هاوارى نائومێدى  

لەلایەن ستاندار Posted on 375 جار بینراوە

                                                                   (((کازم عەباس زەندى)))

پێویستە ئەو ڕاستییە بزانین, کە هەر لەو کاتەوەى, ولاتەکان بەهەستى نەتەوەبون دروست دەکران, کە هێلى سنورەکان دەکێشران, ئەگەر ئێمەى کورد لەجوگرافیایەکى تربوینایە, کە ویژدان و مرۆڤ دۆستى تێدابووایە یان وەک نەتەوەکانى چواردەورمان, پێگەیشتو بوینایەو ئەم هەستەمان بەهێزبووایە, وەک میللەتەکى خاوەن ئیرادەى یەکگرتو, بەهەستى بەرز و بەهۆشیارى نەتەوەیى دەربکەوتبوینایە, دلنیابوم لەوەى, نەئەو کات و نەئێستاکەو نە تاماوین, هیچ لەو نەهامەتیانەمان بەسەردا نەدەهات, کەبەسەریاندا هێناوین, ئەوەى خۆى بەکوردیش دەزانى, نەدەبووە ڕاهاتوى ژێردەستی وا بەئاسانى, چونکە هەردەم کەلکەلەى خۆڕزگارکردن لەمێشکیدا, دەیبزواند, کە چۆن خۆى و چۆن خاکەکەى ڕزگاربکات, لەهەمان کات و لەو کاتدا, هیچ کەسەک و هیچ لایەنەکى زلهێزو بالادەستیش نەی دەتوانى, ئەو جورئەتە بەخۆى بدات, خاکەکەمان پارچەپارچەو دابەش بکات, لەدواتریشدا هیچ داگیرکەرەک نەی دەتوانى, بەردەوامى بەداگیرکارى خۆى بدات, بەبێ ئەوەى هیچ حیسابەک بۆ هەست و سۆزو بەرژەوەندى و دواڕۆژى نەتەوەکەمان بکات, بەلام لەگەل ئەمانەشدا, دەبێت دان بەو ڕاستییە تالەشدا بنێین, کە ئەگەر هەرچەندە زلهێزو بالادەستان, تاوانبارو نامرۆڤن بەرامبەرمان, هەر چەندە داگیرکەرانیش, زۆردارو بێ ویژدانن لەگەلمان, بەلام خۆشمان تاوانبارین, چونکە هەرچییان لێکردوین,  پێیانکردوین, خۆشمان ڕێخۆشکەربوین بۆیان, هەردەم بەشدارین لەبەشەک لەو تاوان و نەهامەتیەى کە بەسەرمان دادەهات و دێت بەسەرمان, ئاشکرایە ئەمانەش هەموى بەسەرچون, کوردیش دەلێ هەرگیز بەدواى چوواندا مەچون, بۆ داهاتو لێی وەربگرن پەندو ئەزمون, بەلام بەداخەوە وادیارە ئێمەى کورد نەمێژو دەخوێنین, نەڕابوردو هەل دەسەنگێنین ,نە وەک نەتەوە خۆمان دەنوێنین, چونکە لەدواى ئەو هەمو نەهامەتى و دەردەسەرییەى کە بەسەرماندا هاتووە, هەلەکانمان هەمان هەلەى ڕابوردووە, کە لەهەر سەردەمەکدا بەشێوەیەک لەشێوەکان, هەمدیس دوبارەیى بووە, هەرگیز ئەو هەست و بیرەشمان بۆ دروست نەبووە, کە گرفتەکانمان لەئاست بەرژەوەندى نەتەوەیى بچوک بکەینەوە, تا یەک بگرین و خۆمان بەیەک چارەنوس ببەستینەوە, بەلکو هەر هەستى خێل و عەشیرەتیمان بەلاوە گرنگترە, بەرژەوەندى کەسیمان لەبەرژەوەندى نەتەوەکەمان لەبەرچاوترە, هەر ئەمەشە وایکردووە, ئەوەى بەسەرماندادێتەوە, لەوە زیاتربێت کە بەسەرماندا هاتووە, بەردەوام بڕیارى زلهێزان و پلانى داگیرکەران سەربگرێت, مێژوى ژێردەستیمان لەمێژوى نەتەوەى تر نەچێت, بەلام ئەو نەتەوانەى ئازادن, کە خۆیان بەگەورەى خۆیان دەزانن, لەپێناو سەربەستى و مەبەستى پێشکەوتنیان, عەشیرەت و بەرژەوەندى تاکەکەسى دەکەنە داردەست بۆ سەرکەوتنى نەتەوەکەیان, تەنانەت ئایینیش وەک کالا بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنى دەسەلات و داگیرکارى و پەلهاوێشتن و هەلخەلەتاندنى ژێردەستەکانیان, کەچى ئێمە بەداخەوە, هەرگیز وا بیرمان نەکردۆتەوە, هەردەم خۆمان بەبچوک زانیوە, بەردەوام لەبەرامبەر داگیرکەران, وەک برایەکى بچوک گوێ ڕایەلیمان کردووە, تاکو ئێستاش کۆمەلەکى زۆرمان هەیە هەر خۆى بەبچوک دەزانێ و نەتەوەکەى خۆى ناناسی, کە خاوەنى ئەو مێژووەیە, داگیرکەران خۆیان کردووە بەخاوەنى. بەلام ئەوەى لەئێستادا, جێگاى ئومێدو خۆشییە,  بیرى تیژو هۆشیارى ئەو نەوە چوست و تازەیە, کە دەلێن و دەیلێنەوە بەداخەوە, باپیرانمان خۆیان بەنەتەوە نەزانیوە, نەخۆیان و نەدوژمنانیان ناسیوە, بۆیە داواى گۆڕین دەکەن, ڕابوردو شەرمەزاردەکەن, لەدەرکەوتنى دەرئەنجامەکانەوە, هەلسەنگاندن بۆ گشت ڕوداوەکان دەکەن, دەلێن بۆمان ڕونبۆتەوە, کە خەلکەکى چەند بێ هەست و خۆ بەکەمزان بوین, مرۆڤ گەلەکى چەند خۆش باوەڕو ساویلکە بوین, وایان فێردەکردین, کە مانەوەمان بەژێردەستى, پاکى و بێ تاوانییە, وایان تێ دەگەیاندین, کە مرۆڤایەتى و برایەتى گەلان تەنیا بۆ ئێمە دابەزییە, ئەم  جۆرە بیرکردنەوەیەش, هەر لەسەرەتاوە بۆ ئێمە, وەک نەخۆشییەکى درێژخایەنى لێهاتووە, کە نەوە دواى نەوەمانى داڕزاندووە…

لەکوردستانى باشوردا, بەهارى ١٩٩١ى زایینی بو, ئەو سالەبو گەل ڕاپەڕى, کە هاشەو هاوارو نالەو دەنگى هاو ولاتى زولملێکراوو تەقەى تفەنگ و هەلهەلەى سەرکەوتن تێکەلى یەکترببو, ئەو ڕؤژ بو, کە هەمو کوردەکى دلسۆز ئاواتى بۆ دەخوازى, چونکە  تەخت و تاراجى داگیرکەرەک لەقا, ئەو کاتەبو, کە یەک پارچە جۆش و خرۆش, لەناخى هەر کوردەکى دلسۆز.. هەل دەقولا, ئەوکاتەش هەمومان سەرگەرمى بەدیهێنانى ئاواتەکانمان بوین, چونکە وامان دەزانى, خەونى ئازادى بەڕاستى دەبینینەوە, ئەو مافەى کە چەندین سالبو لێمان زەوتکرابو بەدەستى دەهێنینەوە,  ئەو کەسانەى چاوساغى داگیرکەران بون, کە خۆیان هەرزان فرۆش کردبو, پەشیمان دەکرێنەوە یان تۆلەیان لێ دەسەنرێتەوە, ئەو ڕۆژە بۆ هەمو کوردەک, وەک ڕۆناکى ئەو مۆمەبو, کە لەتاریکییەکى ئەنگوستەچاو دەدرەوشایەوە, وامانزانى هەر لەدواى ئەم ڕۆژەوە, پالپشتەکمان بۆ دروست دەبێت, کە مێژوى شێوێنراومان ڕاست دەکاتەوە, ئەوانەى کوردپەروەرو شایستەى پلەو پایەى بەرپرسیاریەتى نین, لەپێگەى بڕیار دوردەخرێتەوە, ناوى کوردستان بەشیرینى و ئاسودەیى لەسەر زاران دەمێنێتەوە, ئیتر بەئازادى دەژین و بەئارامى سەردەنێینەوە, ئەو خاک و خەلکەى لێمان دابڕێنرابو دەلکێنرێتەوە,  ژینگەیەکى ئازادو بێ ترسمان بۆ دروست دەبێتەوە, کە جێگەى هەمو کوردپەروەرانى دنیاى تێدا ببێتەوە ئینجا وەک میللەتانى تر شکۆى خۆمان بۆ دەگەڕێتەوە, بەلام بەداخەوە کە وانەبو,  ئەنجامەکەى وادەرنەچو, خەونەکانمان لەگۆڕنرا, ژینگەیەکى ناتەندروست دروستکرا, کوردایەتیمان لەبەرچاوخرا, ئومێد بۆ داهاتو نەما, ئەوەى بۆ کوردبون هەولى دەدا, نائومێدو سڕکرا, ڕاست و درۆ تێکەلکرا, پیاوى دەولەت پشتگوێخرا, دابەستى دەسەلات دروستکرا, تا واى لێهات لەداخاندا, خۆزگە بەژێر دەستى ببەینەوە, گومان لەبونى خۆمان و لەکەسانى پاک بکەینەوە, چونکە لەژێر دەسەلاتى کوردیدا هەمان هەلەکانى ڕابوردو و بگرە زیاتریشى تێدا دوبارەکرایەوە, گرفتەکانمان وەکو ئەو دەردە درێژخایەنەى لێهاتەوە, کە لەوەتەى هەینە, پێمان ساڕێژ نابێتەوە, هەروەک میرنشینە خۆخۆرەکانى ڕابوردو, بەدوژمنایەتى یەکترو بە نادادپەروەرى کۆمەلایەتى و بەسیماى گەندەلى و خۆبەبچوک زانین لەبەرامبەر داگیرکەران,  دەسەلاتیان بەڕێوە دەبردەوە, ئەم دەردو برینانەش بۆ ئەو کەسەى لەدواى ڕاپەڕین لەدایکبووە, لەگەل ئەو کەسەى کە ئەو کات هەرزەکارو پێگەیشتو بووە, لەئێستادا بەئاشکرا دەرکەوتووە, چونکە لەگەلیاندا گەورەبووە ئینجا ئەگەر ئەو کەسە, کەسەکى لاتەریک و دورەپەرێزیش بوبێت و پابەندى بەرنامەى هیچ حزبەک نەبوبێت لەهەمان کاتدا بەرژەوەندی لەگەل هیچ لایەنەکیشدا نەبوبێت, بەکورتى و کورد گوتەنى, ئەگەر ئەو کەسە فەقیرى مالى خۆشى بوبێت, بەلام ئەگەر وەک کوردەکى دلسۆز بیرى کردبێتەوە, پاکى و کوردایەتى بەڕێبازى خۆى زانى بێت, لەناخەوە ئاواتى سەرکەوتنى نەتەوەکەى بوبێت, ئەم کەسە لەئێستادا, تواناى هەیە, وەک چاودێرەکى سەرشەقام,  نیشانەکانى ئەو پاشەگەردانى و نەهامەتی و نەگبەتی و بێ باوەڕى و بێ متمانەیییە دەستنیشان بکات, کە بەردەوام بەسەرماندادەهات و تائێستاش بەسەرماندادێتەوە, چونکە هەروەک ئاشکرایە ڕوداوەکانى ڕابوردو گرێدراوى داهاتووە, بۆیە ئەو هەلانەى کە لەپێش و دواى ڕاپەڕینەوە کراوە, کاریگەرى لەسەر ئەمڕۆماندا دروستکردووە ئینجا ئەگەر هەلەکان بەئەنقەست کرابێت یان لەنەزانینەوە سەرچاوەى گرت بێت .

ئەو ڕۆژەى کە یەکەم ڕۆژى ڕاپەڕین بو, ڕۆژەک بو کەس بەکەس نەبو, لەخۆشى ئەم ڕۆژەدا هەمو چین و توێژەکان تێکەلى یەکترى ببو, بەلام هەر لەو ڕۆژەوەڕا, چەندین هەلەى نەشیاوکرا, کە نە دەبوایە بکرێتن, مولکى خەلک و حوکمەت بەتالان دەبردرا, ئەمەش بەتۆلەسەندنەوە دەزانرا, کەسیش نەبو خۆى بەخەمخۆر بزانێ و پێمان بلێ, پێویست بەم کارانە ناکا, چونکە  لەمەدا, زەرەر بەدوژمنان ناگا, هەر لەم سەرو لەم بەندەشدا,  وێنەى جاش و خۆفرۆشان لەتەک وێنەى شەهیدانى پێشمەرگەدا, لەسەردیوارو شەقامەکانى شار هەل دەواسرا, کەس گوێى بەو جیاوازییەش نەدا, کە یەکەکیان بۆ لەناوبردنى نەتەوەکەى بەکاردەهێنرا, ئەوى تریان بۆ ئازادى خوێنى دەڕژاو تێ دەکۆشا, لەهەمان کات و سەردەمدا, هەرلایەن و لایەنگران بون, چەک بەدەست و دلسۆزان بون, چەقۆیان لەیەکتر دەسوى و چەپلەیان بۆ ناهەق لێ دەدا, دزی و تالانیان بەهێزى دەسەلات ناودەنا ئینجا دواتر لەپاشاندا, بێ پەشیمانى و بێ سزا, بێ لێپێچینەوەى دادگا, لەخۆفرۆشانیش بوردرا, ئەمەش بەنیازپاکى و لێبوردەیى زانرا, بۆ ئەمەش کەس نەبو بلێ, لێبوردنى بێ بەرامبەر بیرى خۆفرۆشى زیاد دەکا, لەدواتردا, خەلکى عەوام وا گۆشکرا, بەرژەوەندى و بازرگانى لەشوێنى دلسۆزى و کوردایەتى پەیڕەوبکا, برەو بەکارى لاوەکى دەدرا, بایەخ بەزمان و زانست نەدرا, پەروەردە بێ سەروبەردەکرا, لەشکرەک لەشەهادەدارى موچە دروستکرا, هەردەم پاساو بۆ ئەم هەلانەش وا دەهێنرا, کە ئەمە دەرئەنجامى سەرگەرمى و ئازادییە, نەبونى ئەزمون و نەزانییە, بەلام لەراستیدا, ئەمانە بۆ ئەوە بون, تا میللەت بەلاڕێدا بڕوا, چونکە کارەکان بەئەنقەست ئەنجام دەدرا, بەبەرنامە ئەوەى نەتەوەیى بو  تێک دەدرا, میللەتەکى بێ ئینتیما دروست دەکرا, خەلکى مشەخۆر پێش دەخرا, ئازادى و دیموکراتی ئەتک دەکرا, ئابڕوى هەلبژاردن بردرا, دیکتاتۆرى ماوە بەسەرچو جوان دەکرا, ڕاستییەکان بەدرۆ دەگۆڕدرا, ئەوەى هەق و ئەوەى ڕاست بو لەبیر دەبرا, کەسى نەشیاو لەشوێنى شیاو دادەنرا, لێپێچینەوە لە نادلسۆزان نەدەکرا, بژێوى ژیان و هەلوێست وەرگرتن بەپارە ئالوگۆڕدەکرا, بەپێى پێویست پالپشتى بزاوە خۆمالییەکانى هونەرى و ئەدەبى و وەرزشى و کشتوکالى و پیشەسازى….تاد نەدەکرا, سیخوڕى داگیرکەرانیش کوردپەروەرانیان ڕاودەنا, لەگەل ئەوەى چەندین بالەخانەى چەند نهۆمى دروستکرا, بەلام بالەخانەیەک بۆ پەرلەمانە بێ نازەکەمان بنیات نەنرا, کە بەڕەمزى سەربەستیمان دادەنا, بەلکو هەر ئەو بالەخانەیە جوان دەکرا, کە بۆن و تۆزى خۆفرۆشى لێهەل دەستا, لەئەنجامدا, وامان لێهات, مافى خۆمان لەبیربکەین, داگیرکەران ڕازى بکەین, دان بەمافى خەلک بنێین, بۆمافى خۆشمان بگریێین…

نەتەوەو گەل, میللەت و کۆمەلگا, ولات و نیشتمان بەهەمو چین و توێژەکانیانەوە, بەکردەوەو داب و نەریتە چاک و خراپیەکانیانەوە, بەمێژوى داهاتو و ڕابوردویانەوە, بەزمان و شێوەزارەکانیانەوە, کەرەستەى خاوى دەسەلاتن, کە هەر سەرکردەکان دەتوانن, لەم کەرستەیەدا, جوانترین و بەهێزترین پێگەکانى بون بەحوکمڕان دروست بکەن, بۆیە بەئاواتى ئەو ڕۆژەم و دەلێم, نەمردبامایەو بمدیتبووایە, سەرکردەیەک لەناو كوردان هەڵكەوتبووایە, كە لەم کەرستەیەدا, ئەوەى پێویستمان بووایە, بەپێوانەى خۆمان دروستى بکردبووایە, سەرکردەکەم, سیفەتى پێشڕەوى و لێوەشاوەیى تێدابووایە, مێژوى بەدادگا بزانیبووایە, وانەى لێ وەربگرتبووایە, دڵسۆزو زۆرزان, دادپەروەرو دانا, دوربین و زانا, لێزان و ئازا, چاونەترس و خۆشەویست و شیاوبووایە, وەک باوکەکى دادپەروەرو بەبەزەیى, جیاوازى لەنێوان تاکەکانى خێزانەکەیدا نەکردبووایە, لەشێوەى ئەم خێزانەوە کۆمەلگایەگى یەکسان و چالاک و زیندوى لێمان پێک بهێنابووایە, کە تواناى خۆڕاگرى و ململانێى داگیرکەرانى هەبووایە, سەرکردەکەم ڕاستگۆبووایە, تێروبرسى بەیەك چاو سەیربكردبووایە, بیروبۆچونەكانى قوتابخانەو پڕۆگرامی پەروەردەى نەتەوەیى بووايە, بەرژەوەندی بەرزو بالای نەتەوەكەی, بەڕێبازى خۆی بزانیبووایە, دەستەمۆی دەستی دوژمن و پاسەوانی بەرژەوەندی خۆی نەبووایە, لەزولمى داگیرکەران و لەزگسوتانی دایكاندا, لەخۆپەرستى بەرژەوەندپەرستان و لەهەنسكی مندالاندا, لەلاوازى خۆفرۆشان و لەگریانی لێقەوماوانى گەلەکەیدا, هەرگیز بێ ئاگا نەبووایە, ڕق و كینەی هەڵگرتبووایە, كارى لەپێشینەى سەرکردەکەم, ڕوناککردنەوەى بیرو ڕێى نەزانانى گەل بووایە, ڕۆشنبیرى ڕاست و هەلپەرستانى لەیەکتر جیا بکردبووایە, نرخى لێزان و دلسۆزانى بزانيبووایە, هیچە خۆ بەزلزانەكان و شڕەخۆرە بێ کەلکەکانى ڕابماڵیبووایە, ئەوەندەش باوەڕى بەخۆى هەبووایە, كە ئێمەى لە بێ‌ باوەڕی ڕزگاربكردبووایە ئینجا با ئەم سەرکردەیە دیکتاتۆرەکى سەردەمیش بووایە, تەنیا هەر خۆى ناسیبووایە, خوێنڕێژو خۆپەرستیش بووایە, بۆ بەدیهێنانى مەبەستەکانى, تەڕو وشکى بەیەکەوە سوتاندبووایە, خؤى بەتاكە نوێنەرى گەل بزانيبووايە, وەک پالەوان دەرکەوتبووایە ئینجا با ئەم سەرکردەیە هەروەك چارمەی تەنەكەچیان, خوارو خێچی و قەپو قۆپی میللەتەکەمى ڕاست و دروست بكردبووایە يان وەك دەنكەگەنمی پەرش و بلاو, كۆی بكردبوینایەوە, هەمومانی لەناو دۆڵەدانی ئاش بكردبووایە, بیهاڕیباین,  سەرلەنوێ‌ وەك هەویر بیشێلاباینەوە, چۆنی ویستبا, چی پێویستبا, لێمانی دروست بكردبووایەوە, هەستى برایەتی نێوانمان, سزاى خؤفرۆشان و بیری تۆڵەی دوژمنانى لەمێشكماندا بچاندبووایە, دوژمنە بێ‌ بەزەییەكانی تێگەیاندبا, ئەگەر بێتو جارەكی تر  هەر زوڵم و هەر دەربەدەریەك, هەر پیلان و قوڕبەسەرییەك, هەر تێكدان و كاولكارى و جەرگ سوتاندنەك, كە دەیهێنن بەسەرماندا, با بزانن بەبێ‌ تۆڵە تێپەڕنابێت بەسەریاندا…

خۆزگەبردن لەبۆ ئێمە, ئاواتەکە هەرگیز بەدى نەهاتووە, چونکە هەرچیمان گوتووە, وەکو خەونى لێهاتووە, بەلام ناچارم تامابم, هەر دوبارەى بکەمەوەو بیلێمەوە, خۆزگە سەرکردە ديكتاتۆرەکەم دڵسۆز بووايە, دواڕۆژی خۆی و زەلیلبونی میللەتەکەى بەچارەنوسى خۆى بزانیبووایە, بێجگە لەخاك و خۆڵی خۆی, هیچ سنورو خاكەكی دی  بەجێنشينى خۆی نەزانیبووایە… خۆزگە سەرکردە ديكتاتۆرەکەم زۆرزان بووایە, ڕێوی ماڵ وشێری گۆڕەپانی شەڕو ململانێی دوژمنان بووایە, لەڕوالەتدا خوێن شیرینى و ئێسك سوكى وەك پەپولەی پاكبووایە, لەناوەڕۆك وەك چوزەرە بەخائین و دوژمنانی وەدابووایە… خۆزگە سەركردە ديكتاتۆرەکەم دادپەروەربووایە, لێبوردەیی كۆڵەگەی بیروباوەڕی بووایە, چاكترین كردەوەو بەرنامەو ئومێدی ژیانى, سەرخستنی گەل و میللەتەكەی بووایە, بەڵام لەگەل ئەمانەشدا, بیزانیبووایە, کە لێبوردنى بێ داواکار نەزانییە, واتاى لێبوردەیى نادات, لەبیركردنی زۆردارانیش كەمزانییە, واتاى دلپاکى بۆ نادات, لێ نەپێچینەوە لەخائین و خۆفرۆشان ساویلکەیییە, واتاى بەزەیى بۆ نادات, چونکە ئەگەر بێت و ئەمانە, داواى لێبوردن نەکەن و پەشیمانیش نەکرێنەوە, دلنیابە جارەکى دیش ئامادەنە, هەمان تاوان و زیاتریشت لەبەرامبەر بکەنەوە…خۆزگە سەرکردە ديكتاتۆرەکەم دانابووایە, مردنی خۆی و بەرزی نەتەوەكەی بەلاوە وەكو یەكبووایە, بیركردنەوەی بەقەد بیری فەیلەسوفی زەمان بووایە, دۆست و نەیار, لەدەسەڵات و تواناكانی  دلنيابونايە, هاوڕاو دژڕا, كەس گومانی لەڕاستى و دلسۆزى بيرو بڕیارەکانى نەبووایە, بیركردنەوەی نەتەوەیی لەپێش بیری ڕەشوڕوتی نەتەوەكەيدابووایە, میللەت لە ئەو.. فێرە خۆڕاگری و باوەڕ بەخۆبون ببووایە…خۆزگە سەرکردە ديكتاتۆرەکەم دوربین بووايە, خودا پشت و پەنای بووایە, سوڕی ژیانی تەواو بووایە, لەناوەڕاستی تەمەندا نەمردبووایە, نەكوژرایە, نەگیرایە, ڕێی ڕاستی لێ ون نەبووایە, لەزۆرانبازی دوژمنان نەدۆڕایە, لەتەڵەكەو لەدەسیسەی ناحەزاندا ڕزگاربووایە, هێزو توانای لەخۆشەویستی و پشتگیری نەتەوەكەی وەرگرتبووایە, وەك ئەستێرە لەناو میللەت بدرەوشایە, وەك ئەسپەشێ‌ ميللەتەکەى تاوبدايە, خەوتوانی لەم خەوە قوڕسە هەڵ بستاندبووایە, دۆست و دوژمن سەری ڕێزو شكؤيان بۆی چەماندبووایە, جۆشی هەستی ئەم میللەتە بێ‌ ئاگايەو ڕەنجەڕۆیەی بدابووایە, وێنەی ئاوات و ئارەزوی نەتەوەكەی, لەچارەنوسی خۆیدا بكێشابووایە, لەم پێناوەشدا نەمانى خۆی نەك زەلیلی بەلاوە پەسندتربووایە …خۆزگە سسەرکردە ديكتاتۆرەکەم چاونەترس و ئازا بووایە, چارەی دەردمانى لابووایە, میللەتی تێ‌ گەیاندبووایە, كەخاك و نیشتمانەكەمان, لەشێوەى شانۆیەك دایە, نەخؤمان, سینارێستين, نەدەرهێنەر, نەنوسەرین,  بەڵكو تەنيا بەرهەمهێنەر, هەردەم سوتەمەنی شەڕین, ماندو نەناسی بێ‌ پشتیوانین, خاوەن بڕیاری بێ‌ ئەنجامین, ڕەنجەڕۆی نرخ هەرزانین, ياريزانەکى پێکاوین, پەلشکاوین, ساویلكەو سەر لێشێواوین, پاڵەوانی دروستكراوین, دەستوەشێنەکى دۆڕاوین, خاوەن مالى بێ مال کراوین…

پێویستە لەم قۆناغەدا, خۆمان بۆ پێشوازى لەسەرکردە دیکتاتۆرەکەم ئامادەکەین ئینجا لەداهاتودا  نەوەکانمان بۆ دیموکراتی پەروەردەکەین, بۆیە دەلێم, خۆزگە هەرزو قۆناغی سەرکردە دیكتاتۆرەکەم بهاتبووایە, قوتابخانەی پەروەردەیی دامەزراندبووایە, تا ئێمەش وەكو میللەتان, لەكاتی پێویست و تەنگانەدا, سەرچاوەى گەڕانەوەمان هەبووایە, بۆ ئەو كاتەی, كە ویژدانى مرۆڤایەتیمان بۆ دەهاتە هەژان, كە زوڵمی زاڵمان و بێ بەزەیى داگیرکەران, دەگەیشتە عەرشى ئاسمان, دیكتاتۆرە بەڕێزەكەم, بەئەسپایى, شەقەكيشت لەو دیموكراتی و مافى مرۆڤە درۆیینە هەڵ بدابووایە, كە وەك  كاڵایەك هەر بۆ خۆمان جوانی دەكەین, دەیفرۆشین و دەیڕازێنینەوە, هەر بەخۆشمان دەیكڕینەوە, دیكتاتۆرە خۆشەویستەکەم, ڕاشكاوانەو لێزانانە, تێمان بگەینە, مافى مرۆڤ لەبۆ ئێمە, چاوبەستنە, قسەیەو خەلەتاندنە, بۆ خۆیانە, بۆ توانادارو تۆلەسێنەرەوانە, دیموكڕاتيش كاڵا نییە, نەدەكڕێت و نەدەفرۆشێت, گەر بەجوانى بەکار نەهێت, هەرگیز بەدرۆ جوان نابێت, دیموکراتى فۆناغى پەروەردەیییە, ئاستى بەرزى هۆشیاریە, کە هەمو كۆمەڵگا پێى دەگات, ئەو چوارچێوەو ئەو هێلەیە, کە سنورى کارەکان دیاردەکات, ئەگەر بێت و لێی دەربچیت بەواتای بەڕەڵلایيیە, ئەگەر پێشیەوە پابەند بیت, پاسەوانى پێشكەوتن و ئازادییە, پارێزەری ماف و دادپەروەریيە, دوا قۆناغی هەستیارییە, ڕادەی زيرەكى و زانايى و ڕۆشنبیرييە, ویژدانی مرۆڤایەتییە, بەجێ گەیاندنى ئەرک و دیارکردنى بەرپرسیارەتییە, بەلام هەروەکو دەزانین, ئەمانە بۆ ئێمە نامۆن, چونكە خەڵكی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستین, درۆ بەسیاسەت دەزانین, غەدرو زولم بەئازایەتی, سڕینەوەی یەكتر بەماف و شەرع دەزانین, بۆیە دەلێم , دیكتاتۆرە شياوەکەم, هەتا زوە بمانگەیێ و تێمان بگەیێنە, كە مافى مرۆڤ بەلاى ئێمەوە پاداشتە, چونکە ئەوەى بالادەست بێت, ژێردەستە بەمرۆڤ نازانێت, دیموكڕاتيش وەك ئەو جل وبەرگەوایە, ئەگەر  هەر چەندە جوانيش بێت, هەرچەند باش و ڕێك وپێك بێت, بەڵام  بۆ ئێمە نەشیاوە, چونكە هەر لەئەزەلەوە بەپێوانەی ئێمەو مانان نەدوراوە, بۆیە پێویست بەوە ناكات,  نە لەبەری كەم و نە بیدڕێنم, واباشترە بۆ شیاوی خۆی جێى بهێلم, بۆیە دیسان دەیلێمەوە, دیكتاتۆرە چاوەڕوانكراوەكەم, پێویست ناكات نە تۆ ئێمەو نەئێمەش خۆمان بەدیموكڕاتی هەڵ بخەڵەتێنین, وا چاکترە هەتا زوە خۆت بنوێنیت, وەك دكتۆرێ بۆ نەخۆشەك, وەك فریادڕەس و ڕزگاركەر بۆ لێقەوماوەك,  وەك چاكسازو پەروەردەكەر بۆ سەر لێشێواوەك, وەك ژیركەرەوەو دڵدەرەوە بۆ پەشێوو بۆ گریاوەك,  وەك چقڵی تیژو درێشە بۆ دوژمنان, وەك نەهێلەرو پاككەرەوەی خائینان, وەك ترسێنەرو لەناوبەرى خۆفرۆشان …

لەکۆتاییدا پێت دەلێم : هۆ سەرکردە دیکتاتۆرەکەم, ئەگەر بێت و لەدواڕۆژدا بەم شێوەیە هەل بکەویت, دلنيابە هەمو میللەت خۆزگە بەو ڕۆژە دەبات, کە تۆیان لێ دەردەکەویت, ئەگەر ئەمانە سیفەتت بێت, بەلێن بێت هەر لەئێستاوە, بەڕێزەوە, دەستەو نەزەر بۆت دەوەستين, خۆمانت لەگەل  دەسازێنين, هەتا ماوين سەری كاسمان دەلەقێنين…هۆ سەرکردە ديارنەکەوتووەکەم, ئەو تكایەشت لێ دەکەم, توڕەمەبەو لێم زویرمەبە, داوای بورینت لێ‌ دەكەم, چونكە بەخراپە باسمكردی و باست دەكەم, بەدیكتاتۆر ناوت دەبەم, بەڵام دڵنیابە لەوەى, ئێمەش هەروەكو میللەتان, كە دەتنێژین, لەناخەوە رەحمەتت لەبۆ دەنێرین, بەبێ‌ دەنگی شانازی بەبونت دەكەین, لەتەنگانە هانا بۆ بیرڕاکانت دەبەین,…هۆسەرکردە شیاوەکەم, بەئاواتم ئەو وانەیەشمان فێربکەیت, کە ئەگەر هەر نەتەوەیەک( تۆ بەخزمەتكاری خۆى نەزانێت…توانای لێپێچینەوەی لەخۆفرۆشان و لەهەڵەکانى تۆش نەبێت…مێشکى بیرهاتنەوەى بۆ ڕابوردو بەقەبارەی مێشکى مێشولەیەکى بچوک وابێت, هەرزو ڕابوردوى خۆى و دوژمنانى لەبیربچێت…نەزانێت پەند لەهۆکارى نسکۆکانى خۆى وەربگرێت… كاری تۆڵەسەندنەوەى لەدوژمنان بەر لەلێبوردن بەئەرک نەزانێت…مافى خۆى لەسەروى هەمو مافەکدا دانەنێت)…پێمان بلێ, ئەم نەتەوەیە نەتەوەیەکە, پێکهاتەى کۆمەلەک خەلکە, کەناویان گەل و میللەتە, بەلام سوڕى پێگەیشتنیان تەواو نەبووە, بۆیە پێویستیان بەپێگەیاندنە, لەواتاى بەنەتەوە بونیش نەگەیشتونە, پێویستیان بەتێگەیاندنە, بۆ ئەمەش تۆ ڕێگەچارەى, تاکو بەتۆ, سەرلەنوێ زیندو ببینەوە, جارەکى دى ئەم وانەیەمان فێربکەیتەوە, بۆیە دیسان ئەو تکایەت لێ دەکەمەوە,  هەتا زووە, خۆت دەرخەوە, دەربکەوە, پێشمانکەوە,…

 

                     

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.