بزوتنەوەی گۆڕان لە قۆناغی بەرگریەوە بۆ ھێرش.
15/8/2012
رفعت ههڵهبجهیی
رفعت ھەڵەبجەیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەل و مەرجێکی سەخت و دژواردا لەدایک بوو. لەدایک بوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە دایک بوونی بێچووە ئاسکیک دەچوو لە ناو جەنگەڵێکی پڕ لە دووڕندەو مل شکێن دا بێتە ژیان. ھەرلەڕۆژی لەدایک بوونیەوە دەسەڵاتدارانی بنەماڵە ھەولی لەناو بردنیان دا دواتر کە شکستیان ھێنا ھەوڵیان دا کە ڕێگری لەگەشە کردنی بکەن ئەویش بە نان بڕین و بارەگا سوتاندن و گرتنی ئەندامەکانیان بەلام خۆشبەختانە لەمەشدا شکستیان خوارد ئەگەرچی دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان وەرچەرخانێکی سیاسی مێژوویی بوو بەڵام بەشداری کردنی لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٥ تەمووزی ٢٠٠٩دا و بەدەست ھێنای ٢٥ کورسی بەرلەمان سەرەتای لەرزاندنی کۆشکی دەسەلاتی بنەمالەیی بوو. دەسەلاتی بنەماڵەیی بەتایبەتی پارتی زۆر ھەولیان دا کە بزوتنەوەی گۆڕان ببێتە ڕێکخراوێکی چەکداری سەربازی بۆ ئەوەی بەئاسانی پیلانی جۆراو جۆری بۆ داتاشن و پەلاماری بدەن ھەروەکو لە ١٧ ی شوبات کە ویستیان پەلاماری بنکەو بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان بدەن و بەیەکجاری ئەو بزوتنەوەیە لەبار بەرن ھەروەکو ئەو ھێرشانەی کە لە ھەولێر کرایە سەر بنکەو بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان. خۆشبەختانە ھەرھەموو ئەو ھەوڵە نەزۆکانەی دەسەڵاتە بنەماڵەیی یەکانی ھەرێمی کوردستان بێ ھودە دەرچووھەرھەموویان شکستیان ھێنا . گۆڕان وەکو مناڵێکی ھەتیوی بێ سەرپەرست دەورەدراو بە دوژمن سەرباری ئەو ھەموو توندوو تیژی وبرسێتی و سەرماو گەرمایە درێژەی بەخەباتی سیاسینەی خۆی داو لەبەرلەمان بووە چقڵی چاوی ئەندام بەرلەمانە مفتەخۆرەکانی دەسەڵات و نەیانھێشت وەکو جاران ملھوڕانە یا سا بەرژەوەندیەخوازیەکانی دەسەڵات بەسەر جەماوەردا بسەپێنن. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سەردەمی ساوایی خۆی تێ پەڕاند ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەتەمەنی ڕوشد دایە واتە لەتەمەنی گەشەکردندایە ئیترمەترسی لەناوچونی تێپەڕاندووە .
گۆڕان قۆناغی بەرگری تێپەڕاندوو ئێستا لە قۆناغی ھێرش دایە بزوتنەوەی گۆڕان لەمنا ڵێکی لاسارو بزێو دەچوو سڵی لەھێچ مەترسیەک نەدەکردەوە تەنانەت لەمردنیش ھەروەکو چارەنووس بۆ لەناو بردنی دەسەلاتی بنەماڵەیی ھەرێمی کوردستان ھێنایبێتە ژیان. بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر چی بەدەر نیە لەھەڵەو کەم و کوڕی بەڵام بە ھەموو پێوەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی لە باشترینی ئەو پارت و ڕێکخراوانەی ئێستای ھەرێمی کوردستانە لە ڕووی پێک ھاتەی جەماوەریشەوە پێشەنگترین و بەئاگاترین و ڕۆشنبیرترین و نیشتمان پەروەرترین چین و توێژی جەماوەری پێک ھاتووە. بزوتنەوەی گۆڕان مامەڵەیەکی سیاسیانە ی سەردەم و نیشتمان پەروەرانە لەگەڵ ڕوداوەکان و قەیرانەکانی ناوچەکەدا دەکات بێ لایەن بوونی لە قەیرانەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی و وەھەروەھا لە کێشەی سوریا سەربەخۆبوونی ئەو بزوتنەوەیە دەسەلمێنێت. ھێرشەکانی سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان لەم ڕۆژانەی دوایی دابۆ سەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی ھێزوتوانای ئەو بزوتنەوەیە و گەشە کردنی دەسەلمێنێت . پێ دەچێت بزوتنەوەی گۆڕان ھێرشەکانی بەردەوام بێت و زیاتر فشار بخاتە سەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی . ئەوەی کە پێویستە بزوتنەوەی گۆڕان ڕەچاوی بکات وگرنگی پێ بدات ئەوەیە کە نارەزایی یەکان لە سلێمانی یەوە بگوازێتەوە بۆ ھەولێر و چالاکیەکانی ئەندامەکانی خۆیشی لەھەولێر پەرە پێ بدات چونکە تەنھا شاری ھەولێر بنەماڵەی بارزانی شکست پێ دێنێت سلێمانی کاری بە بنەماڵەی بارزانی یەوە نەماوە ھیچ پێویست ناکات ووزەو چالاکیەکانی ئەو بزوتنەوەیە لەوێ سەرف بکرێت. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ئەو ڕاستیە بزانێت تەنانەت ئەگەر ئەندام بەرلەمانەکانیشی زیندانی بکرێن و سزا بدرێن زیاتر ترسی جەماوەر دەشکێت و زوتر جەماوەری ھەولێر ڕادەپەڕن.
|