نهێنیە گەورەکەی پشت دەرکردنی بریاری (٦۸۸ )ی ئەنجومەنی ئاسایش

لەلایەن ستاندار Posted on 659 جار بینراوە

گه‌یلان زینوه‌یی

بڕیاری ژمارە ٦۸۸ ئەنجومەنی ئاسایش خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری گەلی کورد بەگشتی و باشوری کوردستان بە تایبەتی .
گەلی کوردستان ساڵانێکی دورو درێژە خەبات دەکات لە پێناو مافی ڕەوای خۆی و پاراستنی نیشتیمانەکەی و لەم ڕێگەیدا قوربانی ئێجگار مەزنیداوە .
ئەم خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد بۆ ڕۆژانی خۆی کەم بایەخ نەبوە، بەڵام ئەوەی دۆخی ئەم تێکۆشانەی بردە قۆناغێکی نوێی سەردەم و دۆزی گەلی کودستانی بە شێوەیێکی گەورە بە جیهان ناساند بڕیاری ژمارە ٦۸۸ ی ئەنجومەنی ئاسایش بوو کە لە رۆژی (٥)ی نیسانی ساڵی ۱۹۹۱ دەرچوو.
گرینگی ئەم بڕیارە لەوەدابوو دۆزی ڕەوای گەلی کوردی لە بابەتێکی داخراوی ناوخۆی وڵات گۆری بۆ بابەتێکی نێودەوڵەتی و جێگای گرینگیپێدانی .
پێشتر ئەگەرچی گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەدرێژای نزیکەی سەدەیێک بەردەوام بوو لە شەڕوو بەرگریکردن لە بونی خۆی لەگەل حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەغدا ، کەچی نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادە نەبوو بە هیچ جۆرێک گوێ بگرێت لە داواکاریە ڕەواکانی گەلی کورد و هەوڵی چارەسەری ئەم دۆزە ڕەوایە بدات، ئەویش بە بیانوی هەبونی دەقێک لە بڕگەی حەوتی مادەی دووی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان کە دەڵێت ” نەتەوە یەکگرتوەکان بۆی نیە بەبێ ڕەزامەندی وڵاتێک هەوڵی چارەسەی کێشە ناوخۆکانی ئەم وڵاتە بدات ، چونکە وڵاتان خاوەن سەروەری تەواوی سیاسی خۆیانن و هەوڵدان بەبێ ڕەزامەندیش بەدەست خستنە ناو کار و باری وڵاتان هەژمار دەکرێت” .
ئەم یاسا و شێوە بیرکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەرژەوەندی سەرجەم سیستەمە تۆتالیتاریەکانی جیهاندا بوو ، بەجۆرێک رێگەی خۆش دەکرد کە دیکتاتۆرەکان بۆ بێدەنگ کردن و ڕووبەروو بونەوەی هاوڵاتیانی خۆیان کە داوای ئازادی دەکەن هەموو جۆرە چەک و ئامرازێکی توند و ترسناک بەکاربهێنن . وەک ئەوەی بە درێژایی نیوەی دوەمی سەدەی ڕابردوو بینیمان کە چۆن هەریەک لە حکومەتەکانی بەغدا و تاران و ئەنقەرە و شام بە درندەترین شێوە بەبەر چاوی هەموو جیهان کەوتنە وێزە و گیانی گەلی کورد لە کوردستان کە تەنها داوای ئازادی و مافی ژیانیان دەکرد .
هۆکاری دیار و بەرچاو بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کۆرەوە میلۆنیە بوو کە خەڵکی هەرێم دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی ئادار لەترسی گەڕانەوەی سوپای دڕندەی حیزبی بەعس ئەنجامیدا و بەرەو سنورەکانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان رۆیشتن ، ئەو کۆچە زۆرەی خەڵک لە سەرەتای وەرزی بەهار بوبە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و تێیدا هەزاران کەس لە سەرما و نەبونی خۆراک و چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستدا .
هەندێک لە شارەزایان وای بۆدەچن کە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە پشت هاندانی دانیشتوانی هەرێم بونە بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆڕەوە ملیۆنیە . کە ئامانج لێی جوڵاندنی سۆزی نێودەوڵەتی بوە تاکو ئەنجومەنی ئاسایش ناچار بکەن بڕیارێکی لەو شێوە گرینگە دەربکات . ئەوەی تاکو ئێستا زانراوە هیچ بەڵگەیێک لەبەرد دەستدا نیە تا ڕاستی ئەم بۆچونە بسەلمێنێت .
بیرکردنەوەی ئێمە بۆ زانینی نهێنی دەرکردنی ئەو بڕیارە دوورتر دەروا ، بەجۆرێک دەکرێت بڵێین کۆڕەو هۆکارێکی گرینگ بوە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە بەڵام کۆڕەو بە تەنها هەموو هۆکارەکەی نەبوە.
تێڕوانینی دوورتر ئەوەیە بڵێین هۆکارە سەرەکیەکەی دەرکردنی ئەم بڕیارە تێکچونی بڵانسی هێزی نێودەوڵەتی و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوو ، چونکە تا ئەو کات جیهان دابەشی سەر دوو جەمسەری سەرەکی کرابوو ، لەوکات سەروەری سیاسی وڵاتان تا ئاستی ڕەها سەیر دەکرا و بۆ هیچ یەکێک لەو دوو جەمسەرە جیهانیە نەبوو کە بە ئاسانی دەست بخاتە ناو کاروباری وڵاتانی جەمسەری بەرامبەرەکەی خۆی چونکە دەبوە هۆی دروستبونی ئاژاوەو تا ئاستی شەڕو پێکدادانیش دەرۆیشت.
وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی بە دەرفەتێکی گونجاو زانی تاکو بە بەهانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەستبخاتە ناو کاروباری وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی مەترسیان لێدەکرا بۆسەر ئاسایشی جیهانی یاخود ئەو وڵاتانەی ئاستەنگ بوون لەبەدەم بڵاو بونەوەی دیموکراسیەت و جێبەجێکردنی برنامەی سیاسی و ئابوری رۆژ ئاوایەکان .
ئەگەر ئەوە هۆکارە سەرەکیەکەی نەبێت خۆ زۆرجار گەلی کورد دوچاری کۆمەڵکوژی و نەهامەتی خراپتر لە کۆڕەو بۆتەوە ، ئەی بۆ هیچ یەک لە وڵاتانی رۆژئاوا ئەوکات قسەیێکی خێریان بۆ کورد نەدەکرد ؟؟!!
ئینجا دەرکردنی بڕیارە ٦۸۸ هەر تەنها بۆ گەلی باشوری کوردستان گرینگ نەبوو ، بەڵکو ئەنجومەنی ئاسایش وەک بنەمایێک سەیری کرد بۆ دەرکردنی چەند بریارێکی هاوشێوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی چەند ناوچەیێکیتر لە جیهاندا وەک بەڵکان و خواروی ئەفریکا .
ئەگەرچی ئەنجومەنی ئاسایش بریارێکی لەو چەشنەی
زۆر دڕەنگ دەرکرد دەرحەق بە خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەدەیێکی گەلی کوردستان ،بەڵام ئێمەی کورد دەبێت هەمیشە بە گرینگیەوە سەیری ئەور بڕیارە بکەین چونکە هەر بڕیارەکە بۆخۆی مێژویێکی نوێی خوڵقاند .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.