هیوا حەسەن عەلی
ڕوداوی 7ی ئایاری پەرلەمانی کوردستان زەنگێکی دیکەی مەترسیدارە لەپرۆسەی سیاسی و سیستمی حوکمڕانی لە کوردستاندا کە ئەگەر ڕێگری لێنەکرێت و بەردەوام بێت دڵنیاشم بەردەوام ئەبێت چونکە حزبێک بەناوی زۆرینەی پەرلەمانییەوە خوازیارە گەورەترین دامەزراوەی شەرعی کوردستان لەڕێڕەوە ڕاستیەکەی خۆی بەلاڕێدا بەرێت و بەپێی ئەجندای سیاسی و بەرژەوەندی خۆی بیجۆڵێنێ بێ گوێدانە بەهاو پرەنسیبە یاساییەکان و عورفی پەرلەمانی لەجیهاندا.
دیارە هەر لەگەڵ دروست بوونی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لەساڵی 1992دا بە بەرنامە کار لەسەر بچوکردنەوەو کەمکردنەوەی ماهیەتی دام و دەزگا شەرعیەکانی هەرێمدا کراوەو بەردەوام کۆسپ و کێشەیان بۆ دروست کردووە، بەجۆرێک حکومەت و سەرجەم دام و دەزگاکان وەک بوکەڵەیەک بەدەست حزب و بنەماڵەو کەسایەتیە سیاسیەکاندا یاری پێ کراوە.
لەدواین پێشهاتە سەیروسەمەرەکانی ئەم هەرێمە هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتارێک هەر لەبەر ئەوەی دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسێکی هەڵداوەتەوە کە ئەوە ئیشی پەرلەمانتارو دەزگای پەرلەمانە کە لێپیچینەوە لە گەندەڵکاران بکات .
ئەوەی جێگای باس و قسەکردنە لەسەری، هەڵوێستی ئەرێنی سەرۆکی پەرلەمان و حەوت فراکسیۆن بوو کە ڕازی نەبوون ئامادەی دانیشتنی کۆبونەوەیەک بن کە لەناوەڕۆکدا دەمکوتکردنی پەرلەمانتارو سزادانێتی لەلایەن حکومەتەوە،هەڵوێستی ئەو فراکسیۆنانە مایەی دەستخۆشی و ڕێزگرتنە، بەڵام ئەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین هەر بە تەنیا بەو هەڵوێستە ناتوانن ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی وەها کارێک بکەن لەداهاتودا، چونکە ئێمە ئەزموونی پێشوترمان هەیە ئەگەر لە کاتی داخستنی دەرگای پەرلەمان و ڕێگریکردن لە چونەژوورەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2015 ، فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەوکاتەی پەرلەمان هەڵوێستی جددیان هەبوایەو بایکۆتی تەواوی پەرلەمانیان بکردایەو تاهەڵبژاردن پەرلەمانیان چالاک نەکردایەتەوە ، دیارە ئەو رووداوەی ئەمڕۆش دووبارە نەدەبووەوە، بۆیە هەڵوێستی ئێستای ئەو فراکسیۆنانە بێ ئەنجام ئەبێت ئەگەر لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەردەوامی پێ نەدەن و سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دانەنێن و ئیستۆپێک بە کەڵەگایەتی فراکسیۆنی زۆرینە نەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەو حەوت فراکسیۆنە هەوڵی جددی بدەن بۆ هەماهەنگی هاوبەش و دانانی بەرنامەیەک کە چیتر قبوڵینەکەن سوکایەتی بەدامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم بکرێت ، بۆ ئەو مەبەست پێویست ئەو فراکسیۆنانەو حزبەکانیان خەمێک لەداهاتوی هەرێمەکەیان و دەنگدەران و خۆیشیان بخۆن کەچیتر ڕێگە نەدەن پرۆسەی دیموکراسی لەکوردستان بەرەو هەڵدێر بڕوات،هەر بۆیە ئەرکە لەسەریان بەزوترین کات بێ گوێدانە کێشە لاوەکیەکانی ڕابردووی نێوانیان هەنگاوی بەپەلە بنێن و بە کاری پێکەوەیی ئەو واقیعە مەترسیدارەی ئێستای هەرێم کە بەرەو تاک حزبی و تاک دەسەڵاتی ئەڕوات بگۆڕن و حوکمێکی ڕەشید بونیاد بنێن کە تیایدا ڕێز لە دام و دەزگا شەرعیەکان و یاساو مافەکانی مرۆڤ بگیرێت و ووڵات لەم بەڕەڵایی و بێ یاساییدا رزگار بکات، ئەویش بەجێبەجێکردنی ئەم چەند هەنگاوە ئەتوانن مێژویەکی پرشنگدار بۆ خۆیان و ووڵاتەکەیان تۆمار بکەن ، کەخۆی لەم خاڵانەی خوارەوە ئەبینێ.
ـ بەردەوامی لەهەماهەنگی و هەوڵی دروستکردنی ئیئتلافێک لەنێوان ئەو حەوت فراکسیۆنەو دانانی کارنامەیەکی شەفاف و روون کە ڕێگری بکات لەهەر پێشێلکاریەک کەبەرامبەر دام و دەزگا شەرعیەکاندا ئەکرێت .
ـ بایکۆتکردنی پەرلەمان تا ئەوکاتەی فراکسیۆنی زۆرینە داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان ئەکات و بەڵێن بدات کە ڕووداوی لەجۆرە دووبارە ناکاتەوە.
ـ لەکاتی چونەوەیان بۆ کۆبونەوەکانی پەرلەمان دیارترین و گرنگترین کاری لەپێشینەیان جوڵاندن و لێپرسینەوە لەو دۆسیانەی کە تایبەتە بەگەندەڵیەکانی بەرپرسانی حکومەت.
ـ هەوڵدان بۆ گونجاندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختە و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بەجۆرێک ڕێگری بکات لەتەزویروگزی و فزی لەهەڵبژاردنەکان.
ـ کارێکی دیکە کەزۆر گرنگە ئەنجام بدرێت ، لادانی سکرتێری پەرلەمان و دانانی پەرلەمانتارێکی یەکێک لەو حەوت فراکسیۆنە لەشوێنی، چونکە نابێت بەناوی پێکهاتەکانەوە ئەندامێکی حزبی زۆرینە کە 200 دەنگی بەدەستهێناوە بکرێتە سکرتێری پەرلەمان و بەئارەزوی ۆیان بێ حیسابکردن بۆ سەرۆکی پەرلەمان چییان بوێ ئەنجامی بدەن.
ـ هەموارکردنەوەی یاسای کۆتای کەمە نەتەوەیەکان و کەمکردنەوەی لە 11 ئەندامەوە بۆ 3 تا 4 ئەندام و گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنیان.
ـ هەموارکردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە پێشتر بەپێی بەرژەوەندی حزبێکی دیاریکراو دەرکراوە.
ئەمانەو چەندین خاڵی دیکە کە نامانەوێ لێرەدا زیاتر لەسەری بڕۆین، بکەنە نەخشە ڕێگای ئەو ئیئتلافە بۆ ئەوەی هەم ڕێگری بکات لەسوکایەتی کردن بەدام و دەزگا شەرعیەکانی هەرێم و هەم سیستەم و پایەکانی پرۆسەی دیموکراسی بەجۆرێک بچەسپێنین کە هیچ حیزب و لایەنێکی سیاسی نەتوانێ لەکەداریان بکات.
بۆیە ئەرکی داهاتوی ئەو فراکسیۆنانە زۆر قورسەو ئەستەمی زۆریان لەپێشە ،ئەگەر بەیەک تیم و بەیەک هێز روبەڕووی نەبنەوە، وەک ئەوەی لەپێشوو ڕویداو هەر حزبێک بۆ بەرژەوەندی حزبی و شەخسی سەودایەک لەگەڵ پارتی بکات و گوێ نەداتە بەرژەوەندی باڵای گشتی، ئەبێ چاوەڕێی ئەو رۆژەیش بکەن کە لەسیناریۆیەکی وەهادا هەمان چارەنوسی سۆران عمرو خراپتریش بەسەر ئەواندا دووبارە ببێتەوە، لەوەها دۆخێکیشدا هەم پرۆسەی بەدیموکراسەکردنی هەرێم لەبار ئەچێت و هەم ئەو فراکسیۆنانە و حزبەکانیانیش بەرەو پوکانەوە ئەچن و بێگومان خەڵکی کوردستانیش زەرەرمەندی یەکەم ئەبێ زۆر لەئێستا خراپتر دووچاری ڕاوەدونان و حوکمی سەربازی توندو زیندانی و تیرۆر ئەبنەوە کە ئەوکات پەشیمانی دادی کەسمان نادات.