ئێران هەڕەشەی سنووردانان بۆ موقتەدا سەدر دەكات و میدیاكانی ئەم وڵاتەش زانیاری گرنگ ئاشكرا دەكەن.

لەلایەن ستاندار Posted on 575 جار بینراوە

ستاندەر

میدیاكانی سەر بە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی رەوتی سەدر رایدەگەیەنن، موقتەدا سەدر لەپێناو دەستگرتن بەسەر دەسەڵات، رووبەرووبوونەوە لەگەڵ تاران هەڵدەبژێرێت، بۆیە سەرجەم دەستپێشخەرییەكانی ئێرانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رەتكردۆتەوە.

بەبڕوای میدیاكانی ئێران، تێکچوونی پەیوەندییەکانی سەدر لە حاڵەتی بەردەوامی ئەم رووداوانەدا، لەگەڵ تاران سیناریۆیەکی نەک چاوەڕوانکراوە، بەڵکو حەتمییە. دەشڵێن: هەرچەندە ئەولەویەت لای كۆماری ئیسلامی دروستكردنی یەكڕیزی ناو ماڵی شیعەیە، بەڵام ئەگەر سەدر سوور بێت لەسەر درێژەدان بە هەڵوێستەکانی‌ و گەورەکردنی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکان‌، كە شکستی تەواوەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا و زەمینەسازیی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت لێبكەوێتەوە، ئەوا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سەدر نەک ساردی تێدەکەوێت، بەڵکو سیاسەتی ئارامکەرەوەی ئێستای ئێران دەگۆڕێت بەسیاسەتێکی توندو رووبەرووبونەوە بەرامبەر موقتەدا سەدر.