پێشمەرگەکانی گەندەڵی

لەلایەن ستاندار Posted on 298 جار بینراوە

رێبین فەتاح

لەوەتەی پێکهێنانی یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمەوە، گەندەڵییەکی گەورە لە پشت دەزگاکانی پێشمەرگە و ناوخۆ(پۆلیس و ئاسایش)ەوە دەکرێت. ڕەهەندی ئەمنی ئەو دەزگایانە یارمەتیدەربووە لەوەی بە پاساوی ئەمنییەوە زانیاری و داتاکان لە دەزگاکانی چاودێری و ڕای گشتی بشاردرێتەوە.

لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمەوە تا کابینەی دووەم و سێیەم کە حکوومەت لەلایەن یەکێتییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و وەزارەتی پێشمەرگە بەدەست یەکێتییەوە بوو، یەکێک لە نیگەرانی و تێبینییە سەرەکییەکانی پارتی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بوو، پارتی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە یەکێتی لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەوە نەک هەر خەریکی خۆپڕچەککردنە و نیازی لێدانی پارتی هەیە، بەڵکو وەزارەتی پێشمەرگە بووەتە ناوەندی گەندەڵی و بە تاڵانبردنی داهاتی گشتی.

لەو ڕوانگەیەوە، لە ساڵی 1995-1996 پارتی لە ڕێگەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیەوە پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی وەزارەتی پێشمەرگەی پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کرد. پێش ساڵێکیش لە داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەت و هێزی پێشمەرگە، پارتی داوای کرد دەزگای چاودێری دارایی دابمەزرێت و یەکەم ئەرکی دەزگاکە لێکۆڵینەوە لە خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، ئەو داواکارییەی پارتی لە ڕێککەوتنی پاریس لە 1994 لە نێوان پارتی و یەکێتی جێگیر کرا و لەچەند ڕێککەوتنی دیکەیش پێداگیری لەسەر دامەزراندنی دیوانی چاودێری دارایی کرایەوە، ئامانجی پارتی لە پێکهێنانی دیوانی چاودێری دارایی، بەدواداچوون بوو لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

سەرەڕای ئەوەی لەماوەی هەموو ئەو ساڵانەی حکوومەتی هەرێم لەلایەن یەکێتییەوە سەرۆکایەتی دەکرا و تا 31ی ئابی 1996 لەلایەن یەکێتییەوە بەتوندی ڕەخنە لە پارتی دەگیرا کە دەستی بەسەر داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا گرتووە و گەمارۆی خستووەتە سەر حکوومەت و خەڵکی هەولێر و سلێمانی و هەر لەو ساڵانەشدا لەسەر پێداگیری فراکسیۆنی یەکێتی، سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی پارتی، ناچارکرا دانیشتنێکی تایبەت بۆ قسەکردن لەسەر داهاتی گومرگ ساز بکات، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاریدا پەرلەمان دانیشتنی تایبەت بە داهاتی گومرگ سازبکات و بۆ ئەوە بانگهێشتی وەزیری دارایی کرد، چەند جارێک وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکرا و وەزیری دارایی کە لە پشکی یەکێتی خۆی بوو، ئامادە نەبوو بێتە پەرلەمان و ڕوونکردنەوە لەسەر داهاتی گومرگ بدات، لەکاتێکدا یەکێتی لە میدیاکاندا بانگەشەی تاڵانکردنی داهاتی گومرگی لەلایەن پارتییەوە دەکرد.

بەهۆی ئامادەنەبوونی وەزیرەکەی یەکێتییەوە، دانیشتنەکەی پەرلەمان کە دەرفەتێکی باش بوو بۆ قسەکردن لەسەر داهاتی گومرک نەکرا. هۆکاری خۆدزینەوەی یەکێتی لە قسەکردنی جدی لەسەر داهاتی ئیبراهیم خەلیل و گومرگەکانی دیکە کە لەواقیعدا لەلایەن پارتییەوە دەستی بەسەردا گیرا بوو، ئەوە بوو کە ئەگەر پەرلەمان دانیشتنەکەی بکردایە، ئەوە پارتییش خۆی ئامادە کردبوو دۆسیەی خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و مەسەلەی پڕۆژەبودجەی گشتی بوروژێنێت کە یەکێتی خۆی لەوە دەدزیەوە و بەپێی ئەو داتایانەش کە وەزارەتی دارایی لە 1994 بۆ پەرلەمانی ناردبوو، دەرکەوتبوو ڕێژەی زیاتر لە 40٪ی داهاتی گشتی بۆ پێشمەرگە دەڕوات. ئەوە وایکرد تا 31ی ئابیش ڕوویدا، حکوومەتەکەی یەکێتی پڕۆژەی بودجە بۆ پەرلەمان نەنێرێت.

پاش 31ی ئاب کە پارتی بە تەنیا حکوومەتی پێکهێنا و ئیتر پەرلەمان و حکوومەت کەوتنە دەست پارتی، لەلایەن پارتییەوە بە پەلە پڕۆژەیاسایەکی بودجەی سێ مانگی بۆ مانگەکانی کۆتایی 1996 ڕەوانەی پەرلەمان کرا، ئەمجارە پەرلەمان لە گفتوگۆکردنی بودجەدا، بە پاساوی ئەمنی و تایبەتمەندی سەربازی خۆی لە خستنەڕووی وردەکارییەکانی بودجەی پێشمەرگە بەدوورگرت. چونکە ئیتر وەزارەتەکە و گەندەڵییەکانی کەوتبوونە دەست پارتییەوە. هەرئەوکات فراکسیۆنی پارتی داوای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردەوە، چونکە وەزارەتەکە ئێستا ببوون بە هیی خۆیان، بەڵام جەوهەر نامیق سەرۆکی پەرلەمان ڕوونکردنەوەیدا کە ئەوە هەر پڕۆژەبڕیارێکە و لەبەرئەوەی لە پەرلەمان پەسند نەکراوە، وەک ئەوەیە هیچ بڕیارێک لەئارادا نەبێت.

ئێستا هەمان بارودۆخی ئەو ساڵانە هەیە، قسە لەسەر زۆری و زەبەلاحی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و گەندەڵی و بندیوار لەو ڕووەوە دەکرێت، دەزانین بودجەیەکی زەبەلاح بەناوی پێشمەرگە و ناوخۆ دەڕوات، کە قورسایی گەورەی لەسەر بودجەی گشتی دروستکردووە، دیوانی چاودێری دارایی و تەنانەت دەستەی دەستپاکی کە فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان بەڕێوە دەبات، ناتوانن دەزگەکانی ئاسایش ناچار تەنانەت بە پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمە بکەن، پڕۆسەی بایۆمەترییش بەهەمان شێوە. پاساوەکە دیوە ئەمنییەکەیە، بەڵام ڕاستییەکە هەبوونی ئەو گەندەڵییەیە لە پشت دامەزراوەکانی ئەمنی و سەربازی دەکرێت.

ئێستا لەڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایشەوە نەک هەر کۆمەڵگە بەسەربازی و ئەمنی و کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵکو گەندەڵی گەورە دەکرێت، پارتی و یەکێتی لەوەدا هاوشێوەن، پێشمەرگە و ئاسایشی خۆیان هەیە، هیچیان فشار بۆ ڕێکخستنی ناکەن، لەکاتێکدا لانی کەم بەبێ کەمکردنەوەی بودجە و خەرجییەکانی سەربازی و ئەمنی، نە چاکسازی دەکرێت و نە دەتوانرێت گەشە بە بودجەی گشتی کوردستان و وەبەرهێنان و پەرەپێدانی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان بدرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.