كە تەبەقەی دەسەڵات سفرە ، بەرەی دژیشی بەزیاترەوەیە

لەلایەن ستاندار Posted on 458 جار بینراوە

مەھدی كاوانی

خراپترین دەسەڵات باشترە كە ئۆپۆزسیۆن ھەبوونی خۆی بچەسپێنێ ، لە دەسەڵاتێكی باش كە ئۆپۆزسیۆن نەتوانێ ڕۆڵی خۆی ببینێ . دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەكرێ بەرەی دژیشی پێ بگوترێ، دەكاتە دوو دیوی یەك دراو . كە دەسەڵاتی كوردی ھەموو تواناكانی خۆی بۆ ئەوە بەگەڕ دەخا تاوەكو ئۆپۆزسیۆن ئیفلیج بكات ، ئاگای لێ بێت یان نا ، مانای ئیفلیج بوونی خۆشی دەكات . كە ئۆپۆزسیۆن ڕەخنە دەگرێ ،

چاودێری دەسەڵات دەكات و دەیەوێ ئەو زەمینە بڕەخسێنێ كە لە ھەڵبژاردنی دادێ ببێتە شوێن گرەوەی دەسەڵات ، لە ھەمان كاتیشدا وا لە دەسەڵات دەكات كە ئاگاداری خۆی بێت نەوەكا ئۆپۆزسیۆن ببێتە شوێن گرەوەی . ئەوەی لە كوردستان ڕوودەدات ڕێكاو ڕێك پێچەوانەیە . دەزگای ڕاگەیاندنی تەبەقەی دەسەڵات بە ملیار دۆلار ساڵانە خەرج دەكات تەنیا بۆ بێنرخكردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لەو كاتەشدا كە دەسەڵات چاودێری لە سەر نەبوو و لە باشترین حالەتیش لێی وەرگری ھەر دەكاتە حكومەتێكی گەندەڵ . بە دیوە پێچەوانەكەشی ھەمدیسان ڕاستە ، واتە مادامەكینێ بەرەی ئۆپۆزسیۆن خاوەنی بەرەیەكی سیاسی یەكگرتوو نیەو پەرتەوازەیی زۆر بە فراوانی دەناو دەبینرێ دەكاتە ئەوەی كە ھێزێكی نوێ بە بەرەی دەسەڵات ببەخشرێ .

قسەم بۆ ئەو شوێنە نابەمەوە وەك بڵێم كامە حیزب لە كامەحیزب باشترە یان بڵێم بەرەی دژە دەسەڵات لە بەرەی دەسەڵات باشترە ، پێچەوانەكەشی بە ھەمان شێوە . بۆ نمونە دەسەڵات ھەموو ڕێكارەكان بە ئەنجام دەگرێ بۆ ئەوەی دژەكانی نەگەنە ئەو ئاستە كە مەترسی لە سەر دەسەڵاتەكەی بۆدروست بكەن . خۆ دەبێ بەرەی دژیش و بە پێچەوانەوە دەبێ ھەموو ئەو ڕێكارانە بگرێتە بەر كە لە ھەڵبژاردنی ئایندە ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات یان بەلای كەمێ سەنگایەكی ئەو تۆ بخوڵقێنن كە دەسەڵات نەتوانێ بە ئارەزووی خۆی ھەرچی بیەوێ بەڕێی بكات ئەویش بەوە دەكرێ كە سەنگی لەبەر چاوی ھەبێت دەناو پەڕلەمانی دادێ . با نمونە بە پارتی و یەكیەتی بێنینەوە : ھەقم بەسەر ئەوەوە نیەكە بڵێم كورسیەكان چۆنچۆنی ھاتوون بەس پارتی حیزبی زۆرینەیە . ھەر ئەوەندە نا بەلكو سەرچاوەی دارایش زیاتر لە ژێر كۆنتڕۆڵی پارتیەوەیە .

من دەڵێم ئەگەر بھاتبایە یەكیەتی و بزوتنەوەی گۆڕان و تەیاری دینی و نەوەی نوێ و ئەم و ئەویتریشی بخە سەر كۆ بێلایەنەكان و ئیدی و ئیدی و لە سەر بەرنامەیەكی ھاوبەش یەكیان گرتبایە و پێیەوە ئایا پارتی دەیتوانی ئینفرادی سوڵتە بكات و ئەوەی بیەوێ وەھا بكا . وەڵامەكەی نەخێر دەبی . ھەر ئەوەندە نا بەلكو ھۆشداری دانێكیشە بۆ پارتی كە بەلای كەمێ نەك قبوڵی موناسەفەی دەسەڵات لە گەڵ نەیارەكانی بكات بەلكو بە ناچاری و بە دیوی خۆشیەوە ھەوڵی باشكردنی ئەداكانی خۆی دەدا . ئەو قسەیەم بۆ یەكیەتیش ھەر ڕاستە ئەگەر بھاتبایە ئەو حیزبی قائید بوایە ،

ئەو كاتە دەبوایە پارتی بەرەی موعارەزەی لە دژدا كۆ كردبایەوە . پێش دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان ، پارتی و یەكیەتی بە موناسەفە ھەر یەكەیان و دەناو زۆنی خۆی حوكمی دەكردو تەیاری دینی و حیزبە بچووكەكانی تریش پایەكیان لە ناو دەسەڵاتدا بوو پایەكیشیان دەناو خەلك و پێیەوە بڕوایەكی ئەوتۆی خەلكیان بەدەست نەدەھێنا . كە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو گۆڕانێكی نەوعی بە سەر سیاسەتی كوردی داھێنا نەك ھەرئەوە بەلكو تەیاری دینی و تا ڕادەیەك ڕاگەیاندنی ئازادیش ، ھەر یەكەو بە دەوری خۆیەوە جولەی باشیان تێكەوت بەڵام بەداخەوە ماوەیەكی كورت بوو و بە دوایەوە ، خراپتر لەباشتری لێ كەوتەوە . ڕەنگە ھۆكاری شەڕی داعش كاری سەرەكی كردبێت لەو ھەڵگەڕانەوەی جولەی سیاسی بە دیوە خراپەكەی بەڵام كۆچی ناوەختی سەرۆكی بزوتنەوەی گۆڕانیش ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا و بە دوایەوە گۆڕان بە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان ملی ڕێی دەسەڵاتی گرت و لێكەوتەكانی وەھا كەوتەوە لە ٢٤ كورسیەوە بووە ١٢ كورسی و پاشانیش سفر كورسی . كە گۆڕان ئەو ھەڵگەرانەوە ٣٦٠ دەرەجەیەی بەسەرداھات بە دوایەوە بێئومێدی سەرتاپای خەلكی گرتەوەو وای لێ ھات لەدوو ھەڵبژاردنی یەك لە دوای یەك كەمتر لە ٣٠٪‏ ڕووی لەسندوقەكانی دەنگدان دەكرد .

بە بڕوای خۆم كزی جولەی سیاسی سەرتاپای ھەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە ، كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی تریشی بخە سەر . كە بزوتنەوەی گۆڕان كزی زیاتری پێوە دیارە لە چاو ئەوانی تر بە تایبەتی لە پارتی و یەكیەتی ، چونكە گۆڕان بە بەرنامەی پارتی چووەتە ناو دەسەڵات و سەرچاوەیەكی ئەوتۆی دارایشی نیە كە بتوانێ تا ڕادەیەك ھەوادارانی خۆی پێ ڕازی بكات و خاوەنی ھێزی سەربازیش نیە .

ئەگەر نا وەك پارتی و یەكیەتی و حیزبەكانی تریش تەماشا بكرێ و تەزویری لێ دەركە باقیەكەی دەنگەكانیان كەمتر لە نیوەی جارانی لێ ماوەتەوە بە بەراورد كردن لە گەڵ ئەو دەنگانەی كە گۆڕان پێشتر نیو ملیۆن دەنگی خەلكی بە دەست ھێناو ھی وانیش بە تایبەتی پارتی زۆر بە زیاترەوە بوو . دەتوانم بڵێم لە دوا ھەڵبژاردن بە ھەموو حیزبەكان ئەگەر تەزویری لێ دەربكرێ ھەر تەنیا نیو ملیۆن دەنگیان بە دەست ھێنابوو .

دەنگەكانی نەوەی نوێش ٩٠٪‏ ھی تەمەنەكانی ١٨- ٢٠ ساڵەوە بوون كە دەكاتە ناكامڵی سیاسی . كە دەڵێم دەسەڵات و ئێستاكە سفرەو بەرەی دژیشی بەزیاترەوەیە ، مانای ئەوە دەگەیەنێ كە دەسەڵاتی كوردی ئێستاكە زۆر زۆر لە خوارەوەی دەسەڵاتی ناوەندە ، ئەوە لە كاتێكدا كە ناوەندیش بە سەردوو بەرەی سەدرو نوری مالێكی واتە ئێرانی دابەش بووینە . ئەی ئەگەر بێت وئەوان لە ناوخۆیان بە بەرنامەیەكی ھاوبەش ڕێك كەون بە دوایەوە حكومەتی كوردی دوو ئەوەندەی ئێستاكە ئیفلیجتر دەكەن .