چەند ڕوانگەیەکی بۆردی توێژینەوەی ستاندەر بۆ فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان

لەلایەن ستاندار Posted on 1205 جار بینراوە

یەکەم/ لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی کوردستان ئەگەر نرخی برێنت ( ٨٠) دۆلار بێت، ئەوا نەوتی کوردستان بەھۆی نافەرمیبوون و قاچاخفرۆشتن و نایاسایی بوونی کەیسەکە، بە ناقس ( ٢١) دۆلار دەفرۆشێت، واتە بە ( ٥٩) دۆلار دەفرۆشێت، لەو (٥٩) دۆلارە بە پێی دواین ڕاپۆڕتی دیلۆت، زیاتر لە سەدا ( ٥٨) بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات، واتە لە بەرمیلێک نەوت کە نرخەکەی لە بازاڕی جیھانی ( ٨٠) دۆلار بێت، حوکمەتی ھەرێمی کوردستان تەنیا ( ٢٤) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەگەر بۆ مانگێک حساب بکەین، حکومەت ھەرێم لە مانگێکدا نزیکەی ( ٣٩٠) ھەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێ، ئێستا تەنیا ( ٢٨٠) ملیۆن دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە.
جا ھاوکێشەکە ئاسانە، تەنانەت تلیاک فرۆشیش، مامەڵەیەکی لەو شێوەیە لەگەڵ بەرھەمەکەی خۆی ناکات، چ جای ئەوەی سەروەتەکە نیشتیمانی بێت؟

دووەم/ خاڵی یەکەم تایبەت بوو، بە دۆخی ئێستا، بەڵام ئەگەر کەمێک دوورمەوداتر بیربکەینەوە، ھەم ڕێکارەکانی بەغدا و مەحکەمەی ئیتیحادی بەردەوام بێت، ھەم چارەنووسی دەرچوونی بڕیاری مەحکمەی پاریس، ئەوا نەوتی ھەرێم چاوەڕوات دەکرێت بە ناقس (٣١) دۆلار لە نرخی نەوتی برێنت بفرۆشێت.
لە لایەکی تریش چاوەڕوان دەکرێت نەوتی ھەرێم بۆ ( ٣٥٠) ھەزار بەرھەمھێنانی داببەزێت، کەواتە مانگەکانی دیکە ئەگەر نەوتی برێنت بەو شێوەیەش نرخەکەی بە بەرزی بمێنێتەوە، ئەوا حکومەتی ھەرێم داھاتەکەی لە ( ٢٨٠) ملیۆنەوە دادەبەزێت بۆ ( ٢١٠) ملیۆن دۆلار، ئەمەش دەبێتە حەتمی کە دوو مانگ جارێکیش موچەی پێ نادرێت.

سێیەم/ ئەگەر گریمانەی خاڵی یەکەم وەرگرین بۆ ڕادەستکردنی نەوتی ھەرێم بە کۆمپانیای سۆمۆ و حکومەتی بەغدا، ئەگەر تەنیا حکومەتی ھەرێم ئاماژە بکات تەنیا نەوتەکەمان بۆ بفرۆشن نەک ھیچی تر، واتە کۆی دەسەڵاتەکان لای خۆی بێت، ئەوا حکومەتی ھەرێم لەم مامەڵەیە نزیکەی ( ١٠٠) ملیۆن دۆلاری زیاتر بۆ دەمێنێتەوە، واتە دوای دانەوەی پارەی کۆمپانیاکانیش. ئەم ھاوکێشە ئەوەیە لە باتی ئەوەی خۆت نەوتەکە بە قاچاغ بە ( ٢١) دۆلار کەمتر بدەیت، حکومەتی ئێراق بۆت بە فەرمی و ناقاچاغ دەفرۆشێت (٣) دۆلار کەمتر خوار برێنت، کەس نازانێ نھێنی، ئەمە لە چیدایە کە ئەوە ناکات.

چوارەم/ ئەگەر زیاتر بڕۆین بەم جۆرە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرەو ئیفلاسی تەواو دەڕوات لە بواری فرۆشتنی نەوت، باش دەزانێ قەیرانی گەورە چاوەرێیە، کۆی مەلەفەکە و بەشێك لە داھاتی ناوخۆش ڕادەست بکات، تایبەت بابەتێکی باش ھاتووەتە پێشەوە، کە زۆربەی ( عەقدەکان) بەرەو کۆتایی دەڕۆن، ئەو کات، ئەگەر خراپترین گریمانە وەرگرین، ئەگەر بەشی کوردستان سەدا (١٢)ش بێت لە بودجەی ئێراق، ئێمە نزیکەی مانگانە ( ملیارێک) دۆلار زیاتر وەردەگرین، ئەو کات نەک ئیستقراری ئابوری بەڵکو ئیستقراری ( ئەمنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و بوژانەوەی ئابوری…) ڕوو لە ھەرێم دەکات.
پێنجەم/ جا ئەگەر ئێمە خاڵی چوارەممان گرتە بەر، بە ماوەیەکی کەم، لەگەڵ کەمێک چاکسازی لە بواری موچە و بەشی ئەمنی و خانەنشینی، ھەندێک پارە بمێنێتەوە لە بواری ( وەبەرھێنان) ئیشی لەسەر بکەین، وردە وردە دەتوانین، بەرە و سەربەخۆیی داھاتی ناوخۆیی نانەوتی بڕۆین، با گریمانەیەک وەرگرین، ئێستا دەیان بەرھەمی نانەوتی بوارەکانی( کشتوکاڵی و پیشەسازی گەشتوگوزاری …) ھەیە كە داھاتیان زۆر لە نەوت زیاترە، ئەگەر نمونەی بۆنێک( عطر) وەرگرین، یەک بۆنی لە جۆری ( bleu de chanel)، نرخی ئیمرۆی لە بازاڕەکانی جیھاندا ( ١٠٨) دۆلارە، واتە نرخی نزیکەی یەک بۆن کە چەند ( ملم) تێدایە، دەکاتە نرخی ( ٥) بەرمیل نەوتی کوردستان، یان ئێمە بێین، وەبەرھێنانی لەبوارگەلی (ھەنار ، پێڵاو، ئاژەڵداری، دایبی منداڵان..) بکەین، ھەموویان نرخ و قازانجیان زۆر لە نەوت زیاترە، جا ئاساییە کاتێک ئێمە لە بواری نەوت شکستمان ھەیە، خۆ ناکرێت لە بواری وەبەرھێنانی ( ئاژەڵ و قۆنەرە و بۆن و دایبی…)یش شکست بھێنین؟ ھەر نەبێ خراپترین ئەگەریش وەرگرین شکستیش بھێنین، ( ٣٠) ملیار دۆلار قەرزاری بازاڕەکانی جیھانمان ناکات؟

پێنچەم/ لە کۆتایدا، بەڕای ئێمە تاکە گریمانەی ئەم ھەراجفرۆشییە، ھەرچەند تا ئێستا ھیچ بۆچوونێکی فەرمی نییە، وەلی ئەوەی ھەیە پەیوەستە بە پەیوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، ئەگەری بەھێز، پەیوەندی پارتی و تورکیا پەیوەندێکی سیاسی و ستراتیژییە، واتە لەم ناوچەیە پارتی نوێنەرایەتی تورکیا دەکات بۆ کێشە ھەرێمی و ناوچەیەکان، بەم جۆرەش لە بەرانبەردا، مانەوەی پارتیش جۆرێک لە حەتمیگەری ھەیەکاتێک ھێزێکی گەورەی ھەرێمایەتی تورکیات لە پشت بێت.

ئەم پەیوەندییە، چووەتە ناو مەلەفی ئیدارەدان و فرۆشتنی نەوتەوە لە کوردستان، بە جۆرێک تورکیا چەندین گرێبەستی ھاوشێوەی ( ٥٠) ساڵەی بۆری نەوت و فرۆشتنی نەوتی لەگەڵ پارتی دروستکردووە، بەمەش قەرزێکی چەندین ملیاریشی لەسەر حوکمەتی ھەرێم داناوە و ھەیە، ئەمە وادەکات بە تەواوی دۆسییەی نەوتی کوردستان لای حوکمەتی ھەرێم نەمێنێت.

شەشەم/ ئەوەی تایبەتە بە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) لە دۆسییەی نەوت، چونکە سنوری یەکێتی، لەچاو پارتی ڕێژەی بەرھەمھێنانی نەوت ناگاتە سەدا دە(١٠٪‏) ئەمە وادەکات لەم کاتەدا لەناو ھاوکێشە سیاسییەکان و ئیدارەدانی نەوت نەبێت، بەڵام ئەمەش بیانوو نییە، ئەگەر پێچەوانەش بایە، یەکێتی (ی.ن.ک) بەو دۆخەی تێدایە ھەروەکو ( تابع) دەردەکەوت، بەڵگەی ئەوەش ئەوەیە، پێشتر ژمارەی ئەنداماکانی ئەنجومەنی نەوت و گاز ( پێنچ) ئەندام بوو، یەکێتی و گۆڕان ( سێ) ئەندامیان ھەبوو، بەمەش زۆرینە بوون لە ئەنجومەنەکە و بەڕێوبردنی ئەنجومەنەکە، لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم یاساکە ھەموارکرایەوە پەسەند کرا، ڕەوانەی پەرلەمان کرا.
بە پێی یاساکە، ژمارەی ئەندامان بووە ( شەش) ئەندام و سەرۆکی حوکمەتیش لە کاتی یەکسانبوون، سیفەتی دوو دەنگی پێ درا، دواتر ئەم یاسایە لە پەرلەمانیش پەسەند کرا، ئەوی جێگەی تێڕامانە، یەکێتی (ی.ن.ک)و گۆڕان وەکو پارتی لە سەرەتای ھەموارەکەوە تا کۆتایی ھەموارەکە و سەندنەوەی دەسەڵاتی ( نەوت و گاز)ی ھەرێمی کوردستان (لە خۆیان) لەگەڵ پارتی بوون، بێ ئەوەی تا ئێستاش کەس بزانێت ھۆکارەکەی چی بوو؟

حەوتەم/ بە پێی دواین ڕێکەوتنی نێوان وەفدی حوکمەتی ھەرێم و بەغدا، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، بەوەی حوکمەتی ھەرێم داھاتی ( نەوتی و نانەوتی) تەسلیم حوکمەتی بەغدا بکات. ئەوەی جێگەی سەرنجە و سەرسوڕمانە لەم ڕێکەوتنە، تەسلیم کردنی داھاتە، نەک خودی نەوت و پڕۆسەی دەرھێنانی نەوت و فرۆشتنی، ئەمەش ئێمە پێمان وایە ئەم جۆرە ڕێکەوتنە نەک ھیچ ئەرزشێکی یاسایی نییە، بەڵکو ھیچ ئەرزشێکی ( ڕێکەوتنامەشی) نییە، کە مامەڵەی (داھات بە داھات) بکرێت، ئەمە جۆرێکە لە قومار و پارە گۆڕینەوە، کە ئەگەر سەرکەوتووش بێت، تا کاتێکی کەم و چەند مانگێک ناخایەنێت، چونکە ئەم ڕێکەوتنە تەنانەت لەگەڵ ( عەقڵ و مەنتق)یش یەک ناگرێتەوە، کە بۆ نمونە/ تۆ ١٠٠ ملیار بدەیتە بەغدا، بەغدا لەولاوە ٢٠٠ ملیارت بۆ بنێرێتەوە.