ئایا ئەو هەمووە گرژیەی نێوان ڕوسیە و ڕۆژئاوا خۆڕسکە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 384 جار بینراوە

چەپۆک سەید

لەوانەیە لای خوێنەر باوەڕنەکراوبێ لە مێژوودا تا ئەودواییە نێوان ڕوسیاو ئەمریکا باشبووە،

شەڕی ئۆکڕاینا و ڕوسیا وا بەئاسان کۆتایی نایە، هەتا ئەگەر ئاگربەستیش لەنێوانیان بکرێ .

ڕوسیا و ئاوی گەرم !

لەوانەیە خەڵک بپرسێ بۆ ئەو هەمووە گرژیەی لەنێوان میللەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لەگەڵ ڕوسیا خۆڕسکە و نەزانێ لەسەرچیە، لەکاتێکدا بەدرێژایی مێژوو گەلانی ژێردەستی ئیمپراتۆریەتەکانی بێزەنتی و گرێک تا سەرهەلدانی دەولەتە بەهێزەکانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتالیا و شەڕوشۆڕی نێوانیان کۆنتر و گەلێک خوێناوی تر بووە نەک لەگەڵ ڕوس .

لەبەشەکانی پێشوو باسمکرد کە ڕوسیای بەهێز دەوڵەتێکی نوێیە، ئەو هەوێە نوێیەش بۆ گەلانی خاوەن کۆڵۆنیای ڕۆژئاوا قبوڵکراو نەبوو . تا سەرهەڵدانی ئیڤانی ترسناک لەسەدەی پازدەم ڕوسیا چەند ئیمارەتێکی لاوازبوو، ئیڤانی ترسناک بەهێز و توندوتیژیەکی زۆر ئیمارەتەکانی کردەوە و پایتەختیشی بۆ یەکەمین جار لەکیێڤەوە گواستەوە مۆسکۆ .

خانەوادەی ڕۆمانۆڤ بۆ یەکەم جار وەک دەوڵەتێکی بەرچاو لەساڵی ١٦١٣ هاتنە سەرحوکم، بەڵام تا هاتنە سەرکاری قەیسەری بەناوبانگ پێتەری یەکەم، ئەوەندە ڕۆڵیان نەبوو، لەدوای پێتەرەوە ئیدی ئەو هەوێ نوێیە یان بڵێین ئەو هاوبەشە نوێیە لە پشکی ڕووتانەوەی دونیا بۆ ڕۆژئاوا چاوەڕوان نەکراوبوو نە قبوڵکرابوو، هەر زوو بووە برابەش و سنوری گەیشتە باکوری ئەمریکا و ئالاسکای بووە هی خۆی، ئەوکاتەی کە ڕوسیا بەهێز دەبوو عوسمانیش وردە وردە لەبێهێزدابوو، لە سێ جەنگی گەورەی مێژوودا جەنگی ناپلیۆن و جەنگی یەکەم و دووەمی جیهان وەک هێزێکی نەشکاو هاتەبەرچاو . بەخۆشی و ناخۆشیبێ تازە ڕوسیا بۆ ڕۆژئاوا بۆ ئەمری واقیع تا شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەلشەڤی و دامەزرانی یەکێتی سۆڤیەت .

ڕەنگە خوێنەری بەڕێز لای باوەڕنەکراوبێ یان جێی سەرسوڕمانبێ، ئەگەر بڵێم نێوان ئەمریکا و ڕوسیا پەیوەندیەکی زۆرباش بووە، تا دروستبوونی یەکێتی سۆڤیەت لەوسەردەمیشدا ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت نێوانیان هەر باشتربوو تا دوای جەنگی جیهانی دووەم و دەستپێکردنی شەڕی سارد .

هۆکارەکەش ئەوەبوو ئەمریکا خۆی تا دوای ساڵی ١٧٧٦ لەکۆڵۆنیایی بەڕیتانیا ڕزگاری بووبوو، دواتریش بەریتانیا دوای یازدە ساڵ ددانی بەو دەوڵەتە نوێیەنا . لەکاتی شەڕی ڕزگاریخوازی ئەمریکا دژ بە بەریتانیا، پاشای بەریتانیا داوای یارمەتی سەربازی لە یەکاترینەی دووەمی قەیسەری روس کرد، بەڵام یەکاترینا ڕەتکیردەوە یارمەتیبدات، کەئەوەش بووە پێزانینی ئەمریکای نوێ و بەردیبناغەی پەیوەندی باشی دانا لەنێوانیان، هەر ئەو پەیوەندیە باشەبوو، ئەمریکا لەڕێی گفتوگۆوە ئالاسکای لەڕوسیا لەساڵی ١٨٦٥ کڕی .

بەر لەبەرپابوونی شۆڕشی بەلشەڤیەکان ئەوروپیەکان بەتایبەت فەرەنسی و بەریتانیەکان بە ناچاری ڕێککەوتنیان لەسایکس بیکۆ لەگەڵ ڕوسکردبوو، کەبەشێک لەوڵاتانی دەریا گەرمەکانی میراتی عوسمانی بەر ڕوس بکەوێ، بەڵام بەهاتنە سەردەسەڵاتی بەلشەڤیەکان بە سەرکردایەتی لێنین، لەو ڕێککەوتنامەیە هاتەدەر و بە دزینی وڵات ناوزەدیکرد .

یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڕۆژئاوا کەوتە ململانێیەکی چینایەتی و ئایدیۆلۆژی، بۆیە سەرنجی وڵاتانی عەرەبی و کۆلۆنیاکانی بۆ خۆی ڕاکێشا، هەر بۆیە پەیوەندیەکان لە خراپیدا لەگەل ڕۆژئاوا گەیشتە لوتکە، دوای ڕووخانی سۆڤیەتیش ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لە ڕوس کاریگەری زۆر لەسەر ڕۆژئاوا ماوە، ئێستاش قبوڵی ئەو هەوێیە و هەوێکەی تر کە دواتر و شۆڕشی چین کە لە ساڵی 1949 سەریهەڵدا و تا ئێستا ئەو پێشبڕکێیە بەردەوامە، زۆرجاریش زەنگی جەنگی جیهانی لەنێوانیان لێدەدرێ . ئیدی یا تا ڕێکەوتنێکی جدی لەجیهان دەکرێ و سیستەمێکی نوێ جیهانی دادەمەزرێ، دەنا ئەو ململانێیە لەسەر ناوچەی وڵاتە کەنار دەریا گەرمەکان چ لەبەر سەروەت و سامانی ژێرزەوی و چ لەبەر ستڕاتیجیەتی ناوچەکە هەر بەردەوام دەبێ، شەڕی ئۆکڕاین و ڕوسیاش وا بەئاسان کۆتایی نایە، هەتا ئەگەر ئاگربەستیش لەنێوانیاندا بکرێ .