پەروەردەی خراپ دەرەنجامی خراپی ئەبێت.

لەلایەن ستاندار Posted on 720 جار بینراوە

 

هیوا حەسەن عەلی

باوکان و دایکانی خۆشەویست ئێمە لاریمان نییە کە ئێوە هەمیشە لە هەوڵی بەرەوپێشچونی رۆڵەکانتانن و بەردەوام چاودێریان ئەکەن بۆ ئەوەی بە ئەنجامێکی باش قۆناغەکانی خوێندن تەواو بکەن ، بەڵام بەداخەوە هەندێ جار ئەو شێوازەی کە ئێوە پەیڕەوی ئەکەن کە خۆی لە توندوتیژی و هەڕەشەی نابەجێ و تۆڵە سەندنەوە ئەکەن لە منداڵەکانتان ئەم شێوازە لەمامەڵەکردن لەگەڵ منداڵەکانتان راست و دروست نییە هەر بۆیە ئەنجامەکەیشی بەشێوەیەکی خراپ ئەشکێتەوە کە دەرەنجام ئەم لێکەوتە خراپانەی لێ ئەکەوێتەوە:
1ـ تێکچونی باری دەرونی منداڵ لەکاتی هەڕەشەو قسەی نابەجێ لەلایەن باوک و دایکانەوە ،ئەمیش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو منداڵە بەردەوام لەژێر کاریگەری ترسا بێت و نەتوانێ وەک پێویست ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
2ـ ناچارکردنی منداڵ بۆ ئەوەی لەترسی باوک و دایکی پەنا بۆ درۆکردن بەرێت و ئەوەی هەیە نەتوانێ وەک پێویست ئاشکرای بکات.
3ـ بێزاربوون لە قوتابخانەو هەوڵدان بۆ وازهێنان لەقوتابخانە کە ئەمە دیاردەیەکی بەرفراوانە لە کۆمەڵگاکەمان،واتا فەوتاندنی دوارۆژی ئەو منداڵە.
4 ـ لەهەمووی خراپتر هەندێ لەکوڕان و کچانمان پەنای بۆ دەبەن کوشتن و خۆ سوتاندنە دەرەنجامی ئەو ترسەی کە بەردەوام لەلایەن باوک و دایکیانەوە بەرگوێیان ئەکەوێت، بۆیە بەناچاری پەنا بۆ خۆکوشتن ئەبات.
ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لە دەرەنجامی ئەو توندوتیژییەی لەلایەن هەندێ لە بەخێوکەرانی قوتابیان ئەنجامی ئەدەن دژی منداڵەکانیان ، بۆیە داواکارین لەبەخێوکەرانی خۆشەویست بۆ ئەوەی دوارۆژێکی پرشنگدار بۆ نەوەکانتان دابین بکەن بەڕێگایەکی راست و هێمنانەو دوور لەتوندوتیژی هەوڵی بەردەوام بدەن لەگەڵیاندا، ئەبێ ئەو راستیەش باش بزانن هەر منداڵێک تواناو ئاستی تایبەتی خۆی هەیە بۆیە ناکرێت فشاری زیاتر لەتوانای خۆیانیان لەسەر بێت، هەروەها ئەوەش بزانن قوتابخانە واتا دەرچون و دەرنەچون ،واتا نمرەی بەرزو نزم ، بەکوردیەکەی دونیا کۆتایی نایات ئەگەر منداڵێک ساڵێک دەرنەچێت و لەپۆلەکەی خۆیدا بمێنێتەوە بۆیە تکایە رەچاوی ئاستی منداڵەکانتان بکەن و لەبری مسۆگەرکردنی دوارۆژێکی روناک بۆ منداڵەکانتان مەبنە مایەی فەوتاندن و لەدەستدانی جگەرگۆشەکانتان کە ئەوکات پەشیمانی دادتان نادات.