ستاندەر
لە چوارچێوەی فشارەكان بۆ ئازادكردنی “بەدەل بەرواری” مامۆستا و چالاكی خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردووی دهۆی 11 پەرلەمانتاری كوردستان داوای ئازادكردنی ناوبراو بە زوترین كات دەكەن.
11 پەرلەمانتارەكەی كوردستان رایانگەیاندووە مامۆستا بەدەل بەرواری بە ناهەق لە زیندان هێڵراوەتەوە كە “تۆمەتی دەستگیركردنەكەی و هێشتنەوەی لە زیندان دا، تەنها ئەوەیە بەرگریی لە مافی خۆی كردوەو ناڕەزایی بەرانبەر بە دواكەوتنی موچەكەی دەربڕیوە.”
لەبەشێكی راگەیەنراوەكە هاتوە”ئێمەی پەرلەمانتاران كە لە خوارەوە ئیمزامان كردوە، داوادەكەین كە پێویستە وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەم مامۆستایە ئازادبكات و چیتر بەتۆمەتی ناڕەزایی دەربڕین و رێپێوانی هێمنانە، مامۆستایان و چالاكوانان دەستگیرنەكرێن و تۆمەتی بێبنەمایان روبەڕو نەكرێتەوە.”
داواشیان لە لیژنەكانی مافی مرۆڤ و ناوخۆ و پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە، لە خەمی پاراستنی گیانی مامۆستا “بەدەل بەرواری”دا بن و چیتر بێدەنگ نەبن بەرانبەر بە هێشتنەوەی ناوبراو لە زیندان.
راگەیەندراوەكە ئیمزای ئەم پەرلەمانتارانەی لەسەرە:
سیپان ئامێدی
سۆران عومەر
دیاری ئەنوەر
ئەبوبەكر هەڵەدنی
گۆران عومەر عەلی
د. شێركۆ جەدەت
هەڵز ئەحمەد
مژدە مەحمود
جەلال محەمەد
ڕوپاك ئەحمەد
دابان محەمەد