نەوشیروان مستەفا موڵکی گەلێک نەک بزوتنەوەیەک

لەلایەن ستاندار Posted on 242 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

لەدوای سێ ساڵ کۆچکردن و لە سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕەوانشاد کاک نەوشیرواندا دوو ڕاستی زۆر سادە :

۱- تەنها یەک ڕۆژ ڕۆژی ئەو و یادی ئەو نیە بەڵکو ئەو بۆ هەمیشە و بەردەوام لە یادەوەری تاکی کورد زیندوەو یادی ئەوە .
۲- نەوشیروان مستەفا موڵکی تەنها لایەنێک و شۆڕشێک و پارچەیەکی نیشتمان نیە و موڵکی هەموان و هەرچوار پارچە و گەلێکە .

یادی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە یەک ڕۆژدا کورت ناکرێتەوە و کۆتایی نایە، تەنها ڕۆژێک یادی ئەو نیە . هەرکەس دەتوانێت ئەو ڕاستیە بزانێت هەموو ڕۆژێک ڕۆژی ئەوە و یادی ئەوە . وەک چۆن هەموو ڕۆژێک ڕۆژی نیشتمانە بەڵام دەکرێ لەنیشتماندا ڕۆژێک هەبێت بۆ ئازادی و سەربەخۆیی .
نەوشیروان مستەفا ئەو پیاوەی ڕۆژی لە دایک بوونی هەیە، وەک چۆن ڕۆژی کۆچی دوایی هەیە، بەڵام ڕۆژێکی تایبەت نیە بەیادی ئەو، چونکە ئەو بۆ هەمیشە لە یادو یادەوەری هەرتاکێکی کورد، هەر ئازادیخوازێک، هەر شۆڕشگێڕێک و هەرتاکێکی خوێندەوار و هۆشیار دەمێنێتەوە .
کەسێک ڕۆژی یادی دەبێت تەنها لە ڕۆژێکدا بیر خەڵک بێتەوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا مێژوویەکی تۆمار کرد کە هەموو ڕۆژێک ببێ بە یادی ئەو و ببێ بە یادەوەری .
سەیرکەن لەدوای کۆچی ئەو چەند ڕوداوگەلێک ڕویان داوە، لە هەر ڕوداوێکی سیاسی، ئابوری، سەربازی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگی و پێکەوەیی کەچی ئەو چەند ساڵ پێشتر قسەی لەسەر کردوە و پڕۆژەی بۆ هەبوە . بۆیە دەکرێت بۆ هەر ڕوداوگەلێک بگەڕێینەوە بۆ وتەکانی، نوسینەکانی، یادەوەریەکانی .
ئەو لە زەمەنی خۆیدا پێشبینیەکانی بۆ داهاتوو کوردەواری گوتەنی وەک نەخشی سەر بەردبوون .
هەموو ئەمانە بۆ ئەبەد و لە هەموو ڕۆژێکدا بە زیندویی دەیهێڵنەوە ئەو بوو بە دەستورێکی سیاسی بۆ هەر پێشهاتێک دەبێت بۆی بگەڕێینەوە .

پێشەنگی کردی بە موڵکی هەموان
نەوشیروان مستەفا چۆن بۆخۆی نەژیا، ئاواش تەنها موڵکی شۆڕشێک و بزوتنەوەیەک و تەنانەت یەک قۆناغی مێژووییش نیە ودەتوانین بڵێین سنوری نەتەوەو گەلێک تێدەپەڕێنێ .

٭ کەسایەتی نەوشیروان مستەفا لە گۆشەنیگای نوسەرێک وەک مێژوو نوسێک و توێژەروکۆمەڵناسێک سنوری هەرێمێک و نیشتمانێک تێدەپەڕێنێ و دەبێت بە موڵکی مرۆڤایەتی .
ئەو بە نوسینەوەی مێژوو و لێکۆڵینەوە لە مێژوو و ئەدەبی کۆنی ناوچەکە و نوسینەوەی قۆناغێکی گرنگی مێژوو کە خۆی کاراکتەری سەرەکی و ڕابەری بەشێکی بوە، دەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ و پڕ بە پێز بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی شارستانیە کۆنەکان و مێژووی نوێ و هاوچەرخ .

٭ نەوشیروان مستەفا تەنها موڵکی بزوتنەوەی گۆڕان نەبوو بەڵکو بزوتنەوەی گۆڕان موڵکی ئەو بوو وەک دوا پڕۆژەی سیاسی و بە پێی پێویستی ئەم قۆناغەی هەرێم و ناوچەکە پێیدا گوزەری دەکرد . هەڵەیەکی گەورەیە و بێ ویژدانی و لێدانی بە ئەنقەست و بێ ئاگاییە لە سنوردارکردن و ناوهێنان و ناو لکاندنی تەنها بە بزوتنەوەیەکەوە . کەواتە ئەو موڵکی گۆڕان نەبوو بەتەنها بەڵکو موڵکی میلەتێک بوو وەک چۆن کاک نەوشیروان تەنها خاوەنی گۆڕان نەبوو بەڵکوو خاوەنی چەندین پڕۆژەی تر بوو .

٭ نەوشیروان مستەفا تەنها ڕابەری شۆڕشێکی چەکداری و ئەندازیارێکی ڕاپەڕین نەبوو، بەڵکو ئەو پشتیوانێکی سەر سەختی نوسەران و بیری ئازادبوو، وەک چۆن ڕابەری بیری بەگژداچونەوەی گەندەڵی و نادادی و نا یەکسانی بوو ، ئاواش ڕابەری بیری ئۆپۆزسیۆن بوون و دەنگی ئازاد و گێڕانەوەی متمانەو قورسایی دەنگدەر بوو . ڕابەری گێڕانەوەی مافی مافخوراوو هەژاران بوو نازناوی باوکی هەژاران لە لایەن هەژاران و مافخوراوانی کوردستان لەدوای کۆچی دوایی گەواهی دەری ئەم ڕاستیەن .

٭ خەبات و شۆڕش و بیری ئەو، گشتگیر و فراوان بوو . خەم و ئومێدی ئەو بۆ ئازادی و ڕزگاری بێ سنور بوو. نیشتمان و شوێنی خەباتی ئەو فراوان بوو پارچەیەک و دووان نەبوو زێتر بوو .
ئەو موڵکی میلەتێک بوو بۆیەش پڕۆژەکانی بۆ میلەتێک بوو دوا پڕۆژەی لە بواری( سیاسی ، ڕاگەیاندن ، ڕۆشنبیری و فەرهەنگی) بۆ خەڵک و بۆ هۆشیاری گشتی بوون نەک تایبەت و خودی . وەک چۆن خەمی میلەتێک موڵکی ئەو بوو .
٭ ڕابەری شۆڕشی گەل و ڕزگاری نیشتمانی وسەرکردەو ڕابەری شۆڕشی مەدەنی، پێشەوای بەگژداچونەوەی گەندەڵی و جێگە ئومێدی بیری ئازادیخوازی
ڕابەری کاروانی بەدیهێنەری دادی کۆمەڵایەتی
ڕابەری شۆڕشی هۆشیاری بۆ هەمیشە (نەخێر ) ەکەی تۆ بەڕوی زوڵم و ستەم پەیڕەو دەکرێت و ڕێباوەڕەکەت بۆ ئەبەد بە زیندویی دەمێنێتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.