پیسخۆری حزب و بێمتمانەیی خەڵک لەسایەی بێدەنگی کادیرانی حزب

لەلایەن ستاندار Posted on 284 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

فۆکۆ فەیلەسوفی قوتابخانەی فڕانکفۆرتی ئەڵمانی و خاوەن دیدگای توندی ڕەخنەیی بەرامبەر بە مۆدێرنە و ڕۆشنگەری و عەقڵانیەتی خۆرئاوایی لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا ، فۆکۆ لە ژێر جێکەوتی تێزە ڕەشبینەکانی قوتابخانەی هیچگەرایی و پوچگەرایی نیتشە بوو ، بۆیە هەمیشە بە چاوێکی هیچەوە سەیری مۆدێرنە و دەستکەوتەکانی دەکرد ، بەڵگەشی بۆ ئەمە ئەو دیدەی بوو کەلای وابوو مۆدێرنە شکستی خواردوە و درۆی لەگەڵ بەڵێنەکانی کردوە ، چونکە بەڵێنی دابوو مرۆڤ ئازاد بکات و دەمارگیری ئاینی ڕیشەکێش بکات ، ئەو پێی وایە پاش دوو سەدساڵ خۆ تاقیکردنەوەی مۆدێرنە کەچی نەبووە مایەی ئازادکردنی مرۆڤ بەڵکو بووە مایەی بەکۆیلەکردن و کۆت و بەندکردنی بەچەند کۆت و بەندێکی نوێی نەبینراو ، دەمارگیری نەتەوەیشی کردە بەدیلی دەمارگیری ئاینی سەدەکانی ناوەند ، چونکە مۆدێرنە بووە ژینگەیەکی لەبار بۆ لەدایکبون و گەشەی ئایدیۆلۆژیا پەرگیرە نەتەوەییەکانی وەک نازیزم و فاشیزم و شیوعیەتی ستالینی کە بە گوتارە حەماسیەکان توانیان کورەی جەنگی دووەمی جیهانی بە خەڵک و دەستکەوتەکانی مۆدێرنە گەرمبکەن .
هابرماس فەیلەسوفی گەشبینی ئەڵمانی و خاوەن دیدگای ڕەخنەیی میانڕەوی عەقڵانی بۆ مۆدێرنە ، کاتێک مۆدێرنە لەلایەن فۆکۆ و موریدەکانیەوە ڕوبەڕوی شاڵاوێکی توند بۆوە بە ئامانجی دادگایی کردنی و تێپەڕاندنی ، ئا لەو کاتەدا هابرماس چی بکات باشە ؟ ئەم فەیلەسوفە نەهات چاویلکەیەکی ڕەش بکاتە چاویەوە بۆ ئەوەی ڕەخنەی نەیارەکانی جوان نەبینێت و بکەوێتە بەدرۆ خستنەوەیان ، خۆ هابرماس وەک کادیرێکی مۆدێرنە دەیتوانی بەرگریەکی کوێرانەی لێبکات ، بەڵام ئەم کارەی نەکرد ئەزانن بۆچی ؟ چونکە ئیتیکی قوتابخانەکەی ئەوەی فێر کردبوو کە هیچ کاتێک لە زمانی ڕەخنە نەترسێت و نکۆڵیش لە لادان و درۆکانی مۆدێرنە نەکات ، بە جورئەتەوە بە ڕاست بڵێ ڕاست و بە درۆش بڵێ ناڕاست لەبەردەم خەڵک و نەیارەکانیدا ، بۆیە هابرماس زۆر ئازایانە و ڕاستگۆیانە دانی بەو حەقیقەتە دانا کە بەڵێ مۆدێرنە لەبنەماکانی لایداوەو درۆی لەگەڵ بەڵێنەکانی کردوە ، بەڵام شایانی ئەوە نیە کە دادگایی بکرێت و پەڕاوێز بخرێت بەمەبەستی گەیشتن بە دونیای دوای ئەو کە جیهانی پۆست مۆدێرنەیە .
هابرماس خاوەنی ئەو حەقیقەتە بوو کە هەرگیز پڕۆژەکان بە دەمامکی درۆینە جوان نابن ، هەربۆیە هەموو لادانێک پێویستی بە ڕەخنەگرتن هەیە لەگەڵ هەنگاوی چاکسازی بۆ ڕاستکردنەوەی لادانەکان ، سەرئەنجام ڕاستگۆیی هابرماس وەک کادیری مۆدێرنە و هەنگاوە عەقڵانیەکانی لە کۆتایدا توانیان مۆدێرنە سەربخەن بەسەر پڕۆژەی نەیارەکانی ، چونکە لەڕێگەی داننان بە واقعی بونی هەڵە و لادان لەماڵی مۆدێرنە توانی ڕێگە بگرێت لەوەی لەهزری خەڵکدا لادان و ڕەخنەکان بەردەوام خول بخۆنەوەو سەرئەنجام ببنە گومان و دڕدۆنگی و لەکۆتایشدا سەربکێشن بۆ کوشتنی (متمانەی) خەڵک بە توانستی مۆدێرنە و پێشکەوتنەکانی .
حزب لە بنەڕەتدا زادەی مۆدێرنەی سیاسیە و خوێندنگەیەکە بۆ هۆشیارکردنەوە و پێناسەکردنی ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر خەڵک و هەروەها پەرەپێدانی جیهانبینی سەربەخۆیە بە کادیر و ئەندامانی ، بۆیە کاری پلەیەکی ئەم کارەکتەرانە ئەوەیە کەببنە پردێکی پەیوەندی لە نێوان خەڵک لەلایەک و حزب و حکومەت لەلایەکی ترەوە لەڕێگەی گەیاندنی خواست و گلەییەکانی خەڵک بە حزب و وڵام وەرگرتنەوە لێی ، بۆیە هیچ کات ڕێگەنادەن حزب و دەسەڵات لە شیوێک و خەڵکیش لە شیوێکی تر بێت و دابڕان و بێمتمانەیی لە نێوانیان دروست بێ ، لە ڕێگەی ڕەخنە و فشارەکانیان دەبنە ڕێگر لە کەڵکەڵە ناشەرعیەکانی حزب و ڕێگەنادەن لە سنورەکانی خۆی زیاتر پێیەکانی ڕابکێشێت و سیاسیەکانی لەسەر حسابی خەڵک خۆیان بکەن بە کوێخا و سەرمایەدار و خەڵکیش ببێ بە هەژار و خزمەتکاری دروستکردنی پڕۆژەی بنەماڵەیەکی سیاسی سوڵتانیزم .
حزبی کوردی تایپێکە لەناوەڕۆکدا سەر بە خوێندنگە سیاسیەکەی شیوعیەتی ستالینیزمە ، ئەم تایپە وای کردوە ئەم مۆدێلە لە حزب لە جێگەی ئەوەی خوێندنگەیەک بێ بۆ پێدانی هۆشیاری و جیهانبینی سەربەخۆ بە ئەندامانی هاوشێوەی فۆڕمە مۆدێرنەکەی خۆرئاوا ، کەچی بریتیە لە ناوەندێک بۆ دروستکردنی کادیری تەڵقین دراو و خەسێنراو بۆ ئەوەی توتی ئاسا بە لۆژیکی (دەرخکردن) گوێڕایەڵێکی دڵسۆز بێت بۆ گوتنەوەی کوێرانەی هەموو ئەو گوتار و بەرنامانەی حزب و سیاسیەکان پێی دەرخدەکەن بێ بیرکردنەوەو تێڕامان لە ماناو ناوەرۆکیان .
لەواقعێکدا دەژین کە ئەمڕۆ لەسایەی ئەم تایپە لە حزبی ستالینی کوردی بێزراوترین کادیرێک لای سەرانی حزب ئەو کەسانەن کە خاوەن نوزەیەکن لە بۆڵەبۆڵ و ڕەخنەگرتنی شەرمنانە لەم واقعە تاڵەی حزب و سیاسیەکانی دروستیانکردوە ، وە کەسانێک ڕازی نین بە تەڵقیندران و کوێرانە چەپڵە لێدان و دەمامکردنی دەستپیسی و پیسخۆریەکانی حزب لەسەر قوتی خەڵک ، لەم سۆنگەوە زۆر جار گوێبیستی دەستەواژەیەک دەبین کە هەڵوێستی ئەم جۆرە لە کادیر وادەکات بە مرۆڤانێکی یاخی لە پڕۆگرامی حزب و کەسی خەدمائیل و بەکرێگیراوی ئەم حزب و ئەو حزب تەخوین بکرێت ، یاخی بونیش لە فەرهەنگی سیاسی حزبی کوردی سزاکەی بریتیە لە تەمێکردن لە ڕێگەی تەحریم کردن لە هەموو پۆست و پارەو ئیمتیازاتە زۆرەکانی حزب ، زۆر جار ئەم تەخوینکردن و سزادانە وەک ئاگادارکردنەوەیەکە بۆ هەموو ئەوانەی بخوازن ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگوێڕایەڵی کوێرانەی پڕەنسیپەکانی حزب یاخی ببن و لەدەست واقعە تاڵەکە بۆڵەبۆڵ بکەن .
وەک دەبینین ئەم تایپە لە حزبی ستالینی لەدونیای خۆرهەڵاتی و کوردستان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی کادیری بێ دەنگ و بێ هەڵوێست توانیویەتی کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ بەرهەم بهێنێت ، سەرئەنجام خۆی بکات بە خوێ و بچێتە ناو چێشتی هەموو ماڵێک و چێشتخانە و نەخۆشخانە و هەموو دام و دەزگایەکی ئەهلی و حکومی ، بێشک حزب لەم دونیا بێدەنگەدا هەر کاتێک بخوازێت موچە بە نیوە دەکات و بە پەنجا ڕۆژ و لە مانگی چواردا موچەی مانگی یەک دابەشدەکات ، هەر وەزارەتێک بیەوێت وەزیری بۆ دادەنێت و هەرچی نەیهەوێت بێ وەزیر کارەکانی ڕایی دەکات هاوشێوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەکاتێکدا بە قاسەی حکومەت ئەژمار دەکرێ ، بێگومان ئەم بارە دەلالەتە بۆ ئەو واقعە حزبسالاری و بنەماڵەسالاریەی کە لەم مەملەکەتەدا بونی هەیە و وایکردوە کە ئەوە حکومەت نیە بەتەنیا دۆسێێ نەوت بەڕێوەدەبات ، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەو کلتورە ناشیرینەی کە حزب و بنەماڵە لەدۆسێی فرۆشتنی نەوت چانسیان زۆر زیاترە .
بەداخەوە حزبی کوردی ساڵانێکە کادیرەکانی وا بار هێناوە کە لە ئاست هەموو ئەم لادان و دەست پیسیانەی حزب لە قوتی خەڵک ئەنجامیان دەدات بێدەنگ بن ، وە قیزوەنتریش لەم بێدەنگیە بریتیە لەکلتوری پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کارە پیسخۆریانەی سیاسیەکان ، خۆ ڕاستە ئەم پرسی بێدەنگکردنەی حزبی کوردی بەرنامەی بۆ کێشاوە بەتەنیشت پرسی پاساو هێنانەوەی کادیرانی حزب توانیویەتی کۆمەڵگەیەکی زۆرینەی نیمچە هەژارو کەمینەیەکی سیاسی سوڵتانیزم دروست بکات ، بەڵام سەرئەنجام ئەم سیاسەتە هەرگیز نەیتوانیوە بەری خۆر بەبێژینگ بگرێت و خەڵک لە بێئاگایدا غافڵگیر بکات ، بەڵکو ئاگایی خەڵک لەسیاسەتی حزب و کادیرانی و پیسخۆریەکانی وای کردوە ئەمڕۆ بێزراوترین و بێمتمانەترین ناوێک لای زۆرینەی شەقامی کوردی بریتی بێت لە ناوی حزب و دەسەڵاتی کوردی .
یەکێک لەبەرجەستە ترین نمونەی بێزراوی و بێمتمانەیی خەڵک بە حزبی دەسەڵاتدار لە ڕۆژگاری کەرەنتینەکردنی خەڵکی کوردستان خۆی پیشاندا ، چونکە ڕۆژگاری کەرەنتینەکردن هەموومان گوێبیستی ئەو تکاو پاڕانەوانە دەبوین کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان لە سەرمایەدار و خێرومەندانیان دەکرد لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و لێدوانە ئازادەکانیان لەسەر شاشەی ژمارەیەک لە تیڤیەکان ، خەڵک تکاکاربوو لێیان نەکەن ئەو بڕە پارەی دەیبەخشن بیدەنە دەستی ئەم حکومەتە ، چونکە ئەم حکومەتە حزبیە زەمانەتی پاکی نیە و بە چەشنێک فێری پیسخۆری و دەستپیسی بووە لە هەموو شتێک پشکی گەورە دەبات .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.