دەسەڵاتی کوردی قوربانی بە کامیان دەدات

لەلایەن ستاندار Posted on 231 جار بینراوە

خدر علی

مێژوو و تەمەنی قەیران و نەهامەتی هەمان تەمەنی کوردە ، بەواتایەکی تر کورد و کارەسات و ماڵوێرانی و قەیران دووانەن ،هیچیان پێش ئەوی تر لەدایک نەبوون ، ڕاستە ئێمەی کورد خاوەن فەرهەنگێکی قوڵ و درێژی حوکمداری نین ، بەڵام کۆمەڵگەیەکین خاوەن وزە و خەڵکانی شارەزا و بە تواناین ، خاوەن وڵاتێکی دەوڵەمەندین ، ڕەنگە هەڵە نەبێت کە بڵێین حیزبەکانی کوردی، بەتایبەت حیزبە حوکمڕانەکانی کوردی زۆر لە دواوەی کۆمەڵگا و هاوڵاتیان و وڵاتەکەیانەوەن ، نەیان توانیوە نەک پێش کۆمەڵگاکەیان بکەونەوە ، بەڵکو نەشیان توانیووە هاوئاست و هاوشانی کۆمەڵگەکەی خۆشیان بڕۆن ، دوای ڕزگارکردنی کوردستان و بونیاتنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پارتی و یەکێتی هەیکەلبەندیەکی حوکمڕانی وایان بونیاتنا نەک لە ئاست چاوەڕوانی و قوربانیە گەورەکانی کۆمەڵگای کوردیدا نەبوو ،تەنانەت نەشیانتوانی مۆدێلکی حوکمڕانی وا بونیات بنێن لانی کەم شتێک جیاوازتر بێت لە مۆدێلەکانی دەوروبەریان ، لەگەڵ هەنگاوە سەرەتاکانی دەست پێکی دەسەڵاتی کوردی بەشێک لە نەهامەتی و ماڵوێرانی لەدایک بوون ، با لەبابەتی شەڕی نەگریسی ناوخۆ گەڕێین ، با لەبابەتی دەخالەت پێکردنی دوژمنەکانی خۆمان گەڕێین ،با لە ئاودیو کردنی ئالەت و ئامێرەکانی ژیانی و ژیاری کۆمەڵگا گەڕێین کە ئاودیوی ئێران و تورکیا کران ، با لە بابەتی ژن کوشتن گەڕێین ، با لە بابەتی مەرگەساتی نەوەکانی دواڕۆژمان گەڕێین لەڕێگای هەندەران ، با لەبابەتی هەڵاتن و ڕۆیشتنی مامۆستایانی زانکۆ و عەقڵمەندەکانی ئەم وڵاتە گەڕێین کە ناچار بە ڕۆیشتن کران بەرەو وڵاتانی دەرەوە ، بە کورتی و کرمانجی با لە هەموو ئەو ماڵوێرانی و نەهامەتیانە گەڕێین کە دەسەڵاتی کوردی بەشێک بووە لە خوڵقاندنیان ، ئەوەی ماتەوە ئەمڕۆ ئەوەیە ، ئایە دەسەڵاتی کوردی کەرتە ژیار و ژیانیەکان ، کەرتە خزمەتگوزاریەکان کە بریتین لە پەروەردە و تەندروستی و کۆی کەرتە خزمەتگوزاریەکان دەکاتە قوربانی خانەنیشنانی ناشەرعی و بندیوار و پاسەوانانی ئەوەی باسیانکرد (پاسەوانانی باخەکان و بەردەرگای باخەکانی بەرپرسانی) ، دەیانکاتە قوربانی بۆ کەناڵە زۆر و زەوەندەکانی حیزب ، دەیانکاتە قوربانی کۆمپانیا و ڤێلا و بازاڕچەکانی بەرپرسەکانی ، یاخود نا بە فێعلی ژیانی کارمەندانی کەرتە ئەساسی و بنەڕەتیەکانی حوکمداری و کۆمەڵگا هەڕەشەیەکی زۆر جدی لەسەرە ، بۆیە وا پێویست دەکات کۆی بەرژەوەندیە ئابوریەکانی حیزب و بەرپرسانی حیزبی بکرێنە قوربانی نەکەوتنی کۆمەڵگا و دامەزراوەکانی حکومەتی کوردی و کۆمەڵگای کوردی ، کۆی بندیوار و خانەنشینی ناشەرعی و کەناڵە زۆر بێکەڵکەکانی حیزب دەکاتە قوربانی لە پێناو ژیان و دواڕۆژی ڕۆڵەکانی خانەوادەی شەهیدان و پاشماوەی ئەنفال و کیمیاباران ، ڕۆژانی دادێت وەڵامی هەموو ئەمانەمان لە دەسەڵاتی کوردی دەست دەکەوێتەوە ، دەسەڵاتی کوردی و کۆمەڵگای کوردی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان ، هەمومان تەمەننا دەکەین حیزبەکان ئەوەی هەیانە بیکەنە قوربانی دواڕۆژێکی پڕشنگدار و بە عزەت بۆ هەرێم و کۆمەڵگاکەمان……..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.