هه‌رێم له‌لێواری هه‌ره‌سی ئابوری و ئیفلاسی حوكمڕانی دا

لەلایەن ستاندار Posted on 470 جار بینراوە

سۆران عومه‌ر

هه‌رێم له‌دۆخێكی خراپی ئابوری و دارایی دایه‌، هۆكاره‌ لاوه‌كیه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا دزی و تاڵانی داهاتی هه‌رێم لە ٢٩ ساڵی حوکمڕانی دا هۆكاری سه‌ره‌كییه‌.
توێژه‌رێكی ئه‌مریكی به‌ناوی (مایكل نایتس) له‌ په‌یمانگه‌ی واشنتۆن باس له‌وه‌ ده‌كات ئابوری هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی و هه‌ره‌س ده‌ڕوات به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌، ئه‌و ده‌نوسێ: له‌پێش دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی كۆرۆنا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه‌ 490 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێ، مانگانه‌ 700 ملیۆن دۆلاری ده‌ست كه‌وتووه‌، به‌غدا 328 ملیۆن دۆلاری بۆ ده‌نێرێ، له‌ داهاتی ناوخۆش 261 ملیۆن دۆلار داهاتی بووه‌، كۆی گشتی له‌مانگێكدا 1 ملیارو 289 ملیۆن دۆلار داهاتی هه‌بووه‌!
به‌پێی زانیاریه‌كانی ئه‌م توێژه‌ره‌ هاوكاریه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ 23 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌وه‌ بووه‌ به‌ 17 ملیۆن دۆلارو له‌م مانگه‌دا ئه‌و هاوكاریه‌ وه‌ستاوه‌!
متمانه‌ی هه‌رێم به‌ره‌و لاوازی ته‌واو ده‌ڕوات له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌ت وزه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك پاره‌ی هه‌رێم له‌ بانكێكی لوبنانی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، پاش دابه‌زینی نرخی نه‌وت پشكی كۆمپانیاكان ڕووی له‌دابه‌زین كردووه‌، هه‌رێم وا ئیدیعای ده‌كرد مانگانه‌ 200 ملیۆن دۆلار ده‌دات به‌كرێی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه‌ له‌ مانگه‌كانی 11 و 12ی 2019 و 1 و 2ی 2020 ه‌وه‌ پاره‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وتی نه‌داوه‌ ! ئێسته‌ داوا ده‌كات تاكو ساڵی داهاتوو پاره‌یان نه‌داتێ!
نه‌وتی هه‌رێم له‌هه‌ر به‌رمیلێكی 11 دۆلاری ده‌ڕوات به‌ناوی كرێی بۆری و خه‌زان و داشكاندن بۆ بازرگانه‌كانی نه‌وت! ته‌نانه‌ت پاره‌ی كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌ بۆری كوردستاندا %60ی هی روزنه‌فته‌!
به‌كورتی ئه‌م هه‌رێمه‌ تاڵان كراوه‌و ژێرخانی بۆ دروست نه‌كراوه‌و پرۆژه‌ی ستراتیجی بۆ دروست نه‌كراوه‌، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی تێیدا هه‌بووه‌ زۆرینه‌ دزی لێكردووه‌و گرێبه‌سته‌كانی به‌به‌رژه‌وه‌ندی قازانحی خۆی و زیانی هه‌رێم كردووه‌، حزبی باڵا دەست و باڵا دەستەکانی ناو حزب خەریکی بازرگانی و پاوانکردنی بازاڕ بوون خەریکی بردنەدەرەوەی پارە بوون! بۆیە ئێسته‌ ناتوانن دوای ٤٧ ڕۆژ موچه‌ی مانگێك بده‌ن!
به‌رپرسیارێتی گه‌یاندنی هه‌رێم به‌م دۆخه‌ حوكمڕانی شكست خواردوو تاڵانچی 29 ساڵی ڕابردووه‌ به‌ئێسته‌شه‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.