جیاوازیی نێوان کاربەدەست و سەرکردە

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

شەماڵ محەمەد

ئیبن خەلدون ، گەورە مێژونوس و کۆمەڵناسی ناودار دەڵێ ” میللەتی ژێردەست ڕەوشتی تێک دەچێ ” ئەگەر سەرنجی ڕەوشتی میللەتە ژێردەستەکان بدەین بەڕونی ئەو ڕاستییە بەدی دەکەین . تاک لە کۆمەڵگەی داگیرکراو چونکە تێكشکاو و بەزیوە بەرامبەر داگیرکەرەکەی هەمیشە گیانی تۆڵەسەندنەوەی تێدا ئامادەیە و دڵ پڕ لە قینە بەرامبەر داگیرکەرەکەی و هەمو توڕەیی و کاردانەوەیەک بە شۆڕش و یاخیبون دەزانێت ، تەنانەت زۆر جار زیان بە خۆی و بە وڵاتەکەشی دەگەیەنێ بە شکاندنی یاسا یا زیان گەیاندن بە دامودەزگا گشتییەکان یا خۆدزینەوە لە سەرپێچی و درۆکردن و زۆر ئاکاری ناشرینی تر ، تاک بەو کردەوە چەوتانە گوزارشت لە یاخیبونی خۆی دەکات کە سەرەنجام بە زیانی خۆی و دەوروبەرەکەی تەواودەبن و خۆیشی دەبێت بە کەسێکی درۆزن و دوڕو بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکات، هەربۆیەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درۆزن و دوڕو هێندە زۆرن !
یەکێک لە جیاکەرەوەکانی کۆمەڵگەی دواکەوتو خۆبەزلزانی و بەکەم ڕوانینە لە خەڵکی تر. تاک لە کۆمەڵگەی دواکەوتو هەوڵدەدات خەڵکی بچوک بکاتەوە تا خۆی گەورە دەرکەوێ ، خەڵکی ناشرین بکا تا خۆی جوان دەرکەوێ، بێگومان ئەوە یەکێکە لە گەورەترین نیشانەکانی لاوازی چونکە بەهێزەکان حەزدەکەن خەڵکیش بەهێزبن هەر بۆیە حەز بە یارمەتیدانی لاوازەکان دەکەن ، بە پێچەوانەی لاوازەکان کە لە بچوکترین دەرفەت دەگەڕێن تا بچوکەکان بچەوسێننەوە و سوکایەتییان پێبکەن تا کەمێک لە گرێی خۆبەکەمزانی لە سەر دەرونی خۆیان سوک بکەن .
ئەگەر سەرنجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین دەبینین زۆرینەی جوگرافیاکەی ڕۆژانێک داگیرکراو و ژێردەستەی دەوڵەتە بەهێزەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا بون .
لێرە تەنها دەمەوێ ئەزمونی هیند و عێراق باس بکەم ، چونکە هەم خۆمان لە عێراق دەژین و هەم وڵاتەکەشمان کۆنترین لانکەی مرۆڤایەتییە و مێژوی شارستانییەتیش لێرەوە دەست پێدەکات، واتە بە هەمو پێناسەکان دەبو عێراق ئەمڕۆ لوتکەی پێشکەوتن و شارستانییەت بێت ، بەڵام تەواو پێچەوانەکەی ڕاستە.
وڵاتی هیند وەک عێراق ژێردەستەی بەریتانیا بوە ، ساڵانێکی زۆر بەدەست داگیرکاری و سیاسەتی خراپ ناڵاندویەتی ، بەڵام لەگەڵ پەیدابونی (مەهاتما گاندی) هاوکێشەکان گۆڕان ، گاندی پارێزەرێکی ژیر و دڵسۆز و مرۆڤدۆست بو ، ئەو بە تەنها توانی شۆڕشێکی وا بەرپا بکات کە گەورەترین هێزی داگیرکاری جیهانی بەچۆکدابێنێت و بەبێ شەڕکردن وڵاتەکەیان بۆ بەجێ بهێڵن !
ئەوەی گاندی کردی شۆڕشێکی زۆر گەورە بو ، بەڵام شۆڕشێکی سپی ، شۆڕشێکی جوان کە مێژو تاهەتایە لەبیری ناکات ، گاندی نوێنەری هیندۆس و بوزی و سیخ و مسوڵمان و هەمو پێکهاتە جیاوازەکانی هیند بو ، ئەو زۆر فراوان بیری دەکردەوە ،مرۆڤانە بیری دەکردەوە ، لای ئەو هاووڵاتیی هیندی لەهەموشت پیرۆزتر بو ، گاندی بە حیکمەت و نەرمونیانیی خۆی توانی پەروەردەی جوگرافیایاک بگۆڕی کە سەردەمانێک یەک کیشوەری تەواو بو ،ئێستاش دوەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە لەڕوی دانیشتوانەوە، گاندی توانی میللەتێکی برسی و ڕوت نەخوێندەوار و پەرتەوازەی بکات بە میللەتێکی هۆشیاری یەکگرتوی خاوەن وڵاتێکی بەهێز و ئازاد.
گاندی توانی کۆمەڵێک نەتەوە بەیەکەوە کۆبکاتەوە کە زمان و ئاین و نەتەوەیان جیاوازە ، بگرە دوژمانیەتیی زۆریش لە نێوان هەندێکیان هەبو، بەڵام ئەو توانی هەمویان لەژێر چەتری مرۆڤایەتی کۆبکاتەوە و وڵاتێکی بەهێز بنیات بنێ تەنها بە بیروباوەڕەکەی ، گاندی توانی پەروەردەی هیند بەشێوەیەک بگۆڕێ کە ئێستا هەمو کونجێکی جیهان پسپۆڕ و شارەزا و بەڕێوەبەرە گرنگەکانی هیند بەڕێوەی دەبەن، وەک : سەرۆکی گوگڵ ، مایکرۆسۆفت ، تویتەر ، ئەدۆب ، شانێل ، IBM، ماستەرکارد ، پێپسیکۆ … زۆری تریش .
ڕو لە هەر کۆمپانیایەکی بواری تەکنۆلۆجیا بکە بەڕێوەبەر و پسپۆڕانی هیندین ، زۆربەی ژمێریارە بلیمەتەکان و پرۆگرامسازەکانی بواری تەکنۆلۆجیا هیندین ، بەکورتی هیند تەواوی دنیای داگیرکردوە بەڵام بە ئەقڵ و زانست نەک بە چەک و خوێنڕێژی.
ئەوەی زۆر سەیرە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات تائێستاش بە چاوی کەم لە هیند و هیندییەکان دەڕوانن و ئەگەر کەسێک نەزان بێ پێی دەڵێن (هیندی).
سەیرە ، کۆمەڵگەیەکی وەک عێراق کە بەرهەمەکانی بریتین لە زبڵ و گەندەڵی و هەناردەکردنی ئاوارە بۆ هەمو جیهان و بەفیڕۆدانی ئۆکسجین و کۆمەڵێک شەڕ و فیتنەی جۆراوجۆر ، بەچاوی کەم لە هیند دەڕوانن کە هەمو جیهانیان سەرسام کردوە بە بلیمەتی .!
هیندییەکان زۆر ئارام و لەسەرخۆن ، هیندۆس و بوزی و مسوڵمان و سیخ ، هەموان ئارام و لەسەرخۆن، بێگومان ئەوەش ئاسەواری پەروەردەی گاندییە ، بەڵام سەرنجی مسوڵمانانی ڕۆژهەڵات بدە چەند بێ ئارام و توندوتیژن ! لە هەمو مێژوی کۆن و نوێی هیند توندڕەوی بەناوی ئاین نەبوە کەچی لە ڕۆژهەڵات دەیان ڕیکخراو و پارت هەن دڕندەترین و توندوتیژترین تاک پەروەردە دەکەن بەناوی خودا و پیرۆزییەکان ، دیارە کێشەکە لە پەروەردەیە چونکە ئیسلام هەر یەک ئیسلامە بۆچی لە هیند تاکی ئارام و لێرە تاکی توندوتیژ بەرهەم دێنێ ؟
نوێترین و گرنگترین سەربەرزیی هیند (ڕیشی سوناک)ە ، ئەو پیاوە لێهاتوە هیندییەی کە توانی ببێتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ، ئەو بەریتانیایەی کە هیندی داگیرکرد و وێرانی کرد ، ئێستا هیندییەکان خزمەتی دەکەن و ئاوەدانی دەکەنەوە بە ئەقڵی جوانی خۆیان .
باشە خۆ عێراقیش ژێردەستەی بەریتانیا بو ، بۆچی ئێمەش کارێکی وامان نەکرد ؟ بۆ دەبێ عێراقییەکان هەمو سامانیان خەرج بکەن تا بە قاچاخ و ڕێگەی مەرگ بگرنەبەر تا بگەن بە بەریتانیا و لەوێش سواڵ بکەن و سەدان درۆبکەن تا مافی پەنابەری وەربگرن و پاشانیش کەمترین و پیسترین ئیش بکەن بۆ ئەوەی تەنها بتوانن وەک مرۆڤ بژین ؟
دیارە وەڵامەکەی ڕونە ، مرۆڤی گەورە فروان بیردەکاتەوە ، گاندی پەروەردە و برایەتیی لەلا گرنگ بو ، ئەو نەوەیەکی پەروەردەکرد کە تیایدا هیندۆس و سیخ و مسوڵمان وەک برا بژین لە کاتێکدا لە عێراق شیعە و سوننە یەکتر دەکوژن لەسەر گرفتی نێوان ئیمامی عەلی و معاویە کە ١٤ سەدەیە کۆتایی هاتوە ،لەوەش خراپترسوننە لەنێوخۆیاندا دەیان گروپن و کەسیان ئەوانی تریان قبوڵ نییە ، شیعەش بە هەمان شێوە . هەمو گروپەکان خۆیان بە نوێنەری خوا دەزانن ، لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی واتە خزمەتکاری نەک بون بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی ، خودا نوێنەری ناوێت چونکە خۆی لەهەموکەس نزیکترە لێمان.
گاندی خۆی وەک فەقیر و سواڵکەر ژیا، تا مرد جلی لەبەر نەکرد ، بەڵام نەوەیەکی پەروەردەکرد کە تەواوی دنیایان ئاوەدان کردەوە ، ئێمەش لە عێراق بەرپرسەکانمان وەک پاشا دەژین و میللەت هەموی کەوتۆتە سواڵ لەسایەی سەری ئەوان ، لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی هیند مانگاپەرست و مشک پەرست و بێدینن و ئێمەش مسوڵمان و باشترین ئوممەتی سەرڕوی زەمینین !
گاندی پێشەوا و پەروەردەکار بو ، سەرۆکەکانی ڕۆژهەڵات تەنها دەسەڵاتدارن ، دەسەڵاتیش تەنها لە خزمەتی خۆیان و کەسە نزیکەکانی خۆیان بەکاردێنن ، ئەوەیە جیاوازیی نێوان سەرکردە و دەسەڵاتدار.
ڕەنگە بڵێی ئیسلام نمونەی زۆر جوانی تێدایە ، ئەوەتا پەیامبەر (د.خ) زۆر لە گاندی زیاتر خزمەتی مرۆڤایەتیی کردوە ، گومانم نییە کە ئیسلام باشترین بەرنامەیە هەروەک گومانیشم نییە کە پەیامبەر باشترین پێشەوایە ، بەڵام ئایا ئێمە لەسەر ڕێبازی ئەو پەیامبەرە ڕەوشت بەرزە ماوین ؟
لەلایەکی ترەوە پەروەردەی گاندی بۆیە کاریگەرە چونکە ، تەنها یەک نەوە لێمان دورە ، واتە مێژوەکەی تۆمارکراوە و نەشێوێنراوە ، لە کاتێکدا مێژوی پەیامبەران کە (محمد د.خ) نزیکترینیانە زیاتر لە ١٤ سەدە بەسەریدا تێپەڕیوە ، لەو ماوە درێژەشدا مێژو تۆماری دروستی نەبوە و شێواندنی زۆری بەسەردا هاتوە بەهۆی بەرژەوەندیی کاربەدەستە دونیاپەرستەکان ، بۆیە ئاینێک بە ئێمە گەیشتوە کە هیچ لەو ئاینە ناچێ کە خوا دایبەزاندوە .
ئاین دەبێ لە کردەوەکانمان ڕەنگ بداتەوە ، ئاین واتە پەروەردە و ڕەوشتی جوان نەک پەرستش و سەر و سیمایەکی دیاریکراو ، چونکە ئەگەر نوێژ و ڕۆژو پێوەری باشیی مرۆڤەکان بوایە دەبو ئێستا وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەک بەهەشت بن و وڵاتانی ڕۆژئاواش وەک دۆزەخ، کەچی تەواو پێچەوانەیە !
ئەوەی من دەیبینم ناوەڕۆکی ئیسلام لای ئێمە نییە ، ئەوەی لای ئێمەیە توێکڵێکی ڕازاوەی بەتاڵە ، وەک هەمو شتەکانی ترمان ، مزگەوتمان ڕازاوەیە و پەرستشمان بەتاڵ ، کۆشکی سەرۆکایەتی زۆر گەورە و فراوان و گرانبەها و ئەقڵی سەرۆکەکان تەسک و بەتاڵ ، زانکۆکان ڕازاوە و مەعریفەی پوچ …. ئەوەی من سەرنجی دەدەم ناوەرۆکی ئاین لای ئەوانەیە کە کاری پێدەکەن ، لای ئەوانەیە کە خزمەتی میللەتی خۆیان دەکەن و ڕاستگۆن ، ئەوانەی کە بەڕاستی مرۆڤن ، ئەوانەی بە کردەوە دەیسەلمێن نەک بە دروشمی گەورە و بریقەدار و بەتاڵ.
بەریتانییەکان چونکە ئەهلی ناوەرۆکن نەیانگوت ” چۆن دەبێ پیاوێکی هیندی ببێتە سەرۆکی گەورەترین مەملەکەتی مێژو “، ئەوان نەیانگوت ئەو پیاوە مەسیحی نییە و بە ڕەچەڵەک بەریتانی نییە و بە چاوی کەم سەیریان نەکرد ، چونکە لای ئەوان مرۆڤبون و لێهاتویی گرنگە. توخوا من و تۆی مسوڵمان ئامادەین هیندییەک بکەین بە بەڕێوەبەری باخچەی ساوانیش نەک سەرۆکی وڵات ؟ بۆچی دەبێ من لەسەر بنەمای باوەڕ خەڵک هەڵبسەنگێنم لەکاتێکدا باوەڕ تەنها پەیوەندیی تاکە بە خودا و پەیوەست نییە بە بەڕێوەبردنی وڵات .
پاشای بەریتانیا مەسیحییە ، سەرۆک وەزیران هیندۆس ، وەزیری ناوخۆ یەهودییە و چەندین مسوڵمانیش بونەتە وەزیر و پارێزگار و بەرپرسی گەورە .
زۆر گرنگە تێبگەین کە ئاین بۆ خزمەتی مرۆڤ هاتوە بەو پێیەش مرۆڤ لە ئاین گەورەترە چونکە ئاین ئامرازە و مرۆڤیش ئامانج ، هەمیشە ئامانجیش لە ئامراز گرنگترە ، کێشە گەورەکەی ئێمە ئەوەیە کە جیاوازی ناکەین لە نێوان ئامانج و ئامراز و هەمیشە ئامانجەکان دەکەینە قوربانیی ئامرازەکان ، ئەوەتا خەڵک یەکتری دەکوژن لە سەر ئاین ، مرۆڤی ناهۆشیار ئامانج دەکاتە قوربانیی ئامراز ، لە کاتێکدا دەبێ پێچەوانە بێ !
گەلانی ڕۆژهەڵات هێندە ماڵوێران و نەزانن نەک سەرۆکی وڵات بەڵکو ئامادەنین بەردەست و شوفێریش دابمەزرێنن ئەگەر لە پارتەکەی ئەوان نەبێ ، جاری وا هەیە بازنەکە تەسکتریش دەبێتەوە تا سنوری عەشیرەت و تەنانەت یەک خێزانیش . نمونەش زۆرن ، کام لە بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەن سەرۆکایەتیی حیزب یا وڵات بدەن بە بێگانەیەک ؟ نەک بێگانە بەڵکو نایدەن بە برای خۆیشیان .
سەرنجی مێژوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بدە کە دوایین دەسەڵاتن لە مێژو کە بەناوی خودا فەرمانڕەواییان کردوە، سوڵتان هەبوە هەمو براکانی خۆی هەر بە منداڵی سەربڕیوە نەوەک ببن بە ڕکابەری ، بێگومان ئەم کارە قێزەوەنەشیان بە فرمانی نوێنەرەکانی خوا کردوە ، بازرگانانی ئاین و واعیزەکانی سوڵتان هیچکات سڵیان لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە نەکردۆتەوە لەپێناو ڕەواییدان بە حوکمی دیکتاتۆران ، ئەو کارەشیان تەنها لەپێناوی پۆست و پارە کردوە بەڵام بۆ چاوبەستەیی خەڵک هەمیشە درۆیان بە دەمی خوا و پەیامبەرەکەیدا کردوە و قیل و قالێکیان بۆ ڕێک خستون.
پێشەوا و پەروەردەکارە مەزنەکان نەوەکانیان دەکەن بە پاشا و زانا و دانا ، پێشەوای نەخوێندەوار و ملهوڕیش هەمو میللەت دەکەن بە سواڵکەر و ئاوارە لەپێناو پۆست و بەرژەوەندیی خۆیان . بۆیە هەر وڵاتێک تاکەکانی هەژار و ئاوارە و بەرپرسەکانی دەوڵەمەند بون ئەوا ئەو خاکە جێگەی ژیان نییە .