تۆمارە دەنگییە سیخوڕیەكان “جەنگێك لە بەرە نەرمەكانی شەڕ”

لەلایەن ستاندار Posted on 522 جار بینراوە

 

ستاندەر

تۆمارە دەنگییە سیخوڕیەكان “جەنگێك لە بەرە نەرمەكانی شەڕ”
گرنگترین گۆڕانكاریەكان بەهۆی ئاشكرابونی تۆماری دەنگی لەسەدەی رابردوو چی بوون؟
چیرۆكی بڵاووبونەوەی تۆمارە دەنگیەكەی نەوشیروان مستەفا.
تۆمارە دەنگیەكانی ئێستای نوری مالیكی چی دەگۆرێت؟

یەكێك لەو رێگایانەی كە دەسەڵاتدارەكان بۆ شكستپێهێنانی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەكانیان بەكاریدەهێنن سیخوڕی كردن و تۆماركردنی دەنگەكانیانە، ئەویش زۆرینەی كات لە ڕێی بەرپرسانی باڵای حیزبی ڕكابەر و بەشێكی ئەوانەش پێگەیان هەیە. تۆمارە دەنگیەكان زۆرجار گۆڕانكاری گەورە و پێشگرتنیان لە گۆڕانكاری بنەڕەتی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.

ریچارد نیكسۆن، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا لە ساڵی 1972دا لەململانێی دووەم جاری بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار سیخوڕی بەسەر پەیوەندیەكانی ئۆفیسی كاندیدە ڕكابەرەكەی لە حیزبی دیموكراتەكان كرد، ئەمەش بووە ئابڕوچونێكی گەورە و، كێشەیەكی گەورەی سیاسی كاتێك لە 1974دا ئاشكرابوو، ئەم كردەیە بە ۆتەر گەیت ناسرا، بەو پێیەی پرۆسەی سیخوڕیەكەی لە باڵەخانەیەك ئەنجامدرا ناوی ۆتەر گەیت بو، بەو هۆیەوە لە ئابی 1974دا نیكسۆن ناچار كرا دەست لەكاركێشێتەوە.

سیخوڕی ئەنوەر ساداتی پاراست.

محەمەد ئەنوەر سادات، سەرۆكی كۆچكردووی میسر لەكاتی سەرۆكایەتیەكەی، لەڕێی سیخوڕیكردن بەسەر پەیوەندی تەلەفۆنی نەیارەكانی خۆی و دەسەڵاتەكەی لە كودەتایەكی یەكلاكەرەوە پاراست، ئەویش لەڕێی تۆماركردنی پەیوەندی نێوان سێ سەركردەی سەربازی باڵا، بەناوەكانی سامی شەرەف، شەعراوی جومعە و عەلی صەبری، كە پلانیان بۆ كودەتا دادەڕشت و ئاشكرا كران.

تۆمەتبار كردنی پارتی بە سیخوریكردن بەسەر نەوشیروان مستەفا.

لەساڵی 2016دا تۆمارێكی دەنگی بڵاوكرایەوە لەلایەن میدیای پارتی كە بەتۆماری دەنگی نەوشیروان مستەفا ناساندیان، لەتۆمارە دەنگیەكە كە دواتر بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، شێوێندراوە. ئەوە هاتبوو كە نەوشیروان مستەفا باس لە تەقاندنەوەی بۆری نەوت و هێرشكردنە سەر كونسوڵی وڵاتان دەكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەوكاتی گۆڕان تۆماركردنەكە لەلایەن یەكێك لەو بەرپرسانەی گۆڕان ئەنجامدرابوو كە دواتر بووە پارتی و پۆستی وەرگرت، دواتر دەستكاری كراوە. بەو هۆیەشەوە پارتی لەدادگای هەولێر سكاڵای لەڕێی داواكاری گشتی جوڵاند و تا ئێستاش كەیسەكە لەدادگای هەولێر ماوە و دانەخراوە، ئەم دۆسیەیەش بووە یەكێك لەهۆكارەكانی قووڵبونەوەی ناكۆكی ئەوكاتی نێوان پارتی و گۆڕان.

تۆمارە دەنگیەكەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی.

لە دوو مانگی رابردوودا تۆمارێك بەناوی تۆماری دەنگی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی بڵاوكرایەوە، كە تیایدا هێرش دەكاتە سەر هاوەڵانی پێغەمبەر د.خ، داوا دەكات جگە لە ناوی ئالوبەیت ناوی هیچ هاوەڵێكی تر نەهێندرێت، بەمەش كاردانەوەیەكی توندی لایەنە ئیسلامییەكان و بەشێكی هاوڵاتیانی كوردستانی لێكەوتەوە. بەڵام دواتر شێخ نەهرۆ كەسنەزانی خۆی بێ بەریكرد لەتۆمارەكان و رایگەیاند، كە ئەو نیە.

ئاشكرابوونی تۆمارە دەنگیەكانی نوری مالیكی.

لەدوو ڕۆژی رابردوودا ئاشكرابوونی تۆمارێكی دەنگی نوری مالیكی شەقامی سیاسی عێراقی هەژاند، مالیكی ئەگەرچی رەتی دەكاتەوە ئەو دەنگە هی ئەو بێت، بەڵام شارەزایانی بواری تەكنیكی پێیان وایە دەنگەكە هی ئەوە، مالیكی لە تۆمارە دەنگیەكە هێرش دەكاتە سەر موقتەدا سەدر بە ترسنۆك و نەزان ناویان دەهێنێت. دەڵێت: ئێران دەیەوێت بیكات بە حەسەن نەسروڵا، بەڵام ئەو نابێت. مەسعود بارزانیش تاوانبار دەكات بەوەی خۆی كردۆتە مەرجەعی سوننەكان و دژی شیعە بەكاردەهێنیت. تا ئێستا دوو بەشی لێ بڵاوكراوەتەوە، چاوەرێ دەكرێت چەند بەشێكی تریشی مابێت، مالیكی نەیارەكانی و ئەوانەی ناویان لە تۆمارەكان هاتووە كاردانەوەیان چی دەبێت و نازاندرێت سەرەنجامی ئەو تۆمارانە چی لە شەقامی سیاسی عێراق و ئاییندەی سیاسی دەكات، بەتایبەت مالیكی یەكێك لەو كەسایەتیانە بوو ناوی دەهات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەشێك لە چاودێران پێیان وایە بڵاوبوونەوەی دەنگەكە پەیوەندی بە ململانێی ناوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە هەوڵێكە بۆ سوتاندنی تەواوەتی كارتی مالیكی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك وەزیران.

دواجار تۆمارە دەنگیەكان لەسەردەمی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو یەكێكە لە تەڵە گەورەكان، بۆیە ئێستا یەكێتی ئەوروپا بڕیاریداوە هۆڵێك بنیات بنێت كە پارێزراو بێت لە سیخوری كردن، هاوكات بڕیاردراوە لەكاتی كۆبونەوەكان مۆبایل و ئامێرەكانی پەیوەندی لە دەرەوەی هۆڵی كۆبوونەوە بەجێبهێڵدرێت.