چۆن دەوڵەتی توركیا سینەمای كردۆتە چەكی شكاندنی كورد؟

لەلایەن ستاندار Posted on 513 جار بینراوە

ستاندەر _ ڕاپۆرت

كورد لە سینەمای توركیا
چۆن دەوڵەتی توركیا سینەمای كردۆتە چەكی شكاندنی كورد؟
دوێنێ گرتەیەكی درامایەكی توركی كە تیایدا سوكایەتی بە قەوارە و دەسەڵاتی هەرێم دەكات دەنگدانەوەیەكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لێرە دەپرسین ئایا ئەوە یەكەم درامایە بەو شێوەیە سوكایەتی بە كورد دەكات؟ یان بەشێوەیەكی فراوانتر دەپرسین سینەمای توركی چۆن دەڕوانێتە كەسایەتی كورد؟ ئەوەی لەو درامایە ڕوویدا نامۆیە بە سینەمای توركی؟

بەكر شوانی كە نووسەر و وەرگێرێكی كوردە و لە زمانی توركی بەرهەم وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی و شارەزای ئەدەبیاتی توركییە. دەڵێت: بۆ ئەوەی تێبگەیت سینەمای توركی چەند خراپ دژی كورد بەكارهێندراوە، پێویستە كتێبی (كوردەكان لە سینەمای توركیدا) بخوێنێتەوە، كە لەلایەن موسلیم یوجەل نووسراوە.
لە كتێبەكە كە بە توركی نووسراوە و تیشكی خستۆتە سەر پیشاندانی كارەكتەری كورد لە سینەمای توركی نووسەر دەڵێت: “دەرهێنەرە توركەكان هەرچی تایبەتمەندی خراپ هەیە بە كوردی دەبەستنەوە، وەك گەلێك كە تێكەڵی شارستانیەت نەبوونە، بۆ ئەوەی گوزارشت لەكەسایەتی كورد بكەن ئەوەندە بەس بووە خۆیان بخەنە قاڵبی كەسێكی نەزان و پەرپوت كە بە توركیەكی تێكشكاو قسەدەكات.
لە فیلمەكان كورد وەك چەتە و مافیا، سەرپێچیكار، بێ بەزەیی پاشماوەی سەردەمی دەربەگایەتی، لەبەرامبەردا تورك وەك كەسێكی هاوچەرخ و قارەمان و داكۆكی لە بەها مرۆڤایەتیەكان وێنا كراوە.

لێرە نمونەی دوو زنجیرەی توركی دەهێنینەوە، كە لە هەردووكیان وشەی گورگ هەیە: دۆڵی گورگەكان، گورگێكی تەنیا. گورگ لە ئەدەبیاتی توركی هێمای توركە نەژادپەرست و رەگەزپەرستەكانە، لەهەردوو فیملیش سوكایەتی بە كورد دەكرێت، كەسایەتی تورك وەك باڵا دەست و كوردیش بە لاواز و كرێگرتە و ساویلكە و خاوەن دەستەڵاتێكی لەرزۆك و داگیركەر وێناكراوە.

زنجیرەی  kurtlar vadisi (دۆڵی گورگەكان) كە لە ساڵی 2003 تاوەكو 2016 كە زنجیرەیەكی توركییە و بەشێكی لە تەلەفزیۆنە كوردییەكانیش پەخشكراوە خۆی لە 10 وەرز دەبینێتەوە. لە چەندین شوێن بە ئاشكرا سوكایەتی بە كورد و بە پارتی و جامانەی سوور، تەنانەت بە خودی كاك مەسعود بارزانیش كراوە، كورد وەكو خەڵكێكی دڕندە و دەستەڵاتی كوردیش لە هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتێكی ساویلكە سەیركراوە.

فیلمی یەلنیز كوڕت یان گورگێكی تەنها كە بەهەمان شێوە زنجیرەیەكی توركییە و لەم هەفتەیەدا ئەڵقەی 19یەمی لێپەخشكرا، كە تیایدا كەسێكی تورك لە هەرێمی كوردستان ئەمریكییەكی كوشتووە، دادگای كوردستانیش لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكات، لە دیمەنەكە ئاڵای كوردستان و وێنەی مەسعود بارزانی دەردەكەوێت،

تۆمەتبارەكە روو لە دادوەر دەکات: – موسڵ و کەرکووک موڵکی ئێمەیە، گەورەترین شەقامی هەولێر کە بە ناوی سوڵتان موزەفەرە هی تورکمانەکانە، من دان بە حکوومەتی باکووری عێراقدا نانێم، حساب بۆ ئەو دادگایە ناکەم ئەگەر دادگایی بكرێم دەبێت لە دادگای تورکیادا یان عێڕاق دادگایی بکرێم.

هەروەها دەشڵێت: – ئێوە هیچ نین ئەو ئەمریکایە کە لێرەیە پشتیوانیتان دەکات رۆژێک دێت ئەمریکا دەڕوات ئێوەش حەق و حسابی خۆتان لەگەڵ دەکرێت.

شایانی باسە ئەو كەناڵەی فیلمەكەی لێ پەخش كراوە سەر بە حكوومەت و دەستەڵاتی ئەكەپەیە، تا ئێستا حكوومەتی هەرێمیش هیچی لەسەر نەوتوە.

جێی باسە ئەو تێڕوانینەی لەو دیمەنەی فیلمەکە  هەیە هەمان ئەو قسانەیە کە ئەردۆغان ئاڕاستەی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کرد بە خائین و داشی دامەی دەستی ئیسڕائیل و سەرۆک عەشیرەت تاوانباری کرد، وەزیری بەرگری تورکیاش رایگەیاند، نە لە تورکیا نە لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیایە شوێنێک بەناوی کوردستان بوونی نییه.

ئەو سوكایەتیە بەردەوامانەی سیاسەتمەداران و سینەما و دڕامای توركی بە كورد لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێم لە ڕابردووش كەمترین هەڵوێستی هەبووە، یان بێدەنگ بوە و یانیش لەئاستێكی زۆر نزم و بەشەرمنانە هاتوونەتە وەڵام.

پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین: ساڵی پار تەنها لەسەر دانانی نەخشەی كوردستانی گەورە لەسەر پولێك توركیا گڕی تێپەربوو، پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتی توركیا هاتنە سەرخەت و هەڕەشەیان لە حكوومەتی هەرێم كرد، تا لەكۆتاییدا حكوومەتی هەرێم وتی هەڵەیەك بووە لەدەستیان دەرچوە و پولەكە فەرمی نییە.