ستاندەر
دوای ئەوەی ساڵی پار هەرێم و بەغدا لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغدا و تەسلیمکردنی ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمەوە ڕێککەوتن، بەغدا بەدرێژایی ئەو ماوەیە مانگانە موچەی فەرمانبەرانی ناردووە بەڵام هەرێمی کوردستان تاکو ئێستاشی لەگەڵدابێت کە ساڵێک و چوار مانگ دەکات یەک بەرمیل نەوتی تەسلیمی حکومەتی ناوەندی نەکردووە.
جێگای باسە دوای ئەوەی موچەی فەرمانبەران لە بەغدا ڕاگیرا، هەرێم لەئێستادا ڕەزامەندی ئەوەی نیشانداوە کە مەلەفی نەوت بەتەواوەتی تەسلیمی بەغدا بکات لەبەرامبەر ناردنی شایستە دارایەکانی هەرێم.
لەگەڵ ئەو هەوڵانەی هەرێم بۆ ڕازیکردنی بەغدا بە ناردنی موچەی ئەو مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم هەر یەکە لە سەرۆک کۆماری عێراق و نوێنەری بەریتانیا و ئەمریکا پەیوەندیان بە عادل عبدولمەهدیەوە کردووە بۆ ئەوەی موچەی ئەو مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرف بکات، بەپێی زانیاریەکانی ستاندەر عەبدولمەهدی ڕازیبووە موچەی ئەومانگەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت بەمەرجێک هەرێم ڕازیبێت بە دانەنانەوەی فواد حسێن بۆ وەزیری دارایی، هەرێمیش بەو داوایەی سەرۆک وەزیران ڕازیبووە.
ئەوە لەکاتێکدایە فواد حسێن لەدوای هۆشیار زێباری دووەم وەزیری پارتی دیموکراتە لە وەزیری دارایی عێراق لادەدرێت.