت بە شەقێك نەدا کە لە خۆی هەڵئەدرێ! مرۆڤی نائازادیش، دیلی جەهلی خۆیەتی، کە هەمیشە ئەیخاتەوە بەردەم شەق و ناچارکردن!

دەسەڵات بەگشتی و دەسەڵاتی ستەمکار بەتایبەت، بوونی خۆی لە هێزدا ئەبینێ و حەزی لە دۆخێکە کە “شەرعیەتی هێز” تیایا سەروەربێ! مرۆڤی ئازاد ئەو چانسە بە دەسەڵات ناداو بە ویستی خۆی ئەچێتە ژوورەوەو عەقڵ و ئیرادەی خۆی سەرئەخا بەسەر هێزو دەسەڵاتدا!

کاتی تۆم و جیرییە بێتامەکەی “دەسەڵات و موعارەزە”و جووتدژە تەقلیدییەکان نیە. کاتی هاوپشتی و هاوکاری گشتییە. ئەگەریش هەر لەسەر عەقڵە کۆنەکەی، ئەوە بزانە کە لەم کاتەدا بەرگری ئەوەنیە کە دێزانەو لەسەر حسابی خۆت و ژیانی گشتی، سەرپێچی بڕیاری دەسەڵات بکەیت و دواجار شەرعیەت بۆ هێزو دارو شەقەکەیان بهێنیت. چونکە لێرەدا خۆپارێزی و پابەندبوونی تۆ، پێشئەوەی بڕیاری دەسەڵاتێکی گەندەڵبێ، بڕیاری عەقڵ و ئەخلاق و چاکەو مرۆڤبوونە.

حوکمی دەیان ساڵەی بێگانەی ستەمکارو گەندەڵی خۆماڵیی، وایکردوە کە، بێگوێی ببێ بە کولتورو عەکسێتیی ببێ بە جۆرێك لە بەرگری! کە ئەمە هەڵەیەو کۆرۆناش وێستگەیەکە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە.
لەڕاستیدا موخالەفەی دەسەڵاتی ستەمکارو گەندەڵیش، بە ڕەهایی دروست نیەو تەنیا ئەو کاتە دروستە کە بەرهەڵستیەکە چاکبێت. لەوێدا کە خراپەو خراپەیەك ئیزافە ئەکا، ئەمە قوڕەکە خەستتر ئەکاتەوەو وزەی چەقین و مانەوەیە، نەك وزەی تێپەڕاندن و دەرچوون لە قوڕەکە!

کێشەی مرۆڤ ترازانیەتی لە مرۆڤبوون. یان لەڕاستیدا هەر نەگەیشتووە تا لێ ی بترازێ! مرۆڤبوونیش عەقڵ و ئەخلاق و چاکەیە.
جا بۆئەوەی مرۆڤ بچیتە ناو مرۆڤبوون، پێویستە خۆی و هەرشتێك کە دایهێناوە، لە دەوڵەت و سیاسەت و ئابووری و زانست و ئایدۆلۆجیاو تەکنەلۆژیا.. جارێکی تر هەمووی بخاتەوە بەردەم عەقڵ و ئەخلاق و چاکە. لێرەشەوە لادانەکان ڕاستبکرێنەوەو شتەکان بچنەوە ناو حەجمی ئاسایی خۆیان، کە قاوغی عەدالەتە.

واز لە مەلای خۆمان بێنە، قەشەیەكی ئەمریکی خەڵك بانگ ئەکا بۆ نوێژو دوعای بەکۆمەڵ! فەیلەسوفێکی ئیتاڵیش ئەڵێ وەرنە دەرەوەو تەوقی کەرەنتین بشکێن لەپێناو “ئازادی”!
کە ئەمە هەردوکی یەك عەقڵەو تێنەگەیشتنە هەم لە دین و هەم لە ئازادی، کە جەوهەری هەردوکیان چاکبوونە. چاکبوونیش لە ئێستادا، لە ماڵەوەیە نەك لە پەرستگاو شەقام! چاکبوون شتێکە کە بچێتەوە سەر ژیان، نەك لە پشتی دروشمی ئایدۆلۆژییەوە بتخاتە ناو مەرگەوە.

لەڕاستیدا تاکە شتێك کە خەتەرە لەسەر ئازادی، بڕوانەبوونە بە ئازادی. ئەوەشی کە بڕوای بە ئازادی نیە، “هەموو شتێك” ئەکاتە دەرفەت بۆ لێدانی ئازادی. کەرەنتینیش بێلایەنەو تەنیا یەکێکە لەو شتانە، نەکئەوەی خۆی لەخۆیدا دژەئازادی بێت!
ئازادیی ئێمەش لە حیزبی میلیشیایی و لەناو حیزبی میلیشیاییشدا، لە زاڵبوونی باڵی ئەمنییەوە لە مەترسیدایە، نەك لە کۆرۆناو کەرەنتینەوە.

ئازادی ئێمە، لە چەکەوە لە مەترسیدایە، کە دەسەڵات لەبری کۆکردنەوەی، تەوزیعی ئەکات! نەك لە کۆرۆناوە کە خودی چەکی خستە ژێر پرسیارەوەو پێ ی وتین کە دەرمان گرنگترە لە چەکی ئەتۆمی!

ئازادی لە عەقڵی دۆگماو “فریشتاندنی خۆم و شەیتاندنی ئەو”ەوە لە مەترسیدایە کە هەموومانی تێداین، نەك لە ڤایرۆسێكەوە کە هێشتا هەنێکمانی توش کردوە.

ستەمکاریی بەزەرورەت دژەئازادییەو بە بەرنامەو بە پلان و بە ئاگاییەوە لە ئازادی ئەدا. ئازادیش لێرەوە لە مەرسیدایە، نەك لە ڤایرۆسێکەوە کە بێئاگایەو هەر نازانێ ئازادی چیە!

ئازادی لە پۆپۆلیزم و لە ختوکەدانی عەقڵی جەمعەوە لە مەترسیدایە، کە نایەڵی عەقڵی فەرد بیربکاتەوەو بڕیاری ئازادانە بدات. نەك لە کۆڤید نۆزدەوە، کە پێش هەرشتێ مرۆڤی خستە بەردەم بیرکردنەوە!

ئەبێ ئەوەش بڵێین کە خەڵك بە دوو هۆکار دێنە دەرەوە: جەهل و پێویستی. ئەبێ حکومەت پێویستییەکانی ژیان بۆ هاوڵاتی دابینکا، ئینجا بیانکاتە ژوورەوە. ئەو هاوڵاتییەی کە پێویستی ئەیهێنێتە دەرەوە، جیایە لەوەی کە جەهل ئەیهێنێتە دەرەوە. ئەوەی کە جەهل ئەیهێنێتە دەرەوە، شەقی حەڵاڵکردووەو پێویستە بە هێزو سزا بکرێتەوە ژوورەوە. بەڵام ئەوەی کە بۆ نان دێتە دەرەوە، ئەبێ نانەکەی بەیتێ ئینجا لەڕوتبێ پێ ی بڵێ ی بڕۆ ژوورەوە. کەرەنتینکردنی خەڵکیش بەبێ خەمخواردن لە بژێوییان، بەرپرسیارێتی نیە، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی!

خۆ خواهەڵناگرێ حکومەتی ئێمەش شەڕی کۆرۆنا ئەکا. بەس فەرقەکە ئەوەیە، تەواوی حکومەتەکانی دنیا، لە ڕێگەی بەرپرسیارێتییەوە ئەو شەڕە ئەکەن. تەنیاو تاقانە حکومەتەکەی ئێمە نەبێ، کە لە ڕێگەی نابەرپرسیارێتی و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەوە شەڕی کۆرۆنا ئەکات!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.