چۆن روبەڕوی خراپی دۆخی ئابووری ببینەوە!

لەلایەن ستاندار Posted on 491 جار بینراوە

 

ئەحمەد قادر

لە ئێستادا دۆخی ئابوری لە پاشەکشەدایە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان تا دێت گرانتر دەبێت!
چۆن روبەڕوی خراپی دۆخی ئابووری ببینەوە!
بارودخی ئابووری ئێستای کوردستان بەجۆرێکە کە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە و ئابووری لە پاشەکشەدایە. تا دێت نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان گرانتر دەبێت و لەسەر شانی هاوڵاتیان قورستر دەبێت، لە کاتێکدا موچەی هاوڵاتیان لە هەمان ئاستدا ماوەتەوە، توانای کڕینی هاوڵاتیان لە کەمبوونەوەدایە. ئەگەر هەستت بەم دۆخە کردوە ئەوە ئەم دۆخە پێی دەوترێت پاشەکشەی ئابووری. وەلید حیجازی نووسەر لە راپۆرتێکدا کە لە رۆژنامەی ئەتلەیەری ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، لە پێناسەی پاشەکشەدا دەڵێت خاوبوونەوەی گەشەی بەرهەمی ناوخۆییە، بەڵام لە بنەڕەتدا قۆناغێکە کە گەشەی ئابووری بەشێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە، وە ڕێژەی بێکاریش بەرز دەبێتەوە. کۆمپانیاکان رێژەی قازانج بەرز دەکەنەوە بۆ مانەوەیان تا ڕووبەڕوی دۆخەکە ببنەوە. هەڵاوسانی زیادەڕۆیی (تضخّم جامح) لەمڕۆدا هەڵاوسان بۆ ئاستێک بەرزبووەتەوە کە لە چوار سەدەدا لە جیهاندا نەبینراوە، هەروەها ڕوونە کە ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان کاریگەری نەرێنی لەسەر توانای کڕین هەیە، ئەمەش وادەکات دەستکەوتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانە وەک خۆراک قورس بێت، هەڵاوسانیش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی ئابووری گەشەی گشتی وڵات هەیە. دەبێتە هۆی ئەوەی بانکەکان بڕیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوو بدەن. وە کاتێک ڕێژەی سوو بەرز دەبێتەوە، خواست لەسەر کاڵا لە جیهاندا قورستر دەبێت، بۆ نموونە ئۆتۆمبێل و خانوو. بەهەمان شێوەش کاتێک هاوڵاتیان قەرز وەردەگرن، لە ئێستادا بە ڕێژەیەکی دیاریکراو قەرز وەردەگرن، بەڵام لەم کاتەدا ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە و دەبێتە بارگرانییەکی زیادە لەسەر قەرزوەرگران. لە پاشەکشەی ئابووری چی ڕوودەدات؟ لە سەردەمی پاشەکشەی ئابووریدا کۆمپانیاکان ناچارن دامەزراندنی کارمەند کەم بکەنەوە و کارمەندان لە کارەکانیان دووربخەنەوە و کاتەکانی کارکردن کەم بکەنەوە، زۆربەی لەدەستدانی کارەکان لە کەرتی خزمەتگوزاریدا کۆدەبێتەوە، بەتایبەتی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کە قازانجەکانیان تاڕادەیەک دادەبەزێت و دامەزراندنیش ناجێگیرە. لەدەستدانی مووچە؟ لەدەستدانی مووچە بەو مانایەیە کە خەڵک دەبێت پاشەکەوت بکەن بۆ ئەوەی پارەی پێداویستییەکان بدەن، وەک خۆراک و پێداویستیەکانی رۆژانە . گەورەترین کاریگەری دابەزینی گەشەی ئاستی ئابووری لەسەر خێزانەکان دەبێت ، بۆیە پێویستە زۆربەی خەڵک خۆیان بۆ وەها دۆخێک ئامادە بکەن. چۆن خۆت بۆ ئەم جۆرە دۆخە ئامادە دەکەیت؟ لەگەڵ مەترسییەکانی پاشەکشە، زۆرێک لە خێزانەکان نیگەرانن لە دۆخی دارایی خۆیان ,حیجازی تیشک دەخاتە سەر چەند ئامۆژگاریەک کە دەتوانیت پەیڕەوی بکەیت لەوانە؛ 1.دەستبەجێ خەرجییەکانت کەم بکەرەوە، دەرفەتێک بدۆزەرەوە بۆ پێداچوونەوە بە مووچەکەت و چۆنیەتی سەرف کردنی، وە دیاری کردنی پێداویستیەکانت ئەمەش وەک ھەنگاوێک بۆ کەم کردنەوەی یاخود نەهێشتنی زیادەڕۆی و بەهەدەردانی. ٢- بەزووترین کات قەرزەکانت بدەیتەوە. گرنگە بە خێرایی قەرزی بانکی یان هاوڕێ یان خزمەکان بدەیتەوە. لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێژەی سوود بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە، ئەمەش بەڕێوەبردنی قەرزەکانت قورستر دەکات. 3- ئامادەکاری بکە بۆ ئەوەی واز لەکارەکەت بھێنیت و بەدوای کارێکی تردا بگەڕێیت. 4-پەرە بە خۆت بدەو تواناکانت زیاد بکە، بەو پێیەی دامەزراندن کاریگەری لەسەر کەسانی کەم ئەزموون و کەمتر خوێندەوار هەیە، پێویستە زانیاری زیاتر و بەهرەی نوێ بەدەستبهێنیت بۆ ئەوەی دەرفەتەکانت زیاتر بێت. 5- هەوڵبدە کارێک بەدەست بهێنیت کە پاشەکشەی ئابووری کاریگەری لەسەر نەبێت، زۆربەی ئەو کارانەی کە بەرەنگاری پاشەکشە دەبنەوە، بەندە بە ئاستی لێهاتوویی کەسەکەوە، بەڵام ئەو کەرتانەی کە کەمترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت ، بریتین لە کەرتی گشتی و تەندروستی و پەروەردە و ئەم کارانەش بۆ هەموو کەسێک نین. پێشبینی دەکرێت لە ساڵی نوێدا 2023 ئەم دۆخە زیاتر بێت. گرنگترین هۆکارەکانی ئەم دۆخە شەڕ و ناسەقامگیریە سیاسیەکانن. وەک دەبینین ئۆکرانیا و ڕووسیا لە شەڕدان و ئەو سزایانەی کە ئەمریکا و ئەوروپا بەسەر ڕووسیایاندا سەپاندووە لەکاتێکدا ڕووسیا یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکیەکانی دابین کردنی گاز و نەوت لە جیهاندا . ئەمەش ناسەقامگیری لە ڕێژەی دراوە جیھانیەکان دروست کردوە . لە كوردستاندا باری ئابوری لە دۆخێکی باشدا نیە بەھۆی ناسەقامگیری سیاسی و بەرز بوونەوەی ڕێژەی گەندەڵی و ململانێی ناوخۆیی و پێكنه‌هێنانی حكوومه‌ت عێراقی، ھەروەھا ئەو تەنگەژە ئابوریەی لەجیھاندا ھەیە كاریگه‌ریی دروست کردووە لەسەر پاشه‌كشه‌ی ئابووری کوردستان و عیراق. بۆیە پێویستە وەک تاک و خێزان زۆر بە وردی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین و خۆمان بۆ هەر بارودۆخێکی سەخت ئامادە بکەین.