پلاسخارت: دەشێ تووڕەییی خەڵك لە هەر چرکەساتێکدا بتەقێتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 1050 جار بینراوە

جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: جەمال پیرە

(ڕاپۆرتەکەی نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، جینین پلاسخارت، کە لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢ پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە)

زۆر سوپاس، بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش،

بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش

لە پوختەی ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆمدا چەندان تێبینیی تەواو زانراو دەخرێنە ڕوو، بەو پێیەی ڕووی بەدناوی ژیانی سیاسیی عێراقی لە بازنەیەکی بەڕواڵەت بەردەوامی سیاسەتی سفریدا خۆی دووبارە دەکاتەوە. بەڵام بەر لەوەی بچمە سەر باسەکەم، دەمەوێ هەندێك سەرنج و بیروڕاکانی خۆمت پێ بڵێم دەربارەی شەپۆلەکانی ئەم دوایییەی خۆڵبارین و زریان و ڕەشەبای بەهێز بخەمە ڕوو کە بەردەوام ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە.

لە کاتێکدا ڕەشەبا و زریانی خۆڵبارین لەم وڵاتەدا دیاردەیەکی تازە نییە، شەپۆلی ئێستاکەی، دوورە لە ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دواییی عێراقدا. مانگی شوباتی ڕابردوو دەربارەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی، قسەم بۆ ئەم ئەنجومەنە کرد و نیگەرانیی خۆم دەربارەی بەبیابانبوون دەربڕی؛ لەو کاتەوە عێراق بەدەست چەندان گەردەلوولی خۆڵبارینی خەستەوە دەناڵێنێت، کە ئاسمانیان لێڵ و تاریك کردووە و بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵك ڕابکەن و بە دوای پەناگەی ئارامدا بگەڕێن؛ بگرە بوونەتە هۆی نەخۆشی و مردن.  ئێستا، پێشبینی دەکرێت ئەم گەردەلوول و خۆڵبارینانە زۆرتر دووبارە ببنەوە؛ بە دەربڕینێکی تر: بەردەوامبوونی لالێنەکردنەوە و دواکەوتن لە ئەنجامدانی کارێك لەم بارەیەوە باجێکی قورسی دەبێت. جەنابی سەرۆك ئەم گەردوول و شەپۆلە خۆڵبارینە، تەنیا سەرچاوەی نیگەرانی نین بۆ گەلی عێراقی.

هێشتا عێراقییەکان چاوەڕێی چینی سیاسەتکاران دەکەن، لە جیاتی ئەوەی بە شەڕکردن لەسەر دەسەڵات ڕازی بن کە باوی نەماوە، هەوڵ بدەن قۆڵی لێ هەڵماڵن تاکوو بتوانن پێشکەوتنێك بەدەست بهێنن لە بەدیهێنانی لیستێکی دوورودرێژی لەپێشینەییی ناوخۆییی هەڵپەسێردراو لە عێراقدا. هەروەك دەزانن هەڵبژاردنی نیشتمانی بەر لە زیاتر لە حەوت مانگ بەڕێوە چووە، کەچی چەندان وادەی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکوومەت تێپەڕ بوون و پێیانەوە پابەند نەبوون. ئێستاکەیش، ڕاستە عێراق تاکە وڵات نییە تیایدا پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت درێژە بکێشێت، بەڵام بۆ سەرکردە سیاسییەکان باشتر وایە لە پەنای ئەم بیانووەدا خۆیان نەشارنەوە، چونکە دەبێتە هۆی چاوپۆشیکردن لەوەی کە لە مەترسیدایە.

ئەمە دەبێتە بیانوو بۆ کۆسپ و تەگەرەی سیاسی، لە کاتێکدا گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان بە ئازادییەکی ڕوون و ئاشکرا ڕۆکێت و مووشەك دەتەقێنن و لە لێپرسینەوەیش ڕزگاریان دەبێت. هەروەها دەبێتە بیانوو بۆ چەقبەستنی سیاسی، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵك ڕووبەڕووی مەینەتی دەبنەوە. دەبێتە بیانوو بۆ تەڵەزگەی سیاسی، لە کاتێکدا دەشێ تووڕەییی خەڵك لە هەر چرکەساتێکدا بتەقێتەوە. لێرەدا دەمەوێ بپرسم: چی دیكه‌ هەیە پێویستە ڕوو بدات بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو دۆخەی کە هەیە بەتەواوەتی ناتوانرێت بەرگریی لێ بکرێت؟

تا ئێستا سەرکردە سیاسییەکان لەگەڵ بیرۆکەی دیالۆگ، یان ئەنجامدانی خولێکی دیکەی دانوستاندان. بەڵام ئایا ئامادەییی پێویست هەیە بۆ سازشکردن؟ ئەمەیش نییە، کە ئازاربەخشە و مایەی نیگەرانییە. سەردانی هەر بازاڕێك بکەیت عێراقییەکان پێت دەڵێن: ئەم جارەیش بەرژەوەندیی نیشتمانی لە پاشەکشێدایە لە بەرامبەر ئەو ڕەچاوکردنە کورتبینانەی مەبەستیان کۆنتڕۆڵکردنی دەرامەتەکان و یاریی دەسەڵاتە. ئێستا کاتی ئەوەیە (هەمان شت دووبارە دەکەمەوە کە پێشتر گوتوومە)، بەڵام پێویستە سەرنج بخرێتە سەر ئەو شتەی کە پێویستە سەرنجی بخرێتە سەر: لەسەر خەڵکی عێراق و پرۆگرامێك بەم شێوەیەی خوارەوە:

پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاو بۆ هەموو هاووڵاتیان.

دانانی سنوورێك بۆ گەندەڵیی بڵاوەبوو، هەروەها بۆ دیاردەی دووبەرەکی و بەتاڵانبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

جێبەجێکردن و ئەنجامدانی ڕیفۆرم و چاکسازیی پێویست.

جۆراوجۆری  و هەمەچەشنکردنی ئابووری.

دامەزراندنی سیسته‌مێکی فەرمانڕەواییی وەها، ئاراستەکانی پێشبینیکراو بن، لە بری بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بەبەردەوامی.

دانانی سنوورێك بۆ خۆدزینەوە لە لێپرسینەوە؛ بەو پێیەی لێپرسینەوە یەکێكە لە گرنگترین خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت.

کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان، لەگەڵ جەختکردنە سەر دەسەڵاتی دەوڵەت.

لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گوێتان لە من بووە، چەندان جار ئاماژەم بەم خاڵانە داوە، بەڵام تاکە شتێك کە زۆر ڕوونە، به‌رده‌وامبوون لە پەراوێزخستنی پێداویستییە سەرەکییەکانی دانیشتووان، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەمەوە، بەردەوامبوونی دواکەوتن و لالێنەکردنەوەی سیاسی، باجێکی قورسی دەبێت، نەك “بۆ ماوەیەکی کورت” بۆ ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان، بگرە بۆ هەموو ئەوانەی بەنائومێدییەوە هەوڵ دەدەن بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

جەنابی سەرۆك،

هەندێك تێبینیم هەیە بە شێوەیەکی دیاریکراوتر باسیان لێوە دەکەم؛ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە دەست پێ دەکەم، کە هێشتاکە شێوازی جێی نیگەرانیی دانوستانەکان بەردەوامە، لە جیاتی ئەوەی کە زۆر پێویستە: ئەویش بریتییە لە دۆزینەوەی میکانیزمێکی دامەزراوەییی گشتگیر و درێژخایەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و هەمووەکی و هەمیشەیی بۆ سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان. ئەگەرچی ئەمە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پێویستە، بەڵام هێشتا میکانیزمی لەو شێوەیە بەڕوونی نییە. ئەم کەمتەرخەمییەیش بەداخەوە بە کێبڕکێی ناوخۆییی هەردوو لاوە بەستراوەتەوە.

هەروەك جاری پێشوویش گوتم: گیانی هاوبەشی و هاوکاری، دەشێ و بگرە دەبێ ڕێنماییی هەموو لایەنە پەیوەندارەکان بکات، بەوەیشی کە پەیوەندیی بە بڕیارەکەی ئەم دوایییەی دادگه‌ی باڵای فیدڕاڵییەوە هەیە، سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی لەم بارەیەوە لەگەڵ هەردوو لادا کارم کرد، لەو بڕوایەدام ڕێگه‌ و دەریچەیەك هەیە بۆ دەرچوون لەم کێشەیە. هەر چۆنێك بێت، نکۆڵی لەم ڕاستییە ناکرێت: ڕووداوەکانی ڕابردوو بە شێوەیەکی مەترسیدار، بوونەتە هۆی نەمانی متمانەی نێوان هەردوو لا، بەمەیش بنیادنانی متمانە پێویستە؛ لەوانەیش بەڵێندان بە خۆدوورگرتن لە ئەنجامدانی هەر کارێکی تاکلایەنانە، کە لە ئاییندەدا پاڵنەر و مۆتیڤی سیاسیی هەبێت.

جەنابی سەرۆك،

بۆ زیاتر ڕۆشناییخستنە سەر بارودۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو دا لە چالاکییەکی زانکۆی کوردستاندا بەشداریم کرد، کە ئیڤێنتێکی ئومێدبەخش بوو، تیایدا سەرجەم حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون. لەوێ لە وتەیەکمدا ئاماژەم دا بە کاریگەریی زۆر خراپی کێبڕکێی سیاسی و دووبەرەکی و، جەختم کردە سەر گرنگیی یەکدەنگی و تێکەڵنەکردنی لەگەڵ چۆنیەکی و هاوشێوەییدا. بەڕاشکاوی دەربارەی پێویستیی خۆبەدوورگرتن لە دابەشبوونی زۆنی زەرد و سەوز قسه‌م کرد، هەروەها دەربارەی بەرپرسیارێتیی سەرکردەکان قسەم کرد بۆ ڕێنماییکردن و یەکخستنی بەرژەوەندییە دژبەیەك و جیاوازەکان و سەرنجدانە سەر ئەو چارەسەرانەی  لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكدان کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین- جا لە هەولێر بن یان لە سێمانی یاخود لە دهۆك.

بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێك، پێ دەچێت ئەو چالاکییە کە جێی ئومێد بوو، هیچ گرنگییەکی پێ نەدرابێت؛ بگرە بەپێچەوانەوە، دابەشبوونەکان قووڵتر بوونەوە؛ بە شێوەیەك کاریگەریی نەرێنییان کردووەتە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. ئێستایش، نامەوێ هەمان ئەو قسانەم دووبارە بکەمەوە کە لە وتەکەی ساڵی ڕابردوومدا کردمن، بەڵام پێویستە ئەمە ڕوون بێت کە هەرێمی کوردستان تەنیا یەك بژاردەی هەیە: لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا کە بڕیارە ڕۆژی یەکی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوە بچێت، گرنگە گۆڕەپانی هەڵبژاردن وا ئامادە بکرێت، هەموو لایەنە سیاسییە کاراکان، بە گەورە و بچووکیانەوە، هەلی یەکسانیان هەبێت؛ واتا ژینگەیەکی گونجاو و لەباری هەڵبژاردن بڕەخسێت.

سەرەڕای ئەوەیش، تەنیا دەتوانم ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە جوگرافیا هەمیشە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە؛ بە واتایەکی دی، دەشێ هەلومەرجە جیۆسیاسییە بێهاوتاکان بەس بن بۆ ئەوەی سەرکردەکانی هەڵوەستەیەك بکەن. بێ گومان ئەوە بۆ هەموو عێراقیش ڕاستە. هەروەك لە چەندان بۆنەی دیکەدا گوتوومە، پێتان خۆش بێت یان نا، لاوازیی بەرەی ناوخۆییی نیشتمانی دەبێتە هۆی هاتنەکایەی ژینگەیەك، دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت. هەر لەم بارەیەوە ڕێگه‌م بدەن قسە لەسەر مووشەکبارانه‌کانیش بکەم، کە کارێکی بێزارکەر و وێرانکار و مەترسیدارە.

بە ڕاگەیاندنی بەرپرسیارێتیی ئاراستەکردنی مووشەکەکان لەلایەن فەیلەقی پاسدارانی ئێرانییەوە لە دوای ئاراستەکردنی دوازدە مووشەکی بالیستیی کورتمەودا لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٣ی مانگی ئاداردا، لاپەڕەیەکی نوێی جێی نیگەرانی هەڵدرایەوە. لە کاتێکدا سوپای پاسداران ئەو شوێنەی مووشەکەکانی بۆ ئاراستە کردووە بە “سەنتەری ستراتیژی وەسف کردووە بۆ پیلانگێڕی و کردەوەی خراپی زایۆنیزم”، هیچ بەڵگەیەك نەدۆزراوەتەوە ئەم تۆمەتانە بسەلمێنێت. شوێنی پێکراو و بەئامانجگیراوەکەیش ناوچەیەکی سڤیلە و کۆمەڵگه‌یەکی تایبەتە.

هەرچەندە هەردوو لا- عێراق و ئێران- لە ئێستادا سەرگەرمی دیالۆگن و نایانەوێ بابەتەکە گەورە بکەن، عێراق مافی خۆیەتی ئەوە ڕەت بکاتەوە وەك حەوشەی پشتەوەی ناوچەکە دابنرێت و لەلایەن دراوسێ و ئەوانی دیکەیش بەبەردەوامی سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی پێشێل بکرێت. نموونەیش لەسەر ئەمە، ئەو کردەوە سەربازییانەن کە هەر یەکە لە تورکیا و ئێران لە باکووری عێراقدا ئەنجامی دەدەن. کەواتە ئێمە ئێستا سەیری چی دەکەین؟ تۆپباران و مووشەکبارانە سنووربەزێنەکان لە عێراقدا دۆخێکی نوێی ئاسایی بێت؟ ئەمە ڕێگه‌یەکی زۆر مەترسیدارە بۆ باشتربوون و بەرەوەپێشەوەچوونی بەرژەوەندییەکان؛ ڕێگه‌یەکە دەوڵەتی عێراقی لاوازتر دەکات. پێویست ناکات بیڵێین: هەر وڵاتێك یان ئەکتەر و لایەنێکی کارای سیاسی هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەك بدات، ئامرازی دیپڵۆماسی لەبەردەستدا هەن، بە ئۆفیسە باشەکانی خۆیشمانەوە.

با بێینە سەر ئەو لایەنە چەکدارییانەی لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا کار دەکەن، تەقاندنی بێباکانەی مووشەکەکان، لەوانە بەئامانجگرتنەکەی نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەری پاڵاوگە نەوتییەکەی هەولێر، مایەی نیگەرانییە و ناڕەوایە. ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی ئاسایشی عێراق و سەقامگیرییەکەیەتی لە ژینگەی دوای هەڵبژاردنەکاندا، کە بە هەڵچوونی سیاسی بارگاوی کراوە.

راستییەکە ئەمەیە: “ناردنی پەیام بە تەقاندن و ئاراستەکردنی مووشەك”، “دیپلۆماسییەتی مووشەك”- ئەمانە کردەوەی بێباکانەن، لەوانەیە دەرەنجامی وێرانکەریان هەبێت. هەروەها ڕێگه‌م بدەن جەخت لەوە بکەمەوە، کە عێراق پێویستی بە فەرمانڕەوای چەکدار نییە خۆیان بکەن بە ڕابەر. جارێکی تریش جەخت دەکەمەوە سەر گرنگیی زۆری دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەگەر تاوانکاران ناسراون، دەبێ بانگ بکرێن و دەستنیشان بکرێن؛ ئەمەیش بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا پێویستە.

خوشك و برایان، دێینە سەر پرسی شنگال:

هەروەك هەموومان زۆر باش دەزانین، مێژووی ئەم دوایییەی شنگال مەینەتی و ناخۆشیی ترسناکی بەخۆیەوە بینیوە؛ گەیشتە لووتکەی تاوانی قێزەوەن کە لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجام دران؛ ئەمڕۆکەیش، لە کاتێکدا دانیشتووانی ناوچەکە پێویستیی زۆریان بە بنیادنانەوەی ژیانیان هەیە، هێشتا ڕووبەڕووی بەربەستی ناماقووڵانە دەبنەوە. ئاستەنگی وا بەهۆی هەبوونی ناکۆکییه‌ لەسەر ڕێکخستنە ئەمنییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی و بەڕێوەبردنی یەکگرتوو.

رێککەوتنەکەی شنگال کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٠ لە نێوان بەغدا و هەولێر واژۆ کرا (بۆ زۆر کەس) جێی هیوا و ئومێد بوو: هەنگاوێکی سەرەتایییە، بەڵام گرنگە، بە ئاراستەی ڕاست و دروست. لەو کاتەدا هیوام خواست ڕێککەوتنەکە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ شنگال بکاتەو؛ لاپەڕەیەك سەرەتا و پێشینەیییەکەی بۆ پێداویستییەکانی خەڵکی شنگال بێت، یارمەتیی ئاوارەبووەکان بدات بۆ سەر ماڵ و حاڵیان بگەڕێنەوە، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان باشتر بکات. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە بێتە دی، بەڕێوەبردن و پەیکەربەندیی ئەمنیی جێگیر- بێ گومان- پێشمەرجی سەرەکین. ئێستا و لەوەتەی ڕێککەوتنەکە واژۆ کراوە، داوام کردووە بەخێرایی جێبەجێ بکرێت، بەڵام ڕوونە کە پێچەوانەوەکەی هاتووەتە دی. تا ئێستا لەسەر هەڵبژاردنی قایمقامێکی نوێی بێلایەن ڕێک نەکەوتوون و هێشتا بوودجەی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ بەبلۆککراویی ماوەتەوە؛ ئەمەیش ڕەنگە بەهۆی دەستێوەردانە ناڕوونەکانی ڕێکارەکانی دامەزراندنەوە بێت.

ئێستا، دەربارەی ئەم ڕێکارانەی دامەزراندنەوه‌: جارێکی تر جەخت دەکەمە سەر گرنگیی پراگماتیزم و ڕیالیزم؛ ناکرێ وەك یەك، مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکرێت کە لە ڕابردوودا پەیوەندییان بە “هێزێکی دیکەوە” کردووە؛ پێویستە لەوە تێ بگەین هەندێکیان – لە غیابی دەسەڵاتی دەوڵەتدا-  بەسادەیی، ئارامی و ناسنامەی تایبەت بە خۆیانیان هەڵبژاردووە و بە مەبەستی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵەکانیان چوونەتە ناو ئەو هێزەوە. هەروەها داوامان لە بەغدا و هەولێر کردووە لەگەڵ خەڵکی شنگالدا لە پەیوەندیدا بن و دەستی هاوکاری بۆ تەواوی ڕۆڵەکانی ئەو قەزایە درێژ بکەن. لە هەمان کاتدا، ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنەکەی شنگال بەردەوامن لە جەختکردنە سەر نەبوونی ڕاوێژ لەگەڵ کۆمەڵگه‌کانی ناوخۆییدا.

ئێستاکەیش، لە کاتێکدا هیچ کەسێك ناتوانێت ئامۆژگاریی باش ڕەت بکاتەوە، بێ گومان لەلایەن نێردەی یۆنامی نا، پێویستە بڵێم: وتوێژ و گفتوگۆی ناوخۆیی ئەنجام دراوە و هێشتا بەردەوامن، لە هەمان کاتدا، ڕاستە هەر یەکە لە بەغدا و هەولێر لە توانایاندا هەیە و دەبێ لەسەر ئاستی میللی و بنکەی جەماوەرییدا هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە. جێبەجێکردنی هەر ڕێککەوتننامەیەك، دڵ و عەقڵی خەڵك بباتەوە، کارێکی زەحمەتە، بەتایبەت لەمەدا.

بەتەنیا نووسینی سەر کاغەز بەس نییە، بگرە پێویستە بەردەوام و بە درێژاییی ڕۆژ و، لە ماوەی حەوت ڕۆژی هەفتەدا بەرپرسیارێتی هەڵبگیرێت و چالاکانە چاودێری بکرێت و لەگەڵ کۆمەڵگه‌ لۆکاڵییەکان لەسەر زەمینی واقعدا ئەرکەکە لەئەستۆ بگیرێت و ڕوونکردنەوە دەربارەی دۆخەکە بدرێت و ڕاڤە بکرێت و هۆکاری بڕیاردانی دیاریکراو ڕابگەیەنرێت، کە چۆن لە ماوەیەکی نزیك یان دوورودرێژدا لە بەرژەوەندیی خەڵكی شنگال تەواو دەبێت. لەو سۆنگەیەوە: دەڵێم دابەشبوونی گەورە و پەرشوبڵاویی کۆمەڵگه‌ لۆکاڵییەکان، ڕاستییەکە لە ڕاستییەکانی ژیان لە شنگالدا، کە وای کردووە دۆخەکە سەختتر بێت. لەم چوارچێوەدا، ئەوەیش گرنگە تێبینی بکرێت، تا دێت شنگال زیاتر دەبێتە گۆڕەپانێك بۆ گەندەڵکارانی دەرەکی و لۆکاڵی. ئێستایش، لە کاتێکدا دەکرێ بەشێك لەم حاڵەتە بۆ ساڵی ٢٠١٤ بگەڕێنینەوە، لەو کاتەی ڕێکخراوی داعش دەستی کرد بە ئەنجامدانی کارە دڕندانەکانی، دوای هەشت ساڵ کاتی هاتووە، دان بەوەدا بنێین و بڵێین، بەڵێ، لە ڕابردوودا هەڵە کراوە، بەڵام شنگال بەشێکە لە دەوڵەتی عێراقی.

بارودۆخەکە لە ڕێگەی بواردان بە گەندەڵکارانی دەرەکی و لۆکاڵییەوە هیچ باشبوونێك بەخۆیەوە نابینێت؛ ئێستایش، بۆ هەموو لایەنە پەیوەندارەکان باشترە، دان بەم ڕاستییەدا بنێن، سەرەڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو یارمەتی و هاوکارییانەی لە ڕابردوودا بەدەستیان گەیشتووە. وەك دەزانن هیچ کەسێك نەیگوتووە دامەزراندنی پێکهاتەی جێگیر بۆ ئاسایش و بەڕێوەبردن، ڕێگه‌یەکی ئاسانە.

بەڵام نکۆڵی لەو ڕاستییە ناکرێت، کە نەبوونی میکانیزمەکانی هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ڕوون و زاڵبوونی بەرژەوەندییە حزبییەکان و بوونی بەردەوامی گەندەڵکاران، بە شێوەیەکی بەرچاو لە بەردەم پێشکەوتنی واتاداردا ڕێگرن، دەبێ بڵێم چاودێرانی نێودەوڵەتی بەکەمی بڵاوەیان پێ کراوە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پێکدادان لە شنگال سەری هەڵدایەوە؛ ئەمەیش بەداخەوە بووە هۆی ئەوەی جارێکی تر خەڵکی شنگال بارگەیان تێک بنێن و ڕوو بکەنە هەرێمی کوردستان و بە دوای پەناگەیەکدا بگەڕێن.

بۆیە ڕێگه‌م بدەن دووبارەی بکەمەوە کە:

پێویستە هەموو کاتێك پرسی سەلامەتی و ئاسایشی خەڵکی شنگال گرنگییەکی زۆر و سەرەکیی پێ بدرێت.

ئەوان شایانی ئاشتین لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا.

هیچ شوێنێك بۆ گەندەڵکارانی ناوخۆ و دەرەکی نییە لە شنگالدا.

پێویستە لەسەر بەغدا و هەولێر بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و بەپەلە و بەیەکەوە بۆ تەنیا یەك ئامانج کار بکەن: ئەویش بریتییە لە باشترکردنی ژیانی خەڵك لە ناوچەکە و باشترکردن و بەرەوپێشەوبردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان، بە شێوەیەکی خۆبەخشانەی شکۆمەندانە.

بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش،

چەند وشەیەك دەربارەی بێسەروشوێنبووانی کوێتی و هاووڵاتیانی وڵاتی سێیەم و موڵك و ماڵی ونبووی کوێتی، بە ئەرشیفی نیشتمانیشەوە دەردەبڕم. لەم چەند مانگەی دواییدا، وەزارەتی بەرگریی عێراقی هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕێکلام و دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن و کەناڵەکانی کونسوڵگەری و دیپلۆماسی لە سەرانسەری جیهاندا، بگەن بە شایەتحاڵی نوێ. سەرەنجام لەو ماوەیەدا لانی کەم دوو شایەتحاڵ هاتوونەتە پێشەوە؛ ئەمەیش دەیسەلمێنێت کە دەکرێ ئەو پەخش و ڕێکلامانەی چوارچێوەیەکی جوگرافیی بەرفراوانیان هەیە، بۆ بەدەستهێنانی زانیارییەکان سوودیان هەبێت. دەرکەوت وەبەرهێنانی هەوڵەکان بۆ دەستکەوتنی زانیارییەکان لە شایەتحاڵی نوێ و سووربوون لەسەر بەدەستهێنانی شیکاری وێنەی مانگە دەستکردەکان لە وڵاتانی پەیوەندیداری ئەندامەوە، هەنگاویی سەرەکین بۆ داخستنی ئەم دۆسیە یەکلاکەرەوە و هەستیارە.

جەنابی سەرۆك،

قسەکانم بە (جارێکی تر) جەختکردنە سەر گرنگیی زاڵبوون بەسەر چەقبەستووییی سیاسی کۆتایی پێ دەهێنم؛ بەوەی کە پرسە لۆکاڵییە گرنگەکان لە ئەنجامی شوێنەواری پەتای کۆڕۆنا و گرژییە جیۆسیاسییە جیهانییەکانەوە، ئاڵۆزتر بوون. ئێستا پێویستە ویستێکی ڕاستگۆیانە و بەکۆمەڵ و بەپەلە، زاڵ بێت، تاکوو وڵات بەرەوپێشەوە بچێت و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانی دابین بکات.

سوپاس جەنابی سەرۆك

سەرچاوە:

https://iraq.un.org