ئەوان دوژمنی بوونتن نەک سیاسەت و ستراتیژ

لەلایەن ستاندار Posted on 600 جار بینراوە 0 سەرنج
ws22

سامانی وەستا بەکر

ھەموو كورد دژی دوو ئیدارەییە و كەچی ئەگەر ھەمووشی نەبێ ئەوا زۆرینەی لەگەڵ و ئامادەو ڕێخۆشكەر و ھاندەریی دوو ئیدارەین.
ھەموو كورد دژی شەڕی ناوخۆن كەچی بەشێكی ھەرە زۆری سازو ئادەو ئاگرخۆشكەرن بۆ شەڕی ناوخۆ، مەخابن بەشێكی زۆر كە نوخبەو مێدیاكارانیش.
ھەموو كورد دوو ھێز یان زیاتری چەكدار ڕەتەكەنەوە و دژی ئەوەن كە حیزب ھێزی چەكداری ھەبێ، كەچی لە یەكەم جوڵەی ھێزی ھاوبەشی حكومەتا، دیسانەوە باسی سنور و زۆنی زەرد و سەوز و خاوەنداری و ڕەوایی بوونی ھێزی حیزبی سەپێنراوی دەرەنجامی شەڕی براكوژی ھێنرایەوە پێشێ و زۆرینەی خەڵك و نوخبە و مێدیاكار و ڕۆشنیرانیش ھاتن و باسیان لە مافی دەسەڵاتی ھێزێكی دیاریكراوی حیزبێكی دیارێكراو ئەكرد لەو ناوچەیەی سێ ھێزی ناكۆكی تیا كۆكرایەوە.
بەردەوام باس باسی گۆڕانکارییە:
كاتێك گۆڕانكاری ئەیبینرێ كە لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی و ناردنی ھێزی چەكدار، لەڕێی دادگاوە كێشەكانیان لەگەڵ یەكترا چارەسەربكردایە.
کاتێ گۆڕانکاری ئەبینرێ کە چەک لە دەستی حیزبانەبێ و حکومەتیش بێ لایەن و مەدەنی بێت، وەزیری پێشمەرگەش سەربەخۆبێت.
كاتێ گۆڕانكاری ئەبینرێ كە ھیچ لایەك بۆ نمونە بە زەینی وەرتێ و قەڵادزێ و سۆران و كۆیە … ھتد نەڵێ ئەوە ناوچەی حوكمڕانی ئێمەیە یان منە یان چیتر دەڤەری سۆران و بادینان و زۆنی زەرد و سەوز دروست نەبێ یان سنوری دێگەڵە ببێ بە مێژوویەكی لەكەدار و ئابڕووتكێن بۆ دروستكەرانی ئەو سنورەی كە لە دوای سەد ساڵ لە سایكس پیكۆ و دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار پارچە و لەبری ئەوەی باشور ببوایە بە بەستەر و گرێدەری سێ پارچەكەیتر بەڵكو ئەمان ھاتن چوارەكەیشیان كرد بە پێنچ و ئەوەی دوژمن نەیكرد ئەمان خودی خۆیان كردیان و ئێستا كوردستان چوارپارچە و باشوری كوردستانیش دوو پارچەیە.
پارچەیەكی ژێردەست و ملكەچی توركیا و پارچەیەكیش ژێردەست و ملكەچی ئێران و ھەردوولاشیان پێكەوە دەستەودامان و كیسە دوورو دەستپانكەرەوەن بۆ عێراق.
ئەگەر پێشتر وا باوبووبێ و وترابێ نان لە قوڕگێ شێرایە ئەوا ئێستا لە مۆدێلی سیاسی نوێی کوردا، نان لە چەمانەوەو خۆبەدەستەوادان و ملكەچی و جاشایەتی و ملشكانی یەكتەری و دەستگرتنی دوژمن بۆ سەر براكان لەسەر ماڵ و خاكی خۆی و ڕادەستكردنەوەی زیندانیان و شۆڕشگێڕانی پارچەكانی تری كوردستان بە دەست جەلادەكانیان كاتێك كە ئەكەونە ئەو ھەڵەیەی باشور بە خاكێكی ئازاد و بەشێكی سەربەخۆی دایكی نیشتمان ئەبینن.
ھەرگیز باشور وەك ئێستا و ھیچ بەشێكی تری سێ پارچەكەی كوردستان ھێندەی باشوری وڵات داگیركراو و بەش بەش و كەرت و پەرت نەبووە، ئاخر پێش ساڵی ١٩٩١ تەنھا عێراق خاوەن دەسەڵات و داگیركەر و خۆسەپێن بوو لە باشوری كوردستان، كەچی مەخابن ئێستا لە نیوەی خاكی ھەرێما توركیا و جەندرمەو قەرەقولەكان و سەربازگەكانیان بە فەرمانی تەتەرە مەنگۆلیەكان و پاشماوەی عەقڵی عوسمانی ئەبرێ بەڕێوەو و خاوەن بڕیاری فعلین و ناونراوە زۆنی زەرد، كە بەشەكەی تریشیا سەفەویی و مەلا و جبە و عەمامە و ئەھلی سیغە و پاسدار و سوپای قدس و قەرەگا و ئیتلاعات خاوەن بڕیاری فعلین و ناونراوە زۆنی سەوز، ھەردوولاشیان پێكەوە بۆیان نیە دەست بكەن بە ئاویشا ئەگەر بە فەرمان و واژۆی حكومەتە دەڵەمەییەكانی عێراق و سەركردە عەمامە لەسەرە سپی و ڕەشەكانی “حشد الشغب” حشدی بەناو شەعبی و ” داهێنەرو خاوەنی یاساکانی مناڵی ٩ ساڵ مارەکردن و وداع زوجة المیتە” و ھەڵگرانی ئاڵای ڕەش و ئاھەنگێڕانی عاشورا و شۆڤێنییە عەقڵ و ڕەفتار فاشست و توندڕەو و بەعسییەكان نەبێ.
ئەی مێژوو چی ئەڵێ:
تا ئێستاش واباوە و مێژوو بۆمان ئەگێڕێتەوە كە كورد بە درێژای مێژوو بێ دەوڵەت و سنوری سەربەخۆی خۆی بووە و لە باشترین كاتەكانیشا بە چەند مێرنشینتكی لەرزۆك و ژێردەست و فەرمان وەرگر لە دوژمن و چەند میرێكی دانراو پارێزەری بەرژەوەندی دوژمن فەرمانڕەوایی كوردستانی ھەمیشە دابەش و بەش بەش كراویان كردووە.
ئەوا ئێستا خراپتر و چەندین پارچە و بێ سەرو بەرتر و لەلایەن چەند ھەرزەیەكی سیاسی و ڕاھێنراو لەسەر خوێن خۆ خۆری یەكتر و گۆشت خواردنی لاشەی برا و شكاندنی یەسقانەكەشی وڵات بە خراپترین و ئابڕوتكێن ترین شێوازی كۆیلەبوون ئەبرێ بەڕێوە.
ئاخر ھەرگیز لە مێژووا وەك ئێستا لەژێر ناوی ھەرێمێكی فیدڕاڵییا كورد زەلیل و زەبوون و سەرشۆڕ نەكراوە، بەجۆرێك خەڵكی باشور لە ئاست كوردانی پارچەكانیتر و دۆستانی كورد لە ولاتان و كیشوەرەكانیترا بەشەرمەوە بڵێ خەڵكی باشورم و ھەمیشە بەدوای پاساوێكا بگەڕێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی ڕووبەڕووی ئەبێتەوە، كاتێك ئەپرسن (ئەرێ سەركردەكانی ئێوە بۆ باشوریان كرد بە دوو پارچەو لەبری داگیركەرێ ڕادەستی سێ داگیركەریان كرد و ئنجا ئەپرسن ئایا ئێوە دەرس لە مێژوو وەرناگرن؟ ئەی نازانن كە ئێستا لە جاران ژێردەستەترن؟ ئەی بۆ دوژمنی ئازادین؟ ئەی بڕواتان بە پیرۆزی خاك نیە؟….ھتد).
ئایا بۆ لەوە دەرس وەرناگیرێ كە كە نەمانی ھەر بەشێك و بێ ھێزكردنی ھەر ھێزێكی كوردی واتای نەمانی ئەوانیتریشە، ئایا بۆ گرانە لەوە تێبگەی كە دوژمن ھەموو كورد وەك یەك ئەبینن ئیتر بۆ كورد خودی خۆی خۆی وانابینێ؟ ئەی متژووی حەسەن خەیرییەكانتان بۆ لەبیر ئەكەن كاتێك حەسەن خەیری بە ھەموو جۆرێ ئەبێ بە جاشی ئەتاتورك و ھەموو فەرمانەكانی جێبەجێ ئەكات بە جلی كوردییەوە، تەلەگرام بۆ لۆزان ئەنێرێ تا پەیمانی سیڤەر هەڵوەشێتەوانێ تا دەوڵەتی کوردی دروست نەبێ و لەسەر قسەی ئەتاتورک ئەنوسێ و ئەڵێ دەوڵەتی تورکیا بۆ هەردوو نەتەوەی تورک و کوردە، بەڵام كاتێ ئەتاتورك كاری پێی نامێنێ ئەیگرێ و لەسێدارەی ئەیا بەهۆکاری ئەوەی بە جلی کوردییەوە چۆتە پەرلەمانی تورکیا و ئەوەش پێشێل کردنی دەستوری تورکیایە، لەکاتێکا ئەو کارە لەسەر داوای ئەتاتورک ئەکا تا پیشانی ئەوروپییەکانی بات کە کورد سەربەستە لە چوارچیوەی دەوڵەتی تورکیایا. و حەسەن خەیریش پێش مردنەكەی وەسێت ئەكا و ئەلێ “تكایە لەشوێنێك بمنێژن كە سەرەڕێبێت ھەتا ھەر كوردێك لەوێوە تێپەڕی تفێك بكاتە سەرگۆڕ و مێژووەكەم و عیبرەت لە جاشایەتی ھەڵەكانی من وەرگرێ”.
دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان، كوردستانێكیان ئەوێ بەبێ كورد واتە “ئەوان دوژمنی بوونت نەك سیاسەت و ستراتیژی”، ئاخر ئەوان كوردیان وەك جاس و كۆیلە و ئەڵقەلەگوێش ھەر پێ زۆرەو كار لەسەر نەبوونی كورد ئەكەن وەك نەتەوە. بیرتان نەچێ كێشەی ئەوان لەگەڵ كوردا خاك نیە، چونكە بەدرێژایی مێژوو خاكی كوردستان یان لەبن دەست و ژێردەستەیان بووە یان لەڕێی خودی كورد خۆیەوە خێرو سامانی كورد لەسەر سینی زێڕین خراوەتە بەردەستیان بەڵام ئەوان ھەر قایل نەبوون و دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوانێ، ئاخر توركەكان كە ئەڵێن (كوردێكی باش ئەوەیە كە مردووە) واتە ھیچ كوردێك دۆستی ئەوان نیە ئەگەرچی جاش و كۆیلەشبێ و دۆستایەتیت كاتێ لەگەڵ دروست ئەكەن كە نەمایت و مردی واتە ھەرگیز دۆست نابن و ھەمیشە دوژمنن هەتا هەناسە هەڵمژی و خوێن لەلاشتابێ.
“ئەگەر لەگەڵم بی باشی، ئەگەر لەگەڵم نەبی جاشی” ئەمە ئەو ئەقڵێتیەیە كە دوژمنانی كورد بەرامبەر كورد گرتوویانەتەبەر و كوردیش ھەمیشە ویستوویەتی باشبێ لە دیدگای ئەوانا و لەگەڵیان بووە، ئەگەرچی زۆربەی كات لەگەڵ دوژمنا بوون دژی براو ھاوزمان و ھاونیشتمانی خۆیان بەڵام بێئاگا لەوەی كە ھەم لەلای دوژمن باشەكەیان جاشایەتی بووە و ھەم لای گەلیش بەچاوی كۆیلەو جاش و داردەستی دوژمن تەماشائەكرێن.
لە ڕاستیا ئەوەی دڵگران ئەكا و بێتاقەتكەر و بێ ھیواكەرە ئەوەیە كە سێ ھێز لە شوێنێك كۆكرانەوە لە ناوچەیەك كە بەشێكە لە خاكی كوردستان و ئەو ھێزانەش كە كۆكرانەوە لەژێر ھەر ئاڵایەك و بە فەرمانی ھەر حیزبێك و ھەڵگری ھەر ئایدیایەكیشبن بەڵام ھەموویان ھاوزمان و ھاونیشتمانی و نەوەی یەك خاكن و چاوی ھیوای گەل بۆ ئازادی كوردستان ڕوو لە ئەوانە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام مەخابن تا ئێستاش ئامادەن بە فەرمانی سوڵتان و ئایەتوڵاكان خوێنی یەك بڕێژن. لە ڕاستییا ئەبوو بوونی ھەر ھێزێكیان لە ھەر ناوچەیەك دڵنیایی بایە بەوانیتر كە ئەو ناوچە و زەوییەی كوردستان لەژێر دەستی كورد خۆیایەتی نەك ھێندە لەیەك بێ متمانەبن كە ھەر لایەكیان بوونی ھەر ھێزێكیتر بە فیت و دەستی دوژمن بزانێ، كە ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ھەر یەكێك لەو ھێزانە چونكە خۆیان سەر بە یەكێ لە وڵاتانی دوژمن و داگیركەری كوردستانن بۆیە دڵنیان كە ھێزی بەرامبەریش جێبەجیكەری ئەجندای یەكێكتر لە وڵاتانی دوژمن و داگیكەری كوردستانن و ترسەکەشیان ترسێکی ڕەوایە بەڵام چارەسەرەکە ئەبێ لە خودی خۆیانەوە دەست پێبکەن و واز لە جاشایەتی و ئەڵقە لە گوێی دوژمنانی کورد بهێنن و نیشتمانیبن.
ئەوەی بەشێ لە كورد و زۆربەی سەركردەكانی كورد ئەزانن وكەس جوڵەناكاو نابزوێ و ھیچ ھەنگاوێكیش نانێن ئەوەیە كە توركیا لە خۆ ئامادەكردنیایە بۆ زیندوو كردنەوەی میساقی میلی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی، بۆ ئەوەش چاوڕێی كۆتای ھاتنی پەیمانی لۆزانن كە كاتەكەی لە ٢٤ی تەموزی ٢٠٢٣یا كۆتایی یەت و دوای ئەوەش توركیا بە زیندووكردنەوەی میساقی میلی ھەوڵی لكاندنی ھەردوو ڕۆژئاوا و باشوری كوردستان بە توركیاوە ئەیات و بەوەش لە چواربەشی كوردستان سیانیان ئەلكێنرێ بە توركیاوەو ئەمەش گۆڕانكارییەكی نوێ ئەبێ كە ناوچەكەو بۆ كوردیش بەڵام مەخابن كورد ھەرگیز فێری ئەوە نەبووە كە پلانی پێشوەخت ئامادەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پلانەكانی دوژمانی كوردستان، بێگومان لەو کاتەیا ئەڵێن ئەمە کارێکی چاوەڕوانکراونەبوو!
ئێستا بەر لەوەی برینێکیتر لەسەر جەستەی هەلاهەلا و ماندوو ئەنجن ئەنجن کراوی ئەم نیشتمانە دروست بکەن، لە ئاوێنەی مێژووا سەیری جەستەی بەخوێن شەڵاڵبووی خۆتان بکەن.
بەر لەوەی بیر لە هەڵکەندی چاڵێک بکەنەوە تا کوردێکی تێکەوێ، بیر لە دروستکردنی پردێک بکەنەوە تا بەسەر چاڵی دوژمنا تێپەڕن.
ئەی کەی ئەو جۆگەیە ئەدۆزنەوە کە ئاوی هەموو کوردی پیابڕوات؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *