سامانی وەستا بەکر
گوێ بۆ مناڵەکەت بگرە، زانیاری دروست و ڕاستی بەرێ، قەلەقیەکەی خۆتی بۆ مەگوێزەرەوە. ئەبێ ڕەچاوی ئەم سێ خاڵە بکەی کاتێک وەڵامی مناڵەکەت ئەیەیتەوانێ سەبارەت بە کۆڤید ١٩.
کاری تۆ وەک دایک و باوک یان کەسێکی پێگەشتوو دڵنیای و هێمنی، ڕاگرتنی بەلانسی هەستەکانی مناڵەکانە.
گوێگر و وەلامدەرەوە و تێبینیکارێکی باشبە:
ئێستا زۆربەی مرۆڤەکان دڵەڕاوکێی خێرای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان. ئەو هەموو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی مێدیاکان و ئەو گۆڕانە گەورەیەی لە ژیانی ڕۆژانەیا ڕووئەیا چەندین بیر و پرسیار و هەستی جۆراوجۆر لای مناڵیش بەئاگا ئەهێنێ.
*گەورەکان لە دڵەڕاوکێی بەردەوامان و دوو دڵ و سەرقاڵی کۆرۆنان.
*هەواڵ و ڕاپۆرتە زۆرو زەوەندەکان، ڕەفەی بەتاڵی کۆگاکان، مرۆڤەکان بە کەمامە و دەستکێشەوە، ژمارەی توشبووان و مردووەکان….هتد.
*چالاکییە ڕاوەستاوەکانی ڕۆژانە، گەورەکان کە لە ماڵەوەن و ناچنە سەر کار، فێرگەو باخچە داخراوەکان، هێزە زۆرەکانی پۆلیس و ئاسایش لەسەر شەقام و لە ناو کۆڵانەکان.
*ڤایرسێکی کوشندە بە خێرایی بڵاوئەبێتەوە کە دیارنیە و کەسیش نازانێ کەی و چۆن تووش ئەبێ.
ئەمانە هەمووی پرسیاری قورس و گرانن بۆ مناڵان ئەبێ زۆر بە سانایی و ڕاستگۆیی دوور لە ترس ق تۆقاندن وەڵامی گونجاو وەرگرن.
گرنگترین بەشی کۆمەڵگە و نەوەی دواڕۆژ کە مناڵانن، هەمیشە لە کاتی شەڕو ئاشوبوو بڵاوبوونەوەی پەتا و چەنگە دەرونییەکانا، جا بە مەبەستبێ یان بێ مەبەست لەنازیان کەم ئەبێتەوانێ، گۆڕانکاری بەسەر ڕەفتاری گەورەکانا وایان لێئەکات هەست بە دڵەڕاوکێیەکی زۆر بکەن و لەناو زەریایەک پرسیاری بێ وەڵام و تۆقێنەرا بوخلێنەوە.
نە دەزگانی ڕاگەیاند بەرنامەی گونجاویان هەیە بۆ مناڵان و نە ڕەچاوی ئەوەش ئەکەن کە مناڵی خێزانی ڕۆژهەڵات هێندەی گەورەیەک گوێ بۆ هەواڵ ئەگەر نەشگرێ بەڵام هەر ئەیبیستێ، نە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گونجاوە بۆ مناڵان، نە بەشێکی زۆری دایکان و باوکانی کۆمەڵگەش نە گوێ بۆ پرسیاری مناڵ ئەگرن نە گرنگیش بە وەڵامەکانیان ئەیەن و نە بیریشی ئەکەنەوە پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بەنەوانێ، کە بۆ پەروەردەی مناڵ لە باشترین ژەمە خۆراک و جڵ و بەرگی گرانبەهاو و گەشت و سەیران گرنگترە. فێرگەو باخچەکانیش داخراون، ئەمانە هەمووی پێکەوە ترس و تۆقینێکی زۆر ئەخەنە دڵی مناڵانەوە کە ئەگەر وەڵامی گونجاو وەرنەگرن دوورنیە تووشی گرێی دەروونیبن.
ترس و دڵەڕاوکێی مناڵ شێوازی جیاوزی هەیە، هەندێکیان ئەڵێن کە ئەترسن. بەڵام ئەتوانی بەشیوەیتریش بزانی ئەگەر نەشڵێ ئەترسم. هەندێ مناڵ قەلەقیان پێوەدەرەکەوێ کە لە کاتی ئاساییا نیانە، واز لەو شتانە ئەهێنن کە پێشتر کردوویانە، دەست لەیاری کردن هەڵەگرن، کۆنترۆڵیان بەسەر خۆیانا نامێنێ و گوێناگرن و زۆر هار ئەبن و ئەگرین و دەنگ بەرزەکەنەوانێ، هەندێ پرسیارەکەن کە پێستر نەیان کردووە بۆ نمونە (پرسیار لە تاک بە تاکی خێزانەکە ئەکەن لە کوێن یان لە کوێ بوون). هەندێ مناڵ خەوی ئەزڕی یان هەر ناتوانێ بخەوێ و خەوەکەی پچڕ پچڕئەبێت. هەندێ مناڵ پرسیارێکی ئێجگار زۆرەکەن و هەندێکیشیان هەوڵئەیەن کە بە هیچ جۆرێ خۆیان لە قەرەی پرسیار کردن نەیەن، ئەمانە ئەو نیشانانەن کە کاتێ لە مناڵەکەتا بینیت ئەبێ ڕاستەوخۆ هەوڵبەی لێی نزیک بیتەوە تا وەلامی پرسیارەکانی بەیتەوە.
کاری تۆی پێگەشتوو ئەوەیە کە بتوانی بەلانسێ بدۆزیتەوە بۆ هاوکاری کردنی منالەکەت یان مناڵەکان. ئەگەر وەڵامدانەوەی دروستی پرسیارەکان بۆ هەندێک مناڵ هاوکاری کردن بێ، ئەوا بە هەمان شێوەش دانبەخۆداگرتن و چاوەڕوانی کردن و پەلە نەکردن لێی تا مناڵەکە بتوانێ بیر بکاتەوە لەو شتانەی قەلەقیان کردووە و هێمنبی لەگەڵیا تا ئەیان درکێنێ، ئەوەش هیچی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کەمتر نیە.
هەر مناڵێک جیاوازتر لە مناڵانیتر کاردانەوەو پرسیاری بۆ دروست ئەبێ ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ تەمەن و ڕێڕەوی ژیانی ڕۆژانەی. بەڵام هەندێ شتی گرنگ هەن ئەبێ بیری لێبکەیتەوە پێش ئەوەی وەڵامی مناڵەکەت بەیتەوە سەبارەت بەم ڤایرۆسە و ڕووداوەکانی تریش.
گوێ لە مناڵەکەت بگرە و پرسیاریشی لێبکە: مناڵی قۆناغەکانی باخچە واتە پێش تەمەنی چوونە قوتابخانە زیاتر وا هەستەکەن کە شتێک هەیە ناوی “کۆرۆنا”ڤایرۆسە، لەبەر ئەوە نازانین کە ئایا دڵەڕاوكێیان هەیە یان نا؟ هەرچەنە لای هەندێ مناڵەکان بیر و پرسیاری زۆر دروست ئەبن.
وەک گەورەیەک ئەرکی سەرشانی تۆیە کە تێبگەی بە باشی وە بە بە هێمنی لێیبکۆڵیتەوە کە ئایا مناڵەکەت چۆن هەست ئەکات، تا ئەگەر پێویستی بە یارمەتی تۆ هەبێ تا بتوانێ زاڵبێ بەسەر دوو دڵی و هەستەکانیا.
سەبارەت بە مناڵی بچکۆلەتر، ئەوەی پێویستە ئەوەیە کەمێک لێی نزیک بیتەوەو لە باوشتا ئارامی بەیتێ تا بزانی چ پرسیارێکی لا دروست بووە تا وەڵامی بەیتەوانێ. بەڵام بۆ مناڵی گەورەتر ئەبێ پرسیاری کۆنکرێتی لێبکەی تا هەستبکا کە گرنگی پێئەیرێ.
مناڵەکان لەگەڵ پرسیارەکانیانا بە تەنیا جێمەهێڵن: بۆ مناڵ زۆر قورسترە لەگەورە کە هەوڵەکان هەڵسەنگێنێ. کە ئایا هەواڵەکە ئاساییە یان شتێکی ترسناکە؟ ئیتر لێرەوە ڕۆڵی گەورەیە کە یارمەتی مناڵەکان بەن. وە لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مناڵەکان بەجێنەهێڵرێن بەتەنیا یان بەیەکەوە تا خۆیان لەهەواڵەکان تێبگەن و لێکدانەوەی بۆ بکەن چونکە تێگەشتن و لێکدانەوەی مناڵ زیاتر نزیکە لە فەنتازی.
وا هەست مەکە کە مناڵ تەنها بیر لە خۆی ئەکاتەوانێ: مناڵەکان جیاوازن لە شیوازی بیرکردنەوەیان وە چۆن و بیر لە چی ئەکەنەوە هەمووی ئەگەڕێتەوانێ بۆ هەندێ هۆکار لەوانە:
*تەمەنی مناڵەکەو چۆنیەتی و جۆری ژیانی لە ڕابردوو لە ئێستایا.
*ڕووداوەکانی پێشوو کە بینیونی کاریگەری زۆر لەسەر دروست بوونی جۆرێتی پرسیار دروست ئەکەن بۆ نمونە ئەگەر پێشتر خۆی یان هاوڕێیەکی یان کەسێکی خێزانەکەی نەخۆشی هەبووبێ.
*ئەو مناڵانەی کە پێشتر لە قەلەقی و دڵەڕاوکێیا ژیاون ئەوا ترس لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەبێتە درێژەپێدەری دڵەڕاوکێ و دوو ڵیان لە ترسێکی نادیار کە پێشتر تیا ژیاون.
*هەندێ مناڵ تووشی هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک نابن کە ئەمانیش دوو جۆرن: یەکەمیان بەهۆی ئەوەی کە لە ژیانێکی ئارام و هاوسەنگا ئەژین و زوو بەزوو وەلامی گونجا و و ڕاست بۆ هەرپرسیارێک وەرەگرێ کە لای دروست ئەبێ. دووەمیان خراپترینە و کە هیچ جۆرە پرسیارێک ناکا نە لە سەردەمی کۆرۆنا و نە پێشتریش کە ئەمەیان ئەبێ سەردانی پزیشکی مناڵانی پێبکرێ.
*ئەو مناڵانەی کە لە خێزانێکا ئەژین و ئەزانن دایک و باوکیان بەهۆی کۆرۆناوە کارەکەیان لەدەست ئەیەن و باری ئابوری و بژێوی ژیانیان ئەکەوێتە مەترسیەوە ئەبێ هێمن بکرێنەوە ڕوونکردنەوەی پێویست وەرگرن.
*ئەو مناڵانەی پێشتر نەخۆشی بۆ ماوەییان هەیە بۆ نمونە وەک شەکرە یان شێرپەنچە تووشی بێ متمانەی و دڵەڕاوکێی زیاتر ئەبن.
ئارامی و دڵنیای و سنوردارکردن: وەک کەسێکی پێگەشتوو کە ئارامی و دڵنیای و کۆنترۆڵ کردنی هەستی مناڵەکان کاری تۆیە بۆیە ئەبێ بزانی کە مناڵەکە چەن ئەزانێ و چیشی پێویستە. پرسیاری لێبکە کە ئایا بیر لەچی ئەکاتەوانێ؟ پرسیارەکانی چین و بۆ، وە چۆن بۆی دروست بوون؟
ئەگەر مناڵەکە دڵەڕاوکێی هەبێ ئەوا بزانە هۆکارەکەی چیە؟ ئایا ترسی هەیە خۆی تووشبێ بە کۆرۆنا؟ یان باپیرو نەنک و کەسێکی نزیک تووش ئەبێ؟ ئایا ئەترسێ خورادن نەمێنێ؟ ئەبێ تێیگەیەنی کە ئەتوانێ لەبارەی هەر شتێکەوە قسەی لەگەڵ بکەیت و وەڵامی ئەیەیتەوە بێ توڕەبوون چونکە هیچ پرسیارێک هەڵە نیە، ئەگەرچێ لەوانەیە وەڵامی هەموو پرسیارەکانیش لانەبێ.
گرنگە بیر لەوە بکەیتەوە کە وەڵام و قسەکردن لەگەڵ مناڵا سنورداربێ چونکە درێژەدان بە قسە پرسیاری زیاتر دروست ئەکا چونکە مناڵ زۆر خێراتر پرسیاری لا دروست ئەبێ کە تۆ فریای بیرکردنەوەو وەڵام دانەوە بکەوی. پرسیارە بێ کۆتاییەکانی مناڵان لەوانەیە هۆکارێکبێ بۆ ئەوەی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی خۆیبات. بیر لەوە بکەرەوە کە لەوانەیە دلەڕاوکێکەی کەمبکەیتەوە بەڵام مەرچ نیە بتوانی پشکۆی پرسیارەکانی خامۆش بکەی. ئەگەر هەر زانیت کە مناڵەکە ناتوانێ لە قەلەقی و دڵەڕاوکێ ڕزگاریبێ ئەوا ئەبێ هەوڵبەی چوارچێوەیەک یان سنورێک بۆ پرسیارەکانی دانێی تا وا هەست نەکا تەنانەت تۆش بێ وەڵامی تا بێ هیوانەبێ.
زانیاری بەرێ و هێمنی کەرەوە: زانیاری ڕاست و دروست بە بە مناڵەکان بەڵام لەوە زیاتر نا کە پێویستە بیزانن. ئەگەر خۆش زانیاری دروست لانیە و خۆو پرچەکی زانیار نەکردووە ئەوا هەوڵبە پێکەوە لەگەڵ مناڵەکەیا تەماشای هەواڵ و دەنگ و باسەکان بکەن، چونکە لەو کاتەیا پرسیاری بۆ دروست ئەبێ کە ئەتوانن پێکەوە وەلامەکەی لە هەواڵەکان وەرگرن و باسی ئەوە بکەن کە گوێتان لیئەبێ لە هەواڵەکان، خۆ ئەگەر پرۆگرام و هەواڵ و دەنگ و باسی تایبەت بە مناڵ هەبێ ئەوە زۆر باشترە.
هەوڵبە ئەو هەواڵ و دەنگ و باس و خواس و قسانەی مناڵەکان گوێیان لێئەبێ و هەستی پێئەکەن لێێ تێبگەن، بە واتایەکی تر لەبەرچاوی مناڵانا هەموو شتێ مەڵێن کە پێویستناکا مناڵان گوێیان لێیبێ و بیزانن. مەرج نیە هەموو سەری کاتژمێرێ گوێ لە هەواڵ بگرن بەڵکو ئەبێ هەوڵ بەن کاتێ مناڵکان ئەخەون یان بەهەر هۆکارێک بێ لە ژوورەوە نین ئنجا گوێ لە دەنگ و باس بگرن.
تێبگەیەنە کە هۆکاری باس کردنی کۆرۆنا بەو چڕییە تەنها لەبەر ئەوە نیە کە زۆر ترسناکە و بێ چارەیە بەڵکو داخستنی بازاڕەکان و ڕاگرتنی گەشتەکان و نەچوونە دەرەوەو داخستنی فێرگەو باخچەکان بۆ سەرکەوتنە بەسەر ڤایرۆسەکەیا چونکە ئەوە ڕێگای ڕاستە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەتاکە، هەروەک چۆن خێزانیش پیویستی بەوەیە ناو بەناو پێکەوەبن لە ماڵەوە لێک نزیکیربن.
زۆر گرنگە کە مناڵەکان لەوە تێگەیەنرێن کە تۆی گەورە بەرپرسیارییەتیت هەیە، بۆی باس بکە کە تۆ بەرپرسیاریەتی گەیاندنی هەواڵی نوێ و هەیە و ئاگاداری گۆرانکارییەکانی، هەر لەبەر ئەوەش پێویست ناکا خودی مناڵ چاودێری ڕووداوەکان بکات، چونکە کەسێکیتر گەورە و پێگەشتوو ئەو کارە بە ئەنجام ئەگەیەنێ و زانیاری پێویستیش ئەگەیەنێ بە مناڵ. بەڵام گرنگە ناو بەناو دانیشی لەگەڵی و زانیاری بەیتێ تا متمانەو پێبکات.
قەلەقی و دوو دڵی و دڵەڕاوکێی خۆتی بۆ مەگوێزەرەوە: زۆ گرنگە کە کاتێک تووشی دڵەڕاوکێ ئەبی گرنگی بەوە بەی کە مناڵ هەست پێنەکا. چونکە تێگەشتنی ئەوان بۆ بابەتەکان بە هیچ جۆرێ وەک کەسێکی گەورە نیە، لەبەر ئەوەی تەمەنیان کەمە دنیا دیدە نین بۆیە هەموو شتێک نوێیە بۆیان وە هەمیشە “یەکەم تەجروبە قورسترینە”. لەبەر ئەو هۆکارە ئەگەر خۆت قەلەقی لەدەستدانی کارەکەتی یان ئەترسی کەسێکی نزیک لەدەست بەی یان هەر شتێکیتر ئەوا هەوڵبە کاتێک باسی بکە کە مناڵی لێنەبێ.
هیوای پێببەخشە: باسی ئەوەی بۆ بکە کە جیهان هەمووی وەک یەک تیم پێکەوە کارەکان بۆ لەناوبردنی ئەم پەتایە لە داهاتوویەکی نزیکا پێکووتە “ڤاکسین”ێک یەتە بەرهەم. کاتێک بە پێکووتەکە کوترای ئیتر ڤایرۆسەکە ناتوانێ کەس بکوژێ، وە پێشی بڵێ زۆربەی ئەوانەی کە لە ئێستایا تووش بوون چاکئەبنەوانێ. زیاتر باسی شتە پۆزەتیڤەکانی بۆ بکە نەک پێچەوانەکەی.
دەستبەرداری ڕۆتینەکانی پێشتر مەبن: هەوڵبە ژیانی مناڵەکەت هەر وەک پێشتر بڕوا بەڕێوە تا ئەو شوێنەی لە دەسەڵاتی تۆیایە. یارمەتی مناڵبدە کە فۆکوس بخاتە سەر شتێکیتر دوور لە کۆرۆنا. هانیبەو ئاسانکاری بۆ بکە تا چالاکی و جوڵەی هەبێ وە گرنگتریشە ئەو چالاکیانەبن کە پێشتر کردوونی هەروەک وەک چۆن چالاکی نوێش بە کەڵکە.
هەواڵ و دەنگ و باسەکان داخەن، تەلەفۆنەکانتان بکوژێنەوە، تەماشای پرۆگرامی شاد و سەرنج ڕاکێش بکەن. پێکەوە گفتوگۆ بکەن، پێکەوە هاوکاری کاری ڕۆژانە بکەن، پێکەوە گەمە و یارییە کۆنەکانی سەردەمی مناڵی خۆتان لەگەڵ مناڵەکانتانا بکەن و سوود لەم کاتە وەرگرن تا خێزانەکەتان زیاتریەکی خۆشبووێ و پەیوەندییەکان توندو تۆڵتربن و هاوبەشییەکانتان زیاتربن.