ئامانج هەرتەلى
زۆر کەمن ئەو ڕێبەرانەی لەناو گەلێکی چەوساوەدا دەردەکەون، ماوەیەکی درێژ بمێنەوە و درێژە بەخەبات بدەن و نەکەون و لەبەردەم دوژمندا وەک چیا بۆ پارێزگاری لەگەلەکەیدا بمێنێتەوە، نەوشیروان مستەفا بەیەکێک لەو ڕێبەرە مەزنانە دادەنرێت کە هەرگیز بۆ دوژمنانی گەلەکەی چۆکی دانەداوە، بەڵکو هەمیشە بێ ترس و سڵەمینەوە بەرگری لەگەلەکەی کردوە.
لەتەواوی کوردستان هەمیشە کوردانی لەهەرچوار پارچەدا وەک ڕۆڵەی یەکپارچە بینیوە، کوردستانیشی بۆ هەموان وەک یەکبینیوە، هەرگیزیش بەهیچ کوردێکی پارچەیەکی تری نەوتوە ئەم پارچەیە موڵکی تۆنییە، لێرە بڕۆ، بەڵکو هەمیشە هەموپارچەکانی وەک یەک بەشی کوردستان بینیوە بۆ هاونەتەوەکانی خۆی.
ئەوەی جێگای تێڕامان و سەرنجە لەسەر ئەم ڕێبەرە هەرگیز لەپشتەوە قسەیەکی نەکردوە و لەبەرامبەری قسەیەکیتر، بەڵکو هەمیشە ئەو قسەیەی لەناخی دابوە بە بەرامبەری وتوە، نەشترساوە بەرامبەری کاردانەوەی چۆن دەبێت، یەکێک لەو هەڵوێستانەی نەوشیروان مستەفا، وەک مامۆستا عبداللە حسن زادە بۆمان باس دەکات و دەڵێت: ((نازانم بیستوتانە یان نا، ئەو ئازایی و ئازادییەی لەکاک نەوشیرواندا هەبو، جارێک لە کرماشان دەبێ، دیداری دەبێت لەگەڵ مقاماتی ئێرانی، لەزمنی باسەکان لێی دەپرسن دەڵێن؛ ئێوە ناترسن ئێمە معامەلەتان لەسەر بکەین، کاک نەوشیروانیش دەڵێ معامەلەی چی؟ دەڵێن مەسەلەن ئێمە ئێوە بدەینەوە بەسەدام و سەدامیش مجاهیدین بداتەوە بەئێمە، کاک نەوشیروانیش دەڵێت: سەدام حسین بێ ئەخلاقی واناکات، خۆدوژمنی سەدام حسێن بو، کەس تۆمەتی ئەوەی لێنەدەدا، کەدوژمنی نییە، بەڵام دەیهەوێ بە ئەوان بڵێ ئێوە بێ ئەخلاقن)).
ئەگەر قسەی مامۆستا عبداللە لەسەر کاک نەوشیروان، جوانتر ڕونی بکەینەوە دەگەینە ئەو حەقیقەتەی کە نەوشیروان مستەفا هەرگیز ئازادی خۆی نەداوەتە دەست دوژمن و بە لەرزۆکی مامەڵە بکات، لەکاتێکدا ویستویانە لە کاتی گفتوگۆکاندا لەڕێگای ئەم قسەیەوە سازش بەم ڕێبەرە مەزنە بکەن، بەڵام لەڕێگای ئەوەی کە ئێمە هاتوین گفتوگۆ بکەین بەڵام ئەو بێئەخلاقیەش لە دووژمنمان دەبینین کە لەهەرساتێکدا لەکاتی دانوساندا دەتوانن مامەڵەمان پێوەبکەن، بەڵام لەوێ ئازایانە ڕوبەڕویان دەبێتەوە. ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە لەکەم ڕێبەری کوردا بەدی دەکرێت.
هەروەها د.محمود عوسمان سەبارەت بە ئازایەتی نەوشیروان مستەفا لەکاتی گفتوگۆ کردن لەکاتی نوسینەوەی دەستوری عێراقدا دەڵێت ((ئێمە لەبەغدا لەمەجلیسى حوکم بەیەکەوە بوین، مام جەلال ئەندام بو، کاک نەوشیروان جێگری مام جەلال بو، زۆرجار مام جەلال لەوێ نەبو، کاک نەوشیروان ئامادە دەبو، زۆر بەڕاشکاوی بۆ چونی خۆی دەدا، لەکەس نەدەترسا، لەگەڵ بریمەر و شیعەکان و لایەنەکانی تر بۆچونی زۆرباش بو، ئەو پێداگری دەکرد لەسەر مافی چارەنوسی گەلی کورد وەک نەتەوە.)).
هەمو ئەم هەوڵانەی نەوشیروان مستەفا دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەرگیز قبوڵی هیچ سازشێک نەبوە، بۆ ئەوەی نەتەوەکەی بخاتە گێژاوێکی گەورەوە کە ئەستەمبێت دەرچێت، وەک د. محمود ئاماژەی داوە بۆمان؛ هێز و لاینەسیاسیەکان لەبەرامبەر مافی چارەی خۆنوسین چەندین ساڵ لەدوای بیر و فکری نەوشیروانەوەن بەوەی دوای چەندین ساڵ دێن ریفراندۆمێکی شکست خوارد و دەکەن و نیوەی کوردستان لە شەو و ڕۆژێکدا دەدۆڕێنن.
نەوشیروان مستەفا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بکات و نەهێڵێت بەئاسانی بکەوێتەوە دەست عەرەب و شوناسی کوردبونی بۆ هەتاهەتایە هەرپێوەبێت، ڕێگا دەگرێت لەوەی زیاتر دەست بەسەر خاکی کوردستاندا بگیرێ لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، نەوشیروان مستەفا چەند جارێک بۆ ئەم مەبەستە سەردانی سەری ڕەش دەکات بۆلای بارزانی، کە لەلایەن نەیارەکانییەوە بە تەنەزولکردن دادەنرا، وەک خاڵێکی لاواز دەبینرا، بەڵام کەس باس لەو هەوڵانەی نەوشیروان مستەفا وەک ڕێبەرێکی خەمخۆر بۆ نەتەوە و نیشتمان شی نەکردەوە، بەشێوەیەکی ڕون ئەو هەڵوێسته مەردانەیەی ئەم ڕێبەرە ئاشکرا نەکرا بۆخەڵک، لێرەدا لەزاری مامۆستا ئەبوبەکر هەڵەدەنی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ئەم شکۆمەند و خەمخۆری ئەم ڕێبەرەتان بۆ دەخەینەڕو، ئەبو بەکر هەڵەدەنی دەڵێ: سەردانی کردنی کاک نەوشیروان مستەفا بۆ لاى کاک مسعود لە سەری ڕەش بۆ دوو پرسی گرنگ بوو.
یەکەمیان/ پرسی بەنیشتمانی کردنی هێزی پێشمەرگە، ئەو سەرژمێری کردبو، چەند کۆلێژی پۆلیسمان هەیە، ساڵانە چەند ئەفسەر دەردەچن، ئەمانە لەگەڵ وتەی خۆی کە ساڵانە ۸۰ هەزار گەنجی کورد دەبنە ۱۸ساڵی، ئێمە دەتوانین لەمانە کرۆکی سوپایەکی نیشتمانی پێکبێنین. لەبری ئەو هێزە حیزبییەی ئێستا.
دووەمیان/ پرسی ناوچە دابڕاوەکان بو، ئەو ڕای وابو لە جەلەولا و خانەقین تاکو شەنگال بێین کۆمەڵگا درووست بکەین، لەهەر چەند کیلۆمەترێک کۆمەڵگایەک دروستبکرێ، کۆمەڵە خەڵکێکی بۆ ببەین، خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکان و کوردی پارچەکانی تری کوردستان، ئیتر لەوێدا ئەوان ئاسایش و فەرمانبەربن، ئەو کۆمەڵگایە هەمو خزمەتگوزاریەکانی تێدابێ، لە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە…..هتد، هەتاهەتایە تۆ ئەم ناوچانە دەپارێزی و بێ ئەوەی جارێکیتر بکەوێتەوە دەست حکومەتی عێراقی، وەک خۆی گوتەنی هەرسەرچاوی بۆکراو وەڵامی پڕۆژەکەی نەدرایەوە.
بیرکردنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم جۆرە حکومڕانییە، دروست کردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبون، لەلایەک ناوچەکانی کوردستانی دەپاراست لە تەعریبکردن و ژمارەی کوردی لەم ناوچەیە زیاد دەکرد و دەیخستەوە سەر هەرێمی کوردستان و تێکەڵاوی لەنێوان کوردانی پارچەکانی تری کوردستان دروست دەبو، هەروەها واشی دەکرد کە کوردستان موڵکی هەموتاکێکی کوردە، لە لایەکیتر هەرێمی کوردستانی لە مەترسیەکانی حکومەتی عێراقی دەپاراست.
بەڵام ئەم بیرۆکە باشەی نەوشیروان مستەفا، نەک لەبیرکرا، بەڵکو هەمو ئەم ناوچانە بەهۆی بەرژەوەندی باڵای حیزبی و خۆدەوڵەمەند کردن و فرۆشتن و تاڵانکردنی نەوت، خۆ بەپاڵەوان کردنی چەند کەسێک لە ریفراندۆمێکی شکستخواردودا، بێ لەبەرچاوگرتنی خوێنی ئەم هەمو شەهیدانەی لە پێناوی پاراستنی ئەم ناوچانە خوێنیان ڕشت، لەدەستدرا و بۆ هەتاهەتایە لە دەست گەلی کورد چوو.
هەریەکێک بە ئەندازەی ڕوبعێکی ئەم ڕێبەرە بیری لە نیشتمان کردباوە، تەنها بۆ جارێک بەرژەوەندی خودی و حیزبیان فەرامۆشکردبا لەپێناو بەرژەوەندی گەل و نیشتمان، ئێستا خەڵکی کوردستان برسی نەدەبو، چاویان لەدەستی عەرەبێک و نەوتی خەڵکی بەسڕا نەدەبو بۆ موچە، لەکاتێکدا کەس نازانێ داهاتی ئەم هەرێمە لەکوێیە.
ئەم چەند پرسانەی سەرەوە هەڵوێستی ڕێبەرێکی ناوازەی گەلێکە، لەپێناوی گەل و نەتەوەکەیدا کردونی، لەپێناوی ئەوەی تاکی کورد ئازادبێت و لەنیشتماندا بە ئازایی بژی، بەڵام لەسەر هەمو ئەو هەوڵانەی ئەم ڕێبەرە ناوازەیە، کە بۆ ئەم هەرێمە داویەتی، ئەوانەی دژی ئەوەن تاکی کورد شکۆی هەبێت و هەمیشە لەگەڵ ئەوەن لەبەردەم دوژمندا زەلیلبێت، دژی بیر و بۆچونەکانی نەوشیروان مستەفابون، ئەم هەموو دوژمنایەتیەی ئەوانە بۆ بوچونەکانی نەوشیروان مستەفا و سەپاندنی کاروکرداری خۆیان بەسەر کوردستان وایکردوە، تاکی کورد ئاوات بەژیانی سەردەمی دوژمنێکی وەک سەدام حسین بخوازێ.
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ، کەهیچیان ڕاستگۆنەبونە لەگەڵ بنەماکانی شۆڕش، بەڵکو بنەماکانی شۆڕش بریتی بوە لەشکاندنی شکۆی تاکی کورد و زەلیل کردنی لەبەردەم دوژمن، نەوەک تاکێکی ئازا و ئازادی کورد.
بنەمای شۆڕشی ڕاستەقینە تەنها لە کەسایەتی نەوشیرواندا بەڕونی بەدیدەکرێ، کە دونیانەویستی بۆ خۆی و شکۆ و کەرامەت بۆ تاکی کورد و سەربەخۆیی بۆ نیشتمانی کوردانی دەویست.