فریای دەمیرتاش بكەون با بە دەردی حەیدەر باش نەچێت

لەلایەن ستاندار Posted on 486 جار بینراوە

كارزان گلی

لە توركیا لەسەر داوای ئاكەپە و مەهەپە ٩٠ هەزار زیندانی ئازاد دەكرێن، بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوەڵانی ناگرێتەوە.
پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانی توركیا تێپەڕی. بەڵام بە هۆی ئەوەی پڕۆژە یاسایەكە لە بەرژەوەندی زیندانییانی مەهەپە و ئاكەپەیە، بۆیە لێرەشدا كورد فەرامۆش كرا و هیچ زیندانێكی سیاسی كورد ناگرێتەوە.
هەموو پێوەرەكان پێمان دەڵێن دەمیرتاش و هاوەڵانی و دەیان سەرۆك شارەوانی هەدەپە، بە هۆكاری سیاسی زیندانی كراون، تەنانەت دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش بڕیاریدا دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن، چونكە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵپیان بێ بنەمایە، بەڵام توركیا ئەوەندە دڵڕەقە ئازادیان ناكات.
كۆرۆنا چنگی بە توركیا هەڵچنیوە، ئەمەش وای كرد كە ٩٠ هەزار زیندانی ئازاد بكەن، نەوەكو كۆرۆنا لە گرتوخانەكانیش بدات و لەناویان ببات، بەڵام تەنیا كوردەكان لە زیندان دەهێڵێتەوە و دەڵێت تیرۆرست ئازاد ناكرێت.
لەو پڕۆژە یاسایەدا، ئەوانەی دەستدرێژییان كردووەتە سەر منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵی، ئەوانەی دزیان كردووە و ژنیان كوشتووە ئازاد دەكرێن، بەڵام دمیرتاشێك كە سەری زمان و بنی زمانی ئاشتی و دیموكراتییە، كەچی ئازاد ناكرێت.
توركیا لەژێر تاقیكردنەوەیەكی باش بوو تا لە رێگەی ئەو پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتییە، دەمیرتاش و هاوەڵانی ئازاد بكات، ئەوكات قۆناغێك لە یەكێتی ئەورووپا دەچووە پێشەوە و تا ئاستێكی زۆریش ئەو فۆكسەی لەسەر هەڵدەگیرا كە یاسا سەروەر نەبێت لەو وڵاتەدا، بەڵام بەو رەفتارەی دیسان یاسا و دادگای ئەتك كردەوە.
پێویستە هەوڵەكان چڕ بكرێتەوە بۆ ئەوەی دەمیرتاش و هاوڕێكانی ئازاد بكرێن، تەنانەت گرنگە لە باشووریش پارتە سیاسییەكان، بە تایبەت پارتی (دایك) پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت رۆڵێكی گرنگی هەبێت لە ئازاد كردنی دەمیرتاشدا، چونكە ژیانی ئەو سیاسییە لە مەترسییە لە زیندان.
با مەترسییەكەتان بۆ روون بكەمەوە بە كورتی:
ئەگەر دەمیرتاش لە زیندان بە هۆی تووشبوونی بە كۆرۆنا، یان بە ئەنقەست ئەو ڤایرۆسەی بۆ ببەن و گیان لە دەست بدات، چی روو دەدات؟ بێگومان هیچ و دەڵێن ڤایرۆسێكی جیهانییە و هەزاران كەسی كوشتووە، تەنانەت لە توركیاش سەدانی كوشتووە.
توركیا دەتوانێت نموونەی (حەیدەر باش) بهێنێتەوە كە سەرۆكی پارتی بێلایەنی توركیا بوو و هەر ئەمڕۆ بە هۆی كۆرۆناوە گیانی لە دەستدا و دەتوانێت بڵێت تەنیا دەمیرتاش نەبووەتە قوربانی كۆرۆنا، بەڵكو حەیدەریش هەمان چارەنووسی هەبووە.
بۆیە تا زووە هەوڵەكان چڕ بكرێتەوە بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش و هاوەڵەكانی، چونكە هەست بە پلانی زۆر مەترسی دەكەم. ئەمە رای خۆمە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.