دەربارەی ئێمە

standard last logo

خاوەن ئیمتیاز:
سەلمان کۆچەری
دەستەی بەڕێوەبردنی سایت:
نەهرۆ عبدالباقی
کەرکوک ئەحمەد
یاسا ئاکۆ
کامەران خدر
ئالان سدیق
………………………………

ئێمە

گرنگی راگەیاندن لەسەردەمی ئێستادا ھێندە لەپێش چاوە پێویست بەباسکردن ناکات، کوردیش وەک بەشێکی دانەبڕاوی ئەم جیھانە لەگەڵ بوونی ئازادیدا رۆژ لەدوای رۆژ بایەخی پتر بەراگەیاندن دەدات، ئەوەتانێ ژمارەی کەناڵە ئاسمانیە کوردیەکان، رۆژنامەو گۆڤارەکان، سایت‌و رادیۆکان، تا دێت زیاتر دەبێت.
لەم نێوەندەدا پرۆژەی ستاندەر وەک بیرۆکەیەکی خۆماڵی ھەڵقەڵاوی نێو جەرگەی شەقامی کوردی بەلەخۆگرتنی رۆژنامەنووس‌و نووسەرانی بیروڕا جیاواز بەگۆڤارێکی مانگانە ھاتنە نێو کاروانی رۆژنامەنووسی کوردی، دوای دووساڵ وەک پێویستیەکی قۆناغەکە رۆژنامەی ستاندەریش ھاوشانی گۆڤارە مانگانەکە ھەفتانە بە١٦ لاپەڕە دەستی بەدەرچوون کرد، سایتی ستاندەر کوردیش کەپێشتر تەنھا رۆژنامەو گۆڤارەکەی لەخۆدەگرت بەچاکمانزانی بیکەینە رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئازاد‌و رۆژانە خوێنەری کورد لەسەرتاسەری دونیادا لەھەواڵ‌و گۆڕانکاریەکان ئاگاداربکەینەوە.
بەردەوامی‌و گەشەی ستاندەر لەو مەودا فراوانەی بیروڕا دەربڕینەدایە کە تائێستا رەنگی داوەتەوە لەسەر لاپەڕەی گۆڤار‌و رۆژنامەکە، قەڵەمە ئاراستە جیاوازەکان رەنگێکیان بەخشیوە بەستاندەر کە جگە لەرەنگی نیشتمان لەھیچ رەنگێکی دیکە ناچێت، ھەموو رەخنەو تێڕوانینێکی جیاوازیش کەبڵاوی دەکەینەوە مەبەستمان لێی گێڕانەوەی رێزی تەواوە بۆ ھاوڵاتی کورد‌و بەرچاورۆشنی بەرپرسانە لەو ھەڵەو کەموکورتیانەی ئێستا ھەیە پێویستیان بەچارەسەرە.
ستاندەر کورد ماڵی ھەموو قەڵەمێکی ئازادە کە داھاتوویەکی گەش بۆ کورد بخوازێت، وەک بنەمای کارکردنی ستاندەر کورد ئەم بنەمایانە دەخەینە روو: 

بنەماکانی ستاندەر

 ھەر دەزگا و ئەنسیتۆیەک ئەگەر کۆمەڵێک بنەما و ئامانجی دیار نەبێ زیاتر بەلای (عەبەسی) دەچێ و نازانرێ لەخزمەتی کێ دەبێ، ڕەنگە گەلێ جار ئەرک و بەرھەمەکانی بچۆڕێتە دەریای ناحەزانی میللەتەکەی، بۆیە لێرەدا چەند بنەمایەکمان داڕشتووە تا ئەو وتار و تێڕوانینەی تیایدا بڵاودەکرێتەوە پێی لە تەرازوو بدرێت، بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- راستکردنەوەی چەمک و تێگەیشتنە چەوتەکان: 
ھەڵبەتە لەم سەردەمەی عەولەمەدا کەناڵی بیستن و بینین و خوێندنەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێ و فرەن، ھەریەکە لەم جیھانەدا بەپێی بەرژەوەندی خۆی بڵاوی دەکاتەوە، دیارە ئەو بەرژەوەندیانەش ھەریەکە ھەڵقوڵاوی جۆرێک لە زەمینەیە، لەوانە زەمینەو ئەجنەیەکی ئابووری مادی، یان نەتەوایەتی، یان شارستانی، یان ئاینی، یان کەلتووری، یان ئاسایشی.. کە زۆربەی جار لەگەڵ قۆناغی ڕزگاری میللەتەکەمان ناگونجێ، بەو شێوە کۆمەڵێک بۆچوونی بۆ پەیدا دەکات، ھەم بەچەوتی و ھەم بەپێچەوانەی بەرژەوەندی میللەتەکەش، ئنجا بە دووبارەبوونەوەو کەڵەکەبوونی وەھا ڕەوشێک لە کۆتاییدا دەبێتە ھۆی دروستبوونی چەمک و زاراوەی وا بەچەوتی بخەمڵێ لە دڵ و دەروونی میللەتەکەمان، ئیتر میللەتێکی چەواشەمان بۆ دروست دەکات، ڕەوشەنبیر و سیاسەتمەدار و توێژەرەوەی چەواشەشمان بۆ دروست دەکات.. ڕاستکردنەوەی ئەو چەمک و زانیاریانە بۆ باری دروستی خۆی ئەرکێکی ڕاگەیاندنی و نیشتمانیشە ئنجا ئەرکێکی زانستیشە.
٢- زیندووکردنەوەی بەھا و نەگۆڕەکانی کوردەواری: 
دەبێ بزانین پێش ئەوەی یاسا جێگەی نەریت بگرێتەوە، ئەوا بەھا باڵاکانی میللەتانە کۆمەڵگەی بە سەلامەتی گەیاندە عەولەمەو ڕووناکی، میللەتی ئێمەش لەو ڕووە سەرمەشق بووە، ھەر ئەو فاکتەرەش بووە ڕاگری مانای مرۆڤایەتی و کۆڵەگەکانی مانای میللەتایەتی، بۆیە دوژمنان و داگیرکەرانی لە ھەوڵ و تەقەلایەکی بێوچان دابوون بۆ تێکڕوخانی ئەو بەھا ئەخلاقیانە، کە ھەمو بەرەکانی کەلتوری و فکری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و زانیاری و ڕاگەیاندنی گرتۆتەوە، چونکە ھەر میللەتێک خاوەنی ئەو بەھا ئەخلاقیانە بێ ھەرگیز داگیرناکرێ، ھەتا ئەگەر خاکیشی داگیر بکرێ، دڵی داگیرناکرێ و داگیرکەر تیایدا ناحەسێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەو ئەخلاقە نەمێنێ، ئەوا ھەم داگیر دەکرێ و ھەم ئەو میللەتە دەشتوێتەوە، ھەروەک لە ئەزموونی ئیمپریالیزمی و داگیرکاری بینیومانە چەندین میللەت بەتەواوی توایەوە، ئەو پلانە مەزنە ڕووی لە کوردیش کردووە بەتایبەتی لە سەردەمی (بەعس) بەو ئامرازانەی سەروو و داڕووخانی ژێرخانی ئەو بەھا ئەخلاقیانە بەھۆی داڕووخنی دێ و شارۆچکەکان و کۆکردنەوەی لە ئۆردوگا..، ئەوە لەلایەک لەلایەکی تر ھەموو ئەو دیاردە دزێوانەی لە کوردستان بڵاوبوەتەوە و گەیشتۆتە گەندەڵی ئیداری و سیاسی و یاسای حزبی و نەریتی و بەترسناکی.. ھەمووی لەوەوە سەرچاوە دەگرێ و ھەم چارەسەریەکانیش لێرەیە.
٣- ئازادی و دیموکراسی: 
ئەو دوو چەمکە بەرھەمی مرۆڤایەتین، نەک تەنھا ڕۆژئاوا وەک باوە، ئنجا ئەوە لایەنی ناسنامەی زانستیە نەک (ناسنامەی ڕاڕەوی)، بۆیە بەشی ھەموو میللەتانی پێوەیەو چاکترین پوختەی ئەزموون و داھێنانی مرۆڤایەتیە، میکانیزمێکی تاقانەیە بۆ واقعی عەولەمی فرەیی، لە فرەمەدرەسەی فکری و فرە کەلتووری و فرەسیاسی.. لەنێوان چەپی و ڕاستی، ڕادیکالی و پارێزگاری، عەلمانی و ئیسلامی،.. لەنێوان ڕەنگە جیاجیاکان.. تا ببیێتە دینامیکێک بۆ پێشکەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شارستانی و.. تەکنۆلۆجیش، ئەو ئازادی و دیموکراسیەیە دەتوانێ ڕێز لە ڕای میللەت بگرێ، دیاردەکانی دیکتاتۆری و خۆسەپاندن و تاکایەتی و حزبایەتی تەسک ڕابماڵێ، بنەماکانی سەروومان بۆ بھێنێتە دی، کەسی شایستە لە شوێنی شایستەمان بۆ بێنێتە دی، بەرنامەی سیاسی دروستمان بۆ بھێنێتە دی.. ..، بۆیە فێرکردن و بڵاوکردنەوەی دەنگ و باس و ئەزموونی ئازادی و دیموکراسی بەوردی و زانستیانە و بەپێی پلانی ستراتیژیانە ئەرکی داکانەی ڕاگەیاندنە بەتایبەتی لە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی.
٤- بەرژەوەندی باڵای کوردستان: 
ھەڵبەتە چەمکی (کوردستان) مانایەکی جوگرافی فراوانتری ھەیە لە چەمکی (کورد)، واتە شوێنی کورد و تورکمان و ئاشوری و عەرەب..
ھەرچی لەسەر ئەو کوردستانە بژی، بەپێی چەمکی (ھاووڵاتی)، بەرژەوەندی باڵای ئەو وڵاتە مانای بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی و مافی چارەی خۆنووسی و سەلماندنی رەسەنایەتی کوردستان وەک زەمینەی مێژوویی و سیاسی و یاسایی و.. بۆ بوونی بە دەوڵەتێک شان بەشانی دەوڵەتانی تری ناوچەکە و جیھان، داڕشتنی کۆمەڵێک بنەما بۆ ئەو مەبەستە کە تیایدا ئەو ئامانجە بێتە دی، ئەوەش بەرژەوەندی باڵای کوردستانە، یان لەڕووی یاسایی پێی دەوترێ (ئاسایشی نەتەوەیی) کە لە جیھانی سەرمەشقدا لەگەڵ جیایی ڕووکار و ئایدیۆلۆژی.. ھەموو لایەک لەو پانتاییە یەک دەگرنەوە، کەچی لە کوردستان کەمتر ڕەچاوی ئەو پانتاییە کراوە، بۆیە یەکێ لە ئەرکە بنچینەییەکانمان دروستکردنی ئەو پانتاییەی ئاسایشی نەتەوەیی تا ھیچ لایەک  لە کوردستان نە لێی نامۆ بێ، نە لە ئەرک و مافی لێی بێبەش بێت و پاوانکردنی تاقانە بۆی کۆتایی بێت.
بەو شێوەیە بەپێی ئەو بنەما سەرەکیانە، رۆژنامەی ئەلیکترۆنی ستاندەر، رۆژنامەیەکی لیبرالی بێ‌ئامانج نیە، نایەوێ بەھۆی دەنگوباسی تێکدەرانە بازاڕی خۆی گەرم بکاو باجیش بۆ میللەتەکەمان و کێشە ڕەواکەی بێت، بەڵکو لە تەقەلادا دەبێت بۆ راستکردنەوەی چەوتی و ڕووناکی خستنە سەر تاریکاییەکان تا زێڕ و تەنەکە لێک جبابێتەوە، ھەرھەمووی بە یەکسانی و لەشێوەی تارمایی نەیەتە بەرچاوی خوێنەر، بەڵام ئەوە پێدانی کلیل نیە بۆ ھیچ دەروازەو ھۆڵێک، بەڵکو ڕووناک کردنەوەی دەرگاکانە تا ھەرکەسە بتوانێ ئەو ھۆڵە ھەڵبژێرێ کە خۆی دەیەوێ نەک بە چەواشە بەسەریدا بکەوێ، تا میللەتێکی ڕەوشەنبیر دروست بکەین بە ھەمولایەک بە پرۆگرامێکی ڕاگەیاندنی زیندووی ئامانجدار، تا میللەتەکەمان و ڕەوشەنبیرانیش لە دەردی (لاسایی و ڕەدووکەوتن) دەرباز بن، خۆیان خاوەنی بەرھەمی فکری و ئایدیۆلۆژی و زانست و زانیاری وابن لەدوا تەپ و تۆزی ڕەوتی جیھان نەبن بەڵکو پێشڕەو بن، با ئێمەش ئەرکی مرۆڤایەتی خۆمان ببینین و لەو عەولەمە خانە و ناسنامەی خۆمان ھەبێ، دەبا زانا و فەیلەسوف و توێژەرەوەی وا دروست بکەین لەسەر ئاستی جیھان ئاماژەی پێبکرێ.
بەو ئاسۆیانەی سەرەوە وتار و توێژینەوەو بابەت بۆ ستاندەر بنێرن، ئەو ئاڕاستەیە زاڵ بکەن و ماناکانی ئازادی ڕادەربڕین بەو بنەماو ئامانجانە ئاوەزێڕ بکەن.