دوا ڕۆژەکانی بابلۆ

لەلایەن ستاندار Posted on 559 جار بینراوە

 

ڕزگار عەلی

دوا ڕۆژەکانی بابلۆ (سەرەتا وەكو كۆمیدیا_دواتر وەكو تراژیدیا)

یەکەم/ ڕۆژانێک و ساڵانێکە، گوێ لە ھەر شاکارێکی ھونەری جیاواز ( شانۆ، فیلم، گۆرانی، موزیک…) جیھانی دەگرم، دەبینم گەلان و مرۆڤانی ئەم سەر زەمینە، چ جۆرە چێژێک و چ جۆرە ھونەری باڵایان ھەیە و ئێمە نیمانە، گریانێکی ناخ ھەژێن دامدەگرێت، لەگەڵ بەرھەمی فارسەکاندا و ھەندێک موزیک و زنجیرەیان کە دواترینیان زنجیرەی (خاتوون) و گۆرانییەکی ( فەرامز اسلانی) بوو، ئەو ھەستە و شعورە ناخھەژێنەم ھەبوو، لەگەڵ عەرەبەکاندا دواتریان زنجیرەی درامای سوری( الندم) و گۆرانی( غابت الشمس الحق) ی جولیا بطرس ئەو ھەستەم ھەبوو، بۆ بیانییەکانیش لەگەل دەیان ( شانۆ، موزیک، خوێندنەوە، فیلم…) ئەو ھەستەم ھەبووە، ھەردەم پرسیارگەلێکی تراژیدی و میتافیزیکیم لا دروست بووە، بۆ ھاوڵاتی ئێمە نابنە خاوەنی نەک بەرھەم، بەڵکو دووریشن لە چێژبینین لێی، بۆ ئێمە لەسەر ئەم ھەسارەیە بەو شێوەین؟ تا کەی بەو ئازارەوە بتلێینەوە؟
خۆشبەختانە، ئیمڕۆ لەگەڵ ( دوا ڕۆژەکانی بابلۆ) ئەو ھەستەم پێچەوانە بوویەوە، کە نەک ئاشنای ئەو چێژ و بیرکردنەوە بووین، بەڵکو، ئیزافەیەکمان بۆ دونیا خۆمان ھەیە و شانازی پێوە دەکەین .
دووەم/ بەڕای ئێمە لەگەڵ ( بابلۆ) چەند بەرھەمێکی دیکە باش ھەبوون، تایبەت من ئاشنای دوو کاری دیکەی شوان کەریم بووم، ( سەرەتا زۆر سەرەتا، شەوی نیشتیمان) بەڵام بابلۆ جیاوازتر بوو، لەگەڵ بابلۆ شانۆگەری کوردی پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکەوە، شانۆ بەشێکی گەورەی ئاشنابوونە بە ڕۆحی مرۆڤ، کەشفکردنی ڕۆح پێویستی بە ھونەری باڵایە، ئەوەی پێشتر ھەبوو، کە جەماوەر ناوی شانۆی لێدەنا( تایبەت لە ھەولێر/ بەزمی بەزم و ئەکتینە بازاڕییە جەماوەرییەکان) ھونەری دوورکەوتنەوە بوو لە ڕۆح، ھونەری تڕۆھاتبوونی ئینسان بوو، ساڵانێکە ئەم بەرھەمانە گوێگر و بینەریان لەگەڵ تڕۆھاتبوونی خۆی ڕادەھێنا، لەگەڵ بابلۆ نەک ڕۆحێکی نوێ لەدایک دەبێت، بەڵکو شعوری تڕۆھاتبوونی مرۆڤی— پێش بابلۆ دەکوژێت، ئەگەر نەڵێن زۆر زیاتر دەڕوات، ئەوا دەڵێم، لەگەڵ بابلۆ ( مرۆڤی باڵا) لەدایک دەبێت.
سێیەم/ سەرکەوتنی گەورەی ئەم شانۆگەرییە بە لای ئێمەوە ئەوەیە، دوو کرداری پێچەوانە لە شانۆگەرییەکە ھەیە، کە ئاماژەن بە لێھاتووی دەرھێنەر، ئەویش تێکەڵەی نێوان فەلسەفە و سایکۆلۆژیایە، شانۆگەرییەکە دەقێکی قوڵی فەلسەفەیە، لەسەر بونیادی کەشفکردنی ئیشکردنی دیوە شەیتانییەکانی کەپیتالیزم و نیولیبڕالیزم، بەڵام ئەم قوڵاییە فەلسەفییە، دەبێت چۆن بگاتە جەماوەر، لێرەدا فەلسەفە لەگەڵ سایکۆلۆژیا و سۆسۆلۆژیا، دەکەوێتە گفتوگۆوە. ھونەری بازاڕی کوردی و کۆمیدیای کوردی سایکۆلۆژیای تاکی کوردییان پڕکردووە لە پێکەنینی پوچ، لە جنێوی بازاڕی، بە جۆرێک زۆربەی جیھان کوردی ئێستا جنێوە، دەرھێنەر زۆر زیرەکانە ھاتووە، فەلسەفەی لەگەڵ ئەو سایکۆلۆژیا تێکەڵکردووە بە ئەکتینی باڵا و دیالۆکی فەلسەفی، پێکەنینیان بەرھەم ھێناوە، پێکەنینیش بووەتە تراژیدیا، تا ڕۆحی بیماری خۆمانی پێ بدۆزینەوە. دەرھێنەر تا مەسافەیەکی زۆر پێکەنینت دەداتێ، بەڵام ئەم خۆشییە، دۆزینەوەی قۆناغ بە قۆناغی ڕۆحی ھەلاھەلابوونی مرۆڤبوونمانە، لە ساتێکدا بێ ئەوەی مەسافەت ھەبێت، لەناو تراژیدیا خۆت دەدۆزیتەوە و لە لەحەزەکانی کۆتایی نەک جورئەتی خەندە و پێکەنینت نییە، بەڵکو وەکو ئێسکەپەیکەرێک جوڵە لە خۆت دەبڕیت و بەر ناوەوەی مرۆڤبوون و ویژادانی خۆت دەکەویت. بەکورتی لەناو کۆمیدیا بەرھەمھێنانی تراژیدیا، لەناو ھونەری جەماوەریدا بەرھەمھێنانی ھونەری باڵا دوور لە شەعبەوی کارێک زەحمەتە کە ( شوان کەریم ) پێی ھەستاوە.
چوارەم/ بابلۆ، یان پاڵەوانی چیرۆکەکە، لە دەرئەنجامی ململامنێی نێوان ئیرۆس و تاناتۆس لەدایک بووە، کە چۆن تاناتۆس زاڵ دەبێت و مەیلی ژیان و زیندەکی دەسڕێتەوە. تاناتۆس سیستەمی کەپیتالیزم و سەرمایەیە لەم شانۆگەرییە و سەنتەری کارەکەشە، بە جۆرێل بابلۆ ھونەرمەندە و ویژدانێکی زیندووی جوانی ھەیە، لێرەدا کارئەکتەرە موزیکژەنەکان بەشە زیندوو جوانەکەی بابلۆن، بەڵام لەگەڵ خەونی بوونە کەپیتالیزم و چوونە ناو ئەم سیستەمە، بابلۆ دەبێتە پیاوێکی ترسناک و قۆنتەراتیچی، بابلۆ وەکو دێوێکی ساختەچی و قۆڵبڕ و چاوچنۆک، ھیچ بەھایەک لەناویدا نامێنێتەوە، تەنانەت ئامادەیە مامەڵە بە منداڵ و کچەکەی و ژنەکەی خۆشیوە بکات. ھەرچەند دیوی ویژدانی کە ھەردەم بەشێکی دانەبڕوای مرۆڤن، ھەوڵدەدەن و لۆمەی دەکەن لەو کابوسە دەریبکەن، بەڵام دیوە شەیتانییەکەی ھەردەم زاڵتر دەبێت.
پێنچەم/ بابلۆ یان تاناتۆس دەکرێت لێرە خوای پاتریاک بێت، پاتریاک بەو مانایەی، مادام تەواوی سیستەمەکە وکۆمەڵگە توشی ژەھراویبوون و خراپبوون بوون، ئەوا دلنیابن ئەو ژەهراویبوونە لە یەك رێگەوەیە ئەویش: بە دێوبوون و زالبوونی پیاو و كۆیلبوونی ژن، قوربانی ژن و كۆیلەبوونی ژن، تەنیا ویرانبوونی مرۆڤێكی لێناكەویتەوە، بەڵكو تەواو كۆمەڵگە وێران دەبێت، لێرەش بابلۆ لە ڕێگەی وێرانبوونی هەر شتیكەوە بێت، دەیەویت بگاتە خەونەكەی، جا ئەو ڕێگایەش تەنانەت بەسەر (خیزان و كچەكەی) بێتة یان هە شـێكەوە بێت، لای ئاساییە، جا دەبێت بزانرێت، كۆمیدیاكە ئەوەیە، چاواڕوانی چاكبوون، یان هەر گۆڕانگارییەك لە كۆمەڵگە لە كەسایەتی پاتریاكی بكرێت، ئەوا خودی خۆی گەورەترین تراژیدیایە كە ڕووبەڕووی گەلێك دەبێتەوە، چونكە ئەگەر دەزانرێت بە چ ڕێگەیەكی شەیتایی و گەیشتووەتە ئەو شوێنە، ئەوا ئەو كات خۆزگە بە ئیبلیس دەخوازرێت چاكەخوازییەك بكات لە چاو كەسایەتی بابلۆ.
شەشەم/ قسەكردن لەسەر سیاسەت و واقیعی سیاسی ئێستا لە نێوان ئۆپۆزسیون و دەسەڵات” تەوەرەیەكی دیكەی كارەكە بوو، بە جۆرێك هەموو فۆڕمەكانی سیاسەتی لەم دێڕە كورتكرابوویەوە: جیاوازی نێوان ئۆپۆزسیون و دەسەڵات ئەوەیە، ئۆپۆزسیون لە پەرلەمان قسە ناكەن و لە شەقام قسە دەكەن، هەرچی دەسەڵاتە لە پەرلەمان قسە دەكەن و لە شەقام قسە ناكەن. دیارە ئەمە دەقاو دەق كارەساتی سێ دەیەی كایەی سیاسی ئێمەیە” بە جۆرێك هەموو ناڕەزاییەتیەك لە پەرلەمان و شەقامێك كورتكراوەتەوە كە ئەویش دەچێتەوە ناو پەرلەمان، بەمەش هەموو كایەكانی دیكی ژیان لەم مەملەكەتە بەتاڵبووەتەوە لە قسەكردن، لە جوڵە، لە فۆڕمپیدان بە كۆمەڵگە” هەموو كار و كردەوە و سەرزمان و بنزمانی ئێمە پەرلەمان و ئەو شەقامەیە كە دیسان كەسانیك دەباتەوە پەرلەمان، واتە ئەوەی هەیە خولانەوەیە لەناو بازنەیەكی پوچ و بێمانای سیاسی كە دەیان ساڵە ئیمە قوربانین و لێی تیناگەین و پرسیار ناكەین بۆ قوربانین؟ بابلۆ جوڵاندن و پرسیاركردن بوو، لەو تێنەگەیشتنانەی ئێمە؟
حەوتەم/ لە نێوان دابڕانی سلێمانی هەولێر/ ساڵانێكە كایەی سیاسی دابڕانێكی تەواوی لە نێوان سلێمانی هەولێر دروستكردووە، ئەم دابڕانە لەم دەیەی كۆتایدا زۆر تراژیدیتر خۆی دەنوێنێت، بە جۆرێك ئێستا خەریكە لە كایەی سیاسی دادەبڕیت و كایەی كەلتوریش دەگرێتەوە، ئەمەش ئەوەیە دەیسەلمێنێت، هەمووان بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو هەمان بازنەی سیاسیداین، نمونە ئەگەر سەرنج بدرێت لە كایەی كەلتوری و هونەری نێوان هندستان و پاكستان، دابرانەكەی ئەوان لەناو کۆمەڵگە سەختترە چونكە ئایدۆلۆژی و باوەڕ لە گۆڕێیە، بەڵام سینەمای هیندی و پاكستانی لەماوەی دەیان ساڵدا نەك نەبوونەتە بەشێك لەم دابڕان، بەڵكو دەیان ئیش و كاری گەورەیان لەسەر بچوككردنەوەی ئەم كیشەیە كردووە، بەڵام هەرچی كایەی ڕۆشنبیری و كەلتوری ئێمەیە یان هەر ئیشیان نەكردووە بۆ لادانی بەربەستەكان، بەڵكو بوونەتە دارشەقێك و كیشەكانی ئەم دوو شارەیان گەورە كردووە و زیاتر لەیەكیان دابڕاندووە. خۆشبەختانە دوا رۆژەكانی بابلۆ، دەتوانین بەیەكەم كار بزانرێت، كە فەزایەكی گەورەی ھاوبەشی لە نێوان ئەم دوو فەزا دابڕاوە دروست كرد.