چارەنوسی ململانێی غاز لە نێوان هەرێم و بەغدا بەكوێ دەگات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 735 جار بینراوە

 

ستاندەر

چارەنوسی ململانێی غاز لە نێوان هەرێم و بەغدا بەكوێ دەگات؟

ئێران لەبارەی غازی سروشتی چی لە كوردستان دەوێت و فشارەكانی بەغدا لەكوێ سەر دەردەكات؟

بۆچی ئێران نایەوێت كوردستان ببێتە جێگرەوەی غازەكەی لە توركیا و عێراق؟

 

بەبڕوای زۆرێك لە چاودێران كەیسی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان فاكتەری سەرەكی فشارەكانی بەغدایە بۆ سەر حكومەتی هەرێم، بەجۆرێك بەغدا نایەوێت هاوشێوەی نەوتەكە، حكومەتی هەرێم مەلەفی غازی سروشتی بەتەنها بەرێوەببات، كێشەكەش ئێستا رەهەندێكی فراوانتری وەرگرتوە ئەمریكا و ئێرانیش بە گرنگیەوە تێكەلی ئەم هاوكێشەیە بوونە و هەریەكە و دەیەوێت مەلەفەكە بە ئاراستەی خۆی ببات.

عێراق ئێستا سێ یەكی كارەبای خۆی لە رێگای بەكارهێنانی غازی سروشتی ئێران دابین دەكات، ئەمەش بۆتە سەرچاوەیەكی بەهێز بۆ ئێران بۆ دەستكەوتنی دراوی قورس كە دۆلارە، بۆیە دەیەوێت بەهەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو پێگەیەی خۆی بكات و رێگا نەدات غازی سروشتی هەرێمی کووردستان ببێتە بەدیل.

لەبەرامبەردا ئەمریكا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە عێڕاق جێگرەوە بۆ غازی سروشتی ئێران بدۆزێتەوە، بۆیە پشتیوانی ئەوە دەكات لە ناوچە جیاجیاكانی عێڕاق گەڕان بەدوای غازی سروشتی فراوانتر بكرێت، هاوكات لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپەوە، ئەمریكا كار بۆ ئەوە دەكات عێڕاق سوود لە غازی سروشتی هەرێم وەك جێگرەوەی ئێران وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكیەكانی هەرێم و بەغدا ئەم پڕۆسەیە نەچۆتە پێش.

هەرچی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، زیاتر بیری لەوەیە غازی سرووشتی هەناردەی دەرەوە بكات، لەكاتێكدا هێشتا پێداویستی نێوخۆیی هەرێمی پێ پڕ نەكردۆتەوە.

لەم لایەشەوە توركیا چاوی لەوەیە كێشەی غازی سروشتی خۆی كە لە مانگی ئازارەوە لەگەڵ ئێران بۆی دروستبووە لەڕێی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات.

بۆیە ئێران كە ئێستا خاوەنی هەزار و دوو سەد تڕلیۆن پێ غازی سروشتیە، نایەوێت بەهیچ شێوەیەك هەرێمی كوردستان كە یەدەگەكەشی لەچاو ئەوان زۆر كەمە و تەنها چل تڕلیۆن پێ غازی سرووشتییە، ببێتە جێگرەوەی نە لە عێڕاق و نە لەتوركیا.

فشارەكانی بەغدا لەڕێی دادگای فیدراڵییشەوە بەشێك پێیان وایە لەو دەمە پەیوەندی بە ویستی ئێرانەوە هەیە، بۆیە چاوەڕێ ناكرێت بەم ئاسانییە هیچ دەرگایەك چ بەرەو عێڕاق چ بەرەو توركیاش بە ڕووی هەناردەی غازی سروشتی كوردستان بكرێتەوە، بۆیە بە بڕوای چاودێران باشترین چارەەسەر بۆ هەرێم ئێستا پڕ كردنەوەی پێویستیەكانی نێوخۆیی هەرێمی كوردستانە بۆ غازی سروشتی، ئینجا بەپلەی دووەم عێڕاقە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێك لە پێداویستییەكانی پڕ بكاتەوە.