ئیبراهیم محمد
خەڵک بەگشتى و مووچەخۆران بەتایبەتی باش دەزانن بەم حاڵەى ئێستاوە، قوتیان لەدەستێکی ئەمین و شارەزادانییە، یاریکردن بەقوتى خەڵکەوە پێدان و نەدانى مووچە دڵەراوکێیەکى زۆرى لاى خەڵک دروست کردوە، بۆیە کاتێک دەوترێت مووچە لەبەغدادەوە دێت هێشتا بەدگومانى و دڵەراوکێ نارەوێتەوە، چونکە بە ئەزمون دەرکەوت یاریکردن بەمووچەوە تا ئاستێکى مەترسیدار روویداوە.
ئەم بەغدادەى ئێستا خۆمان رۆڵمان هەبوو لەدروستکردنیدا، بەردەوام شاندى کوردى لەوێیە، جگە لەوەش چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسى حکومى کوردن و مووچەیان لەبەغدادە، تەنانەت سەرکردەکانى وەک مام جەڵال و کاک مەسعودیش موچەیان لەبەغداد بووە، ئیستا بۆچى ئەبێت مووچەخۆرانى کوردستان شەرم بکەن لەوەى داوابکەن مووچەکەیان لەبەغدادەوە راستەوخۆ ببسرێتەوە لەرێگەى بانکەوە وەریبگرن، مادام ئێمە مووچەکەمان هەر لەبەغدادە، با ئەو ئەرکە لەسەر حکومەتى هەرێم سوک بکرێت، هەقە سەرۆک کۆمار و پەرلەمانتارە کوردەکان بێ سڵەمێنەوە کار لەسەر ئەوە بکەن مووچەى هەرێم راستەوخۆ ببەسرێتەوە بەبەغدادەوە.
جەنابی سەرۆک کۆمار هەقە بێتە دەنگ لەسەر ئەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم نادرێت و هەر جارە بەبیانووییەک دوادەخرێت، یان پاشەکەوت دەکرێت و رەوانەى وێڵ دەکرێت، پەرلەمانتارەکان کە دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستانیان هەیە هەقە بەجیا لە دیدى حزبایەتیەوە لەسەر ئەم پرسە بێنە دەنگ، چونکە مادام ئێمە مووچەکەمان هەر لەبەغدادەوە دەنێردرێت، هیچ خەوشێکى تیانییە لیستى مووچەخۆران پاکبکرێتەوە لە دوو مووچەو سێ مووچەو بندیوار، هەق وایە کۆدەنگى فەرمانبەران بۆ ئەم داوایە دوور لەمزایەدەى سیاسى بێت و لەباتى ئەوەى دۆخى هەرێم لەوە زیاتر ئاڵۆزبکرێت و لەباتى ئەوەى لەسەر سفرەى خاڵى بەدیار هات و نەهاتى مووچەوە دانیشن، کۆدەنگى بۆ ئەو خواستە دروست بکەن و شاندى خۆیان بنیرنە بەغداد تاراستەوخۆ لەدۆخى بژێویان بکۆڵنەوە. ئەرکى هەموو هاونیشتمانیەکى دڵسۆزەبۆ ڕزگارکردنی ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی کورد، کە ژیانیان لەوەزعێکی خراپدایە، هاوکاربن بۆ ئەوەى کۆتایى بەم وەزعە نالەبارە بهێنن.
هیوادارم کەس لەوەنەسڵەمێتەوە موزایەدەى گەندەڵکاران کاریگەرى نەبێت لەسەر هەوڵەکان چونکە بەدڵنیاییەوە تاک بەتاکی کورد پشتیوانی هەر هەوڵێکى لەوجۆرەیە ،ئەو پەڕی مەردایەتیی و ئینسانییە هەرکەسێک ئەم پرسە بجوڵێنێت.
ئێستا دروشمەکان لەنەبوونى مووچە کاڵ بوونەتەوە، بەڵێنەکان چونەتەخانەى لەبیرکردنەوە، ئەوەى گرنگە خەڵک چاوەرێى فریادڕەسێکە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کورد لەم دۆخە قوتار بکات، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتایەکیش دەبێت بۆ راستکردنەوەى خوارو خێچیەکان و بەئاراستەى چاکسازى دەبێت، چونکە ناکرێت بروابەوە بکەین خەڵک ئەتوانن تاسەر بەم دۆخە ژیان بەرنەسەر.