پارتی دەچێتە كێبركێیەكی نوێوە لەگەڵ یەكێتی لەبەغدا و، یەكەم كۆبونەوەشی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجامدا.

لەلایەن ستاندار Posted on 316 جار بینراوە

 

ستاندەر

وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی بارزانی لە بەغدایە بۆ گفتووگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ستاندەر، دوێنێ وەفدەكە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی یەكەم كۆبوونەوەی بۆ پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ئەنجامدا.

پارتی دوای شكستی هاوپەیمانیەتییەكەی لەگەڵ سەدر ئێستا بە هەڵوێستێكی لاوازەوە چۆتە گفتۆگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوڵ، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، تاكو ئێستاش دوو دڵە لە پشتكردنی یەكجاری لە سەدر.

لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ چوارچێوەی هەماهەنگی رایانگەیاندووە، ئامادەن لەگەڵ پارتی گفتووگۆ بكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

سەرچاوەیەك بە ستاندەری راگەیاند، پارتی دەیەوێت هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و گازی هەرێم بكاتە مەرجی بەشداری كردن لە حكوومەت، پێشی وایە دەركردنی بڕیارەكە بە دەستلەپشتدانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئێران دەركراوە هەر ئەوانیش دەتوانن بڕیارەكە هەڵبوەشێننەوە، یاخود جێبەجێكردنی بە قازانجی حكوومەتی هەرێم بێت.

سەرچاوەكە وتیشی، ئێستا پارتی دەزانێت یەكێتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی نزیكترە بۆیە لەهەوڵدایە پێگەی یەكێتیش لە بەغدا بەكاربهێنێت بۆ ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بكرێتە مەرجی هاوبەشی هەردوو لا بۆ بەشداری لە حكوومەتی نوێ.