سەرۆکی حکومەت پێویستی بە روئیای ئابوورییە نەک بەراوردی ژمارەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 629 جار بینراوە
سەنگەر رسول
مامەڵەکردن و شیکارکردنی ئابوورییانە کۆمەڵێک رێساو یاسی خۆی هەیە، لەهەموو گرنگتر لێکدانەوەی دروستی ژمارەکانە و دواتر بەپێی واقیعی کۆمەڵگا و چۆنییەتی داهات و خەرجی و دابەشکردن و سیاسەتی بانکی ناوەندی و سیاسەتی دراو لەگەڵ چەند بنەمایەکی دیکەدا هەڵسەنگاندن و پێشبینی کردن بۆ دۆخی ئابووری دەکرێت. مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەی ڕووت ناکرێ، بەبێ رەچاوکردنی چۆنیەتی سووڕانەوە و خەرجی و مانەوەو گەڵێک بنەمای دیکە ئەوا تووشی کورتهێنان و هەڵەی گەورە دەبین!.
بەپێی قسەی سەرۆکی حکومەت، زیاتر لە ملیۆنێک مووچە خۆر هەیە و لە زۆر سەرچاوەش (١ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار) موچەخۆر راگەیاندراوە.
ئەگەر بە مەعدەلی هەر مووچە خۆرێک خەرجی ٢ کەسی لەسەر شان بێت (ماڵ هەیە ٦ کەسن و یەک کەس مووچەخۆرەو مالێش هەیە لە سێ کەس دوانیان مووچە خۆرە)، کەواتە سێ کەس بژێوی ژیانیان لەسەر مووچەکە دەبێ و داماننا (٢٥٠ هەزاری) دوو کەس پێکەوە مووچە خۆرن و لە ژمارەی گشتی مووچەخۆران کەم دەکرێنەوە. ئەوا هاوکێشەکە بەمشێوەیە دەبێ :
1250.000 -250.000 = 1.000.000
1000000 x 3 = 3.000.000
بەپێی قسەی سەرۆکی حکومەت لە دیداری سەنتەرێکی توێژینەوە لە هەولێر، وتی؛ “یەک ملیۆن کەس مووچە خۆر ئەوا ٥ ملیۆن کەس ناکەنە قوربانی!” ، لە هەموو دونیا ستاف و راوێژکارەکان زانیارییەکان بۆ حوکمڕانەکان ئامادە دەکەن بۆیە دەبووایە راوێژکارە ئابوورییەکانی ئەوەیان بۆ بنووسیبا کە لەکۆی ٦ ملیۆن ژمارەی دانیشتووان ئەوا ٣ ملیۆن بژێویان لەسەر مووچەیە کە دەکاتە نیوەی ژمارەی دانیشتوان!.
کەواتە لەماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانی کوردی، ئەوا تاکێکی بەرهەمهێنان لەڕووی ئابوورییەوە دروست نەکراوە، بەڵکو نیوەی دانیشتوان بەکاربەرن و کەواتە خەرجییان زیاد دەکات و بژێوی سەرەکییان لەسەر مووچەیە کە بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی وەبەرهێنانەوە!.
لێرەدا لەجیاتی ئەو تێگەیشتنە کە “٥ ملیۆن ناکەنە قووربانی ١ ملیۆن کەس!” کە ئەمە وا نیشان دەدرێ کە گوناح و تاوانی فەشەلی ئابووری لەملی مووچەخۆرانە، دەبووایە سەرۆکی حکومەت ڕاشکاوانە بیگووتبا، بەڵێ سیاسەتی ئابووری حکومەت هەڵەبوو لەئاراستەکردنی کۆمەڵگا لە وەبەرهێنەوە بۆ بەکاربەر.
لەهەر کێشە و نەخۆشییەکدا دەستنیشانکردن زۆر گرنگە، ئەگەر نەتووانی راشکاوانە دەست بخەیە سەر برینەکە چۆن چارەسەری دەکەی؟
دەکرێ ئەم هەنگاوانە لەبەرچاو بگیردرێن، کە بەشێکی کەمی دەنووسین و ئەمانەن:
یەکەم: ئایا سیستمی کۆکردنەوەی باج، سیستمێکی دادپەروەرانەیە؟ یاخود تۆڕەکە بەس ماسییە بچووکەکان دەگرێت؟
دووەم: ئایا چۆن هێزی کار (گەنجان) وەگەڕخراون و چ کارێک کراوە بۆ ئەوەی لە کارگەو پرۆژەکان بەکار بخرێن؟ بۆ ئەوەی هەم ببنە سەرچاوەیەک بۆ باج و هەمیش دوورخستنەوەیان لە بارگرانی دامەزراندن و بودجەی گشتی؟
سێیەم: چی کراوە بۆ ژێرخانی ئابووری؟ بەتایبەت بۆ چینی ناوەند؟ بۆ نموونە سیستمی تەندروستی و پەروەردە هاوکاری راگرتن و بەهێزکردنی ئەو چینەی ناوەندەن؟
چوارەم: ئایا خەرجی ووڵات (ناوخۆ) چەندی لەشمەک و کاڵای هاوردە خەرج دەکرێ و چەندی لە بەرهەمی ناوخۆ خەرج دەکرێ؟ دەبێ بەلایەنی کەمەوە باڵانسێک هەبێ، کاربکرێت ساڵ بەساڵ لەهەر بوارێکدا خەرجی لەشتومەکی هاوردە کەمبکرێتەوەو بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکرێ.
پێنجەم: ئەوە راست نییە کە فشاری گەورەی ئابووری لەسەر مووچەیە! بەڵکو دەبێ حکومەت لەخۆی بپرسێ بۆ چی خەرجی ئاسایش و بەرگری و سەربازی و هەرسلکێکی دیکەی سەربازی بودجەی گەورە لە بودجەى گشتی داگیرکردووە؟ ئایا چۆن لەو سێکتەر ئەو خەرجییانە کەمبکرێنەوە بۆ نیوە؟
بۆیە سەرۆکی حکومەت پێویستی بە روئیای ئابووری و نەخشە ڕێگای ئابووری هەیە تا بەراوردکاری ژمارەی مووچەخۆران و ئەگەر نییەتی هەیە چاکسازی راستەقینە بکات. ئەوا یەکەم شتێک بیکات دروستکردنی تیمێکە لە کەسانی پسپۆرو خاوەن بیرۆکەی ئینقازی ئابووری، چونکە بە وتارەکەی لەو دیدارەدا دیارە تیمە ئابوورییەکەی نایگێنێتە مەبەستی راستەقینە و بەهەڵەی دادەبەن. ئەو پێشنیازە بۆ ئەوە نییە کە حەسانە بدرێتە سەرۆکی حکومەت لەخراپی ئابوور بەڵکو لەهەموو دونیا تیمەکان سیاسەت دادەڕێژن و بڕیار بەدەستەکان سیاسەتەکە ئۆکەی دەکەن و بریاری لێدەدەن.