عەبدولحەکیم زرارى
بە داخەوە دواى هەر داڕمان و ئاریشە و قەیرانگەلێکى تاقەتپڕوکێنەر کە لەلایەک دەبێتە مەترسی و هەڕەشەیەکى جیددى لەسەر ئایندەى وڵات و لاوازبوونى قەوارەکەى و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆ و پێشێڵکردنى سەروەرییەکەى لەلایەن وڵاتانەوە،و لەلایەکى تریش کاریگەرى نەرێنی دەکاتە سەر متمانەى هاوڵاتیان بە دەسەڵات و کاربەدەستانییەوە بە هۆى خراپ بەڕێوەبردنى سیستمى حوکمڕانى و وەڵام نەدانەوە بە ماف وخواست و ویستەکانیان کە دواجار سەردەکێشێت بۆ لاوازى ئینتیما و خۆشنەویستنى نیشتیمان، جا سەرەتاى دەرچەى دەربازبوون لەم قەیرانانە و گەڕانەوەى ئاسۆى ئومێد لەلاى خەڵکى، دەستەلەکارکێشانەوەى کەسانى بەرپرسە لە هەر ئاست و پلەیەکى وەزیفی بێت کە بوونەتە مایەى خوڵقاندنى قەیرانەکان و دەستەپاچەییان لە ئاست دۆزینەوەى چارەسەرى ریشەییان.
کەواتە ئەو بەرپرس و حوکمڕانانەى ناتوانن ئەداى بەرپرسیاریەتییەکانیان بەشێوەیەکى رێک مومارەسە بکەن و حکومەتیکى رەشید و تەندروست دامەزرێنن کە پایەکانى لە نێو هێنانەدى بەرژەوەندییەکانى هاوڵاتییان و خۆشگوزەرانییان داکوترابێ، کە بریتین لە دروستکردنى ژێرخانێکى ئابوورى بەهێز و پتەو و بەڕێوەچوونى دامودەزگاکانى دەوڵەت لەسەر بنەماى دامەزراوەیی و پیشەیی بوون و سەروەربوونى یاسا و یەکلایی کردنەوەى کێشەکان لە چوارچێوەى دەستوور و یاسادا، باشترین چارەسەر بۆ ئەمانە و رووسوور مانەوەیان بەرامبەر گەل و نیشتیمان، وازهێنانیانە لەو پۆستەى پێیان دراوە و دەستلەکێشانەوەیەتى لە هەر بەرپرسیارییەتیەک کە سەرچاوەى سەرهەڵدانى قەیرانەکان و ئیفلیج بوونى دامەزراوەکانە.
لە بەرەنجامى هەڵتروکانى گەراى قەیرانە یەک لە دواى یەکەکان و هێشتنەوەیان بە بێ چارەسەر و شکستهێنان لە بەرامبەر گەشەکردن و گەورەبوونیان، دەتوانین باشترین ناونیشانێک کە بدەین بەم قۆناغەى ئێستاى کە هەرێمى کوردستانى پێیدا دەگوزەرێ بریتییە لە قۆناغی هەراش بوون و گەورەبوونى قەیرانەکان، بەداخەوە لەم هەرێمەى خۆمان و لەسایەى حکومڕانییەتى بیست و نۆ ساڵەى دەسەڵاتى کوردى و لە بەرامبەر ئەو هەموو وادە و بەڵێنانەى دراون و ئەو دروشمە زەقانەى لە بۆنە جیاوزەکاندا بەرزکراونەتەوە کە تەنها ناوى بە تاڵ لە ناوەڕۆک بوون و گاڵتەکردن بووە بە عەقڵی خەڵک و هیچى ئەوتۆى لەسەر ئەرزى واقیعدا لێ سەوز نەبووە کە هاونیشتمانییان دڵیان پێ خۆش بێ و لەبەرى بحەسێنەوە، بەداخەوە لەنێو جەرگەى هەموو ئەو رووداوە ورد و درشتانەى کە ئاوساون بە قەیران و کێشە و گرفتى سیاسی و ئابوورى کە بە بێ چاکسازى کردن و چارەسەرکردن ماونەتەوە و هیچی لە بەرژەوەندى هاوڵاتیان و مووچەخۆران دانییە، کەچی ئەوەى کە روونادا و غائیبە و دواجار لەبەرژەوەندى هاوڵاتییانە، بریتییە لە دەستلەکارکێشانەوە وەکو دیاردە و مۆدیلێکى سیاسی تەندروست لە کاتى قەیران و شکستەکاندا، دیارە لاوازى یان نەبوونى کەلتوورى دەستلەکارکێشانەوە تا ئاستى گاڵتە پێهاتن لەلایەن کاربەدەستەکانەوە ئەوانەى رێشمەى گەورە و بچووکى جومگەکانى حکومڕانى ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە لە هەموو ئاستەکانى ئیدارەداندا هەر لە بەڕێوەبەرى ناحییەکەوە بگرە تا دەگاتە بەرزترین پلەى هەڕەمى ئیدارى، هەروەها نەبوونى پێشینەى دەستلەکارکێشانەوە لە مێژووى حکومڕانی هەرێمدا لە ناو نوخبەى حوکمڕانان بەرامبەر کەمتەرخەمییەکان و چاوپۆشی لێکردنیان، واى کردووە هەستى لێپرسراوەتى و خەمخۆریان و خۆنەویستیان لەلا کاڵ ببێتەوە و ترسی ئەوەیان نەبێت کە رۆژێک رووبەرووى دادگا و لێپرسینەوە دەبنەوە، ئەمەش بێگومان زیاتر خستووینیەتە نێو قوڕ و لیتاوى گەندەڵی و پیسخۆرى و دەربەستى هیچ لێپرسینەوە و سزادانێک نەبن و بەردەوام بن لە کارە بەد و بەرژەوەندخوازییە تایبەتییەکانیان و زیاتر و باشتر لە هەوڵی توندترکردنەوەى تۆڕى بەیەکەوەبەستنى گەندەڵییەکانیان بن و سامان و دەسەڵاتیش بۆ قازانجی کەسی خۆیان بەکاربهێنن.