بازار بەرەو باشی دەڕوا ، كاتیە یان نا ئەوەیان ھەفتە یان ھەفتەكانی دادێ دیاری دەكا

لەلایەن ستاندار Posted on 190 جار بینراوە
Mahdi Kawani

مەھدی كاوانی

ھاتنە خوارەوی بەھای دیناری عیراقی بەشە ھەرەزۆرەكەی دەرئەنجامی سپی كردنەوەی پارەیە . سپی كردنەوەی پارە ، یانی كڕینی دۆلارێكی ھەرە زۆر لە بانقی ناوەندی عیراقی و بانكە فەرعیەكان ، كۆ بانقەكانی ھەرێم ، بە نرخی لە دەوروبەری ١٣٠ _ ١٣٤ ھەزار دۆلار بۆ سەد دۆلارو فرۆشتنی ئەو دۆلارە ، بە خەلك ، با بۆ یەكەمین جاریش بە ١٤٧ ھەزار دینار بووبێ بۆ ١٠٠ دۆلار . جیاوازی كڕین وفرۆشتنی ئەو دۆلارە لە بانقی ناوەندی و بانقەكانی تر خۆی لە سەروی ١٠ دۆلار دەدات بۆھەر١٠٠ دۆلارێ و لە كاتی بەرزبوونەوەكەش زۆر بە زیاترەوە بووە .

تەنیا نوخبە دەسەڵاتە بەرزەكان و خاوەن بانقەكان بەبێ سەنەداتی یاسایی بە شكلێكی ھەرە فراوان ئەو پارەیە لە بانكی ناوەندی ڕادەكێشن و جیاوازیەكەش لە ڕێگای ساڵانێكی زۆرەوە كە دەگاتە دەستی ئەو نوخبە دەسەڵاتە یەكجار زۆرە . كەدەڵێن لە ڕێگای سپی كردنەوەی پارە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ی كەسە دەست ڕۆیشتووەكان نەك بە ناوی خۆیان بەلكو بە ناوی خوازراوەوە لە بانكە جیھانیەكان دانراوە، زۆر زۆر ڕاستی تیا ھەڵدەگرێ . ھەڵبەتە وەك بڵێین ئەی بۆ ئێستا ئەو كارتێكردنە لە ھاتنە خوارەوەی بەھای دیناری عیراقی خۆی نیشان دەدا كەچی ئەو سپی كردنەوەی پارە مێژووەكەی زیاتر لە ١٠ ساڵ دەبێت . سپێری پارەی عیراقی و ئێستاكە لە سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلارە .

ئەو سپێرە ھەرە زۆرەی دۆلارو ناردنە دەرەوەی ڕۆژانەی نەوت بە زیاتر لە ٣ ھەزار بەرمیل ڕۆژانەو بەو نرخەجیھانیە ھەرە بەرزەی ، ھۆكار بووە كە دیناری عیراقی وا بە ئاسانی بەھاكەی خۆی لە دەست نەدات ، بەڵام كە كوپ پڕ بوو لە سەری دەڕژێ ، واتە چوونە دەرەوەی دۆلار و دانانی لە بانقە جیھانیەكان ، ئەوەندە فراوانە كە وای كردووە پارەی فرۆشتنی نەوتیش بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی ناردنە دەرەوەی دۆلار نەگرێ . ھۆكاری تریشی ھاتۆتە سەر ئەویش كەم بوونەوەی متمانەیە بە دیناری عیراقی و لە ئەنجامدا ھەر ھەموو خاوەن پارە دارە بچووك و مام ماوەندی و گەورەكان ، پارەی زیادەی خۆیان بەدۆلار ھەڵدەگرن و بە ھۆشیەوە چەندی لە ڕێگەی سپی كردنەوەی پارە ، دۆلار لە عیراق دەڕوا ڕەنگە بە ھەمان قەوارەش دۆلار لە ئاڵوگۆڕی بانكی دەردەھێنرێ و خەلك وەك زێڕ لە ماڵەكانی خۆی پاشەكەوتی دەكات كە ئەمەش زیانێكی ھەرە گەورە بە ئابووری ئەو وڵاتە دەگات چونكە ھەتا ئاڵوگۆڕی پارە لە ھەر وڵاتێك خێرا تر بێت ، پێشیەوە ھەم بەھای پارەی ئەو وڵاتە زیاد دەكات ھەم پێشڤەچوونی ئابووریش بەخۆوە دەبینێ .

ئەمەریكیەكان دەڵێن لە ڕێگەی سپی كردنەوەی دۆلار ، دۆلارێكی زۆر بۆ ئێران دەڕوات . ئەمەیان ڕاستە بەڵام یەكێكە لە كەناڵەكانی كەم بوونەوەی دۆلار لە بازاڕ . بە بۆچوونی خۆم ئەو سپی كردنەوەیە دۆلارە ، بەشەھەرە زۆرەكەی ، بێتوانایی بانكی ناوەندی عیراقە لە بەردەم كەسە دەستڕۆیشتووەكانی دەسەڵات كە بە ئاڕەزوی خۆیان پارە لە بانقی ناوەندی ڕادەكێشن و پێیەوە ئالوگۆڕی دراوی پێ دەكەن و دواتر زیادەكە بە ناوی كەسی نادیار ، دە بانقەكانی جیھانی دەكەن و بچووكترین بەلگەش نادەن بە دەستەوە وەك گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی .

چارەسەری كێشەكە وەك ڕایخۆم بەوەوە دەكرێت كە بانقی ناوەندی بە دۆلارێكی دیاری كراو بۆنموونە ھەر ڕۆژەو ٢٠٠ ملیۆن دۆلار پارە بداتە بانقە فەرعی و بزنس مان و ھەتا خەلكی تر واتە سەرچاوەكانی ڕاكێشانی دۆلار لە بانقی ناوەندی بەرفرە بكرێ نەك ھەر تەنیا كەسە دەستڕۆیشتوەكانی دەسەڵات بگرێتەوە . ھەروەھا دەبێ دیراسەی بازاڕیش بە بەردەوام بكات تاوەكو بزانێ نرخی دۆلار چەندە .

ھەوڵی ئەوە بدات كە ڕاكێشانی پارە لەبانقی ناوەندی ونرخی پارە لە بازاڕ لە سنوری كەمتر لە پێنج دۆلار بێت بۆ سەد دۆلار . تا پێشیان بكرێ دەبێ ڕۆیشتنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات بە سەنەداتی یاسایی بكەن ، بۆنمونە دەبێ ئەو كەسە یان جھەتەی دۆلار دەباتە دەرەوە كە دەبێ زیاتر تەركیز بكرێتە سەر كڕینی شتومەك بە دۆلار و لیستی كڕینی ئەوشتومەكانەیان پێ بێت كە نزیكی یەكسان بێت لەو دۆلارەی لە بانقی ناوەندی ڕایدەكێشێت .

وا بزانم خەزانەی ئەمەریكیش كە بەدواداچوون و چاودێری ئەو دۆلارەی لە ئەمەریكاوە دێت لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتی عیراقی ، دەكات . دەیەوێ ئالیەتێكی وەھا لە نێوان خۆیان و بانقی ناوەندی دابڕێژن كەھەم لە لایەكەوە ڕاكێشانی پارە لە بانقی ناوەندی فرە بكرێت واتە بزنسمان و كەسانی تریش بگرێتەوەو قەوارەكەشی دیاری بكرێت ھەمیش ئالیەتێكی وەھاداڕێژن كە بۆ لەمەودوا نوخبەی دەسەڵاتی دەست ڕۆیشتو نەتوانێ بە ئارەزوی خۆی وازی بەو مەسەلەیە بكات . وەك دیارە نوخبەی دەسەڵات بە قسە ناڵێن ملكەچی یاسا نوێكە نابین بەڵام كردار مەرجە .