پارتی سۆران عومەر دەکات بە پاڵەوان و ڤۆڵتێری کورد

لەلایەن ستاندار Posted on 259 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

لەکوردستانی دوای ئەو ڕاپەڕینەی کە کورد ڕوبارێک خوێنی بۆ ڕشت و سەدەیەک خەباتی بۆ کرد بۆ گەیشتن بە بەهاکانی ئازادی و دیموکڕاتیزەکردنی وڵات و بیناکردنی سیستمێکی دادپەروەر و حوکمێکی خۆماڵی لەم مەملەکەتەدا ، کەچی پاش هەموو ئەم خەبات و خوێنە جێگەی ئەسەفە مرۆڤی کورد جارێکی تر بە ناچاری ڕوداوەکان و ئازادی مرۆڤەکان بە دۆسێی و ڕوداوەکانی ئەوروپای دادگاکانی پشکنین و صكوك غفران و لە خاچدانی ڕۆشنبیران و فەیلەسوفان لەسەدەکانی ناوەڕاست بەراورد بکات .
کاتێک مرۆڤ دۆسێی سۆران عومەر دەبینێت یەکسەر خەیاڵی دەچێتە ناو ڕووداوە مێژووییەکان و کات لای بۆ ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەرێتەوە و خەیاڵی دەچێتە لای دۆسێ هاوشێوەکەی ڤۆڵتێری فەیلەسوفی فەڕەنسی .
ئەو کاتەی ڤۆڵتێر لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا بە هۆی ئازایی و ئازادیەکەیەوە توانی ببێ بە نوێنەری پاریسیەکان لە ئەنجومەنی شارەوانی پاریس و دەبێ بە خاوەنی حەسانەیەکی یاسایی بە هۆی پیشەکەیەوە ، لە یەکێک لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەندا بە ئامادەبوونی پاشای گەورەی وڵات ، ئەم کۆبونەوە ئەو کاتەیە کە ڤۆڵتێر دڵی پڕ دەبێت لە ئازار و خوێن بەهۆی برینداربوونی ویژدانیەوە بە بینینی بارودۆخی پڕ لە برسێتی و هەژاری و ستەملێکراوی گەلەکەیی و دەوڵەمەندی پاشا و پاپا و ڕەعیەتەکانیانەوە بە ناوی پیرۆزیەکانی دامەزراوەی کڵێسە و مەسیحیەتەوە ، ئا لەو کاتەدا ڤۆڵتێر لە چوارچێوەی ئازادی ڕەخنەگرتن و ڕادەربڕیندا هەڵساو سیستمی پاشایەتی پاشای گەورەی بە سیاسەتی برسیکردن و هەژارخستنی گەلەکەی تۆمەتبارکرد و داوای لە پاشای مەزن کرد کە کۆتایی بەم سیاسەتە نامۆڕاڵیە بهێنێت ، چونکە بەردەوامی دەرەنجامی خراپی دەبێت .
ئەم ڕاستگۆیی و ئازایەتیەی ڤۆڵتێر لەو کاتەدا بێ پێشینە و زۆر مەترسیداریش بوو تاکو ئاستی جەریمە حسابی بۆ دەکرا بە ڕەخنەگرتن لە پاشایەک کە بەتەنیشت پاپاوە ڕەمزی پیرۆزیەت و بەرائەتگەرایی بوو لە وڵاتدا و وەک کاراکتەرێکی بان ڕەخنە و بێ کەم و کورتی سەیری دەکرا ، بۆیە لەسەر ئەم شکاندنەی کلتوری پیرۆزی چەندان ساڵەی وڵات هەر دەبوو ڤۆڵتێر باجەکەی بدات ، ئەم عەقڵیەتی بە پیرۆزکردنەی پاشا و ڕەعیەتەکەی وای کرد بە دەسیسەیەک سەرۆک بڕیاربدات ناوی ڤۆڵتێر بخاتە ناو هێڵێکی سورەوەو بە هۆیەوە حەسانەی لێوەر بگیرێتەوە و ئەوسا سزای تاوانکردنەکەی بدات، بەڵام کاتێک سەرۆک نەیتوانی سەرکەوتوو بێت لە لێسەندنەوەی حەسانەدا ئەوکات وەک ئەلتەرناتیڤێک خیاری توندوتیژی هەڵبژارد و ژمارەیەک پۆلیسی دەوڵەتی ڕاسپارد کە بە دارکاری کردنێک دەمی ڤۆڵتێر قفڵ بدەن .
کاتێک سۆران عومەر نوێنەری خەڵکە هاوشێوەی ڤۆڵتێری فەیلەسوف و ڕۆژانە دراماکانی ڕۆژانەی خەڵک لەسەر شەقام و ناو ماڵەکان دەبینێت و دەبیستێ لە برسیکردن و هەژارکردن و وەک کۆیلە سەیرکردنی شەقامی کوردی بە دەستی دەسەڵاتێکی مافیای نەوتەوە ، بێگومان هەموو ئەمانە بەتەنیشت یەکەوە سۆران عومەر دەخنە دونیایەکەوە کە ئازاری ویژدان بچێژێت و خۆی گوتەنی ئازارەکان ئەوەندە گەورەن کە ساڵانێکە هێدی هێدی سەر و ڕیشی ڕەشی بەرە و سپێتی دەبەن ، بۆیە کاتێک لە چوارچێوەی ئەو ئازادی ڕادەربڕینەی کە یاسا پەرلەمانیەکە پێی بەخشیوە لە ماوەی کاری پەرلەمانتاریدا و دێت و بەسەرۆکی حکومەتێک کە پەرلەمانەکەی متمانەی پێ بەخشیوە و وەک دەربرینی ئازارێک پێی دەڵێت : ( تۆ کۆمپانیای بازرگانی و بانک) ت هەیە ، سۆران دەیەوێت بەم ڕاسیتەی ئەوە بەم پیاوە و حکومەتەکەی بڵێ کە ئێوە ڕۆژانە هەر دەوڵەمەند دەبن و خەڵکیش بە هۆی پەیڕەو کردنی سیاسەت و ئیدارەکردنی نامەعریفیەوە ڕۆژانە هێدی هێدی بەرەو هەژاری و برسێتی هەنگاوی زیاتر دەنێت .
ئا لێرەدا مێژوو خۆی دوبارە دەکاتەوە و ڕەخنەگرتن لە شۆرشگێرێکی دوێنێ وەک جەریمەیەک بۆی دەڕوانرێت ، بۆیە هاوشێوە سەرۆکی حکومەت داوای لە پەڕلەمان دەکات حەسانەی یاسایی لێبسەنرێتەوە و سزا بدرێت بۆ ئەوەی سۆران و سۆرانیە ئازا و ویژدان زیندوەکانی هاوشێوەی لە ناو پەڕلەمان و دەرەوەی پەڕلەمان تەمێ بکرێن و قفڵی عاقڵیەتی بدەن لە دەمیان و فێر ببن کاری ئەوان قسەکردن نیە بەڵکو تەنیا چەپڵەلێدان و دەست بەرزکردنەوەیە بۆ بەڵێن و پڕۆژەکانی حزب .
ئازایەتی و ئازارە دەرونیەکان و خەونە مەزنەکان ئەمرۆ وای کردوە فەیلەسوفان و مێژوونوسانی فرەنسی شوناسی پاڵەوانیەتی بە ڤۆڵتێری مەزن بدەن و شوناسی ستەمکاری و پیسخۆریش لەبەرامبەردا بە پاشا و پاپا و ڕەعیەتەکەی بدەن ، با کاک سۆران دڵنیا بێت لەوەی کە ئازایەتی و ئازارە مرۆییە دەرونیەکانی و خەونە ئینسانیەکانی ئەویش بۆ ژیانی گەلەکەیی و ئازادی نیشتمانەکەی نادیدە ناگیرێت لای گەلە برسیەکەی لەمڕۆدا و مێژوونوسانیش لە سبەیدا ، چونکە ئەم دڵسۆزیەی وەک داستانێکی پاڵەوانێتی وەسف دەکرێت و ئەوکات بە تەنیشت ڤۆڵتێری پاڵەوانی فەڕەنسیەکانەوە کوردیش شانازی بە کارەکتەرێکەوە دەکات کە ناوی سۆران عومەرە ، بۆیە ئەو دەستەواژەیە زۆر ڕاستە کە دەڵێت : ( پارتی بە سیاسەتە ناعەقڵانیەکانی بێ ئەوەی خۆی حەز بکات بەدوای دروستکردنی پاڵەواندا دەگەرێت ) .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.