مامۆستایانی ناڕازی بۆچی ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 318 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

پەروەردەو فێرکردن کۆڵەگەی سەرەکی و عاملی یەکەمی بەرەو پێش چوونی کۆمەڵگاو بونیادنانی ووڵاتێکی پێشکەوتووە ئەگەر بمانەوێ بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی سەقامگیربکەین، هەروەکو چۆن ئەڵمانیا لەدوای جەنگی جیهانییەوە یەکەم هەنگاوی بونیادنانەوەی قوتابخانەو ناوەندەکانی فێرکردن و زانست بوو، لەو ڕێگایەوە توانی هەموو ئەو کاولکاری وداڕمانەی کە سەرجەم سێکتەرەکانی دەوڵەتی گرتبووەوە بەپێی قۆناغەکان ببوژێنێتەوە برەویان پێ بدات.
ئەگەر بێینەوە سەر هەرێمی کوردستان لەدوای دەیان ساڵ شەڕو کاولکاری و داڕمانی سەرخانی ئابوری ، ئەوەبوو لەدوای ڕاپەرین و دوای پێکهێنانی حکومەت و دام و دەزگا ڕەسمیەکانی ،بوارێکی باش بوو کە حکومەت هەوڵ بدات لەپاڵ ئاوەدانکردنەوەوگەشەپێدانی ئابوری ووڵات ئاوڕێکیش بە پرۆسەی خوێندن و مەڵبەندەکانی زانست بداتەوە و بە بەرنامەیەکی تۆکمە بەپشت بەستن بە ئەزمونی ووڵاتانی پێشکەوتوی جیهان گەشە بە کەرتی پەروەردە بدات و لەئەجندای یەکەمی کابینە یەک لەدوای یەکەکاندا بوایە. بەداخەوە ئەوە نەکرا ، هەرچەندە لەوبوارەدا هەندێ هەوڵی سەرەتایی درا وەک دروستکردنی بینای قوتابخانەو کردنەوەی دەیان زانکۆ و ناوەندی دیکەی فێرکردن، بەڵام هەموو ئەو هەنگاوانە چونکە بەپێی دراسەو بنەما زانستیەکان و ستاندەرە جییهانیەکان بونیاد نەنرابوو، نەیتوانی ببێتە هۆی گەشەکردنی کەرتی پەروەردەو بەرزکردنەوەی ئاستی فێرخوازان بەشێوەیەکی زانستی.
خاڵێکی دیکە کە حکومەتی هەرێم گرنگی پێ نەدا ژیان و گوزەران و شکۆی مامۆستایانە کە کۆڵەکەی سەرەکی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنە، لەووڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان ئەوەندە گرنگی بە مامۆستایان ئەدرێت بەجۆرێک کە ژیان و گوزەرانی مامۆستا لە سەرجەم چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا زیاترە ،چونکە ئەوان پێیان وایە هەموو ئەو توێژانە پەروەردەی دەستی مامۆستان بۆیە ناکرێت ژیان و گوزەرانی مامۆستا گرنگی زیاتری پێ نەدرێ،جگە لەوە هەر بەیاسا شکۆ و حورمەتی مامۆستا پارێزراوەو کەس ناتوانی لەگوڵ کاڵتریان پێ بڵێت، ئەوان پێیان وایە بەرەو پێش چونی ووڵات و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو تەنهاو تەنها گرنگیدانە بە مامۆستاو کەرتی پەروەردە.
بەڵام بەداخەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەعێڕاق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی جگە لەوەی مامۆستا هەژارترین توێژی کۆمەڵگایە ، کەچی ڕۆژانەو بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سوکایەتیشی بەرامبەر ئەکرێت و شکۆیان لەکەدار ئەکەن ، بێ ئەوەی هیچ یاسایەک هەبێت کە ڕێگری لەو بێ حورمەتیە بکات کە دەرحەق بە مامۆستا ئەکرێت.
هەر بۆیە هەستکردن بەو بێ حورمەتییەو بەو سزا ئابورییەی کە ئەخرێتە سەر مامۆستا بە روبعە مووچەو پاشەکەوتەوە، هەروەها هەستکردن بەوەی کە دەسەڵات بە بەرنامە ئەیەوێ کۆمەڵگایەکی داروخاو و نەوەیەکی خاڵی لە زانست و مەعریفە بۆ داهاتوو بەرهەم بهێنن ، هەستکردن بەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک و مەترسی لەدەستدانی ئەو کیانەی کە بەخوێنی سەدان هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە بەدەست هاتووە وا خەریکە لەنەمانێکی حەتمی نزیک دەبێەتەوە، هەر بۆیە مامۆستایان کە هەمیشە پێشەنگ و سەرقافڵەی شۆڕش و بەرخودانەکانی ئەم میللەتە بوونە، بڕیاریاندا سنورێک بۆ دەسەڵات دابنێن، هەر بۆیە لەژێر دروشمی گەڕانەوەی شکۆ بۆ مامۆستایان و دابینکردنی ژیانێکی باش و شایستە بۆ خەڵکی کوردستان لە ساڵی 2015 بەدەنگێکی بەرزو زوڵاڵ هاتنە سەر شەقام و دەستیان بەخەباتی مەدەنی کردو تاکو ئەمڕۆیش ئەو خەباتە درێژەی هەیە بۆ ئەو مەبەستەیش لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکانیش وەک کەرکوک، چەندین دەستە بەناوی مامۆستایانی ناڕازی دامەزرا، هەرچەندە دەسەڵات بەشێوازێکی زۆر ناشارستیانە روبەڕوی مامۆستایان دەبنەوەو جگە لەگرتن و زیندانیکردنیان و چەندین بوختیان کە گوایە دەستی لایەنەکانی لەپشتەوەیە، بەڵام هەموو ئەو ڕێگریانە نەک نەیانتوانیوە کۆڵ بە مامۆستایان بدەن بگرە جۆش و خرۆشی مامۆستایان رۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر ئەبێت و وا خەریکە ئەگاتە هەموو ئەو ناوچانەی کە دەسەڵات نەیدەهێشت دەنگی بەرزو ئازای مامۆستایان بەرز ببێتەوە.
لەکۆتاییدا ئێمەی هەڵگری پەیامی زانست و خەمی خاک و نەتەوەو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو هەروەها بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیارو خاوەن ئیرادە بۆ داهاتوو بەردەوام ئەبین لەخەباتی مەدەنی و هیچ هێزو دەسەڵاتێک ناتوانێ رێگری لەو شەپۆلە بکات و دەنگە ئازادەکان کپ بکات.
پەیامی ئێمەی مامۆستایان ڕونەو ئاشکرایە جگە لەبەرگریکردن لە داخوازیەکانی خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان و فەراهەمکردنی نان و ئازادی هیچ خواستێکی شەخسی و پشتی پەردەمان نییەو نابینە ئەجندای هیچ کەس و لایەنێکی سیاسیش، ئەوەی هەمانەو پشتی پێ ئەبەستین تەنها خۆڕاگری مامۆستایان و دڵسۆزانی ئەم ووڵاتەیە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.