بەستنی دەمی پەرلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 266 جار بینراوە

عومەر عەلی محەمەد
پەرلەمان پێکھاتەیەکی گرنگی سیستمی دیموکراسیە ، ،ئەو گرنگی پێدانەشی بە مەبەستی زیندوو ھێشتنەوەی سیستمەکەیەو پاراستنیەتی لە دەستی پارتە سیاسیەحوکمرانەکان ، بۆ ئەوەی بەرەو تاک رەوی و قۆرخکاری و گەندەڵی نەبەن ،بۆ ئەم مەبەستە کراوەتە یەکەمین دامەزراوە ، کەتوانای ھەبێت پرۆژە یاسا لە بەرژەوەندی گەل پێشنیار بکات و بووجە پەسەند بکات و چاودێری وردی حکومەت بکات ،ھێنانەدی ئەم بۆچوونە تیۆریە پێویستی بە گەلێکی ھۆشیارو کۆمەڵەپارتێکی دیموکراسیخواز ھەیە، کە ئامانجی سەرەکیان لە پڕۆسەی سیاسیدا گەشەپێدانی کۆمەڵگە لە ھەموو روەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە بێ، لەگەل بنیاتنانی حوکمرانیەکدا کە خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات ،بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ئەو پارتانە بروایا ن بە سەروەری یاساو شەفافیەت لە داھات و ئاڵوگۆری دەسەڵات ھەبێت ،بەڵام ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردوستان بکەین دەبینین ئەم دوو پارتە دەسەڵاتدارە ،ھەر خۆیان مەترسین لە سەر دیموکراسی و دنیایەک پێشێلکاریان ھەیە و ھەتا بۆشیان بکرێت ناھێڵن دیموکراسی گەشە بکات ،چونکە ئەمانە وای دەبینن مەرگی ئەوان لە بونی دامەزراوە دیموکراسیەکاندایە، بەتایبەتی بوونی پەرلەمانێکی چالاک و کاریگەر ،ئەم ترسەیان لە پەرلەمان وای کرد کە لە دوای ٢٠١٣ وە بکەونە دارشتنی پلان لە دژی، لە پێناو لاوازکردن و سوک کردن و لێسەندنەوەی مافی چاودێری حکومەت ،ئەوەی ویستیان کردیان .
لە ئێستادا ھەمو ئەرک و بەر پرسیاێتیەکانیان لێسەندۆتەوەو بە تەواوی بێ دەنگیانکردوەو پاش لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتاران ،مانای وایە بە ھیچ جۆرێک رازی نین کە رەخنە لە حکومەت و بەرپرسەکان بگرێت و ھەرکەس ئەمە بکات روبەرووی دادگا دەکرێتەوە ،دوو پارتە حوکمرانەکە لە بەر ئەوەی دوپارتی مەدەنی نین کە بروایا ن بە ئاڵوگۆری دەسەڵات ھەبێت ،لە بەر ئەوە لە پێناو مانەوەدا ھەموو شتێک دەکەن ،بە تایبەتیش کاری گەورەیان ئەوەیە کە خەڵک زیاتر بێ متمانە بکەن و ئاستی بەشداری لە ھەڵبژاردندا زیاتر کەم بکەنەوە ،بەمەش پاش پشت بەستن بە تەزویر، درێژە بە مانەوەی خۆیان دەدەن لە حکومدا ،
لە ئێستادا حکومەت تەواو پەرلەمانیی خستۆتە ژێر ھەژموونی خۆی ،بەتەواوی بێدەنگی کردوە، باسی ھەر شتێک بکات و ھەر پرۆژە یاسایەکی ھەبێت کە دژ بە خواستەکانی حکومەت بێت ،رێگەی لێدەگیرێت و لە بار دەبرێت ،ئەگەر سەرنج بدەین لە ئێستادا ھاوڵاتیان لە بەر نەبوونی موچەو بێبازاری و نەبونی ھەلی کاروبۆ گەنجان و لەدەستدانی کارێکی زۆر بەھۆی کرۆناوە ،گوزەرانی زۆربەی ھاوڵاتیان بەرەو خراپی چوە ،کە ئەمەش بەشێکی زۆری پەیوەندی ھەیە بە شکستی ئەو پارتانەی کە لە حوکمرانی ھەرێمی کوردوستاندان ،لەم کاتە ھەستیارەدا دەبوو پەرلەمان رۆڵی کارای ھەبوایە و پشتگیری لە خواستی ھاوڵاتیان بکردایە ،بەڵام لە دوایەمین جوڵەی پەرلەماندا کە لە سەر داوای ١٧ ئەندام پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆن کە ویستسان سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی بانگھێشتی پەرلەمان بکەن بە مەبەستی لێپرسینەوە لە سەر ٢٧ ملیار قەرزەکەو چارەنوسی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەش کە لە بەغداوە ھاتوە بۆ موچەی فەرمانبەران ،بەڵام حکومە ت لە جیاتی ملکەچ بوون بۆ داواکانی پەرلەمان ، سیناریۆیەکی رێکخست بەوەی کە سەرەتا وتیان کارمەندێکی پەرلەمان توشی کۆرۆنا بوە ،پاشان وتیان ٩٧ ١پشکنینمان کردوە بۆ کارمەندو ئەندامانی پەرلەمان، چواری پۆزەتیڤ بوە کە یەکیان ئەندام پەرلەمانە ،لە بەر ئەوە بریاریان دا کە بۆ ماوەی دو ھەفتە پەرلەمان کۆ نەبێتەوە ،ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بڵێین ئەوەش راست بوایە دەتوانرا کۆبونەوەکە بکرایەبە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکان ،چونکە ئەو کەسە لە پەرلەمان توش نەبوە ھەتا پەرلەمان کەرەنتینە بکەیت ،بەڵام لێرەوە دەگەینە ئەو راستیەی کە ئیتر پەرلەمان نەک ناتوانێ چاودێری حکومەت بکات ،بەڵکو ناتوانێ وەک رۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ رەخنەش بگرێت ،ئەم کارەی حکومەت و دو پارتە حکومرانەکە، وەک ئەوە وایە، جاران لە گوندەکاندا ئەگەر مانگایەک یان مەرو بزنێک لە ران یان گاگەل دوا بکەوتایەو شەوی بە سەردا بھاتایە ،خاوەن ئاژەڵەکە دەچو بۆلای مەلای گوندەکەو دەیگوت مامۆستا ئەو ئاژەلەمان نە ھاتۆتەوە بۆ ماڵەوە ،بەڵکو دەمی گورگم بۆ ببەستی با نەیخوات ،مامۆستاش پەرۆیەکی دەھێناو سورەتی العادیاتی بە سەردا دەخوێندو دەیگوت ھەتا بەیانی نەیکەیتەوە ئینشااللە مەحفوز دەبێت ،سەرۆکی حکومەتیش ئێستا ھەمان سیاسیەتی بەرامبەر پەرلەمان ھەیەو دەیەوێت بە بەستنی دەمی پەرلەمان حکومەت مەحفوز بێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.