كارەساتی پاسەپۆرتی دیبلۆماسی، خەریكە عێراق دەخاتە ناو گێژاوێكی تری نێودەوڵەتی!

لەلایەن ستاندار Posted on 762 جار بینراوە

 

ستاندەر

كارەساتی پاسەپۆرتی دیبلۆماسی، خەریكە عێراق دەخاتە ناو گێژاوێكی تری نێودەوڵەتی!
بۆچی لە بەشینەوەی پاسەپۆرتی دیبلۆماسی دوو وەزیری كورد تاوانبار دەكرێن؟
جیاوازی عێراق و یابان لە ژمارەی ئەم جۆرە پاسەپۆرتە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توشی سەرسوڕمان كردووە…

ئاژانسی 19 45ی ئەمریكی داتایەكی لەبارەی ژمارەی پاسەپۆرتە دیبلۆماسیەكانی عێراق بڵاوكردۆتەوە، ئەنجامەكان دەریدەخات كارەساتێكی گەورە لەژماری زۆری پاسەپۆرتە دیبلۆماسیەكان لەعێراق روویداوە، دەڵێت وەك شیرینی دابەشكراوە.

لە راپۆرتی ئاژانسەكە هاتووە، كێشەی ئێستای عێراق لە پاسەپۆرتی ئاسایی و گەشتیاری نیە، كە بەهۆی دۆخی عێراق ئاستی زۆر دابەزیوە، بەڵكو لە پاسەپۆرتە دیبلۆماسیەكانیەتی، كە وەزارەتی دەرەوە بۆ بەرپرسان و خێزان و نزیكەكانیان درووستی دەكات.

دوو وەزیری كورد كە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئێستای عێراق و هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشوی عێراق لە لیستی ئەوانەن تاوانبارن بە دابەشكردنی پاسەپۆرتی دیبلۆماسی عێراق.

لە راپۆرتەكە هاتووە، ئەگەر بەراوردێكی سەرەتایی لەنێوان عێراق و یابان بكەین لە ڕووی ژمارەی هەبوونی پاسەپۆرتی دیبلۆماسی، دەبینین سەرەڕای ئەوەی یابان ژمارەی دانیشتووانی 125 ملیۆن كەسە، ژمارەی پاسەپۆرتە دیبلۆماسیەكانی لە 1000 پاسەپۆرت زیاتر تێناپەڕێت. كەچی عێراق كە ژمارەی دانیشتوانی 44 ملیۆن كەسە، ژمارەی پاسەپۆرتە دیبلۆماسیەكانی لە 15 هەزار پاسەپۆرت نزیك دەبێتەوە.

ئاژانسەكە دەشڵێت: بەشێك لەبەرپرسانی عێراق پاسەپۆرتە دیلۆماسیەكانیان زۆر خراپ بەكارهێناوە، ئەویش بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و پارە كە بە دزی و گەندەڵی دەستیان كەوتووە، بۆ وڵاتانی لەشێوەی لوبنان و سویسرا و ئیمارات، بەو پێیەی كەمترین چاودێری لەسەر ئەمجۆرە پاسەپۆرتەیە بەگوێرەی ڕێكکەوتنە نێودەوڵەتیەكان. راپۆرتەكە دەشڵێت: بەهۆی ئەو خراپ بەكارهێنان و گەندەڵییەی لە پاسەپۆرتی دیبلۆماسی عێراق هەیە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نزیك دەبێتەوە لەوەی چیتر دان بە پاسەپۆرتی دیبلۆماسی عێراق نەنێت.

لەكۆتایی راپۆرتەكە دەشڵێت: پێویستە عێراق دەست بكات بەكۆكردنەوەی ئەم پاسەپۆرتە دیبلۆماسیانە، بە رێككارێكی نوێ تەنها 500 پاسەپۆرت بەسەر كەسانی شایستە و 3000 هەزاری تری خزمەتگوزاری دابەشبكات.