هونەری لەتیف عەزیز
بزووتن، دەرکەوتە و هیوای زیندووێتیی یان بە زیندوومانەوە، بە ڕاگووزەریی و بۆ قۆناخێکی تری چوون، هەمیشە لە بەردەوامێتیی ئەم دیارەدەی بزووتن و چەقنەبەستنەوە لە دایک دەبێت، یان دەستەبەریی دەکات.
لە قۆناخێکداانەوە، نەبوونیی ئەم بزووتن و بیری تێپەڕینەیە. کۆمەڵەدیارەکانی مێژوو و دوونیا، بەرهەمهێنانیان لەم دیاردەیەدا کردووە. لە ڕێی گواستنەوە و لە ئێستادا نەمانەوە، پەلی هەر کۆمەڵێکی تریش گەر خواستی ببێت دەگرن و هەنگاوی پێ دەنێن… واتە: دەیانخەنەژێر ئەو دەستەڵات و هەیمەنەیەی کە لە ڕاگووزەرییدا دەستیان خستووە.
ڕاگوزەریی و قۆناخبڕیی، بەرهەم و بە ئەنجامگەیشتنی شۆڕشی هەموەکیی و گشتگیری کۆمەڵایەتییە. گەر شۆڕشێک فرەییی کۆمەڵایەتیی پاڵپشتی نەبن، جێکەوتی نابێت… تەنانەت ناسنامە و شەقڵی شۆڕش وەر ناگرێت و مانادار نابێت، یان لە سووڕی پێچەوانەی کورتزەمەندا دەستەبەر و دەستباری دەبن. کاریگەریی لەسەر یەکتر لە سووڕ و گەڕی بەدوایەکتردا درووست دەکەن.
لە قۆناخی یەکەم و کۆمەڵی راگوزەر کردوو، بە هۆی نەبوون، یان کامڵنەبوونی دەستباری ڕاگوزەریی هاوکاریی نین، ئەم بۆیان بە دایک دەبێت. بە تێپەڕبوونی کات جیهانگیریی ئەم کۆمەڵانە لە سنوور دەر دەچن و کۆمەڵەکانی تر، بە مەرجی بوونی ئامادەییی سرووشتیی ڕاگوزەریی، مۆنۆپۆل دەکات و قەرزی بەرهەمی خۆی پێ دەدات و قەرزباری دەکات. ئەمەش وای کردووە، لە کۆمەڵی دووەمدا قۆناخبڕین و نەمانەوەی لە ئێستایدا، ئاسانتر بە بەراورد بە کۆمەڵی یەکەمی ڕاگوزەرکردوو، ببێت.
کۆمەڵی کوردستانی، چۆن؟ بناسین.
لە پێناسەی کۆمەڵدا، هەر ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیی ئەوی تر تەواو دەکات. کامڵێتیی و پڕیی مانای ناسنامە ئەم تەواوکردنەیە. کوردستان، لەبەردەم مەترسیی لەبەریەکتر هەڵوەشاندن و دوورکەوتنەوەی زیادتری پایەکانی ئەم فرەڕەهەندییەمانابەخشەدا دەژیێت، کە مانای پێ دەدەن، کە ڕەنگی ناسینەوەی پێ دەدەن. هەر ئەم هۆیە وای کردووە، وەکوو کۆمەڵێکی پێگەیشتوو و ئامادە بۆ ڕاگووزەریی و قۆناخبڕیی و گواستنەوە بوەستێت، یان ئەمە نیشانەیەکی نائامادەییی بۆ هەر گۆڕانێک تێیدا ڕوو بدات.
کۆمەڵێک ئاگادار بە دوونیا، بە ڕاگوزەریی کۆمەڵی تر و هۆشیار بە نابێت بەم جۆرە لەم قۆناخەدا بژیێت و بمێنیتەوە_ دەژیێت. دیاردەیەکی تر کە ڕەگێکی دوورتر و درێژتری لە ئێستا هەیە، بەڵام بەم جۆرە هەرگیز تۆخ و دەرکەوتە نەبووە، گرووپ و خاوەنتێزی هیچ کام لە ڕەهەندە و ئایدۆژیاکان، فیگەر و عەڕابەکانیان، فەلسەفە و پێهەڵگرتنەکانیان، لە سەنگەرێکدا کۆ نابنەوە و یەکتری تەواو ناکەن. ئەمە، مەترسییەکی گەورەیە و ڕاستەوخۆ، پەیوەندیی بە پچڕانی شیرازەی کۆمەڵایەتیی و دوورکەوتنەوەی زیادتر و کاڵبوونەوەی یەکێتیی نەتەوەیییە، کە ئیتر لێرەوە ئەم جۆگەلەی ئاوە دەڕژێتە ناو ئەو هەموو برینانەی لە جەستە و تەنی کۆمەڵدا خوێنی لێ دەچۆڕێت.
کۆمەڵی کوردستانی، تەنانەت هەوڵەکانیشی، لە ئەنجامی بینینی دوونیای دەرەوەی خۆی بەرهەمی نەبووە، پەنگخواردنەوەی تووڕەییی و دەنگهەڵبڕینی و پیشاندانی داخوازیەکانی، ڕووتکردنەوە و پیشاندانی خەونەکانی و سەریخۆهەڵگرتنی تاکەکانی، هەر کەفووکوڵە، لەبەرئەوەی هێشتا هۆشیاریی تاک و لە ڕێیەوە هۆشیاریی کۆمەڵاتەتیی نەخەمڵیوە، یان ئەم هۆشیارییە خۆکرد نییە_ بۆ درووستکراوێکی موزەیەفە و بەرهەمی ئەو دەقپێگرتنسازییەیە کە کارایە، کە ئەمە هۆکاریی سەرەکیی چەقبەستووییی و خولانەوەلەناوجووخزی خۆییدا، ڕێنەبردنەوە بۆ سەر دەرچەی دەربازبوونە. بەڵام تووڕەییی و جوڵەپەرشووبڵاوەکانی ناوهەناوی دەکرێت، درووستکاریی بۆ بەرهەمداریی بکرێت و بە دەستبار و گونجاو بۆ ڕاگوزەریی و قۆناخگواستنەوە ببێت،
هۆ و دەستباری ڕاگوزەریی
لە پرۆسێسی ڕاگوزەرییدا، هۆ و دەستبار گرینگن و دەستەبەری سەرکەوتن و بە خاڵی ئامانجگرتووی دەگەیێنن. ئەمە بۆ کۆمەڵی ڕاگوزەرنەکرد و بە بەراورد بە ڕاگوزەرکردوو زیادتر درووستە، تەنانەت جێی بایەخ و گرینگیی فراوانتر دەبێت، یان پێوویستیی نەبوون. لە بنەڕەتدا کۆمەڵی یەکەم( بە بەرهەمگەیشتوو) بە بێ ئەم هۆیانە هەنگاوی ناوە و بۆ دەستبار نەبوون و لەگەڵ خۆیدا لە سکیەوە لە دایک بوون و پەرەیان سەند، وەکوو دیاردەیەکی ژیاریی و ژیانی مۆدێرن، دەر کەوتن و ڕۆڵیان پەیدا کرد. واتە: هەنگاو لە سەرەتادا بۆ کۆمەڵی یەکەم زۆر دژوار و کاتخوازتر بووە_ بە پێچەوانەی کۆمەڵەی دوای خۆی کە قەرزباری کردووە و بیری ئەم قۆناخبڕین و لە خاڵێکدا نەمانەوەی بۆ ئاسانتر کردووە، کە تەنیا خواستی بڕیاردانی لە بەردەمدا هێشتۆتەوە.
ڕاگوزەریی لە ئەمڕۆدا، نەکەوتنەژێرپێ و دەستی جیهانگیریی جیهانبینیی کۆمەڵی پێشخۆوەیە، هەر چەندە ئیلهامیشی لێ وەر دەگرێت و بە ڕێی ئەودا دەچێت. واتە: وننەبوون و جێنەمان لە ناو و بەرانبەر تەوژمی خێرای دوونیادا، وەکوو خۆمانەوە و دەستبەڕەچەڵەکگرتن و پارێزگارییکردن لە ناسنامە و پارێزگارییکردن لە پایەکانی ناسنامەیە. واتە: گەر کەڵک لە دوونیابینیی و جیهانبینیی، لە هۆ و دەستباری گۆڕانکاریی وەر نەگیردرێت، کە بە هۆی شۆڕشی هەموەکیی و گشتگیریی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵانی ترەوە پەیدا بوون، یان کامڵ بوون و بوون بە پێداویستیی گۆڕانکاریی و ژیانێکی هاوچەرخ و مۆدێرنە، دەبێت خۆ بۆ سڕینەوە لە بەردەم خواستیدا ئامادە بکرێت، کە ئەمە دووبژاردەی ناچارییە و سێیەمی نییە.
کۆمەڵی کوردستانی، هەر هۆ و دەستبارێکی ڕاگوزەریی هەیە. سامانی مرۆییی، کە لە پێناویدا شۆڕش دەکرێت هەم پێشی دەکرێت. لە هەنووکەی ژیانی کۆمەڵدا ئەم تاک، ئاگادار بە دوونیای دەرەوەی جوخزی ئەم پارچەبچووکەی گۆیەیە، تووڕەیە کە ئەم هۆیانە، بوار بۆ چوونەقۆناخێکی تر دەڕەخسێنن. سیستەمی پەروەردە و دەزگا و شوێنی زانستیی و مەعریفیی گرینگ هۆیەکانی ڕاگەیاندن، لە پێش هەر یەکێکیشیانەوە دەستەڵاتێکی بە دەستەڵاتی خۆییی و ئۆرگانگەلی تری خەڵک و کاری خەڵکی بەڕێوەبردن هەن، کە دەکرێت ژیانێکی تری باشتر بژیێت، یان دەتوانێت بە سەرەتای بیری قۆناخێکی باشتر ببن.
باروودۆخی ژیانی کۆمەڵایەتیی، ڕوونی دەکاتەوە هیچ کام لەم دەستبارانە، دەستیان لە ژیانی کۆمەڵدا نییە، بە پێچەوانەوە ڕۆڵی نەرێنیی و پارادۆکس بە بەرەو پێشچوونێکی سرووشتییان هەیە. هیچیان لە خزمەتی تاکی کوردیی و خەمی یەکێتیییەنەتەوەییی و نییشتیمانییەکەیدا نین. ئەمانە ڕۆڵەمۆدێرن و لەپێناو درووستبوون و سەرهەڵدانەکەیان لێرە ناگێڕن، چونکە هیی کۆمەڵ نین، واتە: خاوەندارێتییەکی بەرتەسک و ڕۆڵێکی نانیشتییمانیان هەیە.
بۆ چوونە ناو دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ، ئەمانە نەک ڕۆڵ ناگێڕن_ پرۆسێسەکە بە ئەرک و ماندووێتیی زیادتر دەکەن. لەبەرئەوەی تاکێکی هۆشیار بەرهەم ناهێنن، زۆرجار بە پێچەوانەی ئەم خواست و ئەرکەوە لە کاردان. تاکی کوردییان بەسەر خۆیان و بەرژەوەندیی خاوەندارێتییان دابەش کردووە. بە مۆنۆپۆلکردنی تاک، بیر و ئاڕاستەکردنی ئەرکدار بوونە. واتە: ژیانەتۆلێرانسەکۆمەڵایەتییەکە لەبەر مەترسییایە.
ئەم دەقگرتوویییەی کۆمەڵ، گرێدراوی دەقگرتووییی و دەقپێگرتنی تاکەکانێتی، کە لە چوارچێوەی ئەو دەستەڵاتەئۆلیگارشییەدان، کە کۆی بەرنامە و ڕێبەرەخەڵکلەخۆکۆکارەوەکانیان، میکانیزم و هۆیەکانی مۆنۆپۆلکردنیان، ئەو هۆ و دەستبارانەی دەبوو دەستی بۆ قۆناخێکی ترچوون بگرن، کاری بۆ ئەمە دەکەن.
هەنووکە، بۆ ئەوەی لەم پارچەبچووکی گۆیەدا، دیاردەی گواستنەوە ڕوو بدات، پەلەکردن لە شۆڕشێکی بەکاوەخۆ هەناگاو و پێوویستییەکی بێچەندووچوونی ناچارییە، کە بە دەستخستنە ناوجومجوومەی مێشکی تاکی کوردیی دەبێت. بۆ ئەوەی بە خۆی بکرێتەوە، ویست و خواستەکانی بە دەستی خۆی بدرێتەوە. کە لە کۆتایییدا ئەمە پێی دەگوترێت: شۆڕشی هەموەکیی گشتگیری کۆمەڵایەتیی و شەقڵ و ناسنامەی نیشتیمانسازیی وەر دەگرێت.
ئەنجام:
هەوڵی ڕاگوزەریی و قۆناخبڕیی، نیشانەی زیندووێتییە. ئەو کۆمەڵانەی پێشتر ڕاگوزەرییان کردووە، کاتیان زۆرتریان ویستووە، تا بە بەرهەم گەیشتوون. هیچ دەستبار و هۆیەکیان بۆ ئەم بەستە نەبووە، یان کامڵ نەبووە، یان زۆرێکیان لە منداڵدانی ئەمانەوە لە دایک بوون و هەنووکە بۆ کۆمەڵێکی تر بەردەست و دەستەبەری سەرکەوتنی دەکەن.
لە کوردستان، دەستەڵاتێکی ئۆلیگاریشی دەستەڵاتداریی تێدا دەکات. هەموو هۆ و دەستبارەکانی لە خزمەتی خواستی ئەمدان، یان لە خزمەتی ئەو بارودۆخەدان کە ئەم درووستی کردووە. ئەمەش بوونی هەموو هۆیەکانی ڕاگوزەریی، بێ بوون و کاریگەر کردووە. تەنانەت لە دژی ئەم خواستەشدا دەوەستێتەوە. بەو هۆیەوەتووڕەییی و ڕەدکردنەوەکانی هەناویشیی زۆرتر لە هۆشیارییەکی ناهۆشیار ڕەنگی گرتووە، چونکە لە سنوورێکدا ماوەتەوە و بەرهەمدار نییە.
ئەم دیاردەیە لە کوردستان ڕوو نادات، تا دەستنەخرێتە ناو جومجوومەی کەلەسەری تاکی کوردییەوە و نەدرێتەوە دەست خۆی، تا بە خاوەنی خەونەکانی و ئیرادەی نەبێتەوە.