ئايا هه‌ولێر شارێكى توركمانيه‌ ؟؟

لەلایەن ستاندار Posted on 271 جار بینراوە

نوسينى : شێرزاد شێخانى

( به‌شى دووه‌م )
مێژوو به‌گشتى ، مێژووى ئێمه‌ش به‌تايبه‌تى له‌م ناوچه‌يه‌دا ئه‌وه‌نده‌ قێزه‌ون و ناشرين و بۆگه‌نه‌ ، هه‌ر لاپه‌ڕه‌يه‌كى هه‌ڵده‌يته‌وه‌ بۆنه‌ پييسه‌كه‌ى هه‌واى ده‌وروبه‌رمان ده‌ته‌نێ . راستبێژيى هيچكات به‌دڵى خه‌ڵك نه‌بووه‌و نابێت ، چونكه‌ هه‌ر كه‌سه‌و له‌ سووچێكه‌وه‌ سه‌يرى رووداوه‌كان ئه‌كات ، بۆيه‌ ئه‌گه‌ر ئاسايى بێت بۆ به‌رپرسێكى توركمانى له‌سه‌ر شاشه‌يه‌كى ئيعلاميدا ئيديعاى ئه‌وه‌ بكات كه‌ ( هه‌ولێر شارێكى توركمانيه‌ !! ) به‌مه‌ش شعورى مليۆنان كورد بريندار بكات ، منيش وه‌كو كوردێك مافى ئه‌وه‌م هه‌يه‌ به‌به‌ڵگه‌ى مێژووه‌وه‌ ئه‌م درۆيانه‌ ره‌تبكه‌مه‌وه‌و راستيه‌كان بخه‌مه‌ روو .
هيچكات له‌ژيانمدا دژى هيچ نه‌ته‌وه‌يه‌ك نه‌بوومه‌ ، ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌بيش كه‌ سه‌دان ساڵ ميلله‌ته‌كه‌ميان چه‌وساندۆته‌وه‌و مافى ره‌وايان لێ زه‌وتكردووه‌ ، چ جاى ميلله‌تێك كه‌ هاونيشتمان وهاوده‌ردو هاورێگامان بووه‌ ، ئه‌ويش ميلله‌تى توركمانه‌ .
بابه‌تى پێشووم به‌ناوى ( ئايا هه‌ولێر شارێكى توركمانيه‌ ) له‌وه‌ڵامى ئه‌و ئيدعا بێبنه‌مايه‌ بوو كه‌ به‌مه‌به‌ستێكى سياسى وخزمه‌تكردنى ئه‌جيندايه‌كى بێگانه‌وه‌ نوسيبووم ، چونكه‌ ناكرێ مرۆڤى خاوه‌ن قه‌ڵه‌م له‌ئاست شێواندنى مێژووى نه‌ته‌وه‌يه‌ك بێده‌نگ بێت .
ئێمه‌ى كورد سه‌دان ساڵ خه‌باتمان بۆ ناسنامه‌ى نه‌ته‌وه‌يى خۆمان كردووه‌و سه‌دان هه‌زار قوربانيمان له‌پێناو ئه‌م ناسنامه‌يه‌ داوه‌ ، چۆن ئه‌كرێ كه‌سێك به‌ نووكه‌ قه‌ڵه‌مێك يا به‌ لێدوانێكى چه‌واشه‌كارانه‌وه‌ مێژووى ئێمه‌و قوربانيه‌كانى ميلله‌ته‌كه‌مان بسرێته‌وه‌ ؟؟
پێده‌چێ بابه‌ته‌كه‌ى پێشترم هه‌ستى كه‌سانێكى توركمانى شاره‌كه‌مى بريندار كردبێ ، به‌ڵام من هيچ شتێكم له‌خۆمه‌وه‌ نه‌وتووه‌ ، هه‌موو بيركردنه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌كانم زاده‌ى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و مێژووه‌ نوسراوه‌يه‌ كه‌ تا چه‌ند ساڵيك پێش ئێستا مه‌نهه‌جى خوێندنى منداڵانى كورد بوون ، به‌تايبه‌تيش له‌سه‌ر هێزه‌ داگييركه‌ره‌كانى وڵاته‌كه‌مان .
بۆ ئه‌وه‌ى به‌ مه‌نتيقى زانستى باسى توركمانه‌كانى هه‌ولێر بكه‌م ، ناچارم جارێكيتر بچمه‌وه‌ سه‌ر سه‌رچاوه‌ مێژووييه‌كانه‌وه‌‌ بۆ ده‌رخستنى راستيه‌كان .
به‌پێى ئه‌م سه‌رچاوانه‌ ، يه‌كه‌م ده‌سته‌ى توركمان كه‌ هاتونه‌ته‌ عيراقه‌وه‌ له‌سه‌رده‌مى عبيدالله بن زياد بووه‌ له‌ساڵى 54 ى كۆچى . به‌پێى مێژووه‌كه‌ى ( الطبري ) له‌كتێبى ( تاريخ الامم ‌والملوك ) ، ئيبن زياد دواى ئه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى سوپاى عيراقه‌وه‌ توانى فه‌تحى تركستان بكات له‌مانگى ره‌بيع ئه‌وه‌لى ساڵى‌ 54 ى كوچى 673 ى زايينى ، ديتى جه‌نگاوه‌ره‌ توركمانه‌كان زۆر ئازايانه‌ شه‌ڕى سوپاكه‌يان كردوه‌ ، ئه‌وه‌ش هانيدا كه‌وا دوو هه‌زار له‌م جه‌نگاوه‌ره‌ توركمانه‌ ئازايانه‌ بخاته‌ سه‌ر سوپا‌كه‌ى و بيانێريته‌ به‌غدا ، ئه‌وانيش بوون به‌ به‌شێك له‌سوپاى خيلافه‌تى ئه‌مه‌وييه‌كان .
دواتر خه‌ليفه‌ى عه‌باسى المعتصم بالله نزيكه‌ى په‌نجا هه‌زار توركمانى ترى هێنايه‌ عيراق كه‌ خودى موعته‌سه‌م دايكى توركمانه‌ و ناوى ( مارده‌ ) يه‌ و كه‌نييزه‌ بووه‌ .
ئيدى له‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ توركمانه‌كان رۆڵێكى گه‌وره‌يان هه‌بووه‌ له‌سه‌رده‌مى خيلافه‌تى عه‌باسييه‌كاندا تا روخانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ .
دواتر له‌گه‌ڵ سوپاى مه‌غۆله‌كان به‌شێكى تريش له‌توركمانه‌كانى ئاسياى بچووك هاتنه‌ عيراق وتوانيان دوو ده‌وڵه‌تى توركمانى دامه‌زرێنن به‌ناوى ( ئاق قۆينلو وقره‌ قۆينلو ) كه‌ تا داگييركردنى عيراق له‌لايه‌ن سوپاى عوسمانيه‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وام بوونه‌ .
جاسم محمد جعفر كه‌ سه‌ركرده‌يه‌كى حزبى ( الاتحاد الاسلامي لتركمان العراق ) له‌نوسينێكى به‌ناونيشانى ( تاريخ التركمان في العراق وأصولهم ) ده‌ڵێ ” له‌رووى ره‌چه‌ڵه‌كه‌وه‌ توركمانه‌كانى عيراق ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان ره‌چه‌ڵه‌كى توركه‌كان كه‌ ئه‌سڵيان ده‌گه‌ڕيته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانى ئاسيا ناوه‌ڕاست كه‌ به‌ ( تركستان ) ناسراوه‌ . له‌ساڵى 705 ى زايينى سوپاى ئيسلامى به‌سه‌ركردايه‌تى ( قتيبه‌ بن مسلم ) گه‌يشته‌ پشت روبارى ( جيحون ) وله‌وێش ئايينى ئيسلامى له‌ناو توركمانه‌كاندا بڵاو كرده‌وه‌ ، له‌و كاته‌وه‌ هۆزه‌ توركمانه‌كانى ئاسياى ناوه‌ڕاست ورده‌ ورده‌ روويان له‌ هيجره‌ت كرد به‌ره‌و ناوچه‌كانى خۆر هه‌ڵات ” . ئه‌ويش دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌وا يه‌كه‌م شه‌پۆلى هاتنى توركمانه‌كان بۆ عيراق له‌ساڵى 54 ى كۆچيدا ده‌ستى پێكردووه‌ . ئه‌مه‌ قسه‌ى سه‌ركرده‌يه‌كى توركمانه‌ كه‌ باسى رووداوه‌ مێژووييه‌‌كان ده‌كات به‌پێى سه‌رچاوه‌كان .
له‌لايه‌كى تره‌وه‌ به‌پێى خه‌ملاندنى زانايانى ئاركيۆلۆجى ته‌مه‌نى قه‌ڵاى هه‌ولێر ده‌گه‌ڕيته‌وه‌ بۆ پێنج هه‌زار ساڵ ، هه‌ندێكيتر ده‌يگه‌رێننه‌وه‌ بۆ هه‌شت هه‌زار ساڵ ، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر يه‌كه‌م شه‌پۆلى هاتنى توركمان له‌سه‌رده‌مى عبيدالله بن زياد بووبێت كه‌ هه‌زارو سێ سه‌د ساڵه‌ ، ئه‌ى پێش ئه‌وان كێ له‌و قه‌ڵايه‌ ژياوه‌ ؟؟! خۆ قه‌ڵاكه‌ چۆڵه‌وانى نه‌بووه‌ ، به‌تايبه‌تيش كه‌ ده‌يان به‌ڵگه‌ى زانستى هه‌ن باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م قه‌لاێه‌ به‌درێژايى ته‌مه‌نيه‌وه‌ هه‌ميشه‌ ئاوه‌دان بووه‌ . كه‌واته‌ پێش هاتنى توركمانه‌كان ئه‌م قه‌ڵايه‌ ئاوه‌دان بووه‌و كورديش وجوودى له‌و ناوچه‌ى ده‌شتى هه‌ولێردا هه‌بووه‌ ، به‌و پێيه‌ش كورد زۆر كۆنتره‌ له‌ توركمان له‌م شاره‌داو هيچ گومان له‌وه‌دا نيه‌ كه‌وا بابوباپيرانى كورد له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ڵايه‌ ژياون . بۆيه‌ كه‌ له‌وتارى پێشوومدا وتوومه‌ ئه‌سڵى توركمان ده‌گه‌ڕيته‌وه‌ بۆ سه‌ر كورد ئه‌ساسێكى زانستى هه‌يه‌ و له‌گيرفانى خۆم ده‌رمنه‌هێناوه‌ .
جگه‌ له‌وه‌ش من هيچكات نكوڵيم له‌بوونى توركمان نه‌كردووه‌ وه‌كو پێكهاته‌يه‌كى نه‌ته‌وه‌يى تايبه‌تمه‌ند له‌كوردستاندا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى ئه‌وه‌ نيه‌ كه‌سانێك له‌ خۆيانه‌وه‌ بێنه‌ سه‌ر شاشه‌و بڵێن هه‌ولێر شارێكى توركمانه‌ ، چونكه‌ كوردبوونى هه‌ولێر زۆر كۆنتره‌ ته‌نانه‌ت له‌هاتنى توركمانه‌كان بۆ عيراق و ناوچه‌كه‌ش .
وه‌كو پێشتريش وتوومه‌ شارى هه‌ولێر هه‌تا ساڵانى شێسته‌كان به‌زمانى توركمانى قسه‌يان كردووه‌ ، ته‌نانه‌ت خێزانى ئێمه‌ش كه‌ له‌عه‌شره‌تى شێخانى ناوچه‌ى كه‌نيدناوه‌ بووينه‌و دواتريش له‌ هه‌ولێر نيشته‌جێ بوونه‌ ، ئێمه‌ش به‌ زمانى توركمانى قسه‌مان كردووه‌ ، زۆربه‌ى خه‌ڵكه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ى شارى هه‌ولێر له‌بنه‌ماڵه‌ ناوداره‌كان و عه‌شره‌ته‌ كورده‌ دياره‌كانيش هه‌بوون به‌زمانى توركمانى قسه‌يان كردووه‌و تا ئێستاش سه‌دان خێزانى به‌ئه‌سڵ كورد هه‌نه‌ له‌هه‌ولێر كه‌ به‌زمانى توركمانى قسه‌ ده‌كه‌ن . زمان هيچكات ئه‌سڵ وئه‌ساسى نه‌ته‌وه‌ نيه‌ ، خۆى به‌شێكه‌ له‌سيماكانى نه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌موو شتێك نيه‌ .
خێزانى ئێمه‌ له‌كۆتايى سه‌دى نوزده‌هه‌مه‌وه‌ له‌ گوندى ( كۆزه‌پانكه‌وه‌ )‌ كۆچى ناو شارى هه‌ولێريان كردووه‌ ، به‌ڵام له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌كانى هه‌ولێردا په‌رشو بڵاو بوونه‌ ، مامێكم‌ ماڵى له‌ته‌يراوه‌ بوو ، مامێكم‌ له‌ سێتاقان بوو ، دوو پلكم له‌كوران بوون ، به‌ڵام هيچ كاميان فێرى زمانى توركمانى نه‌بوون . به‌ڵام خێزانى باوكم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تا له‌گه‌ڕه‌كى عاره‌بان و دواتريبش له‌ خانه‌قا جێگيير بووه‌ ، بۆيه‌ ئێمه‌ى مناڵه‌كانى هه‌موومان به‌توركمانى قسه‌مان ده‌كرد ، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا ژيينگه‌ى ده‌وروبه‌ر رۆڵى هه‌يه‌ له‌به‌كارهێنانى زمان و ئه‌وه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نييه‌ كه‌سێك به‌زمانێك قسه‌ بكات واتا له‌نه‌ته‌وه‌ى ئه‌و زمانه‌يه‌ .
له‌كۆتاييدا هيوادارم هاوشارانى خۆشه‌ويستم له‌توركمانه‌ به‌ڕيزه‌كان لێم زوێر نه‌بن له‌سه‌ر ده‌ربڕينى ئه‌و راستيانه‌ كه‌ هه‌مووى هه‌قيقه‌تى مێژووه‌ و كه‌س ناتوانێ بيانگۆڕێ ، رێزم بۆ هه‌موو پێكهاته‌يه‌كى شاره‌كه‌م هه‌يه‌ چونكه‌ هه‌ولێر ئه‌ساسه‌ن به‌و پێكهاتانه‌وه‌ جوانتره‌ ، به‌ڵام ته‌زوير كردنى مێژوو هيچكات رێگه‌پێدراو نيه‌ . ئه‌وه‌ى قسه‌كانى منيش ده‌خاته‌ ناو قاڵبى دژايه‌تى نه‌ته‌وه‌ى توركمانه‌وه‌ ، ده‌بێ ئه‌و پرسياره‌ له‌خۆى بكات ، ئايا ره‌وايه‌ به‌رپرسێكى توركمانى كه‌ به‌خێرى حزبێكى ده‌سه‌ڵاتدار هاتۆته‌ سه‌ر پۆسته‌كه‌ى باس له‌ توركمانبوونى شارى هه‌ولێر بكات و هه‌ستى زياتر له‌مليۆنێك مرۆڤ بريندار بكات ؟؟ . ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدايه‌ كه‌ توركمان نه‌وه‌ك‌ له‌هه‌ولێر به‌ڵكو له‌هه‌موو كوردستانى عيراقدا رێژه‌ى 15% ى دانيشتوانان تێپه‌ڕ ناكات ، كه‌واته‌ پێش ئه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك حوكمى ناڕه‌وا بدات ، پێويسته‌ خۆى له‌راستيه‌كانى مێژوو غافڵ نه‌كات .
وه‌كو شاعيرى گه‌وره‌ى كورد عه‌بدوڵلا په‌شێوى هه‌ولێرى فه‌رموويه‌تى :
هه‌ركات مێژوو ده‌خوێنمه‌وه
به‌هه‌ردوو ده‌ست چاوم‌ ده‌گرم
ده‌ڵێم نه‌كا له‌شه‌رما
له‌به‌ر ده‌مى دێڕێك بمرم ..
به‌ڵى ئه‌مه‌ مێژووه‌كه‌مانه‌ .‌

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.