هیوا حەسەن عەلی
ئەم دۆخەی ئێستا ڕێک ئەو دۆخەیە کەدوای ڕیفڕاندۆم و 16ی ئۆکتۆبەر چەسپا بەسەر هەرێمی کوردستاندا، کە عێڕاق لەبەهێزترین و کوردیش لە لاوازترین مەوقیفدابوون، ئەوکات کورد لەپرۆسەیەکی شکستخواردوی ڕیفڕاندۆم و پاشان لەدەستدانی زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستان لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە بووە هۆی تەریک بونی لە لەهاوپەیمانە نێودەوڵەتەکان و ووڵاتانی دراوسێ بەشێوەیەک کە ئابڵۆقەیەکی هەمەلایەنەو هەمە جۆر خرایە سەر هەرێمی کوردستان لە ڕوی دبلۆماسی و ئابوری و داخستنی سنورو فڕۆکەخانەکان ، فشارەکان ئەوەندە توندو بەڕبڵاوبوون تەنانەت ووڵاتە دۆستەکانمان کە لەشەڕی داعش پشتیوانمان بوون ئامادە نەبوون وەڵامی پەیوەندیەکانی سەرکردەکانمان بدەنەوە، ئەوەبوو دوای ماوەیەک دەرگای گفتوگۆ لەنێوان هەرێم و بەغداد کرایەوەو وەفدی هەرێم بەرەو بەغدادی عروبە کەوتنەڕێ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا ، بەڵام ئەو دانوستاندە وەک دانوستاندنێکی ئاسایی نەبوو لەنێوان دوولایەنی رکابەرو هاوسەنگدا بەڵکو کۆبونەوەکان لەئەرزی واقیعدا لەنێوان هێزێکی دۆڕاو و شکستخواردو لەگەڵ هێزێکی براوەو مەغرور کە خۆی لەلوتکەی سەرکەوتنەکانەوە ئەبینی، گومانی تێدا نییە لەوەها دانوستاندنێکدا لایەنی دۆڕاو لەوپەڕی بێهێزیدایەو ئامادەی هەموو تەنازولێکە بەس بۆ ئەوەی دارگای مانەوەی کیانەکەی لێ بکرێتەوە و لایەنی بەرامبەریش لەوپەڕی بەهێزیدا مەرجەکانی خۆی بەسەر هەرێمدا چەسپاندو ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا ، هەرچەندە پاشان لەژێر فشاری دەرەکی وازی لەهەندێ لەو داواکارییەی هێناو تا ڕادەیەک دۆخەکە بەزیانی کورد ئاسایی بویەوە، ئەم رووداوانەی سەرەوەم بۆیە وەبیرهێنایەوە بۆئەوەی بەراوردێکی بکەین لەگەڵ رووداوەکانی ئەمڕۆ کە ئەڵێی چاپی دووەمی کتێبێکەو دەکەوێتە بەردەستی خوێنەرانی ، واتا ئەگەر تەماشای مەوقفی ئێستای حکومەتی هەرێم بکەین کە بە بڕینی مووچەکەی لەلایەن بەغدادی پایتەختەوە چی سەرگەردانیەک و چی پشێوییەکی دارایی و سیاسی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووەو حکومەتی هەرێمی چۆن حەسڕکردووە لەنێوان مان و نەماندا ، لەهەمانکاتدا بەغداد بۆئەوەی مەرجەکانی خۆی بچەسپێنێ بەسەر هەرێمدا زۆر بە ئاسانی کارتی مووچەی کردۆتە فشارو کورد ئەڵێ بە بەردێ نەک دوو بەڵکو دەیان چۆلەکە ئەکوژێ، کە ئەیەوێ لە هەموو ڕووەکانەوە گۆڵی خۆی بکات وەک:
لەڕوی سیاسییەوە: لەم کاتەدا هێزە عێڕاقیەکان لەسەروبەندی دروستکردنی کابینەی نوێی مستەفا کازمین بۆیە ئێستا کورد نەک ناتوانێ مەرج بەسەر کازمی و هێزە شیعەکاندا بچەسپێنێ بەڵکو ئامادەیە هەموو هاوکاریەکی شیعەکان بکات وەک پیشاندانی نییەت پاکیەک بۆ ئەوەی بەس ناوەند مووچەی مانگێکی فەرمانبەران ڕەوانە بکات.
لەڕوی ئابورییەوە: بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی نەوت لەبازاڕەکانی جیهان، میزانییەی عێڕاق لەخراپترین دۆخی ئابوریدایە ،بۆیە ئەیەوێ هەرچی داهاتی ناوخۆو گومرک و فڕۆکەخانەکانی هەرێم هەیە بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی و بۆ بەرژەوەندی و بەرزکردنەوەی توانای ئابوری خۆی بەکار بێنێت
لەڕوی ستراتیجەوە: لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و دوای ئەوەی دەستوری نوێی عێڕاق دانرا کوردستان وەک هەرێمێکی دانپێنراو لە دەستوری عێڕاقدا وەک ئەمری واقیع چەسپێنرا هەرچەندە حزب و لایەنە سیاسیەکانی عێڕاق بە ناچاری ملکەچی ئەو داواکارییەی کورد بوون، بەڵام ئێستا بەلای ئەوانەوە فرسەتێکی باشە کەلەم دۆخە داڕماوەی هەرێمدا بتوانن ئەو هەڵەیەی پێشوو ڕاست بکەنەوە هەرێمی کوردستان لەقالب بدەن و هیچ نەبێ هەیکەلی هەرێم بەو شێوازەی ئێستا هەیە بگۆڕن و دەسەڵاتەکانی بچوک و سنووردار بکەنەوەو چیتر هەرێم نەبێتە سەرئێشە بۆ حکومەتی ناوەند .
ئەمە ئەو کارتانەن کە حکومەتی ناوەند لەکاتی گفتوگۆکاندا لەگەڵ وەفدی هەرێم ئەیانەوێ بیچەسپێنن بەسەر حکومەتی هەرێمدا، بێگومان وەفدی کوردیش بەناچاری تەنازول لەزۆر ئەو بابەتانە ئەکات لەپێناو بەدەستهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی .
لێرەوە دێمەوە سەر ناونیشانی بابەتەکەم کە ئەو وەفدەی ئێستا دانوستاندن ئەکات لەگەڵ حکومەتی ناوەندا لەهەمان مەوقیفی لاوازی و تەنازولدان لەگەڵ ئەو وەفدەی کە لەدوای ڕیفڕاندۆم و 16ی ئۆکتۆبەردا چون بۆ بەغدا ،واتا ئەتوانین بڵێین مێژووی نەزانین و شکستخواردوی سیاسیەکانی کوردستان خۆی دووبارە ئەکاتەوە .