مستەفا سەلیمی و رقی حزبایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 379 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

روداوی هەڵهاتنی لەزیندان و پاشان لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی لەلایەن جمهوری ئیسلامی ئێرانەوە،ڕەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە ، لێرەدا من نایەمە ناو ئەو مەعمەعەیەی کە هەندێ کەس ئەڵێن ڕادەستی ئێران کراوەو هەندێکی دیکەش ڕەتی دەکەنەوە، ئەوە جێدێڵین بۆ ڕۆژانی داهاتوو راست و دروستی ڕوون ئەبێتەوە،بەڵام ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین و بەهەند وەریگرین ئەو فەوزایە گەورەیەیە کە کادرانی نێوان پارتی و یەکێتی لەڕێگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دژی یەکتر بەرپایان کردووە، بەداخەوە لەبری ئەوەی هەم حکومەتی هەرێم و هەم حزبەکان و هەم خەڵکی باشور بەگشتی ئیدانەو مەحکومی لەسێدارەدانی ڕۆڵەیەکی دیکەی گەلەکامانیان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بکردایەو ڕای گشتی و ڕێکخراوە جیهانیەکانیان لێ ئاگادار بکردایەوە، کەچی وەک هەمیشە کەوتنە سەنگەر گرتن لەیەکتری و هەڵڕشتنی ڕق و کینە بەجۆرێک کە ئەسڵی بابەتەکە لەبیر خەڵکی بەرنەوەو فۆکسی روداوەکەیان بەلای یەکتریدا ڕاکێشا.
ئەو هێرشەی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی و یەکێتی و هەندێ ماڵپەڕی سێبەری سەر بەو دوو حزبە بەشێوەیەک کەوتنە گیانی یەکتری کە ڕۆژانی شەڕی براکوژیان وەبیر خەڵکیدا هێنایەوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە خەڵکی جیهان و کوردستان لە شەڕێکی گەورەن دژی ڤایرۆسی کۆرۆناو دەرئەنجامەکانێتی کە خەڵکی دووچاری دەیان کێشەی دەرونی و بژێوی ژیانیان کردۆتەوە.
ئاخر میللەتێک ئەوەندە لە کەمیندابێت بەرامبەر بەیەکتری لەهەر ڕوداوێک کە دێتە پێشەوە بێ ئەوەی چاوەڕێی دەرەنجام و رونکردنەوەی زیاتر بن بێ گوێدانە مۆڕاڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەنا بۆ ناشرینکردنی یەکتری و هەڵدانەوەی لاپەڕەی کۆن و تەخوینکردنی بەرامبەرەکەی بێت، ئەبێ چی هیوایەک بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئیستقراری سیاسی لەم هەرێمە بچوکەی ئێمەدا هەبێت.
ئەم شێوازە کارکردنە لەناو حزبی کوردیدا شتێکی وا سادەو تازە نییە، وەک ئەوەی بانگکراوندی لەپێشینەی جۆری حزبایەتی و کاری سیخوڕی لەناو حزبداو پاشان پەروەردەکردنی لەشکرێک کادر کە جگە لەحزب و تەنانەت کەس و بنەماڵەشدا هیچ قودسەتێک بۆ نیشتمان و سیاسەت و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە نەهێشتۆتەوە.
ئەم روداوەی مستەفا سەلیمی نە یەکەم و نە دوایین روداو ئەبێت کە کادرانی حزبە سیاسیەکان بکەونە وێزەی یەکتری و دۆخی کوردستان بەرەو ئاڵۆزی و ترسی شەڕی برا کوژی زیاتر نزیک بکەنەوە .
لێرەدا پرسیارگەلێک دێنە ئاراوە ئایا کۆمەڵگایەک ئەوەندە ئالودەی یەکتر شکاندن بێت و ئەوەندە تامەزرۆی هێرشکردنە سەر بەرامبەرەکەی بێت کە لە هەر روداوێک زەنگی شەڕی ناوخۆ لێبدەن ، ئایا میللەتی وا ئەتوانێ لەگەڵ ڕەوتی نوێی دونیاو کێشمەکێشی سیاسەتی نێو دەوڵەتی خۆی بگونجێنێ و بەرژەوەندیە باڵاکانی خۆی بپارێزێ؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێر ئەبێت و بەپێچەوانەوە بەم شێوازە کارکردنەی حزبی کوردی ئەوەمان لاڕۆشنتر ئەبێت کە ئاسایشی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان لەژێر مەترسییەکی گەورەو بەردەوامدایە و ئاشتی کۆمەڵایەتیش لەخراپترین حاڵەتەکانیدایە.
پەروەردەی حزبی لای تاکی کوردی چونکە لەسەر ئەساسی عەقڵ و مەنتق بونیاد نەنراوەو کەوتۆتە ژێر تەوژمی توندڕەوی و هەڵڕشتنی رق و کینە، هەر بۆیە لەکاتێکدا کێشەیەک دێتە پێشەوە ئیتر پاڵەوانەکانی حزب بە بەخشینەوەی خیانەت و دەیان تۆمەت و قسەی بازاڕی لەسۆشیال میدیاوە بەرامبەرەکەیان رۆکێت باران ئەکەن ، بەڵام هەر ئەو روداوەی کە کادری حزب بە خیانەت و تاوان بەرامبەرەکەی پێ تاوانبار ئەکات ،ئەگەر حزبەکەی خۆی هەمان تاوان بکات کەچی دەروێشەکانی حزب ستایشی سەرکردەو کاریزماکانی حزبەکەی دەکاو بە دەسکەوتی نەتەوەیی بە خەڵکی کوردستانی ئەفرۆشێتەوە.
ئەگەر ئێمە واقیعانە لەروداوەکانی مێژوی ئەم دوو حزبە بڕوانینین ئەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە هەموو کارە باش و خراپەکانیان لەیەک ئاست و یەک پێوانەدایە چونکە چی لەسەردەمی شۆڕش و چی لەسەردەمی حوکمڕانیاندا هیچ لایەکیان کارێکی جیاوازیان نەکردووە بێ ئەوەی لایەنی بەرامبەر نەیکردبێ، بۆ نمونە ئەگەر باسی شۆڕش و خەبات و قوربانیدان بکەین هەرچەندە قسەو لێکدانەوەی زۆر هەیە کە ئایا ئەوەی بەناوی شۆڕشەوە کراوە بەحەق شۆڕش بووە ؟ ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەهەرحاڵ با بەوتەی خۆیان بڵێین شۆڕش بەڵێ ئەتوانین بڵێین هەردوو حزب ئەو شەرەفەیان پێ ئەبەخشرێ کە سەردەمانێک دژی دەسەڵاتی داگیرکەران خەباتیان کردووەو قوربانیایەکی زۆریانداوە، بەڵام ئەگەر بێینە سەر باسی خۆیان وتەنی خیانەت و هێنانی سوپای بێگانەو شەهیکردنی ڕۆڵەی کورد و ڕادەستکردنی تێکۆشەرانی دیکەی پارچەکانی کوردستان بە داگیرکەران ، پێم وایە نەک هەر بەراورد ناکرێن بەڵکو مێژوی هەردولایان پڕە لەو جۆرە تاوانانە کە من پێم خۆش نییە قەتماغەی ئەو برینانە هەڵدەمەوە کە چۆن کێبڕکێی هێنانی دەستی بێگانەو فرۆشتنی خاک و شەهیدکردنی ڕۆڵەی کوردیان کردووە ، با ئەوە جێبێڵین بۆ مێژوو کەچۆن ئەو لاپەڕە ڕەشانە تۆمار ئەکات.
بەکورتی و بەکوردی هەردوو حزب ئەوەندە سەروەرییان هەیە کە ئەندامەکانیان شانازی پێوە بکەن ، وە ئەوەندەش مێژوی ڕەشیان هەیە کە یەکتری پێ تۆمەتبار بکەن، ئەسڵی مەوزوعەکە لێرەوە دەستی پێ ئەکات ، ئایا ئەکرێ لەهەموو بۆنەیەکدا کە بەدڵی لایەک نەبوو ئیتر بکەونە سەنگەر گرتن لەیەکتری و پەڵە ڕەشەکانیان بدەنەوە بە نێوچاوانی یەکتریدا ؟، یان لەکاتی ئاسایدا ئەوەندە مەتح و سەنای یەکتری بکەن و داهاتی کوردستان لەنێوان خۆیادا برابەش بکەن؟.
بێگومان لەهەردوو حاڵەتەکەدا ئەوەی ئەبێتە قوربانی خەڵکی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەییمانە کە ڕەنگە کوردستان بەرەو کەناری مەرگ و بەردەوامیی بە نائارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.