له‌ داڵانه‌كانی گۆنگریسی ئه‌مریكا گوێبیستی چی بووم

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە

لوقمان حاجی قادر

له‌ ساڵی 2017 شاندێكی مه‌ده‌نی كه‌ له (21) چالاكوانانی‌ مه‌ده‌نی كه‌ له‌ 6 وڵات ( عێراق، سوریا، ئوردون، مه‌غریب، جه‌زائر، تونس) پێكهاتبوون، سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكامان كرد، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ ئاڵۆگۆڕی ئه‌زموون و شاره‌زایی بوو له‌مه‌ر پرسه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا.
له‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌مان له‌و وڵاته‌، به‌رنامه‌ی كاری شانده‌كه‌ زۆر چڕوپڕ بوو. سه‌ردانی كۆمه‌ڵێك ده‌زگای فه‌رمی و نافه‌رمی نێوده‌وڵه‌تی و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكای له‌ خۆ گرتبوو له‌ هه‌ردوو شاری واشنتۆنی پایته‌خت و نیویۆڕك، وه‌ك هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا (ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیران) ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و چه‌نده‌ها گه‌وره‌ ڕێكخراوی مه‌ده‌نی.
واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ پێش ڕیفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ ئه‌و كات ناوچه‌كه‌ و جیانیشی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردبوو.
شاندی عێراق 5 كه‌س بووین( من تاكه‌ كورد بووم له‌ نێوانیاندا)، له‌ سه‌ردانی شانده‌كه‌ بۆ ده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كان، تاوتوێی زۆر پرسی مه‌ده‌نی و مافه‌كانی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گشتی و وڵاته‌كانی خۆمان به‌ تایبه‌تی كرد، بۆ منیش وه‌ك كوردێك پرسی ڕیفراندۆم كه‌ چاره‌نووسی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌می پێوه‌به‌ند بوو، جێگه‌ی‌ گرنگیپێدان بوو.
جا ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێك بوو بۆ من كه‌ له‌ به‌رزترین ده‌زگا فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌تێكی زلهێزی دونیای وه‌ك ئه‌مریكام، بتوانم ئه‌و هه‌له‌ بقۆزمه‌وه‌ و پرسی كورد به‌ گشتی و پرسی هه‌رێمی كوردستان و ڕیفراندۆمیش به‌ تایبه‌تی بورژێنم له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌رفه‌تێكی گفتوگۆم بۆ بڕه‌خسێت، هه‌رواشم كرد.
ئه‌وه‌ بوو كتومت له‌ 20 ی جوڵای (مانگی7) ی 2017 ، شانده‌كه‌مان سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكای كرد و له‌وێ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی كۆنگرێس‌ گفتوگۆ و دانیشتنمان كرد، له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌رفه‌ته‌كه‌ زۆر كه‌م بوو، بۆیه‌ ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ده‌رفه‌تی مشتومڕیان نه‌بوو. به‌ڵام له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رفه‌تێكی باشمان بۆ ڕه‌خسا و شانده‌كه‌‌ له‌گه‌ڵ دوو گه‌وره‌ به‌رپرسی هه‌ردوو پارتی كۆماری و دیموكراته‌كان گفتوگۆیه‌كی چڕوپڕمان كردو و چه‌نده‌ها پرسیارمان ئاراسته‌ كردن و ئه‌وانیش زۆر به‌ ڕاشكاوی وڵامیان داینه‌وه‌.

له‌ نۆره‌ی قسه‌كردن و پرسیاركردنی خۆم له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، تیشكم خسته‌سه‌ر یه‌ك بابه‌تی سه‌ره‌كی كه‌ ئه‌ویش ڕیفراندۆم بوو، بۆیه‌ پرسیارێكم ئاراسته‌ی دوو نوێنه‌ره‌كه‌ كرد و وتم: ئێمه‌ له‌ عێراق له‌ دوای ڕزگاربوونمان له‌ڕژێمی گۆڕ به‌ گۆڕی پێشوو، ئێستا مه‌ده‌نییانه‌ وه‌ك برا هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین ، ده‌ستورمان نووسیه‌وه‌ و كه‌وتووینه‌ پیاده‌كردنی دیموكراسییه‌كی سه‌ره‌تایی.
پرسیاركه‌شم ئه‌وه‌یه‌: ئێمه‌ وه‌گ گه‌لی كورد، به‌ گوێره‌ی بنه‌ما ئاسمانییه‌كان، به‌ڵگه‌نامه‌ و پره‌نسیپه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت به‌ گوێره‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستوری ئه‌مریكاش، مافێكی ڕه‌وای خۆمانه‌ “مافی چاره‌ی خۆنووسین” ی خۆمان دیاری بكه‌ین، له‌ ئێستاشدا هه‌رێمی كوردستان نیازی وا‌یه‌ ڕیفراندۆمێك ئه‌نجام بدات و ڕای خه‌ڵكی هه‌رێمه‌كه‌ له‌مه‌ڕ پرسی سه‌ربه‌خۆی و مانه‌وه‌ له‌ ناو عێراقدا وه‌ربگرێت، ئایا ئێوه‌ وه‌ك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و تایبه‌تتریش وه‌ك كۆنگرێس، هه‌ڵوێستتان چۆن ده‌بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ؟
من له‌و كاته‌دا پێنوس و په‌ڕاوێكم له‌به‌رده‌ست بوو، تاوه‌كو زۆر به‌ ووردی وڵامی ئه‌وان یاداشت بكه‌م، وڵامی هه‌ردوو نوێنه‌ری دوو گه‌وره‌ حزبه‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا وه‌ك یه‌ك بوو، یه‌كێكیان گوزاره‌ی لێكرد و وتی:
” وه‌ك بنه‌ماو پرنسیپ، ئێمه‌ی ئه‌مریكی ئه‌و كاره‌ به‌ مافی ڕه‌وای هه‌موو گه‌ل و میلله‌تان ده‌زانین، بۆیه‌ ئه‌و مافه‌ به‌ ئێوه‌ش ڕه‌وا ده‌بینین، به‌ڵام پێمان وایه‌ ئه‌و پرسه‌ هه‌ستیاره‌ و ده‌بێت ئێوه‌ی‌ كورد چه‌ند خاڵێك له‌به‌رچاوبگرن له‌و كاته‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌هاوێژن:
یه‌كه‌م: ئێوه‌ خۆتان له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌ی ده‌ستتان داوه‌تێ یه‌كده‌نگ و یه‌كڕه‌نگبن.
دووه‌م: ده‌بێت توانستی ئابوروییتان‌ بای ئه‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ تووشی ته‌نگه‌تاوی بوون‌ له‌ لایه‌ن دووروبه‌رتانه‌وه‌‌، بتوانن لایه‌نی كه‌می پێداویتسی بژێوی ژیان بۆ هاووڵاتییه‌كانتان دابین بكه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی ته‌نگه‌ تاویه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێت یان هێور ده‌بێته‌وه‌.
سێیه‌م: ده‌بێت له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ خاوه‌ن هێزێكی تۆكمه‌بن، چونكه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ لایه‌ن ده‌ووروبه‌رتانه‌وه‌‌ هێرشتان بكرێته‌‌سه‌ر، له‌ ئه‌گه‌رێكی له‌و جۆردا، ده‌بێت بتوانن به‌رگری له‌ خۆتان بكه‌ن و گه‌له‌كه‌تان بپارێزن.
چواره‌م: ئه‌و پرسه‌ بخه‌نه‌ نێوان خۆتان و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به‌غداوه‌ و به‌ دانوستان چاره‌سه‌ری بكه‌ن، بوار مه‌ده‌نه‌ ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر بێنه‌ ناو پرسه‌كه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه‌‌ نه‌یار و دژمنتان.
كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌واو بوو، له‌ هۆڵه‌كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ ووردی بیرم له‌و‌ وڵامه‌ كرده‌وه‌، ته‌ماشام كرد هیچكام له‌و خاڵ و مه‌رجانه‌ی باسی كردن بۆ سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆمه‌كه‌، له‌ هه‌رێمه‌كه‌ی ئێمه‌دا بوونیان نییه‌، له‌مه‌وه‌ زانیم له‌و پڕۆسه‌یه‌دا سه‌ركه‌ووتوو نابین، له‌ قوڵایی دڵیشه‌وه‌ ئومێده‌واربووم من هه‌ڵه‌بم و ژێربه‌ژێر پشتیوانیمان لێ بكه‌ن هه‌ره‌وه‌ك سه‌رانی هه‌رێم بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌كرد.
من وه‌ك كه‌سێكی مه‌ده‌نی ساده‌‌ ئه‌و ڕاستییه‌ بزانم، حه‌تمه‌ن سه‌رانی كورد زۆر ووردتر ئاگاداری هه‌ڵوێستی زلهێز و بڕیاربه‌ده‌ستانی جیهان بوون، كه‌واته‌ ئه‌وان لاره‌ملێیان كرد و فریویان خوارد و له‌ كۆتایشدا باجه‌كه‌ی بۆ ئێمه‌ی كورد قورس و گران بوو، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش به‌ده‌ست لێكه‌وت و ده‌رهاویشته‌كانییه‌وه‌ ده‌ناڵێنین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.